ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان (بەشی ٢١)
Sunday, 17/05/2015, 22:30
- حوکمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێتەختەکانی چوار وڵات!
- دەسەڵاتی دینی، سیاسی و نیزامی کۆماری ئاخوندی شیعەی ئێران لە ماوەی نزیک بە چوار دەیە، نەک هیچ خەیر و قازانجی نە بۆ دین نە دونیا نە سیاسەت و نە مرۆڤایەتی، نەبووە؛ بەڵکوو گەیشتووتە ناو قووڵایی ترس و تۆقان بۆ ناوخۆ، و دەر و دراوسێکانی، و ئەوانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە، یاخۆ ئەوانەی شیعەگەری ناکەن، سەر بە ڕژیم و ئاخوندەکان نین و داوای مافی میللی و نەتەوەیی و دینی خۆیان ئەکەن، بە تایبەت ئەوانی لە ناو ئێرانی فرە نەتەوەو مەزهەب و ئایین و ئیتنیکدا، داوای مافی ڕەوای خۆیان کردبێ، ڕوو بەڕووی کوشتن و لە ناوبردن و ترس و ئازار و ئەشکەنجە، و لەو پەڕی کپ کردن و لە نابردنی هەر چەشنە بیرێکی جیاوازدا، هەردەم سیاسەت و بیرۆکەی ئاخوندەکان و دەسەڵاتی ڕژیمی ئێرانی پێچە و مێزەری ڕەش و سپی شیعەزا بوونەتەوە. !!
- لە ساڵی ١٩٧٩ز. بەرابەری ١٣٥٧ هەتاوی، تا ئیستا کە نزیک بە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥ز. بەرابەری ساڵی ١٣٩٤ هەتاوییە، کۆماری ئاخوندی لە ئێران هێشتا لە سەرکارە، و حکومەت و سیاسەت و شەڕ و پیلان و ئاژاوە لە ناوەوە و دەرەوە پەیڕەو ئەکات و شۆڕش و شەڕ و شۆڕ بۆ دەرو دراوسێ و دوور نزیک ئەنێرن و بەردەوام سیاسەتی چەند فاقە پێرەو ئەکەن و جیهانیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و خەڵکیان لە ژێر هێڵی هەژاری و ماڵوێرانیدا هێشتووەتەوە و بەردەوامن لەو سیاسەتە چەوت و دژە گەلییانە، و مانەوەی خۆیان بە هەر بەها و نرخێک ئەپارێزن و بەڕێوەی ئەبەن!..
- هەر لە سەرەتاوە، هەموو بڵێنەکانی کە بە گەلانی ئێرانی دابوو پێچەوانەی کردنەوە و میتۆدی زەبر و زەنگ و تۆقان و سەرکوتکاری گرتنە بەر، و بە پەلامار و هێرشکاری دەسەڵاتی خۆیان چەسپاند!. هێزە سیاسی و ییتنیکی و نەتەوەییەکانیانی ڕاماڵی و لە کوردستان و سنوورەکانی ئێران وەدەریانی نا، و شەڕی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند!!.
= هەر لە سەربنی بە دەسەڵاتگەیشتنی ڕژیمی خومەینی لە ئێران و بەعسی سەدام لە عێراق، هەردوو ڕژیمی ئاخوندی و بەعسی شەڕی هەشت ساڵەیان توشی گەلانی هەردوو وڵات کرد، و ئەوەی کە نەدەبا بکرابایە کرا و دانیشتوانی هەردوو وڵات بە چۆکداهاتن و گیان و ماڵیان پێ هەرزان فرۆش تاڵان کردن!!!
- دواتر بە حوکمی زەمان و ناچاری، دوای زەرەر زیانی زۆری گیانی ماڵی، شەڕیان لە نوختەی دەسپێکەوە ڕاگرتەوە و کەوتنە وت و وێژ و ئارامکردنەوەەی بار و دۆخەکە بۆ پلانەکانی خۆیان.... ئەوە بوو دوای ماوەیەکی کورت سەدام بە هەڕەشەیەک و داخ پلانێک گورج پەلاماری کۆیتی برا و دراوسێیدا، و لە چاوتروکانێکدا داگیری کرد و بە ناوی پاریزگای نۆزدەوە '' ١٩'' بەستی بە عێراقەوە..!!
- دوای ماوەیەکی کورت کۆیت و سعودی کە ترسیان لێنیشتبوو و دەیانزانی کە ئەگەر واش نەکەن بە دەست سەدام و سوپاکەیەوە داگیر دەکرێن و لە ناو ئەچەن، خۆیان فڕەدایە باوەشی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا بۆ دەرپەڕاندنی سوپای عێراق لە کوویت و ڕەوینەوەی ترسی بەرفراوانبوونی سەدام و دارو دەستەکەی و حیزبی بەعس،...ئامریکا لە بەر بەرژەوەندی خۆیان و هەڵلوشینی سەروەت و سامانی نەوت و کانگا ژێرزەوینیەکان گورج وەجواب هاتن، سوپاکەی سەدامیان لە کوویت وەدەرنا، ماشینی شەڕی عێراقیان نزیک بە تەواویی تێک شکاند و لاوازی کرد...
- سەدامیان بە لاوازی و بێ هیزی هێشتەوە و کەوتنە وت و وێژ و دانوستان تا ٢٠٠٣ز. دواتر شەڕی دووەمی کەندا دەستی پێکرد و سەدام و دار و دەستەکەی بوون بە کارتی سووتا و لە ناو بران...دواتر حکومەتی شیعی و ئاخوندئاسا لە عێراق دامەزران و دەسەڵاتی بەغدا و باشووری ئێراقیان کەوتە دەست و بە هاوکاری ئیران و هاوشێوەی ڕژیمی ئاخوندی بەغدایان کردە مۆڵگە و لانەی پلان و بەرژەوەندیەکانی ئێران و بەغدا لە دوای تاران، بوو بە پایتەختی دووەمی ڕژیمی ئاخوندی!.
- دواتر شەڕی سووریە و دیمیشق بە تایبەت لە دوای بێسەر و بەرەیی عێراق و سەرهەڵدانی بە ناو بەهاری عەرەبی، بیلادی شام و دەسڵاتی عەلەوی لە ڕێگای ئەسەد و بەشار و حیزبی بەعسی سوریە، درێژە بە سیاسەتی ئاخوندی لەوێش پێڕەوکرا، و تا ئیستاش قسەی یەکەم/ دووەم. ئێران و ئاخوندەکان ئەیکەن و برێاردەرن... لەولاشەوە بۆ ئیمارات و یەمەن و دەر و دراوسێ کەوتوونەتە بەر هیرش و تەوژمی شیعەگەرایی و وا خەریکن بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بۆ بەجێگەیاندنی هەموو پیلان و بەرنامەکانیان، لە فێڵ وتەڵەک و پەیمانە فریودەرانەکانیان بێوچان بەردەوامن...!!
- بە کورتی تا ئیستا ئاوات و ئامانجی ئاخوندەکان و ڕەوتی شیعەگەری و سیاسەتی ئاژاوە و نائارام کردنی دەرو دراوسێ و شێواندنی بازاڕ، لە چواچێوەی بەرنامە و پیلانکانیان بووە و بەڕێوە دەچن!.
- دیسان کورد و سیاسەتوانانی کورد نەیانتوانی لە ڕاوی ئاخوندەکان دەرباز بن و کەوتنە داوی پلان و بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەو پێناوەدا هەر خەریکی پاراستنی بەرەژوەندیەکانی ئێرانن و خۆیان بە ئێران و سیاسەت و بڕیارەکانی ڕژیمی ئێرانەوە وابەستە کردوو! هەر لەو پێوەندیەدا بۆ هەموو کەسێکی ژیر و ڕووناکبیر ئاشکرایە کە ڕژیمی ئێران چەندە دەسەڵاتی لە ناو خاکی عێراق و کوردستانیش هەیە و چۆن بەرنامە و پلانەکانی بە نهێنی ئاشکرا جێبە جێ ئەکەن!. وەک خۆرکە چوونەتە ناو دام و دەزگا حیزبی و حکومەتیەکان و خەریکن لە ناو ئەحزابی کوردستانییش قسەی یەکەم ئەکەن!.
- شەڕی داعش و حکومەتی بەغدا و داعش و کورد، شەڕی کورد و حکومەتی بەغدا بە جۆرێک لە جۆرەکان، لەوانەیە دەرگایەک بن بۆ ڕزگاری کورد بۆ بەرەو کۆنفیدراڵی یان سەربەخۆیی.. هەروەها، شەڕی حوسیەکان لە یەمەن و کێشە ئاڵۆزەکانی سوریە و بیلادی شام بە گشتی، و دەستتێوەردانەکانی ئێران لەو هەموو کێشە و قەیرانانە، هۆکارێک بن بۆ دەستکێشانە ناو وڵاتانی یەکگرتووی عەرەبی و سوننە بۆ بەرنگار بوونەوەی ئێران و پیلانەکانی، کە ماوەیەکە بە پەلاماری وڵاتانی عەرەبی بە سەرپەڕستی دەوڵەتی پاشایی سعودیە بۆ سەر حوسیەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن لە لایەک، و لە لایەیترەوە هەڕەشەی داعش و تونئاژۆکانی سوننە بە دژی شیعە و ڕژیمی ئاخوندی، ببنە هێزێکی گەورە و یەکگرتوو و بە پشتیوانی ڕۆژئاوا بۆ زەربە لێدان لە ئێران و لە ناوبردنی ڕژیمی تاران. وەک دەڵێن سەگی هار هەر چل ڕۆژ ئەژی؛ بەڵام ڕژیمی ئاخوندیش لە ئێران لە بەرەبەرەی چل ساڵەی خۆیدا خۆڵی دەبێژرێ و لە کۆڵ کۆمەڵگای ئێران و کورد و جیهانیش ئەبێتەوە... بە هیوای ئەو ڕۆژە... کە لەم سەرەوەی پەنجای تەمەنمانەوە ئەو مژدەیە ببینین و ببیستین...انشاللە..
--** سەرچاوەکان: لە بەشی یەکەمەوە تا بیست و یەک، کە ئەگەر تەمەن بواری ببێت و بتوانین، لەوانەیە درێژتر بێتەوە بۆ بەشەکانیتر... تا ئیستا لە ماڵپەڕە باوەڕپێکراوەکان و ویکیپیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بە تایبەت سەبارەت بە مێژوو و ڕێکەوت و ڕووداوەکان، کەڵکمان وەرگرتووە... لە کۆتاییدا ماندوو نەبوونی لە گشت خوێنەرانی بەڕێز ئەگەیەنم و هیوای بەختەوەری و زانست و شارەزایی زۆرتریان بۆ بە ئاوات ئەخوازم..
هیوادارم بە هەرجۆری گونجاو بۆیان ئەکرێت، ڕەخنەو تێبینیەکانیان بنێرن بۆمان، تا بتوانین بیکەینە بنەمای ڕاستکردنەوەی هەڵە و پەڵەکانمان، کە بێگومان لە هەڵە وپەڵە بەدەر نین و کەم و کۆڕی لە باس و بابەتەکانمان جێگای ڕاستکردنەوەو تێبینین و هیچ شتێک بێ کەم و کۆڕی نابێت و بە یەکەوە و بە هاوکاری و دڵسۆزی و ڕەخنەی سازێنەر دەتوانین گشتمان بە گشتمان و بە نەتەوە و نیشتمان خزمەت بکەین...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست