جەمال غەريب حەمە: ئيتر بەهەدەر دانى هەلەكان بەسە
Tuesday, 12/05/2015, 16:42
گەلى كورد بە درێژايى مێژوو لەلايەن زلهێزان و وڵاتانى هەرێمايەتيەوە بەهەموو شێوەيەك دژايەتيكراوە وچەوسێنراوەتەوە يان دەربەدەركراوە و خاكى پارچەپارچە و داگيركراوە، لەگەڵ ئەوو هەمو زوڵموزۆرەى بەرامبەرى كراوە كەچى ناوبەناو لێرو لەوێ هەلى ئازادى و سەربەخۆيى بۆ ڕێككەوتووە، بەڵام ناخۆش بەختانە هەموو هەلەكانى ڕابردوو بەهۆى لێنەزانين و خۆخۆرى خۆمان و ناڕاستگۆيى زلهێزان و هاوپەيمانەكانمانەوە لەباربراوە.
ئەگەر تەنها هەلەكانى ئەم چارەكەسەدەيەى ڕابردوى هەرێمى كوردستان باس بكەين ئەوا چەند جارێك هەلى زێڕين بەردەرگاى پێگرتووين، بەڵام خۆمان خولقێنەرى هيچكام لەهەلەكان نەبووين! هەرلە ڕاپەڕينە سەرتاسەريەكەى بەهارى 1991 وە كە سەرتاپاى خاكى كوردستانى باشور كەوتە دەست هێزى پێشمەرگە ، بەڵام بەداخەوە لەماوەيەكى كورتدا شارى كەركوك و ناوچە سنوريەكنمان كوتنەوە دەست ڕێمى پێشوو، پاش ئەوەى هەرێمى كوردستان لە سنورى تەنها سێ پارێزگا پێك هێنراو لە ژێر چاودێرە نەتەوە يەكگرتوەكاندا بوو، هەرێم خاوەنى سەربەخۆيى ئيدارى و دارايى و هێزى پێشمەرگەى خۆي بوو، بەڵام بەداخەوە هەرئەوكات سەركردايەتى كورد خۆى وابەستەى فيدراڵى لە چوارچێوەى عێراقدا كردەوە و ئەو هەلە زێڕينەى بۆ سەربەخۆيى لەبار برد، لەوەش ناخۆشتر لەبەر بەرژەوەندى تايبەتى و بيرى تەسكى حيزبايەتى هەرێمە ساواكەمان دووچارى شەڕى نەگريسى ناوخۆبوو، بەمەش دۆستەكانمان توشى نائومێديكرد، لە پاش چەند جەولەيەكى شەڕ و دوولەت بونى هەرێم و ئيتر حاڵەتى نەشەڕ نەئاشتى پيادەكرا تا ڕوخانى يەك جارەكى رژێمى بەغدا.
لەپاش ڕوخانى رژێم لە ساڵى 2003 لەلايەن هاوپەيمانانەوە بەسەرۆكايەتى ئەمريكا جارێكيتر هەلى سەربەخۆيى بەردەرگەى پێگرتين، چونكە لەوكاتەدا هەرێمى كوردستان خاوەن بنەماى دەوڵەتدارى بوو، حكومەتى عێراقيش تازە لێك هەڵوەشابويەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوكاتيش سەركردايەتى كورد هەر خەونيان بە بەغداوە دەبينى، حەزيان لە مانەوە بوو لە چوارچێوەى عێراقى فيدڕاڵدا، هەرچەند هاوپەيمانان چاوەڕێى خواستى زياتربون لەكورد تاڕادەى سەربەخۆيى، وەك بريمەر لە لە ياداشتەكاندا دەگێڕێتەوە لە يەكەم دانيشتنى لەگەڵ سەرانى كورد كە چاوەڕێى داواكارى و خواستى زۆر گەورە بوو لێيان كەچى داواكارى خواستەكانيان لە داواكارى ماديى و پۆستى سيادى تێ نەپەڕى بوو!!! وا 13 ساڵ تێ دەپەڕێت بەسەر ئەو هەل و بەروارەشدا كەچى داواكارى و خواستەكانى ئێمە لاى بەغدا هيچ بەرە پێش چونێكى بە خۆيەوە نەبينيوە.
ئێستەش كە هەرێمى كوردستان خاوەن پەڕلەمان و حكومەت و هێزى بەهێزى پێشمەرگەي خۆيەتى ، كەچى بەغدا وا ماوەى دوو ساڵە بە بەهانەى جۆراو جۆر بودجە و ميزانيەى هەرێمى بڕيوە، ئەوەى كە ئێستە ئێمە دەبەستێتەوە بەبەغداوە تەنها پۆستە سياديەكان و نوێنەرانى كوردە لە بەغدا، ئەگەر لە ڕابردوودا بەجۆرێك هەرێمى كوردستان هۆكار بوبێت بۆ خولقاندنى ئەو قەيرانانە، بەلام ئيستە كە هەرێمى كوردستان كەپابەندە بە هەناردەكردنى ئەو بڕە نەوتەى كە ڕێككەوتوون لەسەرى ، كەچى بەغدا پابەند نيە بە ناردنى بودجەى هەرێمەوە لە كاتي خۆيدا، با باس لە مۆڵەتە سێ مانگيەكەى مەرجى بەشداريمان لە بەشدارى لە كابينەكەى (عەبادى ) بە ئامادە بونى نوێنەرانى (ئەمريكا و يو ئێن ) نەكەين، كەنە بەغدا پابەند بوو بە مەرجەكانى ئێوە وە و نە ئێوەش خاوەن بەڵێنەكانى خۆتان بوون و نە نێوان گيرەكانيش هەڵوێستيان هەبوو!ئيتر مانەوە ى نوێنەرەكانمان لە بەغدا بێ مانايە.
ئەگەر خاوەنداريەتى سۆمۆ بۆ فرۆشتنى نەوتى هەرێم بە بڕى 550 هەر بەرميل لە ڕۆژێكدا لە بەرامبەر ناردنى بودجەدا بێت و ئيتر فرۆشتنى نەوت بە بەغدا بێت يان هەر كۆمپانيايەكيتر جياوازى چييە؟ لە كاتێكدا لەدواين لێدوانيدا وەزارەتى سامانە سروشتيەكان دەڵێت كڕيارى نەوتمان هەيە. ئيتر بۆ چاوەڕێى چكە چكەى بودجە بەغدا بكەين؟؟؟ بە بۆچونى بەندە ئەم سەربەخۆييە داراييەش دەبێت بە سەروەريەكيتر و هەونگاوێك نزيكترمان دەكاتەوە لە سەربەخۆيى، بەڵام بە مەرجێك پارەى ئەو نەوتە لە صندقێكى ئەمين و دەستێكى پاكدا بێت.
تكايە با ئەم هەلەش وەك هەلەكانيتر بەهەدەر نەچێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست