ئەو قەرزەی حکومەتی هەرێم بە نیازە بیکا
Tuesday, 19/05/2015, 19:29
ئەو قەرزەی حکومەتی هەرێم بە نیازە بیکات بە مەبەستی تەمویلی خەرجی وەبەرهێنان پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێت ، دەنا دەبێت بە بەڵای سەر بودجەی کوردستان!؟
قەرزی گشتی بریتییە لە گوژمەیەکی نەختی یان نا نەختی کە بە پێێ گرێبەستێک کە هەردولا لە سەری ڕێک کەوتون لە لایەن یەکەیەکی ئابوری ناوخۆیی یان دەرەکییەوە پێشکەش بە دەوڵەت دەکرێ و لە گرێبەستەکەدا کاتی گێڕانەوەو شێوازی گێڕانەوەو نرخی سووەکەشی دیاری کراوە.قەرزی گشتی یەکێکە لە شەش سەرچاوەکەی تەمویل کردنی خەرجی گشتی و
یە کێکە لەو سەرچاوە لاوازانەی کە لەناچاریدا دەوڵەتان پەنای دەبەنە بەر ،ئەو ناچار بونەش یان بە هۆی جەنگەوەیە یاخود بە هۆی دواکەوتویی ستراکچەری ئابوری و هەوڵدانی دەوڵەتەوەیە بۆ دە رباز بون لە ناو سنوری ئەو ستراکچەرە دوا کەوتووە لە ڕێگەی گرتنە بەری شێوازەکانی پەرەپێدانی ئابورییەوە کە پلانی ئابوری ڕەنگڕێژی کردووە بۆ دەوڵەت، ئەو شەش سەرچاوانەش ئە مانەن (داهاتی موڵکەکانی دەوڵەت-باجەکان-رسومات-قەرزی گشتی-کۆمەک و یارمەری ناو دەوڵەتی-سکەلێدان و پارەی بێ پشتیوانە دەر کردن کە ئەمەیان حکومەتی هەرێم ناتوانێ بیکات چونکە بانکی ناوەندی نییە.هەڵبەت لە بەر ئەوەی قەرزی گشتی یەکێکە لە سەرچاوە لاوازەکانی داهاتی گشتی و شوێنەواری خراپی هەیە ، دەبێ دەوڵەت هەتا بۆی دەکرێ خۆی لێ لادات ! چونکە قورسایی سەر شانی دەوڵەت زیاد دەکات ،بەتایبەت ئەگەر قەرزه گشتییەکە دەرەکی بو شوێنەواری خراپی ڕامیاری و ئابوری و سیاسیشی لێدەکەوێتەوە بۆیە دەبێ پەڕلەمانی کوردستان بە سەرپێیانەو بە بێ ڕاوێژێکی زۆر بە ئابوریناسانی نیشتمان پەروەری
نا سیاسی و پیشەیی بڕیارى قەرزکردن پەسەند نەکات لە دەرێ بە تایبەت نابێ ئەو قەرزە لە تورکیاو ئێران و داوو دەزگا داراییەکانی ئەوان بکرێت چونکە ڕەنگە دواتر شوێنەوارەکانی گران لە سەرمان ڕاوەستێت بەڵکو باشترە ئەو قەرزە لە یەکێک لەم دامەزراوە ناو دەوڵەتیانە بکرێت و حکومەتی عێراق گرەنتی حکومەتی هەرێم بکات بۆ دانەوەی چونکە ئەو ئەندامە تێیاندا ئەوەش لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەبێ لە گەڵ بەغداددا،ئەو دامەزراوانەش ئەمانەن :imf-wb-id.
ئەگەر لەو سێ جێگە حکومەت قەرزی دەست کەوت باشە گەر نا پێویستە قەرزی ناوخۆیی بکات لە ڕێگەی دەرکردنی قەواڵە بە کەمتر لە نرخی هاوسەنگ بۆ سرنج ڕاکێشانی قەرزدەر لێرەدا دەوڵەت قەواڵەکانی بە کەمتر لە نرخی ڕاستەقینەی خۆی دەفرۆشێت بۆ نمونە ئەگەر بە های یەک قەواڵە ١٠٠٠دۆلار بو دەوڵەت بە ٨٠٠دۆلار بیفرۆشێت بە دەوڵەمەندەکانی کوردستان تا هانیان بدات قەرز بە حکومەت بدەن، بەڵام ئەوان متمانەیان نەماوە بە دەسڵاتی کوردی تا قەرزی بەنێ بۆیە بۆ دروستکردنەوەی متمانە دەبێ پەرلەمان ئەم کاره بکات، لەبەر ئەوەی دەسڵاتی کوردی لە دەستی دەوڵەتمەداردا نەبووە و عیشوائیات حوکمی بە سەر کوردستاندا کردووە لە کوردستاندا لە سەروەختی پارە مفت و زۆرەکەی دوای 2003 وە سەر ڕێژی بودجە نە بووە ئەی ئێستا لەم سەرو بەندی قەیران و جەنگی داعشەدا چۆن دەبێ!ئەی ئەگەر سەر ڕێژی بودجە نەبێ چۆن بەهای قەرزی گشتی دەرەوەو ناو خۆ دەدرێتەوە ، یان چۆن متمانەت پێدەکرێت تا قەرزت پێبدرێت، بۆیە بۆ دروستکردنی ئەو متمانەیەو گێڕانەوەی قەرزەکان ئەگەر دەستکەوت ،دەبێ پەڕلەمان پێش ئۆکەی بڕیاری قەرز کردن هەستێ بە دامەزراندنی سندوقی گێڕانەوە.
سندوقی گێڕانەوە چییە؟
""""""""""""""""""""""""
سندوقی گێڕانەوە بریتییە لە سندوقێک گوژمەیەک داهاتی دیاریکراوی تێدەخرێت لە گەڵ دانانی داهاتی چەند باجێکی دیاریکراو بۆ مەبەستی گێڕانەوەی قەرزی گشتی، یاخود دەوڵەت هەندێ باجی نائاسایش بسەپێنێ و داهاتە کەی بخاتە ئەم سندوقەوە.قەرزی گشتتیەکە ئەگەر بۆ وەبەرهێنان بکرێت قەرزی ماوە درێژەو ماوەی گێڕانەوەکەی لە 20ساڵ زیاترە هەر بۆیە نرخی سووەکەشی بەرزە بەڵام لە وردەکاری گێڕانەوەی و قیستی گێڕانەوەیدا دەتوانرێ هەندێ مەرج دابنرێ کە ئاسانکاری بکات بۆ حکومەتی کوردی وەکو ئەوەی بە چەند جارێک بەهای قەرزەکەو سووەکەی بگەڕێنرێتەوەجا واباشترە قەرزەکە قەرزی بەردەوام بێ نەک قەرزی ماوه دريژ چونکە لە قەرزی بەردەوامدا دەوڵەت پابەند نابێ لەکاتی دیاریکراودا قەرزەکە بداتەوە بەڵام پابەند دەبێ نرخی سووەکەی بدات هەرکات بۆی گونجا ئه و كات دەتوانێ بەهای قەرزەکە بداتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست