کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ بەختیار عەلی: ئێوە وەک کرمی قولاپی ئەو ماسیگرانە وان، کە ماسیگرەکان راوتان پێ دەکەن

Friday, 08/05/2015, 16:56


بە پشت بەستن بە پەیامنێرێکمان لە هەولێر، هەروەها لە رێگای پەیوەندییکردنمان بە هەندێک لە کارمەندانی پێشووی (مێد تێڤی)ی ساڵانی (١٩٩٠ بۆ ١٩٩٩)، کوردستانپۆست لە سەر بەختیار عەلی ئەو زانیارییانەی کردە هەواڵێک و بڵاویکردەوە.  
بەشێک لەو زانیارییانە لە کەسانی نزیک بە دەزگای (باس نیوز) وەرگیراون، تێیاندایە لە هەمانکاتدا دوو جەمسەرە، کار بۆ پاراستنیش دەکات. ئەمەش نهێنییەکی شاراوە نییە، کەس پەی پێنەبردبێت، هەڵبەت زۆربەی هەواڵیش لەو رێگایانەوە دزە دەکەن و دەگەنە دەم خەڵک و دەست راگەیاندنەکان. 
بەشێکی تریش لەو زانیارییانە لەو شوێنانە دەستمان کەوتوون، کە کاک بەختیار عەلی هاتووچۆ، یان پەیوەندیی پێیانەوە هەیە، هەموو هەواڵیکیش مەرج نییە لە ١٠٠% راست بن، لێ لە خوار سەدەوە تا نیوەی ئەگەر راست بێت، ئەو پەیامە دەگەیەنێت، کە چۆن دەسەڵاتی کوردی کۆمەڵگای بە ئاقارێکدا بردووە و هەموو ئەگەرەکان بوونەتە یەقین و لە گومان دوورکەوتونەتەوە، هەڵسوکەوتی ئەو تاقمە نووسەرانەی کە تەسلیمی دەسەڵات بوون دیاردەیەکی خراپە و پێویستە بەربەستێکی بۆ دابنرێت، یەکەم هەنگاویش ئاشکراکردنی ئەو زانیارییانەیە کە دەشاردرێنەوە و باس ناکرێن، راگەیاندنەکانی دەسەڵات و میدیا ئەهلییەکان بە مەبەست ئەو زانیارییانە دەشارنەوە و بە پێچەوانەوە نووسەرانێکیان هێناوە کردوویانە بە کەڵەگا بەسەر خەڵکییەوە، هەروەک چۆن خەڵکی لە رابردوودا  ئەم قارەمانانەی شاخی لا پیرۆز بوو، بە فریادرەس و تێکۆشەری  دەزانین، تا دوایی دەرکەوت نمونەیان لە خیانەت و دزیی و ناپاکییدا نییە، ئیستاش لە شار دەستیان بەسەر ژیان و جوڵەی خەڵکدا گرتووە، بۆ شاردنەوەی ئەو راستیانە لە رێگای ئەم نووسەرانەوە دەیانەوێت جارێکی دیکە بچنە ناو بیرکردنەوە و هزر و عەقڵی خەڵکیشەوە لە جوڵەی بخەن. کاتێک سەرۆکێک وڵاتفرۆش و خائین بێت، بەرپرسەکان دەست و داوێن پیس بن، هەڵبەت نووسەر و راگەیاندنەکانی ژێر دەستیشیان لەوان باشتر نابن، کوردستانپۆست چۆن پیرۆزی بنەماڵەی شکاند، ئاواش دەمانەوێت راستییەکان بخەینە روو، لەم  رێگایەوە پیرۆزی ئەو نووسەر و روناکبیرانەش بشکێنین کە دەسەڵات بۆ ئەو کۆمەڵگایەی خوڵقاندووە. 
بەختیار عەلی یاری بە وشە دەکات و لە درێژدادڕییدا دەیەوێت سەر لە خوێنەر بشێوێنێت، تا   هەندێک قسەی نابەجێ و درۆ بەناو وەڵامەکەدا تێپەڕێنێت: لە شوێنێکدا درۆ بە زمانی کوردستانپۆستەوە دەکات گوایە ئێمە وتوومانە، (دەزگای پاراستن دەیانەوێت کتێبەکانی بەختیار بکەن بە کرمانجی و تورکی بۆیە بەختیار شل بووە و بووە بەپاراستن). ئێمە لە هەواڵەکەدا نەمان گوتووە بەختیار بووە بە پاراستن، ئێمە زۆر شتی ترمان وتووە، وتوومانە چاوی بە مەسرور کەوتووە،  وتوومانە کتێبەکانی بەختیار کراون بە کرمانجی. . بەڵام باسمان لەوە نەکردووە، کە ئێوە بوونەتە پاراستن و پارتیی. ئەوان بۆ خۆشیان باش دەزانن، کە لەدەرەوەی ئەوان باشتر دەتوانیت خزمەتیان بکەیت، خوێنەریان بۆ رابکێشیت! نووسەریان بۆ بنێریت لە دەزگاکانیاندا وەکو تۆ بنووسن! هاتوچۆیان بکەن و شەرم نەکەن! تۆ دەرگایەکت کردەوە، رەوات دا بەوەی کە نووسین لەناو راگەیاندنەکانی دەسەڵاتدا رێگابێدراو بێت و شەرم نەمێنێت، تۆ لە رەوشتی نووسین دوور کەوتیتەوە، بۆ پارە خۆت خستە باوەشی دەسەڵاتێکەوە، کە پێشتر بە پێچەوانەوە، لە شەهیدبوونی سەردەشت عوسماندا بە زمانێکی دیکە بۆ ئەو خەڵکەت دەنووسی! ئەرکی ئەوانەی کە دەبنە پاراستن، پیاوکوشتن و دەمکوتکردن و زانیاریی کۆکردنەوەیە، ئەرکی نووسەرێکی دەستەمۆکراوی ئەو دەسەڵاتە کەمکردنەوەی ئەرکی پاراستنە، ئێوە خەڵک بەرەو نائومێدی دەبەن، نائومێدیی دوو رێگای لەبەر دەمدایە، خۆکوشتن، یان تەسلیمبوون، ئێوە خوێنەر بەرەو تەسلیمبوون و بێدەنگی دەبەن، 
------------------------
 جارێکی دیکە دێینەوە سەر ناوەرۆکی هەواڵەکە و دەڵێین: ئەو هەواڵەی کە بڵاومان کردەوە، ئێمە بۆ خۆشمان، گومانمان لە هەندێک بڕگە هەبوو، بەتایبەت لەسەر رێژەی لە سەدا سەدی ژمارەکان ، بۆ نمونە کاتێک دەگوترێت بەختیار عەلی دوو هەزار دۆلار وەردەگرێت، رەنگە ئەم بڕە پارەیە لە دوو هەزار کەمتر بێت، یان کاتێک دەگووترێت بەختیار عەلی چەند جارێک چاوی بە مەسرور بارزانی کەوتووە، ئەمەش لە بری سێ چوار جار، جارێک بووبێت، یان بڕیارە چاوی پێبکەوێت! یان بیانەوێت دەرفەتێک بخوڵقێنرێت، تا یەکتر ببینن، بەڵام هیچ کام لەمانە لە جەوهەری مەسەلەکە ناگۆڕێت!، تۆ کە بۆ شوێنێک بنووسیت، ئیتر چ باکت پێیە ئەو هەموو قسە و گومان و رەخنەیەت بێتە سەر، ئیتر چ باکیشت پێ دێت، ئەگەر هەواڵەکە بە دیوێکی دیکەدا دزە بکات و بەو شێوەیە بڵاوبێتەوە، کە خۆت تێیدا لە شوێنێکی ترەوە گوزەرت پیا کردبێت!؟ قەڵەم کاتێک لێی بتکێت، ترسی چی دەمێنێت، نووسەرەکە پیس بکات، یان مێزەکەی بەردەمی!؟ راگەیاندنێک کە جڵەوی بەدەست بەرپرسێکی پۆخڵ و ناپاکەوە بێت، دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بیت، کە رۆژێک قسەشی لەگەڵدا بکەیت و لوتت بە لووتیشیدا بتەقێتەوە و یەکتر ببینن، ئەوان بە خۆڕایی پارە ناخەنە ژێرت، تا لە دوا رۆژدا دڵنیانەبن هێندەی قورسایی ئەو پارانە، ریسوا نەبیت و خاڵی لاوازت لێنەگرن! تۆ کە پارەکەیان وەردەگریت، پێویست ناکات گیرفانەکە ببینی، کۆشتاوەکەت کە خوارد، بۆ گۆشتەکەش ناخۆیت!؟ کاتێک بەختیار عەلی دەچیت لەناو دەزگایەکی وەک (باس نیوز)دا دەنووسێت، دەبێت بزانێت بۆچی لە چاو ئاوێنەدا ئەو پارە زۆرەی دەدەنێ! دەبێت چاوەڕوانی ئەم جۆرە هەواڵانەش بیت، کە رەنگە هەر خۆیان بە مەبەست دەینێرن  تا زیاتر پێی هەڵبخلیسکێننە نێو گەمە پیسەکەی خۆیانەوە!؟ بەختیار دەبێت تێبگات، کە دەسەڵاتی پاراستن بە ناخییدا چۆتە خوارێ، کار لەسەر تەسلیمبوون و تێکشکاندنی دەکەن! بۆیە دەیکەنە هاوشانی فەرهاد پیرپاڵ و کتێبەکانی ئەمێش لە بازارەکاندا لە پاڵ فەرهاد و مەلا مستەفادا بۆ کوردی باکور و تورکی وەردەگێڕن،  بەختیاریش ناچار دەبێت فەرهاد بە عاقڵ دابنێت و پێی بڵێت کاک فەرهاد، پەیامنێرەکەی کوردستانپۆستیش بکات بە بێ عەقڵ و بڵێت سەری بە خەسار چووە! ئەوان بە خۆڕایی پارە نادەن بە بەختیار عەلی، ئەگەر ترسێکیان هەبێت بزانن سێبەری نووسینەکانی دەبێتە تاریکی بۆیان. تۆ کاتێک بۆ دەزگایەکی سەر بە پاراستن دەنووسیت دەبێت باجی ئەم کردار و لوتبەرزییەش بدەیتەوە! کاتێک پەلاماری گەنجانی گەرمیان و کاوە گەرمیانت دا، لەو کاتەوە تۆ دۆڕایت، کە گوێت لە توڕەبوونیان نەگرت، لەگەڵیدا کۆمەڵگای کوردییت کردە فاشیست. کاکە بەختیار روو مەکەرە ئەوانەی کە تۆ بە رۆماننوسی گەورەت دەچوێنن، دڵنیابە زۆربەیان لە نووسین و لە هونەری رۆمانیش ناگەن، پشت بەوان مەبەستە، ئەو دەروێشانە خۆیان بچوکن و بۆ کەسانی بچوکتر لە خۆیان دەگەڕێن، لە لای مرۆڤی ئازاد، هەموو مرۆڤێک ئاستێکی گەورەبوونی تێدایە، کەسی ئازاد، مرۆڤەکان لە یەک ئاستدا دەبینێتەوە، جیاوازیی لە نێوان گەورە و بچوکدا ناهێڵێت! ئەوانەی کە خۆفرۆش و نیشتیمانفرۆشن، ئەوانە لە خۆشەویستی دوور کەوتوونەتەوە و لە موڕاڵ و هەستیی مرۆڤبوون داشۆراونەتەوە، ئەوانە بچوکن نەک مرۆڤە ئازا و نەترسەکان، مرۆڤی بچوک کۆیلەیە، نەک ئازاد، کۆیلەبوونی ئەوانە لە سنوری بیرکردەوەیاندایە، بۆیە هەر رۆژەی دەبنە پیاوی یەکێک لە خۆیان گەورەتر، ئێمە نایەین وەکو هەندێک کەس تۆ بە نووسەری گەورە و روناکبیری گەلەکەمان بتچوێنین، پێوەری ئێمە رەوشت و مورالە، نەک قەبارەی کتێب و قسەی ریزکراوی بێ ناوەڕۆک، کە زۆر کەس تاقەتی خوێندنەوەشیانی نییە. لە ئەوروپا ساڵانە دەیان رۆماننووس و چیرۆکنووس لە دایک دەبن، بۆ نمونە کاتێک باس لە رێزگرتن و مافی ژن دەکەن، درۆزن نیین و لە ناخەوە بڕوایان پێیەتی، لە کرداریشیاندا رەنگ دەداتەوە، لە ماڵەوە لە ژنەکانیان هەڵنادەن و سوکایەتیان پێ ناکەن! پەیوەندیی نووسەر و کتێبەکانیی، پەیوەندی رۆح و لەشە، پەیوەندیی زمانە لەگەڵ دەست وقاچدا، ئەندامەکانی لەش ێچەوانەی بیرکردنەوەی یەکتر ناجوڵێنەوە! مرۆڤی درۆزن ناتوانێت لەگەڵ سێبەری خۆیدا رێبکات، دەنا قورسایی وشە و سێبەری خۆشی لێی زویر دەبێت. ئێمە لە بەختیار عەلی دەگەین، دەزانین بۆچی لەناو ئەو هەموو گۆڤار و رۆژنامە و سایت و راگەیاندنانەی دیکەدا رووی کردۆتە (باس نیوز)ی سەر بە دەزگای پاراستن، ئەوانەی لەوێدا دەنووسن، هەموویان دەناسین، ئەوانە بۆ ئەمڕۆ دەنووسن، باکیان  به‌ مێژووە نییە کە دوایی چۆن باس دەکرێن، ئەوانە تەنیا هەناسە دەدەن، مردوون، تۆش وەک ئەوانیت، لێ مردنەکەت هێشتا رانەگەیەندراوە. 

لە وەڵامی هەواڵەکەی کوردستانپۆستدا بەختیار عەلی دەنووسێت: (چەند رۆژێک لە مەوبەر لە یەکێک لە سایتەکاندا هەواڵێک بڵاوکراتەوە، کە گوایە من چەند جارێک چاوم بە مەسرور بارزانی کەوتووە. ). 
بەختیار کە قسەی زل زل و رۆمانی بلۆکی دەنووسێت خۆی لە ناوهێنانی ناوی کوردستانپۆست کەڕ دەکات و ناوی نابات، ئەمیش وەکو پارتەکان (یەکیتی و پارتی) و راگەیاندنە سێبەرەکانی سەر بە خۆیان نایانەوێت لە کولەکەی تەڕیشدا ناوی کوردستانپۆست بهێنێن. ئەوان بە هەر حاڵ، لێ کاکە بەختیاری نووسەر، کە بە حساب کەسێکی فاشست نییە و لە زۆربەی نووسینەکانییدا قسەی لە سەر فاشیستی کوردی کردووە، هەر بۆ خاتری ئەوەی بڵێت من فاشست نییم دەبوو لای ئاسایی بوایە ناوی سایتەکەی بهێنایە. بەختیار عەلی لەسەر ئەوە گەنجەکانی گەرمیانی کرد بە فاشت، چونکە بڕیاریان دابوو کتێبەکانی فڕێ بدەنە نێو روبار و چەمەکانی گەرمیانەوە، بەمە وای لێک دایەوە، ناو و دەنگی دەخنکێنن، ئەمەی بە کرداری فاشیستانە دایە قەڵەم، بۆیە هەموویانی کرد بە فاشیست و قسەی بێ مانای لەم جۆرەی پێگووتن تا رادەیەک توشی هستریا بوو، فاشستیی خستە ناو هەموو ماڵەکانی کوردستانەوە، جەماوەرێکی زۆریشی تێوە گلان. ئاخر ئێمە وەکو بەختیار ناڵێین فاشست، بەختیار کە هەر لە خۆیەوە قسە دەکات، وەک کەسێکی خراپەکار کە نایەوێت هەر ناویشت بەرێت و دانت پێدا بنێت. 
دەستەڵاتی کورد ئەمڕۆ لە باشوردا ژمارەیەک لە رووناکبیری نەزان و سەیر و سەمەرەی بۆ خەڵک دروست کردووە، بەسەر خەڵکدا سەپاندونی و پروپاگەندەیان بۆ دەکات، قسە بێ سەر و بەرەکانیان لە تەلەفیزیون و رۆژنامەکاندا بڵاو دەکاتەوە، ئەوانیش رەخنەی درۆ و ناڕاست لە دەستەڵات دەگرن، لەولاشەوە لەسەر ئەم دەستەڵاتە پارە وەردەگرن، دەبن بە ئەدیب و روناکبیر و بیرمەند. 
بەختیار عەلی بەرگریی لە فەسادی دەزگای سەردەم و شێرکۆ بێکەس کرد، ئەو شیرکۆ بیکەسەی لە شیعر و وشەدا زل، لە کردەوەدا گەندەڵ و فاسید، لە مردنیشدا داگیرکەر، کە گۆڕێکی بۆ خۆی لە باخچەیەکی گەورەی ناوشاردا داگیرکرد. بۆ هەموو ئەمانە بەختیار عەلی، بەرگریی لە شێرکۆ بێکەس دەکات و دەڵێت: (شێرکۆ بە باخی عەدەم بسپێرن، شیعر و کردەوە لە یەکتیریی جودان). ئیمەش دەڵێین، نەخێر کاک بەختیار، شیعر و کردەوە لە یەکتریی جیا ناکرێنەوە. مرۆڤ ئەگەر ساختەچی بێت، خائین بێت، دز بێت، بە نووسین و قسەڕیزکردن، نایەتەوە مایە و کردەوەکانی ناسڕێتەوە، ئەوە لای خەڵکی ساویلکە وایە، وا دەزانێت ئەو قسە زلانە زۆر گرنگن. جیاوازی ئێمە لەگەڵ کەسانی تردا ئەوەیە، ئەگەر قسە و کردار بەیەکەوە نەبەسترێنەوە، قسەکان پوچ دەردەچن، مەگەر یەکێک گەوج بێت، نرخ بە قسەی لەو جۆرە بدات، کە پێچەوانەی کردارەکانی بێت. 
بەختیار باس دەکات کە خۆی لە سیاسەت و حیزب و دەستەڵات بە دوور دەگرێت، لەمەشدا بەختیار راست ناکات، کاتێک مەسعود بارزانی لەگەڵ مالیکدا تێک چوو لەشکری بردە حەمرین، ئەو کاک بەختیارە هاواری لێ هەستا، کە مالکی هێرش دەکاتە سەر کوردستانە ئەبەدییەکەی، هەروەها مەسئولە دزەکانی کرد بە ئوسقراتی و مالیکی بە شۆڤێنی، ئیتر بەمە ئەگەر پێشمەرگەیەکی هەژار کە بە کوشت دەدرێت، لای کاک بەختیار بۆ گیرفانی دزەکان کێشە نییە، واتە بەختیار فتوای خۆی دا، کە لەم جەنگە کۆمیدیایەدا پشتی دزەکان دەگرێت و ئەمە شەری نیشتیمانییە. ئەمەش سەلماندی بەختیار خۆی لە سیاسەت بە دوور ناگرێت! ئایا ئەم ماستاوەی بۆ کێ کرد؟ دوای ئەوە و پاش ماوەیەکی کورت، کە مەسعود بارزانی چوو بۆ بەغداد، ئیتر کاک بەختیار شۆڤینیتەکەی مالیکی لە بیر چوویەوە، چونکە مەسعود لەگەڵ ئەو شۆڤێنیستەدا رێککەوت! نەیزانی هەموو ئەمانە گەمەیەک بوون، بەختیاریش خۆی تێوەگلان و نقورچێکیان لێگرت، پێیان وت تۆ هەرجەندە لە سیاسەت نازانێت، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێت، کە پێویستە بیڵێیت!
بەختیار دەنووسێت: (گەر عەقڵییەتی پارتی لە خۆرهەڵات بووبێت عەقڵییەتی من لە خۆرئاوابووە) لە حەڤدەی شوباتدا لەشی بەختیار عەلی لە رۆژئاوا بوو، بە فڕکانێک ئەو لەشەی بردەوە بۆ لای عەقڵی کۆنتڕۆڵکراوی  دەسەڵات، هەموو دەزانین، کە بلیتی فڕۆکە ئەگەر پێشوەخت و چەند هەفتە و مانگێک  نەیبڕیت، ئەوا دوو قات و سێ قات گرانتر دەبێت، چوون و گەڕانەوەی بەختیار و ئاراس پارەی شەش حەوت کەسی تێچوو، ئەم دەستە روناکبیرە دروستکراوە خۆیان لە سیاسەت و حیزب و لە دەستەڵات بە دوور نەگرت هێنرانەوە بۆ سلێمانی، ئەرێ ئێوە کە سیاسەت ناکەن، بۆ بە پەلەپروزکێ هاتنەوە؟ ئەگەر ئەمە پلان نەبێت و پێتان نەوترابێت، ئەی بۆچی هاتنەوە؟ چیتان وت و لە بەردەرکی سەرا چیتان دەکرد؟ ئێمە دەزانین ئێوە بۆ ئەوە هێنرانەوە کە گه‌نجەکان سارد‌ بکەنەوە‌، له‌گه‌رمه‌ی خۆپیشاندانه‌كاندا کەوتنە كۆڕ بەستن، بێحورمەتییتان بەو گەنجانە کرد تاوانبارتان کردن، گوایە ئەوان لەبەر شووکردن و ژنهێنان ئاگریان تێبەربووە و توڕەن و راپەڕین و خۆپیشاندان دەکەن، ئەگەر دەسەڵات سەرو ژنیان بۆ بهێنن ئەوا هەموو دەچنەوە ماڵی خۆیان،  تەنانەت هەندێک لەو گەنجانە بەتەما بوون وەکو فەرهاد پیرپاڵتان لێبکەن،  چوونە گردە و لەگەڵ بەرپرسێکی گۆڕاندا قسەیان کرد، ئەوانیش ناچار بوون، وشیارییتان بدەنێ، کە چیدی ئه‌م رٶڵەتان لێ قبول ناكرێ، بۆیه‌ ئێوەش بارو بارگەتان‌ پێچایەوە، فەرهاد پیرپاڵ بە تێهەڵدراویی، ئێوەش بە بێدەنگی ئەوێتان جێ هێشت، خۆڕایی نییە ئیستاش بەرێزەوە ناوی  فەرهاد بە کاک فەرهاد دەهێنن، ئەو فەرهادە شێتەی لە ناوەڕاستی شەقامەکانی هەولێردا رێگا بە ماشینەکان دەگرێت و وەکو سەرخۆش جنێویان پێدەدات و دەڵێت راوەستن مەڕۆن، لەسەر باڵەخانەی دەرگای ماڵەکەی کورسییەک دادەنێت و لەسەری دادەنیشێت تا وێنەی بگرن! ناوەرۆکی  رۆمانەکانی تۆش هەمان پەیامی تێدایە، بۆ شێتبوون و نائومیدی و کاری نەشیاو لە شوێنی شیاو وکاتی نەشیاودا. 
لە شوێنێکی دیکەدا بەختیار دەڵێت: (من خراپترین نوسەری کوردم لە باشترین سیاسی کورد پێ چاکترە، ڕەنگە هەڵەبم، بەڵام ئەوە قەناعەتی منە. نوسەرێکی خراپ تەنیا تێکستێک وێراندەکات، بەڵام باشترین سیاسی شکۆ و هەیبەتی خۆی لە سەر حیسابی ئازار و خوێنی سەدان کەسی تردروستدەکات). بەم دێڕە بریقەدارە بەختیار عەلی دەیەوێت هەستی خوێنەر بجوڵێنێت گوایە داهێنانێکی تازەی لە دەربڕیندا کردووە، بەراوردی نووسەر و سیاسییمان بەو شێوەیە بۆ دەکات. ئێمەش لە وەڵامدا دەڵێین: خراپ، هەر خراپە، هیچ ئەرگومێنتێکی شیاو نییە، بۆ ئەوەی نووسەرێکی خراپی پێ جوان بکرێت، وەک ئەوەی تۆ دەتەوێت بیکەیت! ئەوە ئیوەن خراپەکان دەکەن بە جوان، جوانەکانیش ناشرین دەکەن، ئەگەر جوانییەک لەبەر خۆتاندا نەبوو، ئەوا ناشرینی دەکەن، نووسینیش تەنیا بریتیی نییە لە تێکست، بەڵکو نووسین بریتییە لە زانست و ئەزمون و بیرکردنەوەی راست و داهێنان، کە نووسەر بە خوێنەری ئاشنا دەکات، هەموو ئەمانە دەستکەوتی عەقڵە بۆ کەسێکی خاوەن موڕاڵ، بەڵام نووسەری خراپ هونەری کایەکانی زانست تێکدەدات، خراپ ناخرێتە باڵ باشەوە، ئەمە باشی تێدا نییە، هەروەها هەموو سیاسەتێک خراپ نییە و هەموو سیاسییەکانیش ناشرین نیین، ئەوە ئێوەن لە چاوی دەسەڵاتی کوردەوە دەڕواننە سیاسەت و سیاسییەکان، ئێوە دەتانەوێت رەوا  بە دەسەڵات کوردیی و سیاسەتەکەی بدەن، گوایە سیاسەت لە هەموو جیهاندا وایە و سیاسەت ناشرینە!
بەختیار وەکو رۆمانەکانی لە وەڵامەکەیدا درێژەی پێ دەدات و بابەتەکە بە لایەکی تردا دەبات، دەڵێت: (من قاچاغاچی یۆرانیۆم نیم و بازرگانی چەک نیم تا مەسرور بەرزانی بە دزییەوە لە تەکمدا کۆبێتەوە، گەر مەسرور بەرزانی لەگەڵ مندا دانشێت بۆ ئەوەیە بە خەڵک بڵێت «ئەها فڵانە نووسەر لەگەڵ ئێمەدایە»، من نەوەک لەگەڵ مەسرور بەرزانی، لەگەڵ ئەندام لقێکیش دانیشم، پێویست بە هیچ جیمس بۆندێکی وەک بەڕێزت ناکات کەشفی بکات، چونکە هەر پارتی خۆی کۆمەڵێک وێنەی جیاوازی دەگرێت و بڵاویدەکاتەوە. ) کاک بەختیار وا دەزانێت مەسرور تەنها بازرگانی بە یۆرانیۆم و چەکەوە دەکات و لەگەڵ قاچاخچیی و بازرگاندا کۆدەبێتەوە، بەڵام ئێمە پێێ دەڵێین: کاک بەختیار ئەمە وا نییە مەسرور لەگەڵ زۆر کەسی تردا کۆدەبێتەوە، وێنه‌ بڵاوناكرێتەوە‌، چونكه‌ ئەم جۆرە دەزگا هەواڵگریانە کارەکانیان بە نهێنی بەڕێوە دەبەن، ئەگەر لەگەڵ هەر کەسێکدا دابنیشن و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن، کەس نازانێت، ئەمە وەک دیدار و چاوپێککەوتن و گفتوگۆی بەرپرسە حکومی و دەزگا رۆشنبیرییەکان نییە! پێویستی بەو درێژدادڕییەش نەدەکرد، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەو هەواڵەی لە سەر تۆ نووسراوە، درۆیە و راست نییە، دەتتوانی بڵێیت وا نییە،  ئێمەش ئەوەمان دەویست، نامانەوێت بە زۆر بەسەرتا بیسەپێنین. لێ کاری ئێمە ئەوەیە کە دەسەڵات بە خەڵکی بناسێنین و قاچی کەس نەچیتە نێو پیسایی دەسەڵاتەوە فێری پیسخۆری نەبن، دەمانەوێت نووسەرانێک ببنە رابەری عەقڵی ئەو خەڵکە کە قەلەمەکانیان لە زووخاوی پیسخۆری هەڵنەکێشابێت، دەمانەوێت کۆمەڵگا و جەماوەر وشیاربکەینەوە، کە لە دەسەڵات دوور بکەونەوە، نەک لە رێگای راگەیاندن و نووسەرەکانەوە ئاشتیان بکەنەوە! لە کاتی دەنگداندا بچن دەنگیان پێ بدەن، ئێمە دەمانەوێت جوانی بۆ رەوشت و موڕاڵی بەرز بگەڕینیینەوە کۆمەڵگا تەندروست و وشیار بکەینەوە، کاتێک نووسەر بەو زەلیلییە دەبینین کە بۆ پارە دەچەمێتەوە، ئەرکمانە راستی بکەینەوە، نەک گۆچان بدەینە دەستی. 
بەختیار عەلی دیسان درێژەی دەداتێ و دەڵێت: (ئایا هێندە بێئاگان وادەزانن گەر یەکێک ببێت بە پارتی دەچێت ستوونێک لە ڕۆژنامەی باس وەردەگرێت؟ ئەمە ئاستی خەیاڵ و تێفکرینیانە؟ ئەمە مستەوای تێگەیشتنیانە؟ ئاخر ستوونێک لە ڕۆژنامەی باس چ ئیمتیازێکە کەس بۆی ببێت بەپارتی. ئازیزم، یەکێک ببێت بە پارتی دەچێت دەبێت بە وەزیر، بە بەڕیوەبەری گشتی، بە سەفیر، بە پەرلەمانتار)
کاک بەختیار بە عەقڵی ساڵانی شەستەکان حیزبایەتیی و پارتییبوونمان بۆ لێکدەداتەوە، وا دەزانێت پارتیی بوون، تەنیا ئەوەیە ببیتە ئەندام و ئابونەی مانگانە بدەیت، ئامادەی کۆبوونەوەکانیش ببیت! ئەو پێی وایە هەرکەسێک لەگەڵیاندا بوو، ئیتر دەبێتە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی و سەفیر و پەرلەمەنتار! نا کاک بەختیار، راوەستە  پارتیی بوون تەنیا ئەوە نییە ئەندامیان بیت و ئەو جۆرە ئیمتیازاتانەیان لێوەربگریت، دەسەڵاتی کوردی، کە دەسەڵاتێکە هاوتا و هاوشانی نییە لە ناشرینیی و قێزەوەندییدا، راگەیاندنەکانیان رەنگدانەوەی ئەو ناشرینییەن کە عەقڵی کۆمەڵگای پێ بەڕێوە دەبەن، ئێوەش تێیدا دەنووسن، کەم کەس رۆژنامە و گۆڤاریان دەکڕن و سەردانی سایتەکانیان دەکەن، ئەوە ئێوەن کە دەچن لەو شوێنانە بۆیان دەنووسن، خوێنەریان بۆ رادەکێشن، ئەوان چەند پێویستیان بە خوێنەرە هەیە روویان تێبکات! زیاتر پێویستیان بە نمونەی وەکو تۆشە بۆیان بنووسن، ئێوە وەک کرمی قولاپی ئەو  ماسیگرانە وان، کە فێل لە ماسییەکان دەکەن، تا ماسیگرەکان راویان دەکەن، راگەیاندنەکانی دەسەڵات راوی خوێنەر لە رێگای ئێوەوە دەکات، دەسەڵات پێی خۆشە و زۆر شادە بەوەی بە ئارەزووی خۆت قسەشیان پێ بڵێیت، چونکە تۆ شتێکی تازە ناڵێیت، تا دڵیان داخورپێنیت، ئەوان دەیانەوێت بەم قسانە زیاتر متمانە لای خەڵکی پەیدا بکەن! ئێوەی نووسەر ئەندامی فەخری ئەو حیزبانەن.
پارتەکان (یەکێتی و پارتی)، کە خاوەنی کۆمپانیاکانن، بە شێوەی ناراستەوخۆ و بە رێگای ریکلام، پارە دەدەن بەو میدیایانەی، کە سەر بەخۆیانە. ژمارەیەک نووسەریش لە (دەزگای سەردەم)ی شێرکۆ بێکەس بەناوی نووسەری گۆڤار، یان شتی دی پارە وەردەگرن. ئێمە ناڵێین تۆ بویت بە پارتی، بەڵام لە رێگای ئەوەوە کە لە (باس نیوز)دا دەنووسیت و پارە وەردەگریت وەک خۆشت دەڵێیت: (من نازانم بۆ دەبێت دەزگای پاراستن ڕۆژنامە دەربکات؟ ئایا سی ئای ئەی و میتی تورکی و ئیتلاعاتی ئێران و موخابەراتی عێراقی ڕۆژنامە دەردەکەن؟ ئیشی هەموو دەزگایەکی موخابەراتی لە دونیادا، وە ئیشی دەزگایپاراستن و دەزگای زانیاریی و دەزگا نهێنییەکانی تر لە کوردستان ئەوەیە گەرڕۆژنامەیەک دەربچێت پیاو و سیخوڕی خۆیان بنێرنە ناو ئەم جێگایانە،). . . . 
لێرەدا بە تەواویی رووی خۆتان ئاشکرا دەکەن و ئێمەش بۆ وەڵامەکەی دەڵێین، نازانین بۆچی بە راستی بەختیار وا خۆی گێل دەکات؟ یان هەر وا توشی ساویلکەیی و ساکاریی بووە، کە دەڵێت: من نازانم بۆ دەبێت دەزگای پاراستن ڕۆژنامە دەربکات؟ ئایا سی ئای ئەی و میتی تورکی و ئیتلاعاتی ئێران و موخابەراتی عێراقی ڕۆژنامە دەردەکەن؟
زۆربەی ئەو دەزگا و رۆژنامانە سەرچاوەکانیان بەرپرسێکی دز دروستی کردووە، ئیتر ئەو نووسەرانەی کە تیایدا دەنووسن هەموو ئەزانن ئەو رۆژنامەیە پارەی دەکرێتە ژێر، تەنانەت کاتی خۆی، لە تاران بڵاوکراوەیەکی کوردی دەرچوو ساواک ژمارەیەک کوردی هێنا بۆ ئەوەی ئەو گۆڤارە دەربکەن. کاک بەختیار دیارە نایەوێت لەم شتانە بگات، چونکە بەرژەوەندی لەوەدا نییە. 
کاک بەختیار دەڵێت: (ستراتیژی پاراستن و دەزگای زانیاریی ئەوە نییە ڕۆژنامە دەربکەن ئەوەیە لە هەمووجێگایەک و سوچێکی کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەبن و پیاوی نهێنی خۆیان بچێنن و دەستیژێرەوانکێیان خۆیان بخەنەکار. ) کاک بەختیار لە لای خۆیەوە بڕیاری داوە ستراتیژ بۆ پاراستن و دەزگای زانیارییی دابنێت، ئەویش بەوەی گوایە کاتێک رۆژنامەیەک دەردەچێت، ئینجا دەزگاکانی پاراستن و زانیاریی دەچن جاسوسێکی بۆ دەنێرن. کاک بەختیاری رۆماننووس هەر ئەوەندە لە کاری دەزگا موخابەراتییەکان گەیشتووە، بۆیە پێی وایە سنوری کارکردیان لەوە تێناپەڕێت. 
به‌ختیار پاساو ‌ بۆ ئەوانەش دەهێنێتەوە کە لە باس نیوزدا دەنووسن، باس نیوز دەگه‌یەنێتە ئاستی گاردیانی به‌ریتانی و حه‌یاتی عه‌ره‌بی، ئه‌مه‌ لە کاتێکدا ‌سه‌دان نمونه‌ی جوان هه‌یه، کە پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت،‌ بۆ نمونە نووسه‌ری ئازادیخواز هه‌رگیز له‌میدیای نازی و دژه‌ بێگانه‌كان نانووسن و لێدوان ناده‌ن ، كه‌چی به‌ختیار گلوپی سه‌وز بۆ نووسین له‌ میدیای سێبه‌ر و نزیك بە ده‌زگا ئه‌منیه‌كان هەڵدەکات. بەختیار ئاوڕ لە پاشی خۆی ناداتەوە، کە له سەردەمی ‌تیرۆری سه‌رده‌شت عوسماندا بە پێچەوانەوە قسەی دەکرد و بیری دەکردەوە، بەڵام ئیستا کە پارە خراوەتە ژێری چ پێویست دەکات ئاوڕ لە دواوەی خۆی بداتەوە لە مانای شەرەف و پەیامی نووسین و قەڵەم بگات، هەڵبەت ئه‌مه‌ش خواستی ده‌سه‌ڵاتە، کە بۆ دژایه‌تی هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌‌، ‌ده‌یانه‌وێ نووسه‌ری كورد لە به‌های ئه‌خلاقی نووسین داشۆرن. 
لە کوتایی ئەم وەڵامەدا دەمانەوێت، قسەش لەسەر ئەوە بکەین، کە زۆر لە خوێنەرانی کورد لە کوردستان پێیان وایە، ئەو نووسەرە کوردانەی، گوایە کتێبەکانیان بۆ فڵانە زمان وەرگێڕدراوە، ئێمە ئەو زانیارییەش بە خوێنەر دەدەین، کە ئەم گەورەکردنە بەو شێوەیە نییە وەک باس دەکرێت! به‌ختیار بەبێ به‌ڵگه‌ ده‌ڵێ: کتێبەکانی من نه‌ك له‌كوردستانی باشور به‌ڵكو له‌باكور و ئیرانیش پر فرۆشترین کتێبه‌! لە ئەوروپا هەموو نووسەرێک ئازادە کتێبی بۆ سەر هەر زمانێک وەربگێڕدرێت، دەزگا چاپەمەنییە بەناوبانگەکان ناچنە ژێرباری ئەوەوە، کتێبێک بۆ سەر زمانێک وەربگێرن، ئەگەر نەزانن سەرمایەیەکی باش بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوان ئامادەنیین ئەرکی تێچوونی وەرگێڕان و چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بخەنە ئەستۆی خۆیان و لە پاڵیشدا پارە بە وەرگێڕ و نووسەرەکە بدەن، لەوە زیاتر پارەیان بۆ نەگەڕێتەوە، زۆر جار کە باس دەکرێت، کتێبی فڵانە نووسە و شاعیری کورد بۆ زمانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، سویدی، یان هۆڵەندی وەرگێڕدراوە! ئەمە ناڕاستییەکی تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو کتێبانە بەراورد ناکرێن لەگەڵ نووسەرە بەناوبانگەکانی جیهان کە بە ملیۆنەها ژمارەی لێ چاپپ دەکرێت و دەفرۆشرێت، بۆ کوردییەکە، پارەی تێچوونەکەی زۆر جار لە گیرفانی نووسەرەکە دەدرێت! بە دەگمەن بێگانەیەک دەیکڕێت، ماوەی چەند ساڵێکە پارتی، دەرگای تورکیای بۆ کراوەتەوە، میتی تورکیش رێگای داوە جەماوەرێک لە جاشی کورد، بۆ پارتیی دروست بکات و شەڕی پەکەکەی پێ بکات، بەشێک لەو سیاسەتە تەرخان کراوە بۆ نووسەرەکانی پارتیی، تا بە کوردانی باکوریان بناسێنن له‌رێگای  هه‌ندێ ده‌زگای نزیك له‌و حزبه‌ كوردییانه‌ی باکوور، كه هاودۆستی ‌پارتین، ئه‌و ده‌زگایانه‌ کتێبەکانی به‌ختیار عەلی، فەرهاد پیرپاڵ، چەند کتێبێک لە سەر ژیان و سیاسەتی مەلا مستەفای بارزانی . . . هتد، وەرگێڕدراون، خوێنەر دەبێت تێبگات کە بۆچی پارتیی کتێبەکانی  بەختیار عەلی دەکاتە هاوشانی ئەمانە، یان بۆچی بەختیار عەلی بڕیاری داوە بۆ دەزگای باس نیوزی سەر بە پاراستن بنووسێت! بەختیار عەلی دەبوو بیزانیانە ، کە پارتیی چەماندوویەتەوە و خستوویەتە ئاستی فەرهاد پیرپاڵ، ئیستا فەرهاد پیرپاڵ هاوشانی بەختیار عەلییە کتێبەکانی پێکەوە چاپ دەکرێت، ئەمە سەرەتایە، پارتیی باجی خۆی بەو شێوەیە لە بەختیار وەردەگرێتەوە و چیدی ناتوانێت رەخنەیان لێبگرێت، بەختیار عەلی و فەرهاد پیرپاڵ هەردووکیان هاوشانی یەکترن لە بێڕێزی و بێ حورمەتی کردن بە خوێنەر و خەڵکی کوردستان، فەرهاد پیرپاڵ پێلاوەکانی دەخاتە دەمی پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنییەوە، بەختیار عەلییش بە یاسین بانیخێڵانی دەڵێت: (ئاودەستی ماڵەکانی ئێمە لە ژووری خەوتنەکانتان پاکترە)، هەر بەو عەقڵەشەوە، بە پەیامنێری کوردستانپۆست دەڵێت: پێکەنینم بەو عەقڵە بەستەزمانەیان دێت، کە لەسەریاندا خەسار بووە. بەختیار پێی وایە عەقڵ تەنیا لای ئەو دەست دەکەوێت، لە سەری ئەودا دانراوە و بە خەساریش نەچووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە