کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مهاباد ...سەرهەڵدان و بێ هەڵوێستى پارتەكان

Tuesday, 12/05/2015, 10:26


گەلێ جار شۆڕش وسەرهەڵدان لەئەنجامى كارێكى بچووك و چاوەڕوان نەكراودا روو دەدات، و گۆڕانكارى و وەرچەرخانى گەورە دەخوڵقێنێت، وەك عەرەب دەڵێت (من الشرارە يندلع الهيب) . سەرەتاى بەهارى عەرەبى و يەكەم چەخماخەى ئەو شۆڕشە كە لەتونس رويدا  هەڵگيرسێنەرەكەىتەنها  (محمد البوعزبزى) بوو،كە بۆخۆشى چاوەڕوانى و پێشبينى ئەوەى نەدەكرد، ئەو كارەى دەبێتە شۆڕشێكى گەورە و لەسەرانسەرى وڵاتانى عەرەبيدا تەشەنەدەسێنێت.
جا لێرەدا  لەم كات و ساتەى كە رۆژهەڵاتى  كوردستان و مهاباد بەتايبەتى تاوى سەندوە ،رق و قين و غەزەبى  هاتۆتە جۆش و، موژدەى سەرهەڵدان و شۆڕشێكى جەماوەرى رادەگەيەنێت، زۆر گونجاو ولەبارە كە ئەوە بكەين بە دەست پێكى ژيانێكى نوێ و،گيان بەختكردنى(فەريباز)و ئەوتاوانەى دەرهەق بەو خانمە پاكيزە و رووسورە كرا، بكرێتە هەوێنى شۆڕشێكى گشتگير و لەدژى زوڵم وستەم و ناعەدالەتى ،رژێمى سەركوتكەرى بەناو ئيسلامى .
ئەوە چاومان لێيە و دەبينين كە ميللەت و جەماوەر ساز وئامادەيە و هاتۆتە مەيدان و، دەست پێشخەرى خۆيكردوە، بەبێ هيچ هێز وپشتيوان و رابەرێك ،رووبەرووى رژێمێكى زاڵم و هۆظ ودەبێتەوە، سڵ ناكات لەكوشتن و زيندان و سێدارە،، وەلى لەگەڵ ئەو بەرخودان وسەرهەڵدانە، وەك دەبينين بەتەنياو بێ پشت و پەنا ماوەتەوە ، هەتيو كەوتوە، هيچ هێز لايەن و پارتێك خاوەندارێتيان ناكات و نابێتە هاوكاريان. بۆيە لێرەدا جێى خۆيەتى وبپرسين و بڵێن ئەى باشە كارى پارتە رۆژهەڵاتيەكان چى يە؟! ئەوانەى دەيان ساڵ و بگرە نيو سەدەو چارەكە سەدەيەكە  خۆڵ دەكەنە چاوى ميللەت و ،خۆيان بەنوێنەر و پێشەوايان دەزانن.تاكەى لەئۆردوگاكانى كۆيەو زڕگوێز و ناوشارەكان پاڵى لێدەدەنەوە، هەر خەريكى خواردن و بادەنۆشين و بوونەتە كاربەدەست و فەرمانبەرى حزبەكانى باشوور، ئيشيان چى يە؟ خۆيان بۆكەى هەڵگرتووە؟ چاوەڕێى چيدەكەن؟ ئايا تۆبڵێى دەرفەتى لەوە زێرينتر هەبێت؟ يان لەلايەن ئاغاو سەرگەورەكانيانەوە چاويان لێ سووركراوەتەوە ،كە توخنى ئەو جۆرە شتانە نەكەون، نەبنە هۆكارى بارگرژى وشڵەژان و نائارامى ئێران و، زيان لەبەرژەوەنديەكانيان بدەن؟! ئەگەرنا من تێناگەم ئامانج و بەرنامە ستراتيژ و پێڕەوى هەموويان بەنيازى خەبات لە خاكى ئيران و گۆڕانكارى لادانى ئەو دەسەڵاتە دروست بوون. بەڵام بەداخەوە بەديوەكەى تردا خەبات و شۆڕش دەكەن و، لەسەر حسابى خەڵكى بەش مەينەت و هەژارى كورد ، كوردايەتيان كردوە بازرگانى و پيشە و، لەرێگەى ئەوەوە خۆيان زەنگين دەكەن و ، بەهۆى ناوى حزب و پايەيانەوە، چى كەس و كارو ناسياويانە ئاوديوى ئەوروپا دەكەن، لەولاشەوە منەت بەسەر خەڵكيدا دەكەن كە بوونەتە نەيار و بەرهەڵستكارى رژێم، دوريش نى يە، سبەى رۆژ بەهۆكارى دەرەكى يان راپەڕينى ميللەت، ئەو حكومەتە نغرۆ بێت، ئەوان كە ساڵانێكە لەئۆردوگاكان بۆگەنيان كردوە و مێش تێى ياون، هەر خەريكى سەرو سمێڵ بۆياغكردن و جل وبەرگى كەشخەو ئوتومبيلى لاگزس و مۆنياكان و،گيرفان پڕ لەدۆلارن، پاشە رۆژ  هەموو ئەوانە بەميللەت بفرۆشنەوە و، وەك نمونە گەلى باشور  بەزەبرى چەك و هێز، ئەوەى لەدژى دوژمن بۆيان نەكرا لەبەرامبەر ميللەتى بێ ديفا بيكەن.
ئاواتە خوازم كە تەواوى پارتەكانى ئەو بەشە، بەتايەبت كۆدار و پەژاك و هەودارانى پەكەكە، كەئەوان زۆر زياتر  خۆيان بەشۆڕشگێر و، خاوەنى راستەقينەى بير كوردايەتى دەزانن، لەخەوى غەفڵەت و گێلى و خۆدزينەوە دەربازبن،چيتر لەپێناو بەرژەوەندى تەسكى حزبايەتى و، بۆخاترى پاروى چەور و سەفتە دۆلار،  بەرژەوەندى تايبەت،بێ هەڵوێستى نەنوێنن، بێنە مەيدان و بوونى خۆيان بسەلمێنن. لەبەر هيچ نا تەنها بۆخاترى ئەوەى تفەنگەكانيان خراپ نەبێت ولەكار نەكەوێت ، كەدەيان ساڵە كپ ومل شۆڕە، بيخەنە كار و، يەك دووتەقەى پێبكەن با ژەنگ نەكات و تووشى خۆركە نەبێت.نەبادا ئێمەش  بگەينە ئەو قەناعەتەى كە بڵێن ئەوانيش چەكيان بۆ كاتى تەنگانە هەڵگرتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە