کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیامی سەرگردە سەررەشەکەی کورد

Wednesday, 22/04/2015, 21:52


ئێستاکە هەر دەستەڵاتدارێکی تاوانبار لە ناکاودا فو دەکات بە بەیانێکدا، ناوی دەنێت پەیام. لە تازەترین پەیامدا کە سەرگردە کۆسرەت رەسوڵ  لە یادی رۆژنامەی کوردییدا دەری دەکات بۆ کورد، ئاوا دەنووسێت:
 "ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی دروود و سڵاو بنێرم بۆ سەرجەم رۆژنامەنووسانی شەهید و ئەوانەی خوێنی خۆیان لە پێناو ئازادی و گەیاندنی راستیدا بەخشی"
سەرگردەی کورد کاک کۆسرەت بۆ ئەوەی بزانێت راستیی لە پەیامدا چییە ئەوا من پیشانی دەدەم و کەسیش ناتوانێ نکوڵی لەو راستییانە بکات:
کۆسرەت سەری بۆیاخ دەکات. گردەکەی موحافیزی داگیر کردوە بۆ خۆی. بە ملوێنەها دۆلاری دزیووە. فەوجێک چەکداری هەیە کە بە ناوی پیاوەکانی کۆسرەتەوە دەیان نێرێت بۆ شەر. حەزیش دەکات لێیان بکوژرێت تا خۆی پێوە بابدات بۆ ئەوەی بڵێن جەنابی سەرگردە کۆسرەت ئەوەندە سەرە شەهیدی داوە.
ئەم سەرگردانەی کورد لە بری ئەوەی شەرم بیانگرێت کە چ کارەساتێکیان بەسەر ئەو میللەتەدا هێناوە، لە جیاتی ئەوەی خۆیان بشارنەوە هێشتا وەکو پێغەمەبەرەکانیش پەیام دەردەکەن،  لە راستیدا من نازانم خەلکی سلێمانی تاکەی هێندە بێ رێزیی و بێحومەرتی ئەم پیاوانە قبول دەکەن؟ بۆ ئەمانە نادەنە بەر هۆهاوکێشان و شاربەدەریان ناکەن!؟

تێبینی:

هەموو سەرکردە و بەرپرسانی حیزبەکانی باشوور، سەرو گردیان بۆ خۆیان داگیرکردووە، بۆیە لێرەدا ناویان لە سەرکردەوە  کراوە بە سەرگردە. زۆربەشیان سەرو سمێڵیان قیرتاو و بۆیاخ دەکەنەوە وەکو گەنجێکی رەبەن و موراهیق هەڵسوکەوت دەکەن، خەمیان لە چوونی ئابڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتییش نییە، من ئەو ناونیشانەی سەرەوە لە ئاستی ئەم پێناسەیەدا بە شایستە دەزانم، بۆیە ئەو ناونیشانەم بۆ ئەم کورتە نووسینە هەڵبژارد.

--------------------------------
 پەیامەکەی سەرگردەکەی موحافەزەی سلێمانی
پەیامی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە 117 هەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
لە 117 هەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی یەكەیەكەی رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و ئاواتەخوازم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە هەوێنی پێشكەوتنی زیاتری رەوتی رۆژنامەگەری كوردی.
ئەوێ‌ رۆژێ یەكەم ژمارەی رۆژنامەی كوردستان لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاهیرەو دوور لە زێدی باب و باپیرانمان بڵاوكرایەوەو لەوێوەو سەرباری هەموو ئاستەنگەكان كاروانەكە بەردەوام بوو و تا بەمڕۆ دەگا، ئاشكراشە ئێستا رەوتی رۆژنامەگەری كوردی پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو كاریگەری بەرچاوی لەسەر كایەكانی ژیان لە كوردستان و ناوچەكە هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا پێویستە هەموومان و لەسەرووی هەمووشیەوە رۆژنامەنووسان بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بكەن و وەك پردێكی راستگۆ واقیعی رووداوەكان بگەیەننە هاوڵاتیان.
لە كۆتاییدا وێڕای دووبارە پیرۆزباییم لە تەواوی رۆژنامەنووسان، ئاواتەخوازم ئەم یادە بكرێتە دەرفەتێك بۆ هەماهەنگی و هاوكاری زیاتری نێوان رۆژنامەنووسان و دام و دەزگاكانی حكومەت و میدیای كوردیش لەم تەنگژەیە رزگاری ببێ و هەموومان لە بەرامبەر رووداوەكاندا بەرپرسانە مامەڵە بكەین و زەمینەی زیاتر بۆ ئازادی رۆژنامەگەری بڕەخسێنین، هاوكات ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی دروود و سڵاو بنێرم بۆ سەرجەم رۆژنامەنووسانی شەهید و ئەوانەی خوێنی خۆیان لە پێناو ئازادی و گەیاندنی راستیدا بەخشی.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە