چەند سەرنجێك لەسەر هاتنەکەی مەسعود بۆ ئەمریکا
Friday, 08/05/2015, 1:50
ئەڵبەتە مەسعود بارزانی بانگێشتی ئەمریکا کرا تەنها بۆ ئەوە بوو کە نەختێ گوێی ڕاکێشن و هەڕەشەی لێ بکەن. هەر کاتێ ئەمریکا کەسێك بانگێشت بکا و شێوەیەکی فەرمی پێوە دیار بێ،ئەوا کۆشکی سپی دوای کۆبونەوەکان پرسیار و ناوەڕۆکی ئەو کۆبونەوەیە لەگەڵ میدیاکان تاوتوێ پێ ئەکەن.
کاتێ مەسعود گەیشتە ئێرە تەنها چەند کەسێکی کۆشکی سپی کە هیچیان سیفەتی دیپلۆماسیان نەبوو،هاتن بە پیرییەو پێشوازیان لێ کرد،ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە مەسعود و تیمە یاوەرەکەی هیچ سیفەتێکی فەرمی و دیپلۆماتیان بەبەردا نەکرد. لەوەش گرنگتر؛ مەسعود لە(ژووری بازرگانی) چەند ووتەیەکی بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو کەمەبەست لێی هاتنەکەی بوو بۆ ئێرە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کەوا بۆچی مەسعود لە ژووری بازرگانی ئەو کۆڕە ڕۆژنامەنووسیەی گرێدا؟ تەنها وەڵام ئەوەیە کەوا وەك سەرۆکی کۆمپانیایەك لێی ئەڕوانن و هیچ سیفەتێکی سیاسیان پێ ڕەوا نەبینیوە.
ئەمریکا ووڵاتی بەرنامە و پلانە.کەچی ئەو کاتەی بۆ مەسعود دانرا بوو کەچاوی بە ئۆباما بکەوێ،بۆیان گۆڕی بوو. ئەمە پێش ئەوەی پێمان بڵێ کەوا چەند بە سووکی لەمەسعود ئەڕوانن،ئەمەندەش پەیامێکە بۆ مەسعود کەوا کاتێ ئەبیتە شوێنی ڕەخنە و گلەیی و گازندەی ئەمریکیەکان،ئەوا بەو شێوەیە لەگەڵیدا هەڵسوکەوت ئەکەن.
لەهەمووی خۆشتر میدیاکانی بەناو ئەهلی و ئەوانی ترە کەوا لەخەڵکی کوردوستان ئەگەیەنن کەوا مەسعود هاتوە دەوڵەوتی کوردی دائەمەزرێنێ؟! ئای ئەو میدیا و ڕاگەیاندنانە چەندە ساویلکەو نەزان و نا پیشەیین!! لەڕاستیدا ئەمە جێگای داخە ئا بەو شیوەیە باس لە هاتنەکەو ناوەڕۆکی سەردانەکەی مەسعود ئەکەن.
ئەمریکا پەیامی بۆ مەسعود ئەوەیە کەوا ئەبێ بەڕاستی شەڕی داعش بکات،نەوەك بازرگانی نەوتیان لەگەڵدا بکا،وەیان چەك و تەقەمەنی و ئۆتۆمۆبیلیان پێبفرۆشێ. ئەمریکا ئاگای لەزۆر کاری ناڕەوا و نابەجێی مەسعودە سەبارەت بە جەنگی تیرۆر،بۆیە هۆشداریان داوەتێ و چی تر نابێ بەو شێوەیەیە بێ کەوا چۆن شەنگاریان دا بەدەستەوە بەبێ یەك فیشەك. لەهەمان کاتدا فەرمان بە مەسعود کراوە کەبەشداریان هەبێ لە ڕزگارکردنی موسڵ بەمەرجێ تورکیا نەکەنە هاوپەیمانێتی لەو شەڕەدا.
دیارە نەوت تەوەرەی سەرەکی ئەو هاتنەی مەسعودە کەوا خستویەتیە بەر دەم دەوڵەوتی تورکیا و سەرەنجام تورکیا پاڵپشتی لە داعش کرد بە داهاتی ئەو نەوتەی کە فەرهود کرا،بۆیە پێم وایە ئەمریکا چەندین ڕاوێژکار بنێرێ بۆ زیاتر چاودێری کردنی نەوت و داهاتەکەی. بەندە هەست ئەکەم لەمەو بەدوا گرژی و ئاڵۆزی بکەوێتە نیوان پەیوەندی مەسعود و تورکیا کە لەدواتردا تورکیا کێشەی نێوان مەسعود و نێچیر زیندوو بکاتەوەو لەیەکتریان هار بکا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست