کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیوەندیەکانی پدک و ئاک پارتی بەتەنیا سیاسی وئابووری نین

Sunday, 10/05/2015, 18:45


ماوەی چەند ساڵێکە پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاک پارتی دەستەڵاتداری تورکیا لە هەڵکشاندایە، بەبێ ئەوەی بەهیچ جۆرێک ئەو پەیوەندیانە هیچ سودێکی بۆ کورد و باشووری کوردستان لێکەوتبێتەوە.
نامهەوێ لێرەدا باس لە سود و زیانی ئەو پەیوەندیانە بکەم، چونکە لە قەیرانی نەوت و لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆسەر کوردستاندا، بەدەرکەوت کە ئەو پەیوندیەی نێوان پارتی و ئاک نەک سودی نەبوە، بەڵکو زیانی زۆریشی بەکورد گەیاندوە و ئەندازیاری ئەو پەیوەندیانەش "نێچیرڤان بارزانی" خۆی لە چەندین لێدواندا دانی بەوەدا ناوە.
زۆرێک لە نەیارانی پارتی یان ئەو لایەنانەی بەو پەیوەندیە ناڕحەتن وەک پارتی کرێکارانی کوردستان، لە زۆربەی زۆری ڕەخنەو تێبینیەکانیاندا بەتەنیا لایەنی سیاسی و ئابووری ئەو پەیوەندیە ئەوروژێنن. کەچی ئەوەندەی من سەرنجم دێبێتە سەر هەردوولا و چاودێریم کردبێ، ئەو دوو لایەنە واتە ئاک پارتی و پارتی دیموکراتی کوردستان جگە لە سودی ئابووری و هەندێک ڕێککەوتنی سیاسی و هەرێمی، لە لایەنی ئێدۆلۆژی، کولتوری و کۆمەڵایەتیەوە زۆر زۆر لەیەک نزیکن، بەڵام هەردوولا لە ئاستی ناوخۆیی تورکیا و کوردستاندا ئەو نزیکبوونەیان لەگەڵ هاوزمان و هاونەتەوەکەنیاندا بەدی ناکرێ. هەر ئەوەشە وایکردوە ئەوانەی باس لە یەکێتی نەتەوەیی، کۆنگرەی نیشتیمانی یان ئیتیفاقی نیشتیمانی ئەکەن، جگە لە چەند کۆبونەوەیەک بەرهەمێکی دیکەیان نەبێ.
باهەوڵ بدەین بەچەند نمونەیەک ئەو گریمانەی سەروە بسەلمێنین کە ئەمانەن:
شێوازی حوکومڕانی و سەرکردایەتی: ئاک پارتی و سەرۆکەکەی ئەردۆغان هەموو هەوڵێک ئەدەن سیستێمی حوکومڕانی تورکیا لە پارلمانیەوە بکەنە سەرۆکایەتی و دەستەڵاتی سەرۆک زیاد بکەن. بۆ ئەوەی ئەو دەستەڵاتە مەشروع بکەن، باسی هەڵبژاردنی سەرۆک ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە ئەکەن. ئەوان ئەزانن کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئاسانی لە ڕێگای سەرکردەی گەورە، ئایینی گەورە و حیکایەت و خەونی گەورە گەمژە ئەکرێ، بۆیە داوای هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆک ئەکەن لەلایەن خەڵک و ئەوەش بە دیموکراسیەت دەبەستنەوە. خوێنەری بەڕێز لەو لینکەی خوارەوەدا تەماشا بکە و بزانە: پارتی و سەرکردەکەی مەسعود بارزانی چۆن بیر لە هەمان کێشە دەکەنەوە؟ 
بەکارهێنانی ئایین بۆ جەهلکردنی کۆمەڵگە: ئاک پارتی هەر لە سەرەتای دەستەڵاتیەوە هەوڵیداوە، ئایین لە تورکیا بجولێنێت. ڕێگادان بە کردنەوەی خوێندنگەی ئایینی و مزگەوت بەبێ ئەوەی ئەو مزگەوتانە هیچ سود و بەرهەمێکیان تەنانەت بۆ دواڕۆژی ئیسلام و موسوڵمانانیش هەبێ،  بەکارهێنانی داعش و چەندین ڕێکخراوی دیکەی ئیسلامی بۆ مەبەستی حیزبی و سیاسی گەورەترین کاری پارتی دادو گەشانەوەی تورکیا بوە. پارتی دیموکراتی کوردستان سەرباری ئەوەی زەمینەی ناوخۆیی لەبار بوە بۆ ئەوەی دەستوری کوردستان سیکۆلاریزە بکرێت و هێزە ئیسلامیەکانی کوردستان لەچاو پارتی و حیزبە مەتەفیقەکانی زۆر لاواز بوونە و کۆمەڵگەی کوردستانی کۆمەڵگەیەکی سیکۆلار بوە، بەڵام پارتی واپێئەچی بە ئەنقەست هەولیدابێ لە ڕێگای ئایین، کوردستان بە دواکەوتویی بهێلێتەوە.
کۆنەپارێزی: سەرباری ئەوەی کۆمەڵگەی کورد و تورک لە چاو هەندێک نەتەوەی دیکەی ڕٶژهەڵات کراوەن و مرۆڤ ئەتوانێ گۆڕانکاریان تێدا بکات، بەڵام موحافەزەکاربوونی هەردوولا نەک بەتەنیا ئاستەنگ بوە لەبەرانبەر گۆڕانکاری بەڵکو لەژێرناوی ئەخلاق و بەرگریکردن لە کۆمەڵگە بەرگریان لە پاشڤەڕۆیی کردوە. نمونەیەکی هەرە گرینگ ئەوەی خوارەوەیە:
کورد لە تورکیا و باکور کە لەژێر سێبەری "پارتی دیموکراتی گەلان HDP ئەچنە هەڵبژاردنی تورکیا و هەوڵی شکاندنی ڕێژەی % ١٠ ئەدەن، پێویستیان بە هاوپەیمانیە لەگەڵ چەپ و ڕێکخراوە مەدەنیەکان بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبوڵ، ئادەنە و ئەنکەرە. بمانهەوێ یان نا ئەو گروپ و ڕێکخراوە مەدەنیە نافەرمیانە توێژی چەپ، هاوڕەگەزباز، ژینگەپارێز، فێمێنیست و .... هتد تێدایە، بەڵام کە سەیری لایەنگرانی پاشڤەڕۆیی و کۆنسەرڤاتڤیڤی تورکیا ئەکەی، هەموو دژە پڕوپاگەندەکانیان لە چوارچێوەی ئەوەدا کۆکردۆتەوە کە گوایە پارتی دیموکراتی گەلان لایەنگری بێ ئەخلاقیەو دەیهەوێ فێمێنیزم و هاوڕەگەزبازی ڕەوا بکات و کۆمەڵگە نەخۆش بکات. لەو ڕۆژانەدا سەیرمکرد، کەناڵەکانی لایەنگرانی پارتی، هەمان دژەپڕوپاگەندە بەناڕاستەوخۆ ئەکەن یان بەتەنیا باس لەو خاڵانە ئەکەن کە ئەگەری گەوجکردنی کۆمەڵگەی کورد و ئیسلامی لێ ئەکەوێتەوە. بەپێی زانستە سۆسیۆلۆژیەکان هاوڕگەزبازی نەخۆشی نیە، بەڵکو دیاردەیەکی بیۆلۆژی و سروشتی بەشێک لە مرۆڤەکانەو لە دێرزەمانەوە هەبوە. ئەو دیاردەیە بە چەوساندنەوە و دانپێنەنان چارەسەر ناکرێ و ئەو مرۆڤانە ئەبێ بتوانن وەک مرۆڤ گوزارشت لە خۆیان بکەن. بەڕای من ئەو کارەی HDPنیشانەی بوێریەو ئەبێ پشتگیری لێ بکرێ.
خوێنەری بەڕێز: تەماشاکە کەناڵێکی نزیک لە پارتی دیموکرات چۆن بەتەنیا ئەو خاڵەی پارتی کوردان زەقئەکاتەوە کە هاوڕایە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی ئاک پارتی.
کەناڵێکی نزیک پارتی


کەناڵێکی نزیک ئاک پارتی

ئابووری لیبڕاڵی تاڵانکار و دژ بە خەڵکی هەژار:  دواخاڵ کە پارتی و AKP لەیەکتر نزیک ئەکاتەوە، ئەو جۆرە ئابووریە تاڵانکاریەیە کە هەردوولا پێی ئەڵێن ئابووری لیبڕاڵ. هەردوو حیزبی دەستەڵاتدار لە ناوچەی خۆیان و یەکتری لە بەرژەوەندی کۆمپانیا حیزبیەکان و کەسانی نزیک خۆیان کۆتاییان بە کەرتی گشتی هێناوە و دامودەزگاکانی حکومەتیان یان پشتگوێ خستوە یان لیبرالیزە و بەکەرتی تایبەت کردوە. ئەو جۆرە ئابووریە جگە لەوەی لە خزمەتی چینی خوار و ناوەڕاستدا نیە، هاوکاتی لەبەر ئەوەی بەتەنیا پشت بە پارە ئەبەستێ، ئابووریەکی لە بنچینەدا لاوازەو لە ئەگەری هەر قەیرانێکدا، شکست دێنێ.
قەیرانەکانی ئابووری و دارایی هەرێم بەرچاون و زۆربەی زۆری ئابووری زانانیش باس لەوە ئەکەن کە سیاسەتی ئاک پارتی وایکردوە لە ساڵانی دواییدا بازاڕ لە تورکیا گرانببێ و ئەوەش بۆتە هۆی کەمکردنەوەی دەنگەکانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە