کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بای شۆڤێنی ودزی ڕۆشنبیر

Friday, 17/04/2015, 21:24


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێ ڕوداوی سەیرو سەمەر لە پایتەختی هەرێم بەدیكرا، مژاری بۆكس وەشاندنی ناو پەرلەمان و دەسگیر كردنی فەرماندە  شەنگالیەكە وادیارە بەردێ خراوەتەسەری، لە پێناو بەرژەوەندی ئەوكەسانەی كە نازانم كێن بێدەنگی بە باشترین ڕێگە چارە هەژمار كراو ناڕەزایەكانی خەڵكی دیموكراسیخواز لە گەڵ ئەو ڕەشەبایە ڕۆی كە ئاڵاكەی كوردستانی برد،

بێبەختی كوردی ستەمدیدە نەبێت ئاخر بۆ دەبێت شەماڵی كوردەواری خۆی بكات بە ڕەشەبای شۆڤیەنی عەرەب و ئاڵا بێكەسەكەی كوردستان لە سەر تەلاری زانكۆ حەیاتەكەی پایتەخت سەرنەگوم بكات و ئاڵا نیوەیەكەی سەردەمی بەعس و ئێراقی نوێ هێدی هێدی بشەكێنێتەوە، بەڕستی دیموكراسی و ڕێز لە ڕای بەرامبە لەوە باشتر لە كوێ هەیە میوان خاوەن ماڵ بێت خانەخۆێ خانە خەراپ،
ناهەقی دەكەن كاتێ باس لە دواكەوتویی و ناڕۆشنبیر و بێدەنگی و ڕازی بون بە قەدەر دەكەن، ئاخر حكومی حاكم پاشاو گەدا جیاناكاتەوە لە ماف و سزا تەرازوی داد بە موو لاسەنكی تیانیە، ئەوەتا ڕەشەبا زۆر چاوقایمانەوە بەئاشكرا ئاڵاكەی لە سەرخاكی خۆمان توڕهەڵداو یاساش لە كوڵێ كاڵتر پێی نەوت،
ئەوەنیە دزەكای وڵاتی ئێمە دەس بۆ یەك دڵۆپ نەوت نابەن لە كاتێكدا سەدان بیر و بۆری و هەزاران تانكەر لە بەردستیانە، ئەوەنیە پەنجە بە یەك دیناروەنادەن لەو هەزارن سەرچاوەی داهاتەی كوردستان، بێویژدانی باش نیە بەهەر شتێك مەڵێن خەراپ، بە ویژدانتان لە كوێی دنیا بیستوتانە وڵاتێك دزی ڕۆشبیری بەرهەم هێنابێت، بۆچی شوكرانەی خوا ناكەن ئەم سایەو سێبەرە بەسرسەرتانەوەبمێنێت، 
ئەوەتا لە دەس بێ موچەیی و بێ كاری و قەرزاری دزی گۆڤار پەیدابووە، ئاخر ئەگەر برسێتی زانست نەبێت چۆن بە جارێ سەدان گۆڤار بەتاڵان دەبرێت، تامەزرۆیی بۆ زانیاری و خۆ ڕۆشنبیر كردن مرۆڤ ناچار دەكات ببێت بە دزی ڕۆشنبیر،
 بەڵام سەیر لەوە دایە بۆچی شنەباكەی ناوەندی زانست و مەعریفە لە زانكۆی حەیات ئەوەندە ناڕۆشبیرو شۆڤیەنیە ڕقی لە ئاڵایەك دەبێتەوە كە هەمیشە ئامێزی بۆی گرتۆتەوە، هەق نیە ئەوەندە دیموكراسی پەیڕەو بكەین تا بە چەشنە بایەكەی وڵاتی خۆمان لە خزمەتی بێگانەدا بێت و سزا نەدرێت، پێویستە هەرچی زووە وەك ئەوانەی پێشتر هێڵی سوریان بەزاند هەناسەی لە بەر ببڕێن،

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە