کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لوقمان حه‌مه‌د :مه‌خلوق وه‌ك یه‌كێك له‌ شاكاره‌ مه‌زنه‌كانی مه‌حوی

Sunday, 10/05/2015, 19:47


به‌ ئاوی تێگه‌یشتین ئێمه‌ دنیا ، هه‌ر سه‌رابێ بوو
وه‌ك ئاشكرایه‌ مه‌عریفه‌و هونه‌رو جوانی لای مه‌حوی كۆتایی ناێت به‌جۆرێك هه‌تا زیاتر دیوانه‌كه‌ی بخوێنیته‌وه‌ زیاتر گه‌وره‌یی و شان و شكۆی ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت به‌جۆرێك ئه‌م پیاوه‌ بواری زانستی و وێژه‌یی نه‌ماوه‌ ده‌ستی بۆ نه‌بات جوانی نی یه‌ باسی نه‌كردبێت چاوی تیژو دڵی گه‌وره‌ی ئه‌م پیاوه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌زنه‌ كه‌ممان هه‌یه‌ په‌ی به‌ به‌شێكی بچوكی ئه‌و پیاوه‌ ببه‌ین ، دوانه‌كه‌ی ئه‌و تا زیاتر بخوێنیته‌وه‌ زیاتری لێ ده‌بینیته‌وه‌ و زیاتر ئارام ده‌بیته‌وه‌ ئه‌و له‌ دیوانه‌كه‌یدا شاكاری وا مه‌زنی نوسیوه‌ مرۆڤ بیری بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت تۆ بڵێی ئه‌م پیاوه‌ چ عه‌قڵێكی هه‌بوبێت ؟!!! چۆن توانیویه‌تی لێكدانه‌وه‌ی ئاوا جوان بۆ هه‌موو شتێك بكات ؟!! ئه‌و هه‌موو زانینه‌ی ئه‌وكات هه‌بووه‌و ئه‌و هه‌موو نه‌زانینه‌ی ئێستا له‌كوێ؟!!! ئه‌و له‌ شاكاری شه‌ودا زۆر شتی نه‌وتراوی وتووه‌ له‌ مه‌خلوقیشدا داهێنانی زۆری كردووه‌ و هه‌روه‌ها له‌ به‌حری نوریشدا به‌هه‌مان شێوه‌ .
قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و زاته‌ كۆتایی نایه‌ت من به‌پێویستی ده‌زانم ده‌قی شیعری مه‌خلوق ی مه‌حوی مه‌زنتان پێشكه‌ش بكه‌م به‌ لێكدانه‌وه‌كه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و موحه‌ممه‌دی كوری.
.
مــــــــــه‌خـــــــلــــــــوق
(1)
ئه‌وی ئه‌مرۆ به‌ ده‌وری ته‌ختیایه‌ هه‌لهه‌له‌ی مه‌خلوق
له‌ده‌وری نه‌عشیا سبحه‌ی ده‌بینێ وه‌لوه‌له‌ی مه‌خلوق !
هه‌لهه‌له‌: قلولو کێشان له‌ خۆشیاندا
نه‌عش : ته‌رم
وه‌لوه‌له‌ : هاوار و گریان ، له‌ وشه‌ی ( ویل ) وه‌رگیراوه‌ .
واتا :
دنیا تاسه‌ر بۆ که‌س نامێنێ ، ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ پادشایه‌ و خه‌ڵکی به‌ ده‌وری ته‌خته‌که‌یدا قلولوی شادمانی ده‌کێشێ ، سبه‌ینێ به‌ ده‌وری ته‌رمه‌که‌یدا شین و زاری ده‌که‌ن .
(2)
به‌ په‌ل په‌ل کردنی سبحه‌ی ئه‌گه‌ر ببوایه‌ باوه‌ڕیان
ده‌بوو وه‌د به‌م حه‌ده‌ نه‌بووایه‌ بۆدنیا په‌له‌ی مه‌خلوق !
په‌ل په‌ل کردن : پارچه‌ پارچه‌ کردن ، ده‌شگونجێ ( پل پل کردن ) بێ .
سبحه‌ی : سبه‌ینێ .
واته‌ : ئه‌گه‌ر ئاده‌میزاد باوه‌ڕی به‌ سزا و رۆژی قیامه‌ت ببوایه‌ . وا بۆ دنیا نه‌ده‌که‌وته‌ هه‌ڵپه‌ هه‌ڵپ .
(3)
ده‌خاته‌ فکری ئه‌هلی مه‌عریفه‌ت شێوه‌ی جه‌جاڵ ( الحق )
ده‌بینێ به‌عزه‌ ئه‌شخاسێ به‌ دوویا خه‌رگه‌له‌ی مه‌خلوق
جه‌جاڵ : ده‌ججاڵ
خه‌رگه‌ل : گه‌له‌ که‌ر
واتا : به‌راستی تۆ هه‌ندێك که‌سی ناچیز و نا شایسته‌ ده‌بینی خه‌ڵکێکی زۆر نه‌فام وه‌ك ( که‌ر ) که‌وتوونه‌ته‌ دووایان ، ئه‌و دیمه‌نه‌ دیمه‌نی ده‌ججاڵت دێنێته‌وه‌ بیر که‌ له‌ ئاخیر زه‌ماندا په‌یدا ده‌بێت و خه‌ڵك گومڕا ده‌کات ئه‌وانیش ده‌که‌ونه‌ شوێنی.
تێبینی / دیاره‌ محوی له‌م به‌یته‌دا پلاری له‌ یه‌کێ له‌و شێخانه‌ گرتووه‌ که‌ ده‌روێش و سۆفییه‌کی زۆریان هه‌بووه‌ و دووایان که‌وتوون.
(4)
وه‌ها پڕ فیتنه‌ بوو عاله‌م که‌ ئیبلیسێکی وه‌ك ئیبلیس
نه‌ماوه‌ مه‌ئمه‌نی غه‌یری کڵێشه‌ و که‌ڵکه‌ڵه‌ی مه‌خلووق .
ئیبلیس : شه‌یطان
واتا : دونیا به‌جۆرێك پڕ بووه‌ له‌ خراپه‌ ، شه‌یطان به‌و هه‌موو شه‌یطانیی و زۆرزانی خۆی که‌ هه‌یه‌تی ، جێگایه‌ك نه‌ماوه‌ خۆی تیا حه‌شار بدات ، ئه‌وه‌ نه‌بێ بچێته‌ ژێر کڵێشه‌ی خه‌ڵقه‌وه‌ و کاری شایطانانه‌ی خۆی ئه‌نجام بدات .
(5)
له‌ په‌رده‌ی جیلوه‌یه‌کتا روو نمایه‌ شۆری سه‌د مه‌حشه‌ر
نیقابی لاده‌ له‌و چیهره‌ ، ببینه‌ زه‌لزه‌له‌ی مه‌خلوق
روو نما : ڕوو ده‌رکه‌وتوو
شۆڕ : هه‌را
نیقاب : په‌چه‌ ، ڕوو پۆش .
چیهره‌ : ڕوو .
زه‌لزه‌له‌ : له‌رزین ، وه‌کو بومه‌له‌رزه‌ .
واتا:
دڵدارانت ئه‌وه‌نده‌ زۆرن ، له‌ توێی تاقه‌ خۆده‌رخستنێكدا شۆر و هه‌رای رۆژی مه‌حشه‌ر به‌رپا ده‌بێ و خۆی ده‌رده‌خات ، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ ناکه‌یت په‌رده‌یه‌ك له‌ ڕووت لاده‌ و سه‌یرێکی خه‌ڵك بکه‌ بزانه‌ چی له‌رزانێکی وه‌کو رۆژی قیامه‌ت به‌رپا ده‌کات .
تێبینی / محوی له‌م به‌یته‌دا وشه‌ی ( په‌رده‌ ) و ( روو نما ) و ( نیقاب ) و ( چیهره‌ ) ی له‌ جیهاتی بووك گواستنه‌وه‌ خواستووه‌ ، وشه‌ی ( زه‌لزه‌له‌ ) یش ، ئیشاره‌ته‌ بۆ ئایه‌تی ( اذا زلزلت الارض زلزالها ) که‌ باس له‌ رۆژی قیامه‌ت ده‌کات ، واتا کاتێك زه‌وی ته‌کانه‌ گه‌وره‌که‌ی خۆی به‌سه‌ردا هات .
(6)
به‌ ئاوی تێگه‌یشتین ئێمه‌ دنیا ، هه‌ر سه‌رابێ بوو
هه‌موو ئه‌شچین به‌ خنکان و له‌ وشکیشه‌ مه‌له‌ی مه‌خلوق
واتا :
خراپ له‌ دنیا حاڵی بوو بووین ، وامان ده‌زانی کانی ئاوه‌ و ئینسان که‌ چووه‌ سه‌ری ده‌حه‌سێته‌وه‌ ، که‌چی به‌ به‌رده‌رێژگه‌ ( سه‌راب ) ده‌رچوو که‌ له‌ دووره‌وه‌ تیشك ده‌داته‌وه‌ نه‌زان به‌ ئاوی تێته‌ به‌رچاو ، ئه‌م خه‌ڵکه‌ش که‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی دنیادان ، ڕه‌نجی بێ سوود ده‌ده‌ن و له‌ وشکانیدا مه‌له‌ ده‌که‌ن که‌ بۆ مه‌له‌ کردن تێیدا ده‌ست نادا ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ خنکان ده‌چن ، هه‌رچه‌نده‌ ئاویش نییه‌ ، چونکه‌ ئه‌وه‌ی مه‌له‌ی بۆ ده‌ست خستنی دنیا بێ ، ئه‌نجامی له‌ ئه‌نجامی خنکان زیاتر ده‌ستگیر نابێ .
تێبینی / محوی له‌م به‌یته‌دا دنیای شوبهاندووه‌ به‌ سه‌راب و دنیا په‌رستانی شوبهاندووه‌ به‌ تینوو که‌ سه‌راب بێته‌ ڕێ له‌ تینووانا بخنکێ !
(7)
له‌ سوقی ده‌هه‌ردا دووکانی هه‌رکه‌س مووده‌تێ عومره‌
گوهه‌ردانه‌ به‌ پشکڵ دانه‌ ( محوی ) مامه‌ڵه‌ی مه‌خلوق
سووق : بازاڕ
ده‌هر : گه‌ردوون ، زه‌مانه‌
گوهه‌ردانه‌ : ده‌نکه‌ گه‌وهه‌ر
واتا : دووکانداری هه‌رکه‌سێ له‌ بازاڕی گێتیدا ئه‌وه‌نده‌ی ماوه‌ی ژین یه‌تی ، داخی به‌جه‌رگم ، ئه‌م خه‌ڵکه‌ له‌ باتی ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌کی وا بکه‌ن ئه‌و دنیایان لێوه‌ ده‌ستگیر ببێ ،عومری عه‌زیزی وه‌ك ده‌نکه‌ گه‌وهه‌ر گران به‌های خۆیان ، به‌ ده‌نکه‌ پشقلی ناچیز و بێ بایه‌خی دنیا ده‌گۆڕنه‌وه‌ .
تێبینی / محوی له‌م به‌یته‌دا گێتی شوبهاندووه‌ به‌ بازاڕ و ، ژیانی شوبهاندووه‌ به‌ دووکان و خوا په‌رستی به‌ مامه‌ڵه‌ی بێ سوود و بێ فه‌رمانی خوا ، به‌ مامه‌ڵه‌ی زیان به‌خش و دایناوه‌ ئه‌وه‌ی که‌ وا له‌جیاتی خوا په‌رستی بێ فه‌رمانی خوا ده‌کا، وه‌ك که‌سێك وایه‌ گه‌وهه‌ر بگۆڕێته‌وه‌ به‌ پشقل .
.
لێكدانه‌وه‌ی : عبدالكریمی موده‌ریس و موحه‌ممه‌دی عبدالكریمی موده‌ریس

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە