هەوراز ئيسماعيل: سەربەخۆيى كوردستان و سنوورى خوێناوى جەنرال رالف بيترز.. (بەشى يەكەم)
Thursday, 30/04/2015, 17:13
پێشتر لە بابەتێكمدا باسى ئەوەم كردبوو دەوڵەتى سوونى نوێ لە ئارادايە! بەڵام چۆن سنورێكى ئەبێ؟ دەبێ تەواو خەڵتانى خوێن ببێ!! تا بە هيچ جۆرێك جارێكى تر لەگەڵ عەرەبى شيعەو كوردى سوونە يەكنگرتەوە. ئەمەش پلانى سەرانى سوونى نىيە! ئەگەر چى دەتوانين بڵێين، زياتر ئەدەواتن بۆ جێ بەجێكردنى ئەو پلانەى ئەمريكا. لەڕاستيدا لەو نێوەندەدا زياترين كەس كە ئەجينداى ئەمريكاو ئيسرائيليان بەڕاستەوخۆ يان بێ ڕاستەوخۆ بەجێ گەياندبێ ئيسلامە توندڕەوەكانى بەناو قاعيدەو نوسڕەو جوندى شام و داعيشى موخابەراتى و، هەندێ جاريش ئيخوان موسليمينەكانى سوريا و ئوردون و باقى باڵەكانيانن، كە ڕاكێشكراون لەبەر كلك گيريان بۆ توركيا. جا بيانەوێت يا نەيانەوێت بەشێكن لەو ئەدەواتە وەك زۆمبى بەدواى ئەو پڕۆژەيە كەوتوونە تەواو سەرخۆش و مەستن بە شەڕى تايفەگەرى و دروست كردنى دەوڵەتێكى سوونى نوێ و گەيشتن بە دەسەڵات.
ئەو پلانەش سەرە داوەكانى بەردەستخراوە لەلايەن رالف بيترز كە جەنڕاڵێكى ئەمريكى خانەنشينكراوە، لە تەمووزى ساڵى 2006 بابەتێكى وروژێنەرى پلان دانراوى لە گۆڤارى ئارمد فورس كە سەر بە سوپاى ئەمريكىيە بڵاوكردۆتەوە بەناوى (سنوورى خوێناوى چۆن رۆهەڵاتى ناوەڕاست بۆ بوارێكى باشتر ببەين)، لەڕاستيدا ڕۆژئاوايى پرنسيپێكيان هەيە؛ ئەويش سەرەداوى پلانەكانيان بۆ ڕاى گشتى بڵاودەكەنەوە بەبێ وردەكارى! هيچ باكيشيان نىيە، جا يا ئەوەتا وەك تەحدايەك تامى لێ وەرئەگرن ئەڵێن ئێمە ئەتانسوڕێنين، يان ئەزانن خەڵك بە گشتى و نوخبەش بەدواچوون ناكات، دڵنياشن كە خەتى ميدياى جيهانى لەدەست خۆيانە ئەگەر تيشكى نەخەنە سەر هەروەك باس نەكرابێ وايە... من بابەتەكەم لەلايە بە تێكست و نەخشەكانيەوە با بزانين ئەو برادەرە چى دەفەرمووێ؟
رالف دەلێ" ڕاستكردنەوەى سنوور - لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست- بەشێوەك كە ڕەنگدانەوەى تواناى ميللەتەكان بێت، ئەمڕۆ كارێكى ئاستەنگە بەڵام پاش ماوەيەكى تر لەگەڵ ئەو هەموو خوێنەى كە دەڕژێ! كە ناكرێ ڕێگرى لەو خوێن ڕژتنە بكەين!؟ سنوورى نوێ خۆڕسك دێتە كايەوە!! وەبير خۆشمان بێنينەوە ئيمپڕاتۆريەتى بابل چەند جارێك ڕۆخاوە؟!!"
سەرەنج دەن؛ چاوتان بكەنەوە ئەو باسى ئەو پلانانەى ئێستا دەكا كە ڕوو ئەدات لە عێراق و سوريا لەلايەن داعيش تائيفەكانى تر، لە ساڵى 2006 دڕێرژراوە، واتا هەشت ساڵ پێش ئەوەى هێزى داعيش دەركەوێ پێشتريش زەرقاوى و بەغدادى يەكەم بەشێك بوونە لەو پلانە.. كەواتە ئەو خوێنڕژتنە پلانى ئەوانە؟! ئەو هەموو سەڕبڕين و قەتل و عامەى كوردستان و يەزيدى و سوونەى عەرەب و شيعە و مەسيحى بە دەستى ئەوانە...؟!! ئەوە نىيە دەڵێ ئەو هەموو خوێنەى كە دەڕژێ، كە ناكرێ ڕێگرى لێبكەين؟!! بۆ ڕێگرى لێ بكات؟! ئەيەويت بڕژێ تا يەكترازانى گەورە دروست بێت متمانە نەمێنێ خوێنيش ڕژا يەكگرتنەوە نىيە!! لەگەڵم بن با بەشێكى ترى شيبكينەوە كە دەڵى: "تا ئەو كاتە ديارى كراوە دێت، سوپاكەمان بەردەوام دەبێت لە شەڕى تيرۆرستان لە پێناو ئاسايشمان، وە بۆ گەيشتن بە ديموكراتيەت و دابين كردنى ڕێگايەك بۆ گەيشتن بە نەوت لەو ناوچەيە، قەدەريان وايە دەبێ لەگەڵ يەكترى شەڕ بكەن؟!!
بەڕاستى ئيبليس بە خۆيانن! لە بەر خاترى نەوت شەڕ دروست دەكرێ خوێن ئەڕژێ و وێرانى و بێوەژن و هەتيووش بۆمان بە جێ دەمێنێ!! ئەوانيش نەوت سامانى خەڵكى بە بێ هيچ موقابلێك بۆ خۆيان ئەبەن ئەى پێشتر نەم ووت ڕاوى ڕيوى بۆ كەوڵيە ئەويش نەوتە!! كەواتە ئەوان پلانيان هەڵكيڕساندنى شەڕ بووە لەنێو تائيفەكان لە وڵاتى عێراق و سوريا و يەمن، يەك وڵاتى تر لەو نێوەندە دەستى لێنەدراوە ئوردن، سەعووديە، سەڵتەنەى عەممان ، قەتەڕ، بەحرين، ئيمارات و كووەيەت؟!! جەنڕاڵ رالف شەڕى سونەو شيعە و شەڕى كوردو داعيش بە قەدەر دەزانى؟! واتا گاڵتەمان پى ئەكات؟! پێشتر ئاماژەمان دابوو لە ووتارى پێشوو داعيش ڕۆژئاوا لە پشتيەتى، قەدەرى چى تەڕەماشى چى!.. بۆچى ڕۆژئاوايى باوەڕى بە قەدەر هەيە؟!! كێك و چايش بە پلانە ئەگەر نا نىيە!! خۆ نەبونەتە خەڵكە بەستەزمانەكەى ئێمە دەرزى خراپ چاويان كوێر بكات و بڵێن قەزاو قەدەرە چى بكەين؟!! ڕۆژئاوايى قەدەرو فرسەت لە قاموسيان دا نىيە، بەڵكو تەنيا پلانى ژمارە يەك و دوو سێ و.... هتد هەموو پلانەكانيان چۆنيان كيشاوە ئاوا دەبێ. ئەوەتا تا ئێستا نەوت مسۆگەر كراوە بۆيان ئەو دەستەو تاقمەش بە خوێن و بەرنامەى داڕێژڕاو لە زيندانيەكانى ئەبو غرێب و بوكا دروستكرا دوايى وەك شەمشمەكوێر بڵاوەيان پێ كردن ئيتريشيان پێ راكێشاند لەهەموو جيهان! ئامانجەكانيشيان وا دەبينين بە چاوى خۆتان و بەردەواميشە تا كۆتايى بەخەلافەتەكەى بەكرۆكەى بەغدادى.
بۆيە لێرەدا ئاماژە بە ووتەيەكى سەرۆكى هەرێم كاك مسعود بارزانى ئەكەم لەگەڵ چاوپێكەتنى لە ڕۆژنامەى حەياتى لەندەنى ووتويەتى، ئێستاش لە سايتى باس نيوز بە عەرەبى ماوە ئەلێت : بارزانى بۆ «الحياە»: نەخشەكانى سايكس – بيكو دروستكراوە وسنوورە نوێيەكان بەخوێن دروست دەكرێ لە ناو دەوڵەتەكان يان لە نێوانياندا، وە ئاماژەى بەوەدا ئەوەى ڕوودەدات لە سورياو يەمەن و وڵاتانى تر. وە لەبەرچاوە عەرەبى سوونە لە عێراق گەورەترين زەرەرمەندن لەو شەڕەى كە داعيش هەڵيگيرساندووە چونكە لە ناوچەكانى ئەوان دەسوڕێتەوە شارو گوندەكانيان ويران ئەكات . بۆيە هانيان ئەدات زوو دەستبەكاربن بۆ بەرانگاربوونەوەى تيرۆرو شەڕكردن لەگەڵيان ودروستكرنى سەركردايەتيەك سياسى بەناويان قسە بكات" .
تەمەشا بكەن سەرۆك بارزانى تەئكيدى ئەو ووتانە ئەكاتەوە، زۆر باش ئەزانى ئەوە پلانى داڕێژڕاەوە بيەوێت يان نەيەوێت! جێ بەجێش ئەكرێ، بەڵام گرنك ئەوەيە وەك سەركرديەكى كوردى باشوور چۆن مامەڵەى زيرەكانە لەگەڵ ئەو پلانە ئەكات؟ من وا ئەزانم بەرنامەى بۆ دانراوە بەڵام چەند تۆكمەيە ئەو ئەزانێ؟!. لەگەڵ ئەوەش جێگاى داخە بۆ ئەو وەك سەركردە، بۆ ئێمەش وەك كورد بە گشتى كە بووين بە تاقيگەى ئەو ئيبليسانە ئەو هەموو خوێنەمان لێڕژا لە شەڕى داعيش، بێجگە لە سوونەى عەرەب شارو شارۆچكەكانيان وێران بوو خوێنيشيان لە هەموو لايەك ئەڕژێ.
بەڵام بێگومان ئەوە ماناى ئەوە نىيە سەليم جەبوورى و ئوسامە نەجيفى و ئەياد سامەرائى و ساڵيح موتلەگ و هەندێكى تر لە سەركردەكانيان گێل بن هيچ نەزانن!! من سيانيان ئەناسم بە باشى ئەمانە لە نزيكەوە ئاگايان لە بە جێگەياندنى ئەو پلانە هەيە، ئەيانەوێ جێگاى خۆيان و تەيارەكانيان بكەنەوە بەشيان هەبێ لەو كێكە خوێناويە، ئەياد سامرائى لە گۆڤارى موجتەمەعى ئيخوانى كوويەت ووتى "داعيش وەك هيوايەكى سوونى دێتە پێش بۆ گەيشتن بە ئاواتەكانى خۆى، ئێمە دژايەتى ناكەين!" واتا باش ئاگاى لە كاكە براى رالف هەيە؟!! كوجاى ئەوەى وەك ئاماژەم دا عەرەبى سوونەى عيراق خۆى بە سەركردەو خاوەن دەسەڵات ئەزانى بە تايبەت لە عيراقى بەناو لە خۆگرتووى خەلافەى عەباسى سوونى، تا سەدام حوسێنى ڕەمەزى يەكگرتن و عوڕوبيان بە ئيسلاميەكانيشانەوە؟!
با بگەرێينەوە بؤ لاى مام رالف قەسەكانى تەواو ئەكات ئەڵيت: ئەو دابەشبوونە بەشريانەى ئێستا و ئەو فيدراليە بە زۆر سەپێندراوانە كە لە ئەنقڕەوە تا كەراتشى – پايتەختى پاكستانە- شان بەشانى ئەو وێرانكاريە خۆماڵيانە هەيە، ژينگەيەكى نمونەيىيە بۆ لە خۆگرتنى توندڕەوى ئايينى، وە تەعبير لە لۆمەكردنى تەڕەفەكەى تر ئەكات بۆ لە خۆگرتنى توندڕەوەكان، هەر كاتێكيش ميللەتەكان بە دڵتەنگى تەماشاى سننورەكانيان بكەن ئەو كات زۆر بە خرۆشەوە لە دواى دوژمنەكانى ئەگەرێت.!! " كاكە وە الله وەستايە؛ دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ عەرەبى سوونەى نەخۆش بكات بە دەردى دەسەڵات و پلەو پايەى لەناو چووى سەيدقائدى گۆڕ بەگۆڕيان، يان شيعەى خەياڵى و ئەفسوناويى كە بەس لە خەوى تۆلەسەندنەوەيە لە عومەرو عائيشەكان!! ئاى خواى سووونەى و شيعەى بەناو موسڵمان، ئەمانە بەڕاستى گێلن يان خۆيان گێل ئەكەن...
ئينجا وەرە بزانە رالف ئەو شەيتانە دوو پێيە لە كۆتايدا چى دەڵێت: "ئەگەر نەتواندرا سنوورى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە رێك خرێتەوە بە شێوەيەك ڕەنگدانەوەى يەكگرتنى سروشتى بێ، لەسەر ئەساسى خوێن يان بيروباوەڕ -مەبەستى ڕەگەزە، كورد يان عەرەب يا توركمان و... هتد يان بيروباوەڕ واتا ئاينى ئيسلام ئەوانيش سونەو شيعە يان يەزيدى و مەسيحى و ە دورزى و عەلوى لە سوريا - ئەوا دەبێ ڕاستيەك قەبووڵ بكەين كە دەڵى: ئەوا بەشێك لەو خوێنە ڕژاوەى لەو ناوچەيە لەسەر پشتى ئەمريكيەكان ئەبێت.."
ئەوەيە ئەمريكى و هەمجيەتى، ئەمەيە ڕۆژئاوايى، بۆيە تۆ بزانە چيان بە كورد كرد لە عيراق، ئەو هەموو كچە كوردە يەزيديانە بە پەند چوون بوون بە جاريەو ناموسيان پيسكرا لەو سەردەمە بەدەستى دێوە خۆفرۆشەكان و ناشرينەكانى داعيش و بەناوى ئايننى ئيسلام زياد لة 1000 كورديشيان لێ شەهيد كردين. يەزيديش ناحەقن تا ماون نەفرەت لە موسڵمان و ئيسلاميان بكەن! يان مەسيحيەكانى موسل و سوريا! يان كوردى ڕۆژئاوا! چ متمانەنەيكى بە هيچ هاودينێكى وەك داعيشى بێ، گڕوپى نووسرە يان جند الشام يان ئيخوانى سوريا كە لە باوەشى بەعسى عێراقى بوونى تا ڕووخانى ڕژێمى سەددام هەمووى نەفرەت لێكراوون.
لێرەدا ئەوەى بۆ ئێمە گرنكە كوردە، كە لەبەردەم فرسەتێكى باش دايە لە كوردستانى عێراق، ديارە كۆنگرێسى ئەمريكى خەريكە ياسايەك دەربكات بۆ ئەوەى شيعە و سوونەو كورد وەك سێ دەوڵەتى واقيع سەير بكات تا بەرەو ئيعترافى ياسايشيان ئەبات، بەڵام كورد تەنيا لە كوردستانى عێراقدا نىيە، ئەى توركيا كە زۆرينەى كورد لە خۆوە دەگرێت لە ژێر باڵێكى چەپى وەك پ .ك. ك دايە سەرۆكەكەشى ئەوە زياتر لە 14 ساڵە لە زيندانى لە مشتومردايە كۆڵنادات چى لێ دەكرێت! ئەى ئێران بە پلەى دوو دێت ئەى سوريا.. دڵنيابن هەمووى لە ڕێگايە ئەى مستر رالف نەيوت لە ئەنقرە تا كراتشى .. بەڵام ڕۆژئاوايى لە هەوڵى ئەوەدايە بەو شێوەيە بێت كە ئەو ئەيەوێت، با بزانين چۆن ئەبێت؟ تا بەشى دووەم بە خۆشى و چاوكراوەيى بەجێتان دەهێڵم...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست