چ زوو بەختیار عەلی رای گۆڕا!
Friday, 08/05/2015, 0:57
بەختیار عەلی رونکردنەوەیەکی پاکانەئەستوی ٣٤٩٠ وشەیی [وەک هەمیشە پڕ لە رێتریکی rhetoric بێتام] نوسیوە کە دەیەوێت نوسین لە دەزگای باس بشەرعێنێت. ئەوەی بەختیار عەلی لەسەر باس و پاراستنی نوسیوە، هیچ رۆژنامەنوسێکی ئەو دەزگایە وا نانوسێت و هەرگیزیش نەمبینیوە ئەو داکۆکییەی بەختیار عەلی لە باسی کردوە، هیچ رۆژنامەنوسێکی ئەو دەزگایە بیکات.
چەند رۆژێکی کەم دوای تێرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، بەختیار عەلی وتارێکی نوسی بە سەربابەتی: "سەردەشت و بارۆنەکان؟"
لە پەرەگرافێکی نوسینەکە دا، بەختیار دەنوسێ: "بکوژانی سەردەشت تەنیا پسپۆڕ و فەیلەسوفەکانی «هێڵی سوور» نین، بەڵکو پسپۆڕ و فەیلەسوفەکانی بێدەنگیشن. هیچ شتێک وەک بێدەنگی بۆنی خوێن ناشارێتەوە... هیچ شتێک وەک بێدەنگی لاشە ونناکات. ئەو ملیۆنەها دۆلارەی رۆژانە لە کوردستاندا دەخرێتە میدیاکانەوە، بۆ دروستکردنی قسە نەبووە، بەڵکو بۆ بەگەڕخستنی کارخانەی گەورەی بێدەنگی بووە... بەجۆرێک لە هەموو شارێکدا دەیان کارخانەی بێدەنگی خولقاوە... بکوژانی سەردەشت لەدەستکردی ئەو کارخانەیەن، ئەو کارخانەیەی رۆژنامەگەری و میدیای کوردی لەم دەساڵەدا رێزمانێکی قسەکردن و یاسا و عورفێکی بۆ تەعیبر داڕشتووە، ئەوەی پەیڕەوی ئەو رێزمانە نەکات دەبێت دەمی پڕبکرێت لە گولـلە."
کام جۆری میدیا بون بەختیار باسیکردون؟ بۆچی بەختیار ئێستا بۆ هەمان ئەو میدیایانە دەنوسێت کە لە رابردودا ئاوا ناشیرینی کردون؟ چی بو وایکرد "رۆشنبیر و فەیلەسوف و رۆماننوسی گەورەی گەلەکەمان" ئاوا زو رای خۆی دەربارەی میدیا بگۆڕێت؟ دەیان پرسیاری تر.
بەختیار عەلی پێشتر لە چەندین جێگا دا دژ بە میدیای سێبەر و میدیای حیزبیی، زۆر توندتر قسەیکردوە و نوسیویەتی.
بەختیار عەلی ٣٤٩٠ وشەی نوسیوە بۆئەوەی بسەلمێنێت نوسین بۆ باس نیوز کارێکی ئاساییە و باس نیوز سەر بە هیچ بەرپرسێکی پارتیی نییە و بە دەزگایەکی زۆر نیشتیمانیی دادەنێت.
من دژ بە هیچ دەزگایەک نیم، دەشزانم ململانێی سیاسیی هێزە سیاسییەکان وایکردوە هەریەکەیان و هەر بەرپرسێکی باڵا، بیەوێت خاوەنی میدیای خۆی بێت. ئەوەش بۆ ئەو قۆناغە با ئاسایی بێ. ئەوەی ئاسایی نییە، ئەو دەزگایانە دژ ئیرادەی گەل بن، هەوڵێک بن بۆ گەوجاندن، دژ بە بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کورد لە پارچەکانی تر، ئیش لەسەر رق بکەن و هەوڵنەدەن پێکەوەژیان و خۆشەویستیی نێوان ئینسانەکان گەشەبکات، دەزگای سیخوڕیی بن بەر لەوەی دەزگای میدیایی بن، هەوڵبدەن زانیاریی بشارنەوە لەبری ئەوەی زانیاریی بڵاوبکەنەوە، هەوڵبدەن راستییەکان بشێوێنن لەبری ئەوەی راستییەکان بڵاوبکەنەوە.
دەزگای باس و کوردستان ٢٤یش، رونە هی کێنە، وەک دەزگای تر نین شەرمبکەن کە نزیکایەتییان لەگەڵ بەرپرسی پارتیی دا نەبێ، تێناگەم بەختیار بۆ ئەو هەمو داکۆکییە دەکات!
کەسێک بۆ دەزگایەک دەنوسێ، با بەشانازییەوە بۆی بنوسێت نەک بکەوێتە بەرگریکردن و پاکانەکردن بۆ خۆی، ئەگەر شەرم نییە لە دەزگایەک بنوسیت، پێویست ناکات بەرگرینامە بنوسیت. ئەگەریش پەشیمانبونەوەیە لەو هەمو دژایەتییەی کە لە رابردو دا دژ بە میدیای سێبەر کردویەتی، ئەوا با بەختیار عەلی ئازایانە بنوسێت و پێویست ناکات خوێنەران بگەوجێنێت.
بەختیار عەلی و هەرچی نوسەر و ستوننوس و رۆژنامەنوس هەیە، ئاساییە لە هەر دەزگایەک بنوسن، تەنها کاتێک هەوڵدەدەن بۆ گەوجاندنی خوێنەران، کاتێک دەبنە داردەستی ئەو دەزگایە بۆ شەرعاندنی شەڕ و ململانێ سیاسییەکانی خۆیان، ئەوکات ئاسایی نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست