کتێبی : گوتاری ناسیونالیزمی کوردی (گ.ن.ک) ... خوێندنەوە و چەند سەرنجێکی رەخنەگرانە
Friday, 17/04/2015, 20:54
٤٤٦ لاپەڕە، چاپخانەی : چوارچرا،سلێمانی کۆتایی ٢٠١٣
٤/٤/٢٠١٥ بەرلین
لە وتارێکی دوورودرێژمدا، لەسەر بەرگی یەکەمی،گ.ن.ک، بەرهەمەکەی بەڕێز کاک عەتا قەرەداخی،کۆمەڵێ بۆچوونم، لەمەڕ کایەی ئیشکردن و میتۆدەکانی بیرکردنەوە و شێوازی مامەڵەی ئەم نووسەرە لەگەڵ گ.ن.ک دەربڕیوە. هەمان کات لە ڕوانگەی خۆم و راستییە مێژوویی و ئەرکە رۆشنبیرییەکانەوە، پەنجەشم بۆ خاڵە لاوازەکانی راکێشاوە. لێرەدا گەرەکم نییە، ئەڕای ئەو باسانە، جارێکی دیکە بۆچوونەکانم ،سەرلەنوێ بکێڵمەوە..
کاک عەتا... لەسەرەتای ئەم بەرهەمە نوێیەیدا،بەرگی دووەمی، گ. ن .ک، جارێکی دیکە، نەک هەر پێشێلی هەموو پرنسیپەکانی رۆشنبیریی دەکات، بەڵکو لە تەقەلای ئەوەشدایە، بەرامبەر بە راستییەکان چاوبنووقێنێ و چاوبەستەکێ لە خوێنەر بکات،بۆ مەبەستێکی نادیاری گوماناوی، کلک و گوێ راستی و حەقیقەتەکان بکات.
ئەم بەرهەمە، لە پێشەکییەکی دوورودرێژ و ١٣ بەشی سەربەخۆ پێکهاتووە. کارێکە، ماندووبوون و خۆهیلاکردنی پێوە دیارە..لێ هەق بوو نوسەر،بۆ ئەوەی ئامانجەکەی دروستتر بپێکایە،ناوی لێبنایە کورتە باسێکی مێژووی، ئەو پارت و بزووتنەوانەی کاری لەسەر کردوون. ئاخر نوسەر هێندەی مێژووی ئەم حیزبانە دەنووسێتەوە،ئەمەندە بە دوای گوتاری .ن.ک. وێڵ نییە.ئاشکرایە کەسێ بیەوێ راوە ماسی بکات،دەچێ بۆ سەرچەم و رووبار و دەریا،نەک بۆ نێو بیابان و سەر کێو و دەڤەری بەندەڵان. خۆ گەر ئەمەی کرد،یان بە نەزان دێتە هەژماردن،یاخود بەوە ناوزڕاو دەبێت،کە خەریکی خەپاندن و فریوودانی خۆیی و خەڵکە. ئاخر نابابەتێتی کارەکەی کاک عەتا، دەمانخاتە بەردەم ئەو ئەگەرەی، کە هیچ رووبەرێک بۆ رەخنەی زانستی و بابەتی و کاری رۆشنبیرانە نەدۆزینەوەو دەبێت ناچارانە، ئیستێک بکەین و نیشانەی پرسیار بخەینە سەر بەرهەمەکەی نوسەر.
من لەبەرە، پێبەپێی بڕگە گرنگەکان،لەتەک نوسینەکەی کاک عەتادا، هەنگاو هەڵدەگرم و لە دیدی کوردایەتییەوە،تیشک دەخەمە سەر لایەنە تاریکەکانی و هەوڵی راستکردنەوەی شێوێندراوەکان دەدەم، و تێدەکۆشم، خوێنەر دروستتر بەرەو راستییەکان ئاڕاستە بکەم، و وێنەیەکی باشتری گوتاری ناسیونالیزمی کوردی، لای ئاڵا بەدەستتانی راستەقینەی ئەم گوتارە، بخەمە بەرچاوی خوێنەر.
بەشی یەکەم: گوتاری راپەڕینی بارزانی ١٩٣٢ ـ١٩٣٦
باسێکی خێرای بنەماڵەی بارزانی و رێبەرەکانی، وەک شێخ عەبدولسەلامی یەکەم،شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا و...هتد دەکات.
پاشان ئاماژە بەوە دەکات، راپەڕینەکە خێڵایەتی بووە،چونکە جوگرافیای راپەڕینەکە لە کوێرە دێیەکی دواکەوتووی کشتوکاڵیدا بووە...تا دەگاتە ئەوەی،نووسەر پێی وایە:" هیچ زەمینەیەکی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ناسیونالیزم لە ئارادانەبووە".کەواتە، بەلای نووسەرەوە، مادامێکی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئامادە نەبووە،بە واتایەکی دیکە،بە پێی تیورییەکەی مارکس، چینی بۆرژوا نەبووە و خەباتی چینایەتی نەکراوە،ئەوە ، ئەو بزوتنەوەیە بە ناسیونالیزم لە قەڵەم نادرێ.. بەم شێوەیە لە دووتوێی ١٠ لاپەڕەدا، گوتاری ئەم راپەڕینە بەوە دەقەبڵێنێ،خێڵەکی و بێ روخساریی نەتەوەییە بووە.
بەشی دووەم: گوتاری حیزبی هیوا
پێشینەیەکی کورت لەمەڕ دروستبوونی ئەم حیزبە، لە دارکەرەوە بۆ رێکخراوی ـ برایەتی تا حیزبی هیوا ـ دەخاتە بەرچاو. ناوی کەسە دیارەکانی،کە رۆڵیان هەبووە، وەک شێخ لەتیف و دڵدار و عەبدوڵڵا جەوهەر و رەفیق حیلمی ،لەم میانەدا هاتووە.هاوشان لەمەڕ هەمان باسەوە، بۆچوونی کۆمەڵێ نوسەری دیکەش بەرچاو دەکەون.نوسەر پێی وایە، لەو سەردەمەدا رەنگدانەوەی ، کاریگەرێتی دوو زلهێزیی جیهانی، وەک ئینگلیز و شورەوی، لەسەر ئەم کەسایەتی و رێکخراو و حیزبانە هەبووە. ئەمەش لای حیزبی هیوا بە تایبەت، بە زەقی بەدیارکەوتووە. رەفیق حیلمی، رێبەرایەتی بەرەی راست و لایەنگریی ئینگلیز بووە. ئەوانی دیکەش بەرەی شورەوییان بە چاک زانیوە و پێیان وابووە" خەباتی کورد، پێویستە لە پێناوی ئازادی و دیموکراسیدا بێت".
مخابن، نوسەر هیچمان پێ ناڵێ،ئایا باڵی یەکەم چ دروشمێکیان هەبووە؟. ئەدی بۆ شورەوی خۆی بە دیموکراسی دروست بووە؟،یاخود شورەوی سیستەمێکی دیموکراسی بوو؟،تا ببێتە نموونەی باڵای خەباتی ئەو بەرەیە؟! ئەرێ بەراست، لە کوێی کەلتووری مارکسیزمدا، باسی ئەوە کراوە، چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی، ئەرکی سیستەمی دیموکراسییە،لە کاتێکدا خودی ئەو جۆرە سیستەمانە بۆ خۆیان لە سەر بنچینەی دیموکراسی پێک نەهاتوون!..یاخود،چ وڵاتێ هەیە هێندەی شانشینی یەگرتووی،دیموکراسی بێت،کەچی ئیرلەندە و سکۆتلەندە و وێڵز،بەردەوام لە هەوڵی سەربەخۆیی خۆیان نەکەوتوون، تا ئەم چرکەساتەی بوونی گلۆبالیزم و یەکێتی ئەوروپا... خۆ دەزانین کاتەلۆنیا و باسک و گەلەک میللەتی دیکە، لە ئەوروپای هەسارەی دیموکراسیدا، هێشتا سوورن لەسەر داوای سەربەخۆیی خۆیان.. کیوبیکەکانی کەنەدا چەندین جار لە سێبەری دیموکراسی پانوبەرینی کەنەدیشدا هەوڵی سەربەخۆییان داوە. کەواتە کێشەیەکیان هەیە و دیموکراسیش وەک پێویست پێی چارەسەر ناکرێ...یاخود بوونی دیموکراسی گەرەنتی نییە بۆ چارەسەریی کێشەی نەتەوایەتی. دەنا لە بنەڕەتدا ـ دوور لە گووتە بەنێوبانگەکەی چەرچڵ ـ سیستەمی دیموکراسی چاکترین شێوەکانی دەسەڵاتدارییە،و هەموو پشتیوانی و داخوازی لێدەکەین. جگەلەوەش، خەبات لە پێناوی ئازادیی کێدا و چ ئازادییەک؟ کاک عەتا، ئەم باسانە بۆ خوێنەر، بەدروستی روون ناکاتەوە. مەینەتی کورد لەوەدایە مێژووی دروست و راستەقینەی هەم نەنووسراوەتەوە و هەمیش ئەوانەی لەم چەند دەیەیەی رابردوودا،کارێکییان لەم بوارەدا کردووە، بێلایەن و بابەتییانە و زانیستییانە نەبوون.
من وای دەبینم، دەڕبڕینی وەها بیروبۆچونێک، جگە لەتاوانبارکردنی سەربەخۆییخوازەکانی ئەو سەردەمە و کاوێژکردنەوەی تۆمەتی " پیاوی ئینگلیز" بۆ سەرکردەکانی، بەرەی گوایە راستڕەو،چ مانا و بنەمایەکی تری نییە. نوسەر دواتر دەنووسێ: "ئۆتۆنۆمی دروشمی ئەم حیزبە بوو. هەڵبەت ئەم دروشمە و داخوازی سەربەخۆیی، هەرگیز وەک یەک ناکەونە، بەر حوکمی گوتاری نەتەوەیی"... ل ٣٠
جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم،گەر بهاتایە و بەرژەوەندی زلهێزەکانی دنیا وای بخواستایە،کوردستان دەرفەتی بوونە دەوڵەتی بۆ بڕەخسایە، ـ پەیمانەکانی سایکس پیکۆ و سیڤەر و لۆزان ـ ،ئامادەگی باشتری کوردی تێدا بوایە، وا سەرلەبەری بیر و بۆچوونەکانی کاک عەتا و هاوپێڕەکانی سەرەوبن دەبوونەوە و پووچەڵ دەردەچوون. ئاخر ئەوە نییە،لە ئێستادا،سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە کورد،لەچاو کێشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوین دا بەرچاو و هەستترە. ئەم باسەم وەک نموونەیەک، بۆ خوێندنەوەی بەرژەوەندییە جیاوازەکان، لە دیدی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە خستە بەرچاو. Otto Von Bismarck ،کاتێ یەکێتی ئەڵمانیا پێکدێنێ،سەرکردەیەکی دژە دیموکراسی و سیستەمی پاشایی ئامانجی بوو. هیچ قسەوباسێکی سەرمایەداریی و چینی بۆرژوا و دیاردەی مۆدێرنە لە گۆڕیدا نەبووە و نییە. خۆ گەر بەم پێوەرە بێت،کەوا ئەم دیاردانە، لە ئەوروپای سەردەمی شۆرشی پێسەسازیی و مۆدێرنێتەوە سەریان هەڵداوە،هەر ئەوروپا مەڵبەندی ئەم گۆرانکاریی و داهێنەری ئەم چەمک و دیاردانەن، ئەی بۆ هەموو نەتەوەکانی ئەم کیشوەرە، بە یەکسانی سوودمەند نەبوون لەم خێر و بێرە؟! . راستییەکەی ئەوەیە، گەر شۆڕشی فەرەنسا و شەڕەکانی ناپلیۆن، چاوی میللەتانی ئەوروپای نەکردبایەوە و بە ئاگای نەهێنابان،رەنگبوو ئێستاش لەسەر نەخشەی ئەوروپا،سنووری چوار دەوڵەتمان بەرچاو نەکەوتایە..
کاک عەتا.. خۆیی و خوێنەر لەبەردەم پرسیارێکدا ئەبڵەق دەکات و دەپرسێ:" ئایا دەشێ لە نەبوون و غیابی بنەماکانی رێنیسانسی نەتەوەیدا، باسی گوتاری ناسیونالیزم بکرێت"؟ . من نازانم نوسەر بۆ هێندە خۆی ناواقعیی دەکات، بە زۆرەملێی هەوڵ دەدات، قاڵب و دەستوور و دروشم و تیۆریی ئێرە و ئەوێ، لە چانسی کوردایەتیدا داتاشێ و قوتبکاتەوە؟!ئایا عەرەب و فارس و تورک و.. هتد، ئێستاشی لەسەر بێت،لەکام وێستگەی رێنیسانس دا وەستاون؟!چەند قۆناخیان بڕیوە؟!ئایا ئەم میللەتانە هەموو ئەو بنەمایانەی کاک عەتا، بە پێویستیان دەزانی، بۆ گوتاری ناسیونالیزم و دامەزراندنی دەوڵەتیان، بەراست تێپەڕاندووە و هەنووکە لە دیوی ئەو دیویی، هەواری پۆست مۆدێرێنیتەدا ژیان دەگوزەرێنن؟!داخۆ کۆسۆڤۆ و تەیمووری رۆژاوا و کەمبۆجیا و باشووری سودان، بەکام قۆناخی پێش یان پاش رێنیسانس گەشتوون؟!هێنانەوەی پەرەگراف و قسەی تیوریی گرنگ نییە،بەڵکو گرنگتر ئەوەیە، تێگەیشتن لە واقیع و خوێندنەوە و کارپێکردنی و چوارچێوەبەندکردنی لەسەر زەمینەیەک لەگەڵ پێداویستییە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسییەکان دا بگونجێ و ئاوێتە بێت.
دروستبوونی ئەو رێکخراو و حیزبە نەتەوەییانە،ئاماژەی بوونی ناسیونالیزمن... گەر شورەوی لێبگەڕایە،هەم هیوا و هەمیش ژێکاف،لەسەر راستەشەقامی نەتەوەیی لایان نەدەدا.. رەنگە زۆر شتییان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا بچەرخانایە. ئەم دوو رێکخراوە،قوربانی دەستی پلانی شورەوین...
نوسەردوو خاڵی گەوهەریی بۆ گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی دەسنیشان دەکات:
١ ـ رزگارکردن و سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی.
٢ ـ سەرلەنوێ بنیادنانەوەی شوناسی کوردبوون،کە ئینتیمای یەکەم بۆ کوردستانی بێ، نەک عێراقیبوون و تورکیبوون و ئێرانیبوون و سووریبوون.
ئەمە بۆچوونێکە راست و لۆژیکدارە،بەڵام پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێ و ئێخەی برای نوسەر دەگرێت: گەر گەوهەر و ستراتیژی ناسیونالیزمی کوردی ئەمە بێت،وەک خۆت لەو دوو خاڵەدا، ئاماژەت پێداوە، ئەی تۆ بۆ سۆراخی ئەم گوتارە، لە هەواریی خاڵی و جیهانی نامۆیی و مێژووی دروستکراودا دەکەیت؟!.ئەی چ خێرە هەڵگرانی، ئەم گوتار و ئاڵا بەدەستتانی ئەم دروشم و ستراتیژە وا نادیدە دەگریت؟!.جا بۆ لە هەموو کوردستان دا جگە لە پاسۆک،هێز و لایەنێکی دیکە پەی پێدەبرێت،کاری جددی لەسەر ئەم تەوەرانە کردبێ؟
{{ کوردستانێکی ئازاد...گەلێکی یەکسان/// شەرمە بێگانە حوکمی کورد بکات///پێش ئەوەی هەر شتێ بین... دەبێ کورد بین/// کوردستان تەنها موڵکی کوردە///تا کوردێک بچەوسێتەوە کوردستان ئازاد نەبووە /// و تا مل کەچی یەکی نەخستووین با بۆ ئازادی یەکگرین..}}ئەمانە مشتێ لەو دروشم و ئامانجانە بوو،لەسەردەستی پاسۆکدا هێنرایە نێو گوتاری سیاسی و نەتەوەیی کوردەوە. پاسۆک وەک دەق و تێکستێکی مردوو،نە تەماشای ئەم تێزانەی دەکرد و نە کۆپی و لاسایی کەسانی دیکەی کردبووە ئامانج،بەڵکو لە مەیدانی خەباتی سەختی کوردایەتیدا،لە واقیعێکی دژواردا، هەوڵی جێبەجێکردن و چەسپاندنی دەدا. ئیدی هەلومەرجی دەورەدراو چۆن بووە،پێویستە لێکۆڵەر ئاماژەی بە پاشخانەکەی بدات و ئەوجا بیروڕای خۆی دەربڕێ. دەنا کاری "خەنجەر لە کا" دان، ئاسانە و دەرئەرنجام ئەو قسانەش بە بۆشاییدا رۆدەچنە خوارێ.
لە سەردەمانێکدا پاسۆک بەم بنەمایانەوە تێدەکۆشا، بەشێکی زۆری سیاسی و سەرانی کورد،شەرمییان لە کوردبوونی خۆیان دەهات و دەمامکی داگیرکەرچێتی و ناوچەگەرێتی و ئیدیۆلۆژیی نێونەتەوەییان بە رووی خۆیانەوە گرتبوو. ئەگەرنا چ لەوە خۆشتر و چاکتر دەبوو،ئەو هێزانەی دیکەش،هەڵگری رەگەز و ستراتیژی نەتەوەیی بوونایە،جاگەر وابووایە،رەنجی خەباتی چەندین ساڵەمان، بۆ وا بە فیڕۆ دەچوو. " بۆچی کورد دەستی بە پایەکانی دەوڵەتی سەربەخۆ نەگەشت؟ چۆنە تا ئێستا ئاڵای سەربەخۆیی بڵند نەکردۆتەوە"؟ ، ئەمانە لە کاتێکدا پرسیارن،هاوسات ووزە و توانایەکی زۆری ماکی و مینۆکی.پارتێکی وەک ـ پاسۆک ـ ی تێچوو. ئاخر پاسۆک لە پێناوی دروستکردنی ئەم بیرورا گشتی و قەناعەت و ستراتیژەدا، ماندووبوونێکی زۆری کێشا،وازی لە چەندین دەستکەتی حیزبی خۆی هێنا، بۆ بەرجەستەکردنی ئەم ویست و داخوازییانە... کەچی ئێستا نووسەرێکی وەک کاک عەتا هاتووە و زۆر بێمنەتانە و بێ گوێدانە هیچ پێوەرێک، گەرەکێتی ئەو هەڵوێست و مێژووە نادیدە بگرێت...بەری رۆژ تا ئێستا بۆ کەس بە بێژنگ نەگیراوە و بەرهەمەکەی کاک عەتاش، ناتوانێ راستییە مێژووییەکان بە سانایی بشارێتەوە و بشێوێنێ. دواتر بە درێژی لەسەر ئەم بابەتانە دەدوێین.
بەدوای دەربڕینی ئەم بۆچوونانەدا، نوسەر و بیروڕای خۆی، لە دروشمێکی تردا چڕ و پڕ دەکاتەوە و پێی وایە " لە دەرەوەی مۆدێرنێتە" هەر ئاخاوتنێک لەسەر ناسیونالیزم، هیچ مانایەکی نییە...لە کاتێکدا "ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەیە"... کاک عەتا، بەردەوام دەست لەسەر ئەم خاڵە دادەگرێ و پێی وایە، تا کورد نەگاتە قۆناخی مۆدێرنێتە،قسەکردن لەمەڕ ناسیۆنالیزمی کوردی و رەهەندەکانی تری نەتەوەیی بەو رادەیە تابووە.داخۆ دروستە،ئێمە قسەکانمان لەسەر ناسیونالیزم قوتبدەینەوە و بییانپێچینەوە،مادامێکی نەگەیشتووین بە دنیای مۆدێرنە؟؟. مشتومڕی زۆر لە نێو نوسەران و پسپۆڕانیBenedik Anderson,Erich Hobsbawm,Ernst Gellner,Anthony Smith,Karl Deutsch, ئەم بابەتەدا هەیە،راستییەکان هەموو ئەوە دەسەلمێنن،کە ناسیونالیزم زۆر کۆنترە لە دیاردەی مۆدێرنە.لەم رووەوە تەماشای کتێبە بە نێوبانگەکەی،مێژوونووس و فەیلەسووف و بیریاری ناسیونالیزم، Die Idee des Nationalismus,Hans Kohn بکات.یاخود مەموزینی ئەحمەدی خانی..کاک عەتا پێی وایە هەر تیۆریستە مارکسییەکان،کە ناسیونالیزم بە بەرهەمی مۆدێرنەی ئەوروپا و گەشەسەندنی سەرمایەداریی ،دروستبوونی چینی بۆرژوا، دادەنێن, راست دەکەن..
لە ١٣ لاپەڕەدا ، لەسەر ئەم باسەی نووسیوە و، پشتی بە ١٦ سەرچاوە بەستووە.
بەشی سییەم: حیزبی رزگاری کورد
پاش شکستخواردنی حیزبی هیوا، لەبەردەم ئەرکەکانیدا، بەرەی راست، رێکخراوی رزگاریی دروست دەکەن و پاشان لە دەوری مەلا مستەفای بارزانی، خڕدەبنەوە و چەپەکانیش رێکخراوی شۆڕش دروست دەکەن.
لێرەدا هاوڕای چەمکێکی هێگل "رۆحی رەهای کۆمەڵگە لە دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت". دەکەوێتە نێو باسەکەوە و چاوەڕێی ئەوەیە ـ کە چاوەڕوانییەکی راست و دروستە ـ ناسیونالیزمی کوردیش کار بەم ئاراستەیەدا بکات، بۆ گەیشتن بە چرکەساتی دامەزراندنی دەوڵەت. نوسەر، چەند بەدەوری ئەم تەوەردا بێت و بسوڕێتەوە و رێگا و میتۆدەکانمان بۆ بخاتە بەردەست و قامک لەسەر هەڵە و کێماسییەکان دابنێ،کارێکی رۆشنبیرانە و بابەتی دەکات،لێ هێنانەوەی کۆپلەیەک لە گوتەی، بیریارێک و دادڕینی بە باڵای کورد دا،تووشی سەرلێشێوان و بە هەڵەچوونی دەکات. چونکە چ جارێ، ناکرێ هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی، هیچ نەتەوەیەک بەوی دیکە بەروارد بکرێ،هەر لەبەرئەوەی بنەما و خەسڵەت و پێداویستییەکانی ژیانی هیچ ، نەتەوەیەک بۆ یەکێکی تر، ناتوانرێ کۆپی بکرێ و بەسەریدا بسەپێنرێ.
کاک عەتا، لە درێژەی باسەکەیدا، حوکمێکی نالۆژیکی و نابابەتییانە و دوور لە ووردبینی و راستیپێکان دەدا و دەڵێ: "هەموو ئەو حیزب و رێکخراوانەی دوای رزگاری دروست بوون ،سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی،بەرنامە و پرۆگرامی رزگارییان تێنەپەڕاندووە". ئەم دەربڕینە لە کاتێکدایە،کە هەر خودی، برای نوسەر،دەنووسێ: "حیزبی رزگاری بەرنامەکەی بۆ خەباتکردن لە پێناوی رزگاری عێراقدا و کە ئەوەش بەرنامە پارتی کۆمۆنیستی عێراق بووە،کە ئەو بەرنامەیەش لە بنەڕەتدا دروستکراو و داڕێژراوی سۆڤێتی ئەوسا بووە،بەناوی دیموکراتی بۆ وڵات و ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوەی ژمارە دوو".
گەر، بە پێوەری ئەم بۆچوونە، هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمەکەی، نووسەرێکی وەک، کاک عەتا بکەم،کە ساڵانێکە شەونخونی و سەرگەرمی خۆی، بۆ ئەم بوارە تەرخان کردووە، دەڵێم مخابن تووشی شۆکت کردین و چ میتۆدێکی بابەتێتی و رۆشنبیرانە، لەم بۆچوونەدا ئامادەیی نییە و، ئەمە ئاخاوتنێکی زۆر رووکەش و ناسەنگینە و هەڵگری هیچ بنەمایەکی راستی نییە... کاک عەتا،بەم ستایلەی کارکردنی لەم کایەدا،وەک ئەوە وایە بیەوێ، راستییەکان بە چەقۆیەکی کولی ژەنگاوی، نا رۆشبیریی و بابەتی، سەربڕیت و بە دڵ و کوڵ هەوڵی شێواندنی، لاپەڕە گەشەکانی مێژووی بزاڤی کوردایەتی، بدات...دیارە منیش،گەلەک خەوێءنەریی دیکەش چاوەڕێی بەرهەمگەلێکی لەم چەشنەی لێناکەن،هەر نەبێ کارەکانی خۆی وا دەنوێنێ.ئەوجا دەپرسین: ئەمە بۆ؟ بۆ کێ و لە پای چیدا؟!.ئاخر نابەرپرسانە،مامەڵەکردن، لە گەڵ راستییە مێژووییەکاندا،نە هەڵەی چاپ و نە ئاخاوتنی سەرمەستی و نە بۆچوونی نوسەرێکە، کە بانگاشەیەکی دیکە بۆ خۆی دەکات.کەواتە، ئەو پرسیار و گومانە گەورەی لەسەرەوە رامان گەیاند، لە شوێنی خۆیدایە.
وا لەبەرەوە، ئاڕاستەی باسەکەم،بەرەو ئەو ئامانجە دەگرمە بەر، کە هەوڵی زەلالکردنی راستییەکان بۆ خۆیان کێشم دەکەن،ئەویش لە رێی خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانە، لەسەر ئەم بەرهەمەی کاک عەتا قەراخی. پێش ئەوەی بچمە سەر بەشێکی تری ئەم کتێبە ، جێی خۆیەتی ئەم پرسیارانە، بە ئاگاداربوونی خوێنەر ئاڕاستەی نوسەر و بکەم و پێویستە وەرامیان بداتەوە:
ـ ئایا بەرنامەی رێکخراوی رزگاری، بە هەق لە هی کاژیک و پاسۆک لە پێشترە؟
ـ داخۆ پاسۆکیش خەباتی لە پێناوی عێراق دا، کردووە؟
ـ بەڕاست،پاسۆک دروشمی دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردی بڵندکردۆتەوە؟
بەشی چوارەم: گوتاری پارتی دیموکراتی کورد
حیزبی رزگاری، تا ساڵی ١٩٤٦ بەردەوام دەبێ، لەسەر خەبات و لەو ساڵەدا، هەڵدەوەشێتەوە و پارتی دیموکراتی کورد بە رێبەڕیتی بارزانی و هەمزە عەبدوڵلا جێی دەگرێتەوە.دروستکردنی ئەم حیزبەش، لەسەر شێوەی حیزبی دیموکراتی کوردی ئێرانە.نوسەر، بە دوورودرێژی، ئەو ساڵانەی خەبات، تا دامەزراندنی کۆماری کوردستان و رۆڵی بارزانی، لەو روداوانەدا باس دەکات. هەروەها دەنووسێ:" بارزانی شێخ لەتیف و کاکە زیادی کۆیە،وەک جێگری دادەنێ"...بەداخەوە نوسەر لەم دەستنیشانکرد و دانانی ئەم دوو کەسایەتییەدا، لە لایەن بارزانییەوە،هیچ کۆمێنتێک نادا و ئەم هەنگاوە زیرەکانە و بە ناوەڕۆک نەتەوەییانە هەڵناسەنگێنێ. لەمەش پتر هیچ دەقێکمان لەسەر گوتاری ناسیونالیزمی ئەم پارتە بۆ ناخاتە بەردەست.
بەشی پێنجەم: حیزبی کوردی لە نێوان ناسیونالیزم و خێڵدا
لە دووتوێی ٣٥ لاپەرەی ئەم بەرهەمەدا، توێژینەوەیەکی چڕ و پڕی هزریی و سیاسی رەهەندەکانی ناسیونالیزم لای کورد، لە روانگەی خۆیەوە دەکات. کە دەتوانین لەم چەند خاڵەدا چڕیان کەینەوە:
ـ ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتە.
ـ کاتێک ناسیونالیزم دەبێتە خاوەنی شووناس، کە ببێتە بەرنامە و پرۆژەیەکی جەماوەری و، ئاستی ئاسایی بەرنامەکەی، دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بێت.
ـ هەر پرۆژە و بەرنامەیەکی تر، لە خوار ئاستی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەییەوە بێت،بەڵگەی لاوازی و بێ شوناسی ناسیۆنالیزمە.
ـ ئینتیما بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان،رووبەرێکی فراوانی لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی کورددا دروستکردووە.
ـ ناسیونالیزمی کوردی، بەرهەمی سروشتی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی نییە.
ـ کۆمەڵگەی کوردی، نەبۆتە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و زەمینەی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیا و، بەڵکو لە ئێستاشدا، ناتوانێ خۆی لەگەڵ بەرهەمە گواستراوەکانی مۆدێرنێتەدا، کە لە دەرەوە بۆ ئێرە دەگوازرێنەوە، بە جۆرێک خۆی بگونجێنێ، کە سوودی بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە بنیادی پێکهێنەرانەی کۆمەڵگەدا هەبێت و لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی نیشتمانی و لە پێکهێنانی ئابووری نیشتمانی و لە بەرهەمهێنانی عەقڵ و رۆشنبیری قۆناخی مۆدێرنێتەدا کە رۆشنگەری و دیموکراسی و چەمکی هاووڵاتی بوون و تاک و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و تەنانەت جیاکردنەوەی پسپۆڕییەکانیش بە گشتی بەرهەمی مۆدێرنێتەن.
ـ حیزب نموونە و مۆدێلی کۆمەڵگەی مۆدێرنە، ٣ چارەکە سەدەیە حیزب لە کوردستاندا دروستبووە. حیزب لە کوردستاندا ئەلتەرناتڤی خێڵە.
ـ ناسیونالیستی کورد لە ژێر کاریگەری ناسیونالیزمی دەرەوەی دەرەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووریدا کوردیدا دروستبووە.
بەشی شەشەم: راپەڕینی بارزانی ١٩٤٣ ـ١٩٤٥
رووداوەکانی ئەو ساڵانە بە درێژی بەسەر دەکاتەوە...باس لە رۆڵی دیار و هەڵکەوتووی مستەفا بارزانی و هەڵگیرساندنی راپەڕینەکەی دەکات.لەم بابەتەدا بیروبۆچوونی کۆمەڵێ نووسەری دیکەش بەرچاو دەکەون. نوسەر لە ئاکامدا لەمەڕ ئەم راپەڕینەش دەنووسێ:" ئەم راپەڕینەی بارزانیش وەکو زۆربەی هەرە زۆری راپەڕینەکانی تری کورد نە دەرئەنجامی پرۆژە و بەرنامە بووە نە بەرهەمی ئایدۆلۆجیا،یان فیکرێکی دیاریکراوی سیاسی بووە، بەڵکو بە پلەی یەکەم کاردانەوە بووە و بۆ هەڵوێستی حکومەتی ئەو کاتەی عێراق بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی". ل١٤٣
بەشی حەوتەم: گوتاری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەسەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ دا.
دوای بزربوون،یان دوورکەوتنەوەی بارزانی، لە سەر شانۆی رووداوە سیاسی و چەکدارییەکانی کوردستان، و تا گەڕانەوەی لە شورەوی، پاش ١٢ ساڵ ئاوارەیی،چ چالاکییەکی بەرچاو لەلایەن پارتییەوە نابینرێت.پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤/٧/١٩٥٨، لە عێراقدا،لە لایەن عەبدولکەریم قاسمەوە ،دەرفەتی گەڕانەوەی بارزانی بۆ کوردستان دەدرێ.دەستووری عێراق گۆڕانی گەورەی بەسەردا، دێ و تێیدا ئاماژە بە برایەتی و هاوبەشی کورد و عەرەب لە عێراقدا دەکرێت.ئەمەش بە سەرەتا و دەستپێکێکی باش، بۆ ژیان لە عێراقدا دێتە هەژماردن. نوسەر لێرەدا، پەنجە بۆ دروشمی نێوەندی پارتی، لەم قۆناخەدا درێژ دەکات،کە بریتی بووە لە :"خەبات بۆ دیموکراتیکردنی عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان". لە درێژەی باسەکەیدا، ئەمە دەخوێنینەوە:
"من وەکو کەسی خۆم، هیچ داوایەکم بۆ خۆم لە قاسم نییە،با ئەو ماف بە کورد بدات، من عێراق بەجێدەهێڵم".ئەمە قسەی بارزانییە،لە یەکێ لە کۆبوونەوەکانی ساڵی ١٩٦٢ داکردوویەتی،واتە ساڵی پاش ،سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول.
کاک عەتا، بەدەم باسەکەیەوە دەڕوا و دواجار، ئەم تێزە هزرییە لەمەڕ ناسیونالیزمی کوردییەوە دادەرێژێ و دەڵێ:"بە تێڕوانینی من هەتا ناسیونالیزم نەبێتە ئایدۆلۆجیای بزووتنەوەیەکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی و، هەتا دیواری نێوان پێکهاتە ناوخۆییەکان نەڕوخێنێت وپەیوەندییەکانی خوێن و دەمارگیری بەو شێوەی کە لە کۆمەڵگەی خێڵایەتیدا هەن هەڵنەوەشێتەوە و یەکەیەکی یەکگرتوو لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون پێکنەهێنێت و پەیوەندییەکان لە نێوان تاکەکانی ئەو پێکهاتەیەدا نەبێتە پەیوەندی ئاسۆیی کە ئەویش یەکێک لە خاسێتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە،مەسەلەی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی نابێتە پرۆژە".
هەڵبەت لەسەر ئەم تێزە، چ لارییەکمان نییە و خودی پرۆسەکەش،ملی بەرەو ئەم ئاکامە گرتووە.بەڵام مەرج نییە،بێ کامڵبوونی ئەم پرۆسەیە،ئیدی پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی شیاوی باس و بڵندکردنەوە و داخوازی جەماوەری نەبێت... لە هەنووکەدا، سیاسەتی سەقەت و وابەستەیی بۆ داگیرکەرانی کوردستانی هەندێ حیزب و لایەن نەبێ، وا زۆرینەی هەرە زۆری جەماوەری کورد، ویست و داوای سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتیان هەیە... ریفەراندۆمەکەی ١٩٩٨،و ئەو رێژە بەرزەی سەربەخۆییخوازان ،کە خۆی لە ٪٩٨ ی دانیشتوانی کوردستان دەدا،باشترین بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم راستییەن.
نوسەر لەسەر دەربڕینی بیروبۆچوونەکانی بەردەوام دەبێ، و لە روانگەی خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتییەوە،هەڵسەنگاندن بۆ ناسیونالیزم دەکات..پاشان دێتە سەر رووداوە دڵتەزێنەکانی، ساڵی ١٩٦٤ و دابەشبوونە مێژووییەکە و پانۆرامایەکی رووداوەکان دەخاتە بەرچاوی خوێنەر..لێرەشدا بۆچوونێکی هەستیار دەوورووژێنێ و دەنووسێ:"هاوکاریکردنی داگیرکەر بووە بەشتێکی ئاسایی،مەکتەبی سیاسی بەو خۆبەدەستەوەدانە زەمینەیان بۆ ئەو کاتە و بۆ دواتریش بۆ جۆرێک لە خۆبەدەستەوەدان سازکرد". دیارە ئەرکی ئەم گوتارە چوونە نێو ئەوباسانە و هەڵسەنگاندنیان نییە،لێ بایی نێزیککردنەوەی رامانی خوێنەر بۆ باسەکەمان،من لە خودی کتێبەکەی کاک عەتاوە،چەند بڕگەیەکی باسەکان بۆ تاوتوێکردنیان رادەگوێزمە مەیدان. نوسەر،لەم بەشەدا، پێناسێکی رۆڵی دیار و هەڵکەوتووی جەلال تاڵەبانی دەکات...لەتەک ئەوەشدا لە هاوکێشە سیاسییەکەی ئەو ساتەوەختەدا،یاخود لە روانگەی ناسیونالیزمەوە، ئاماژە بەوە دەدا،بارزانی هەڵوێستی کوردانە و نیشتمانپەروەرانە بووە، بە بەراورد بە مەکتەبی سیاسی. جا دەبێ قوڕبەسەریی گوتاری ناسیونالیزمی کوردیی، بەو هەموو ئیشکالاتەی نێو هەناوییەوە، لە چ ئاستێکدا بوو بێت!.سەرکردەیەکی خێڵەکی و جوتیارنشین،هەڵگری پەیامی ناسیونالیزم بێت،مەکتەبی سیاسییەکی پێکهاتوو لە نوخبەی شارنشین، لە سەنگەری داگیرکەرەوە، بانگاشەی بۆ دروشمەکان کرد بێت؟!.ئەم باسە لە روانگەی گ . ن. ک ،مشتومڕی زێتر هەڵدەگرێ و،ئێمە لێرەدا بۆ شارەزایانی بە جێدێڵین.
گوتاری پارتی و بارزانی لە دوای دابەشبوون:
باس لە رووداوەکانی ئەو ساڵانە، و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی نێوەندی، و رۆڵی ئەندامانی م. س دەکات... بە پێی بۆچوونی من، بەشێک لەو رووداوانە، چ پێوەندییەکیان بە ناسیونالیزمەوە، نییە و تەنها نمایشتکردن و جووینەوەی رووداوە مێژووییەکانە و بەس.
گوتاری پ . د. ک د لە ١١ی ئازاردا
دیسان بە هەمان پێودانگ، باس لە رووداوەکان لە روانگەی مێژووە دەکات.ئەو دەستنیشانی ئەرکی گوتاری ناسیونالیزم دەکات،کە بریتییە :"لە دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی.بێگومان هەر ئامانج و شێوازێکی تری خەبات،لەدەرەوەی ئەم ستراتیژە،ناچێتە چوارچێوەی گوتاری ناسیونالیزمەوە".ئەم دەربڕینەش، بە بارستایی کتێبەکە، سەنگی خۆی هەیە، و لێوان لێوە لە راستی.لێ پرسیار ئەوە، چما کاک عەتا، داتاشین و پێداهەڵسون بۆ کەس و لایەنێک دەکات، ـ وەک دواتر دەگەینە سەر باسەکەی ـ دەیەوێ بە زۆر ئەم کاڵایە بە بەری نەیار و گەلەکجاران دوژمنانی دنیای ناسیونالیزمی کوردی ببڕێت.بەڵێ ئەمە پرسیاری سەرەکی، خوێندنەوە رەخنەگرانەکەی ئێمەیە، بۆ بەرهەمەکەی نوسەر. ئاخر بە چ پێوەر و بنەمایەک پارتی لەسەرتاپای مێژووی خۆیدا و یەکێتیش بە هەمان شێوە هەڵگری گوتاری ناسیونالیزمی کوردی بوون!.بەڵام بۆچی کاک عەتا لە بیاباندا،بە دوای راوە ماسیدا دەگەڕێ ؟،ئەوە دەبێت خۆی وەراممان بداتەوە.
عەتا قەراخی، لە ل ٢٠٣ دا،بیروڕایەکی دوور لە راستی دێنێتە نێو باسەکەیەوە،کە دەلالەتی ئامانجێکی دەستنێژی لە خۆیدا حەشارداوە و لەسەر گوتاری ناسیونالیزم دەنووسێ:"بە گوێرەی کورد مەبەست رزگارکردن و یەکگرتنەوە و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە لەسەر هەموو جوگرافیای کوردستان".نوسەر پێی وایە،ئەم داواکارییە بە ئێستاشەوە نەبۆتە بەرنامە و ستراتیژی هیچ رێکخراو و حیزبێکی کوردی.سەرجەم ئەو لایەنانە دەخاتە خانەی داواکردنی دیموکراسی بۆ دەوڵەتی سەردەست و ئۆتۆنۆمی یاخود فیدڕاڵی بۆ کوردستان.دیسانەوە هەروەک بۆ مەبەستێکی دیاریکراو ئەم ڕستە و بۆچوونە رابگەینێ، کە هێندەی دوورایی زەمین لە ئاسمان، دوورە لە راستی و هەوڵێکی ناحەزانەی مەبەستدارە، بۆ باس نەکردنی کەسانێکی دەرەوەی ئەوانەی، گێچی چاوی کاک عەتا دەیانخوێنێتەوە . فۆرمەلەکردنی بۆچوونێکی وەها مێژوویی بە رەهایی، و دوور لە هەستی بەرپرسیارێتی رۆشنبیرانە،بۆ خۆی ئاماژەی سەرەتایەکی نوێیە لە کایەی کاردنی کاک عەتادا. ئاخر سەپاندنی قاڵبی گوتەیەکی لەم چەشنە بەسەر پاسۆک دا،دەچێتە خانەی گوناهی رۆشنبیرانەوە.. لە لاپەڕەکانی دواتردا بە درێژی دێینە سەر ئەم باسە.
دوا بۆچوونێک کە لەم بەشەدا، شایانی ئاماژە پێدان بێت،وەک نوسەر باسی دەستکەوتەکانی بەیاننامەی ١١ی ئازار دەکات. ،ناچاربوون و بەجێهێڵانی سەنگەری دوژمن لە لایەن باڵی جەلالییەوە .گوتاری ناسیونالیزم بە چاوێکی بەنرخەوە لەم رووداوە دەڕوانێ. هەڵبەت ئەم هەڵوێستەش دروست بایەخی خۆی هەیە و دەبێت زێتر هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.
گوتاری پ . د. ک لە شکستهێنانی رێکەوتننامەی ئازارەوە
گوتاری پ . د. ک . لە دووبارە دەستپێکردنەوەی خەباتەوە
لەم دوو بەشەدا، زێتر رووداوە مێژوویی و سیاسەتی بەعس و سروشتی دروشم و ستراتیژی پارتی بەرچاوخراوە. دواتر دێتە سەر بڵندکردنەوەی دروشمی فیدڕاڵی و جێهێشتنی ئۆتۆنۆمی.دیارە هەردوو گوتار لە ئاست ناسیونالیزمدا کورت دێنن و هێناویانە.
نوسەر سوودی لە ٤٠ سەرچاوە بۆ، ئەم بەشە وەرگرتووە.
بەشی هەشتەم: گوتاری کاژیک
هەر پارت و کۆمەڵە و رێکخراوێکی نەتەوەیی لە رووی هزر و پاراستنی بەررژەوەندی باڵای نەتەوەییەوە،خۆی بە نوێنەری سەرجەم رۆڵەکانی گەلەکەی دەزانێ. هاودەم دەبێتە داکۆکیکارێکی بە پەرۆشی بەرژەوەندییەکانی ئەم گەلە و یەکبینە دەکەوێتە تێکۆشانەوە بۆ بەختەوەرکردن و سەرخستنی میللەتەکەیی و شانازیش بە تێکڕایی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنەکانییەوە دەکات. ئەمەش رەگەز و توخمێکی بنچینەیی هزر و تێڕوانینی نەتەوەییانەیە،چ رێکخراوەیی و چ کەسی.
ع.قەراخی، زۆر بێئاگایانە ئاماژە بە بەرهەمێکی مامۆستا جەمال نەبەز "هێندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزم" دەکات و گوایە لای هاوبیرانی نەتەوەیی وەک مانیفێست دانراوە. ئەو کتێبە هیچ کات،بە مانیفێستی کوردایەتی نەقەبڵێندراوە، بەڵکو جێی خۆیەتی بڵێم سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا نەبەز،دەچنە خانەی هەوڵی تاکەکەسی،نوسەر و رۆشنبیرێک لە بەرجەستەکردن و داڕشتنی تەلاری هزریی نەتەوەییدا.ئەو بەرهەمەی ئاماژەی پێکراوە کەموزۆر لەم یاسایە بەدەر نییە و با هەمووش دڵنیا بن ،کەس بانگاشەی مانیفێستی بۆ کتێبی نێوبراو نەکردووە.
نوسەر بە شێوەیەک لە شێوەکان، دەیەوێ پێمان بڵێ، کاژیک بە ژمارە کەمبوون و کاریگەرێتییان لەسەر رووداوەکان نەبووە. رەنگە ئەمە تا ئەندازەیەک راستی لە خۆی گرتبێ ،بەڵام پرسیار ئەوەیە،کاک عەتا بەدواچوون و لێکۆڵینەوە، بۆ گوتاری ناسیونالیزم دەکات، یان چاو بەدوای قەرەبالغی و رەشەخەڵکدا دەگێڕێت؟!.ئەرێ بەراست، ئەوانەی بە هەزاران چەکدار و لایەنگریان لەدەوری خۆ خڕ کردبووەوە،چییان بۆ کورد یان گوتاری ناسیونالیزم کرد؟! ئەوانەی رەشەخەڵک و هێزی چەواشەبوویان مۆبیلیزەکردبوو/کردووە، هەرەسییان بەرهەمهێنا،یان لە قەندیلەوە خوانی دیموکراسییان بۆ بەخدا دەبرد...یان سەرگەرمی ئێرانچیتی و کۆماری دیموکراتین لە ترکیادا.
کاتێکیش نوسەر، پرسیاری ئەوە قوتدەکاتەوە،:"بۆ کاژیکی هەڵگری پرۆژەی نەتەوایەتی نەبۆتە خاوەنی جەماوەر" .
بۆ وەرامدانەوەی ئەم پرسیارە بەجێیە،گەرەکە ئاماژە بە کۆمەڵێ فاکت و دیارەدە بکەین،رەنگە بەشێکیان برین کولانەوە بێت،دڵشکاندن و بریندار کردن بێت.خەوشی ئەقڵی کوردی و نائومێدبوون بێت، ناچارانە باس لە خۆفرۆشی و کوردفرۆشی کەس و لایەن بکەیین،کە رەنگە زۆربەشیان لەبەرگ و سەنگەری بە نێو شۆڕشگێڕیدابووبن، وە سەدان دیاردەی دیکە... تۆ دەزانی ئاکامی سەدان راپەڕین و بزوتنەوەی کوردیی چ بووە؟!هەموو هۆکارەکانیشی پشتبەستن بە داگیرکەر و تەنینەوەی ناکۆکی نێوخۆیی و، نەبوونی بەرنامە و پلانی دیراسەکراو و بزریی بیروباوەڕی راستەقینەی کوردایەتی و نائامادەگی ئەو بنەما سەرەکییانەی هزر و جیهانبینی نەتەوەیی راستەقینەیە.ئەم کورتە وەرامە،دەلاقەیەکی باشە، بۆ چوونە دنیای بیرکردنەوە لە پرسیارەکە.
نوسەر، لە بری پێڕەوپرۆگرام و دەقەکانی چەمکی ناسیونالیزم بخاتە بەرچاو، لەو روانگەیەوەی کە خۆی باوەڕی پێیەتی، هەڵسەنگاندنی بۆ بکات، کەچی هەرچی داوا تیورییەکان هەیە لەبەردەم کاژیکدا قووتی دەکاتەوە. کاک عەتا، پاشتر دێتە سەر ئەو باوەڕەی،:" کە هێشتا زەمینەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەقڵی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، ساز نەبووە". نوسەر بەهەر هۆیەک بێت خۆی بەهەڵەدا دەبات و چاوەڕێیە کوردیش وەک ئەڵمان،یابانی ئەم رۆژگارە بەهێز بێت و هەموو ئەو خەسڵەتانەی، کاک عەتا ریزبەندی کردوون،لە کوردیشدا ئامادەگی هەبێت و رەنگ بداتەوە،ئەوسا دەوڵەت دروست بکەن.
لەبەرئەوەی هەر نەتەوەیەک، خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆیەتی و، رەنگە کۆمەڵێ خەسڵەتی هەبێت،لەگەڵ نەتەوەیەکی دیکەدا هاوبەش نەبێت،ئەمە هۆکارێک بێت،کە فەیلەسوفێکی گشتگیر و دیاری ناسیونالیزم بەرچاو نەکەوێت... لە ئێستاشدا،کارەکانی هانس کۆهن و دۆیچ و گێلنەر و هۆبزباوم و سمیت و ئەندەرسۆن،هەر یەکەیان جەخت لەسەر بنەمایەکی سەرەکی ناسیونالیزم دەکەنەوە.بەڵام ئاشکرایە،پێگە و رۆڵ وکاریگەرێتی بسمارک و گاریباڵدی و جێفەرسۆن و گاندی و هەموو ئەوانەی،دەوڵەتیان دروستکردووە، لە مێژوودا چ مانایەکی هەیە.هیچ کام لەم کاراکتەرانە لاسایی ئەوی دیکەیان نەکردۆتەوە. پەیامی هەر یەک لەم نەتەوانەش دوور و بگرە نامۆشن بەوی دیکە.ئیدی ئەوە بۆ لەم نەتەوە و کەسایەتییانە بە خەوش ناگیرێ،لێ رۆشنبیریی کورد، لە ناحەز و دوژمنان زێتر قاوی ئەم پرسە دەدات... دیارە ئێمە لێرەدا، قسەمان لەسەر فەلسەفە و تیورییە، هێندەی دەمانەوێ، ئاخاوتن لەسەر نەتەوەیەکی قاڵببەستوو بکەین، لەسەر بنچینەی ئەو بنەما زانراوانەی هەستی بەرژەوەندیەکی هاوبەش پێکەوەیان گرێ دەدات.. ئەم بەرژەوەندییەش لەبەردەم شەپۆلی گۆڕانکارییەکانی ژیاندایە لە هەر زەمین و جوگرافیا و قۆناخێکی مێژوویدا پێداویستی نوێی بۆ دروست دەبێت و بەرژەوەندییەکانی لە فۆڕمی هەمەچەشنەدا خۆیان نمایش دەکەن. ئەڵمان،فەرەنسا،ئینگلتەرا پێویستییان بە خەباتی نەتەوایەتی لە شیوازی کورد و باسک و بەلوج نییە.سوید و روسیا و هۆلەندە و پورتوگالی بیر لە دامەزراندنی باڵادەستی دەریایی و کۆلۆنیالیزم ناکەنەوە..بەڵام ئەڵمان لە رێی هونەر و وەرزش و پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و سیاسەتی جۆراوجۆری دیکەوە کاری گەوهەری بۆ خەسڵەت و بنەما سەرەکییەکانی پێناسەی نەتەوایەتی خۆی دەکات و بەردەوام زیندوو و بڵند رایدەگرێت...لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ساڵی ٢٠٠٦، لە جامی جیهانی تۆپتۆپێندا،پێیان نایە قۆناخێکی نوێوە و هەڵسانەوە بە تەوژم و گوڕ و تەکانێکی بە کێش و، ملیۆنەها ئاڵای ئاڵمان فرۆشراو و جۆشوخرۆشێکی گەرموگوڕیان، بە ناسنامەی نەتەوەیی ئاڵمانیبوونی خۆیان بە ئاشکرا و لەبەردەم زلهێزەکانی دنیا و دەوڵەتە دراوسێکانی ئینگلستان و فەرەنسا، بەخشییەوە و خۆیان لەو گرێ دەروونییە مێژووییەی، شەڕ و تاوانەکانی رژێمی نازی رزگارکرد و شەرمیان لە ئاست ئەوروپا و جیهاندا شکا و هاتنەوە سەر شانۆی سیاسەت و بە خێڕاییەکی چاوەڕوان نەکراو، بوونەوە بە زلهێز.
ئیدی گەر، گوتاری کاژیک ناجەماوەریش مابێتەوە،ئەوە پێوەستە بە ئاستی هۆشیاری سیاسی خەڵکەوە و رۆڵی نێگەتیڤی چڕ و پڕی داگیرکەران و دارودەستەکانیشییان لەم بوارەدا کەم نییە. رێبازی کاژیک و پاسۆک و چ کەس و لایەک گوناهی نەبووە.رەنگە کەسانێکی کاژیک یان لە ژێر پەردەی کاژیکدا کاریان کرد بێت، کەوتبێتنە ژێر کاریگەرێتی شۆرشی ئەیلوول و پارتی و بارزانی.
ئەوەیشی گوایە بۆچی لای میللەتانی دیکە گوتاری ناسیونالیزم باڵادەست بووە و رێبازەکانی دیکە پاشکۆی بوون و لای کورد گوتاری ناسیونالیزم پاشکۆی گوتارەکانی دیکەیە... ئەمە نە تەلیسمە و نە نهێنی هەڵهێنانە...ژیانی ٢٥٠٠ ساڵ زێتری بندەستی و تێشکان و چەوساندنەوە و بزرکردنی ناسنامە و شێواندنی مێژوو و راستتیەکان ...رەنگە هەڵەیەکی دیکەی یەکجار زۆر زەقی کاک عەتا بریتی بێت لەو دەربڕنەی بەرامبەر بە کاژیک تۆماری کردووە.نوسەر پێی وایە ئەوەی کاژیک لە بارەی کۆمەڵگەی کوردییەوە هیچ جیاوازییەکی نییە ،لەگەڵ ناسیونالیزمی عەرەبیدا.
پاسۆکیش بەوە تاوانبار دەکات، لە ئاستی پێویستی هەڵگرتنی ئەو پەیامەدا نەبوون، گوتارەکەشیان نەتەوەیی پێشکەوتنخوازی سەردەمیانەی کراوە بە چەمکی زانستی و مەعریفیەکانی سەردەمیانە نەبووە.
جارێ پاسۆک لەوە بەهێزتر و مێژووی گەشتترە، کەسێکی وەک کاک عەتا بیەوێ بە رستەیەک،کۆتایی بە ناساندنی بهێنێ و هەروا سەرپێییانە پێناسەی بکات و خۆی لە ئاست سەروەرییەکانی نەبان و نادیدە بکات. پاسۆک رسکاوی واقعێکی سەختی کۆمەڵایەتی مێژوویی،سیاسی دژوار و پڕ لە تەنگژەیە و پاش هەرەسی گەورەترین شۆڕشی کورد،پێی ناوەتە قۆناخی خەباتەوە و بە ڕستێک دروشمی نوێی هزریی و سیاسییەوە،کە رەنگدەرەوەی کتومتی پرسی نەتەوەیەکی داگیرکراو و دابەشکراوە،بە روخساری کۆمەڵێک کەسی تازەوە و لە چوارچێوەی رێکخستنێکی سیاسیدا، دەستبەکار بووە. قسەکردنی کاک عەتا لەسەر ئەم پێکهاتەیە بەو شێوازەی ئەو مامەڵەی لەتەکدا کردووە،جگە لەوەی تژییە لە فێڵ و فەرەج و هەوڵی خەپاندن،هاوسات لەبەرچاونەگرتنی زەمینەی واقعی تاڵ و ئاڵۆزکاو و هەژدیهای حەوسەرتێئاڵاوی دەوروبەری پاسۆکە. لەگەڵ ئەوەشدا،پاسۆک توانی،کەموزۆر، بە دەیان دەقی هزریی بەرهەمهاتووی ئەقڵی کوردیی و دوور لە کۆپی و لاساییکردنەوەی کەس و شوێنان،بخاتە سەر خەرمانی گوتاری ناسیونالیزمی کوردی،کە هاوکات،خۆی بە ئاڵابەدەست و داکۆکاری سەرسەختی ئەم داوا و دروشمە دادەنێ، بە کردار و تیورییش، بەشداریی بەرجەستەکردنی هزری نەتەوەیی و داڕشتنی تەلاری ئەو هزرە بکات.ئاخر بە تەنیا، لە پێڕەوو پرۆگرامی پاسۆک دا،ماددەی چوارەم دا هاتووە:
"ئامانجی حیزب...(پاسۆک)ئامانجی رزگاریی و یەکگرتنەوە و ئازادی کوردستانی گەورەیە و نەهێشتنی هەموو دەسەڵاتێکی ماددی و مەعنەوی و فیکری بێگانەی زیان بەخش لە کوردستاندا و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستانە". ئەم ئامانجە هاوکات یەکێکە لە شادەمارە سەرەتاییەکانی حیزب. دەبا کاک عەتای نوسەر،لە ئەدەبیاتی حیزبێکی دیکەدا بە درێژایی و پانتایی ئەو لێکۆڵینەوەی ئەو لە ژێر سەردێڕی گ.ن. ک. دا کردوویەتی دەق و ماددە و دروشمێکی وا بنجیمان نیشان بدات...
دەبێت فرۆشتنی هێلکە بێ زەردێنەی لەم چەشنە بە خوێنەر، لەلایەن نوسەرەوە،کامە مانا و هێما لەخۆی بگرێت؟، داخۆ کارەکەی قەراخی، لە تەفرەدان و پێشکەشکردنی کاری نازانستی و نابابەتێتی راسپێردراوی ئێرەو ئەوێ! بەولاوە،چ مانایەکی دیکە هەڵدەگرێت؟!. من بۆ خۆم لەم لێکدانەوەیە بترازێ،چ هۆکارێکی دیکەم بە مێشکدا گوزەر ناکات،باوەڕ پێ بهێنێ،کاک عەتا بۆ وا دەنووسێ و دەکات..چونکە چ جارێک باوەڕ بەوە ناکەم ، دەستی بە ئەدەبیاتی پاسۆکدا نەگەشت بێت؟ خۆ لە بنچینەدا،بێ خوێندنەوە و ناسینی هێز و حیزبێک، هیچ کەسێک، چ هەقێکی نییە،کوێرانە قسە لەسەر بابەتێک بکات.هەرنەبێ خوێنەر لێی ناسەلمێنێ و نوسەر بە خێرایی ،راستگۆیی خۆی لەدەست دەدات.
ئاخر کاک عەتا لە باسکردن و نەکردنی پاسۆک،زۆر بێباک و خەمساردە..بە دڵنییاییەوە ئەو میتۆدەی نوسەر کاری پێدەکات،چ پێوەندییەکی بە کاری بابەتێتی و زانستییەوە نییە.
پاسۆک، هێزێکە پشتی بە خۆ و جەماوەری ستەمدیدەی کورد بەستووە.،چ دەزگایەکی موخابەرات و ساڤاک و ئیتلاعات و میت، پاڵپشتی لێنەکردووە/ناکات...ئەجێندای ئەوانیش پێڕەو ناکات و سەرجەم داگیرکەران بە هەموو توانایانەوە لە دژی پاسۆک بوون،هاوشانی ئەمانیش،سیخوڕ و خۆفرۆشی هێز و کەسی تری سەر گۆڕەپانی خەبات،هەریەک لە ئاست و رووبەری خۆیدا، دژایەتی پاسۆکی،نامەردانە کردووە و هەوڵی شێواندنی پەیامی پیرۆزیی کوردایەتییان داوە.(لەم میانەدا،گەلێک بەڵگەنامە هەن و بەشێکیان تا ئێستا لێ بڵاوبۆتەوە).
بەشی نۆیەم: گوتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان
کورتەیەکی پێشوەختی زەمینەی دروستبوونی کۆمەڵە، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی بیری چەپ،سەرهەڵدانی گوتاری خۆبەدەستەوەدان...
گوتاری کۆمەڵە لەسەرەتای دروستبوونەوە
هەرکەسێ نووسینەکانی فەرەیدون عەبدولقادر،فوئاد قەراخی، برایم جەلال،نەوشیروان مستەفا،مەلا بەختیار، مامۆستا جەعفەر(فازیل کەریم) ، عارف کەریم و....هتد بخوێنێتەوە چەندین گێڕانەوەی جیاواز و پێناسەکردنی هەمەجۆری لەسەر کۆمەڵە، بەرچاو دەکەوێت.کۆمەڵە کوردستانی یان عێراقی بووە؟ رۆڵی مام جەلال سەرەکی یان لاوەکی بووە؟شەهید ئارام عێراقچی یان کوردستانی بووە؟ ئارام دژ بە باڵی جەلالی بووە؟رەزامەند بووە؟! بۆ ئەوەی تیشکێ روناکی بخەینە سەر ئەم راستییانە،وا لەم بەرهەمەی کاک عەتا و سەرچاوە و ئەرشیفی ی. ن. ک ەوە، چەند کۆپلەیەک دەخەینە بەرچاوی خوێنەر، با خۆی دادوەر بێت،بەرامبەر بەو هەموو پارادۆکسەی نوسەر تێکەوتووە و ئەو هەوڵە سەرنەکەوتووانەی دەیدات،بۆ ئەوەی بە زۆری زۆردارەکی، لە پشت وێرگوڵ و پەراوێزەکانی هەرە دامێنی سیاسەتی یەکێتی و کۆمەڵەوە، خوێندنەوە بۆ گوتاری ناسیونالیزم بکات...نوسەر یان ئەوەتا خۆی لە راستییەکان نادیدە دەکات و دەیەوێ بە چنگ خۆڵ لە چاوی خوێنەر بکات،یاوەکو بۆ هەر مەرامێکی دیکە بێت!،هەوڵی شێواندنی راستییەکان دەدات و بە سوودی ئەو لایەنە دایدەشکێنێتەوە،کە خۆی رۆژانێ هاوپێڕیان بووە،یان سۆز و ئەندێشەی بۆیان جوڵاوە و دەجووڵێ.
نەوشیروان مستەفا دەڵێ: "سەرانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی بە تایبەتی بەشی پێڕەوی ناوخۆ فۆتۆکۆپیەکی بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی چین بوو.گەنجی خوێن گەرم و تووڕە بوون،خۆیان بە نوێنەری بیری پرۆلیتاریا ئەزانی".
فوئاد قەراخی دەڵێ: "بەرنامەی کۆمەڵەی مارکسی لینینی بە تایبەتی بەشی پێڕەوی ناوخۆ فۆتۆکۆپێەکی بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی چین بوو".
برایم جەلال دەڵێ:" کەسانێک لەدەستەی مام جەلال خاوەنی ئەو بیرە بوون کە هەوڵ بدرێ کۆمەڵە بکرێ بە عێراقی و ببێتە ئەڵتەرناتیفی حیزبی شیوعی عێراقی".
کاک عەتا، خۆشی دوای لێکدانەوەی سەرجەم ئەم بیروبۆچوونە جیاواز و دژ بە یەکانە، دەنووسێ:" کۆمەڵە بە هەرشێوەیەک و هەرچۆن دروست بووبێت و هەرکەس لە دامەزرێنەرانی بوو بێت وەکو رێکخراوێک،ئەوە خاوەنی راستەقینەی پرۆژەی دروستکردنی کۆمەڵە بە تایبەتی لە رووی فیکری و ئایدۆلۆژییەوە مام جەلال بووە چونکە کۆمەڵە لە بەرنامە و گوتاردا بەرهەمی تێڕوانینێکە کە مام جەلال لە نیوەی دووەمی شەستەکاندا بانگەوازی ئەو بۆچوونانە بووە لە کوردستاندا". لە شوێنێکی دیکە دەنووسێ: مام جەلال وەکو باوکی رۆحی کۆمەڵە سەیر دەکرێت" .
گوتاری کۆمەڵە لەسەردەمی سکرتێرێتی شەهید ئارامدا
مامۆستا جەعفەر دەڵێ: "شەهید ئارام سەرکردەیەکی واقیعی بووە و بە وەهم نەژیاوە و پێی وابووە کە خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی عێراقدا بەشێکە لە خەباتی دیموکراتی گەلانی عێراق". جارێ قسە لەسەر خەباتە دیموکراتیخوازەکەی عێراق ناکەین و دەپرسین ،خەباتی گشتی یان کۆی خەباتی عێراق کامە بوو؟چی بوو؟ئایا بەشێک نەبووە لە خەباتی گشتی نەتەوەی عەرەب و لە بنەڕەتدا دژی بە نێو ئیمپریالیزم و زاییۆنیزم بوو. دیارە ئەمە چ پێوەندیی و خزمایەتییەکی لەگەڵ دروشمە هەرە سەرەتاییەکانی کوردایەتیدا نییە،چ سودێک بە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان نەگەیاندووە. ئەی لە کوێدا ئاوێتەی بیروبۆچوونەکانی کاک عەتا دەبێتەوە،کوان ئەو بنەما و پرنسیپانەی بۆ گ.ن.ک. دەستنیشانکراون.
کاک عەتا دەیەوێ قارەمانێتی و گیانفیدایی بۆ نموونە مامەریشە، یان هەر پێشمەرگەیەکی دیکەی قارەمانی یەکێتی، بخاتە خانەی بەرامبەری دروشم و ئامانجە بنچینەییەکانی یەکێتییەوە. ئێمە، هەموو لە خۆڕاگری شەهید شەهاب و جەسووریی ئاسۆی دەلاک و دڵسۆزی بێستونی مەلا عومەر و داستانەکانی گەرمیانی پێشمەرگەکانی یەکێتی، دڵنیا و ئاگادارین،و شانازییان پێوە دەکەین .لێ دەرئەنجام، ئەو قوربانییانە شەپۆلی عێراقچێتی،رایماڵیون و ، لە باشترین ساتەوەختدا، بەهایان کراوەتە قوربانی گەمەی موفاوەزات و راگەیاندنێکی بەرپرسێکی یەکێتی و بڵندکردنەوەی دروشمی ناکوردستانی وەک :
ـ خەباتمان بەشێکە لە خەباتی گەلانی عێراق
ـ بۆ ژیان لە عێراق دا تێدەکۆشین (واتە کیان و سیستەم و رەنگە رژێمی عێراقیان قبوڵ بوو بێت).
ـ دیموکراسی بۆ عێراق.(واتە دەوڵەتی داگیرکەر و دیموکراسی بۆ کوردستان).
کۆمەڵە،هەڵگری بیری م. ل یان ماویستی بون،بەم بیرەش چ دەردێکی کورد،شیاوی تیمارکردن نەبووە و نابێت. ئیدی ئەوەش لە تایبەتمەندێتی خەسڵەتەکانی جڤاکی کوردیی و ئەقڵێتی سەرانی کورد و حیزبە سیاسییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە،نەک وەک تیۆریی نێو کتێبان لەم خاڵە بنواڕین.
گوتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان
نوسەر، پوختەی گوتاری یەکێتی دەبەستێتەوە بە بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتییەوە،کە بریتییە لە:
ـ هێزە شۆڕشگێرەکانی کوردستان، لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخواز و چەپە نەتەوەییەکانی عێراقدا دەست بخەنە ناودەست(واتە سوریا). لە پێناوی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی شۆڕشی دیموکراسی نیشتیمانی کە گەلی عیراق بە عەرەب و کورد و کەمە نەتەوەیەکانەوە رووبەرووی دەبنەوە. ئەرکەکان بریتین :
١ـ رزگارکردنی عێراق لە کۆت و پێوەندی کۆلۆنیالیزمی نوێی ئابووری و سیاسی
٢ـ کۆتایی هێنان بە فەرمانڕەوایەتی دیکتاتۆری خوێنرێژ
٣ـ هێنانە کایەی دەسەڵاتێکی دیموکراتی هاوپەیمانی نیشتمانی توانادار بۆ دابینکردنی دیموکراسی بۆ هەموو گەلی عێراقی سەربەخۆ
٤ـ جێبەجیکردنی چاکسازی ریشەیی لە بواری کشتوکاڵدا
٥ـ بە پیشەسازی کردنی وڵات و بەکارهێنانی سامانی نەوت و کانزایی بۆ گەشپێکردنی عێراق ئامادەکردنی پێداویستییەکانی گواستنەوە بۆ بیناکردنی سۆسیالیزم
بەجێهێنانی ئەم پینج ئەرکە توانای هەیە عێراق بخاتە سەر رێگای خەباتی عادیلانەی عەرەبی دژی ئیمپریالیزم و سەهیۆنیزم و کۆنەپەرستی و ئامادەکردنی توانا لە بن نەهاتووەکانی عێراق و خستنەکاری لە شەڕی چارەنووسدا کە نەتەوەی عەرەب دژی ئیمپریالیزم و سەهیۆنیزم هەڵیدەگیرسێنێت...
دەبا پێش من خوێنەر خۆی بڕیار بدات، لە کوێی ئەم گوتارەدا، ناسیونالیزمی کوردی هەیە؟ نوسەر وێڵی چییە و گەرەکێتی چ بە خوێنەر بفرۆشێ؟!ئەمە کام گوتارە، کوردییە یان عێراقی عەرەبییە؟داخۆ دەبێ بە چ پێوەر و میتۆدێک، ئەم دروشم و بۆچوونانە بخوێنینەوە؟
نوسەر بە زەبری قەڵەمەکەی، دەیەوێ ئەم گوتارەی یەکێتی، بە گوتارێکی بارگاوی بە رەگەزەکانی ناسیونالیزم ناوزەد بکات. بەراستی، لە نووسینی کوردیدا، ناهەقی لەم چەشنە، کەم بەرچاو دەکەوێ،کاک عەتا چۆن دەیەوێ ڕەش بکات بە سپی و جەسووری دەکات پێمان بڵێ ، ئەمانە رەگەزی گوتاری سەربەخۆیین!لە کاتێکدا تا تەپڵی بن چاڵ، لە قوڕی خەستی عێراقچێتی و عروبەدا نقووم بووە. ئەرێ بە کامە ئاین و باوەڕ،کاری کوردە،بەو هەندازەیە دژی زایۆنیزم و ئیمپریالیزم بێ !!.ئەوەتا هەر خودی کاک عەتا،لە ژمارە یەکی رێبازی نوێ دا ئەم بڕگەیەمان بۆ دەخاتە بەرچاو: "رێبازی نوێ ،رێبازی یەکێتی و برایەتی و تێکۆشانی کورد و عەرەب و هەموو هاونیشتیمانییەکانی عێراقە.رێبازی بەگژداچوونەوەی شۆفێنیزم و تاکڕەوی و نەتەوایەتییە، رێبازی دوژمنایەتیکردنی ئیلحاق و جیابوونەوەخوازییە".
لە هیچ بڕگەیەکدا،پرسە نەتەوەییەکان، سەربەخۆیی کوردستان، دەوڵەتی کوردی/نەتەوەیی بەرچاوناکەون.ئامادەگییان نییە، بە تاکە دێڕێکیش ئاماژەیان بۆ نەکردووە.
خوێندنەوەی من بۆ ئەم بەرهەمەی کاک عەتا ،هێندەی ئێخەگیرییە لەگەڵ بیروبۆچوونە چەوت و شێوێندراوەکانی نوسەردا،چ دەخلێکم بەسەر مێژووی کەس و لایەنێکەوە نییە. چونکە بەلای باوەڕی منەوە، ناسنامەی ئەوانە، لە مێژساڵە لای کەسانی بە ئاگا و هۆشیاری شۆڕشگێر و رۆشنبیری کوردەواری روون و ئاشکرایە.ئەوانە،لە مێژە خۆیان و خانەی فیکریی و ناسنامەی ستراتیژی خۆیان ئاشکراو و جیاکردۆتەوە... ئیدی هەرچی هەوڵێ، بە راست یاخود بەدرۆ بدرێ، بۆ دادڕینی بەرگی کوردایەتی یان هەڵسوونی رەنگی کوردستانی بوون هەیە بۆ کەس و لایەنێک،کە لە دووتوێ بەرهەمێکی ئاوهادا،هەستی پێدەکەین ،یان هەر هەوڵێکی تری چەواشەکارانە،هەر هەمووی لە رووی مێژووی راستەقینەوە دەچنە خانەی هەوڵە نەزۆک و کورت تەمەن و دەستکردەکانەوە... جا ئیدی کەسێک بۆ مەرامێکی تایبەت و بە پێی بەرنامەیەکی ناواقعی هەوڵی شێواندن بدات،هیچ کاتێ کارەکەی جێی دەستخۆشی و جێی شانازی نییە و بەرهەمەکەشی پوچەڵە و نرخی سەلکە پیازێکی رزیوی نابێت،کە فرێدەردێتە دەرەوەی پێداویستییەکانەوە. جارێکی دیکەش جەخت دەکەمەوە، هەر قسەیەکم، لەسەر هەر بڕگە و جیهانبینی و هەڵوێستێکی کەس و لایەنێک تۆمار کردبێ،راستەوخۆ دەقە ئەسڵەکەم لە بەرهەمەکەی کاک عەتاوە وەرگرتووە. یان ئەو ناچاری کردووم چاو بەو رۆژگارانەدا بخشێنمەوە.
کاک عەتا،گەرەکێتی بەزۆر شت هەڵبەستێ و ختوکەی باڵفەرەحی لایەنێک بدات... پێم چاک بوو برای نوسەر بەرهەمەکەی نێوێکی دیکەی لێبنایە، نەک گوتاری ناسیونالیزم....ئاخر ناکرێ باس لە وەرزەکانی ساڵ بکەین و ، وەرزی بەهار لە بیر بکەین،یان چاوی لە ئاستدا بنووقێنین .
نوسەر،پشتی بە ٧٢ سەرچاوە بەستووە و باسەکەی لە ١٢١ لاپەڕەدا خستۆتە بەرچاو.
بەشی دەیەم: گوتاری حیزبی سۆشیالیستی کوردستان
کورتە باسێکی دامەزراندن و پێکهاتەی ئەم حیزبە دەکات،کە دوای هەرەس لەلایەن دەستەیەک لە کادێرە دیارەکانی هەردوو باڵی پارتی دروست بووە و وەک نوخبەیەکی بەرپرس باسیان لێوە دەکات.نوسەر پەنجە بۆ ئەوە رادەکێشی،کەوا لەرووی داوا و ستراتیژەوە،چ جیاوازییەکی دیار لە نێوان گوتاری سۆسیالیست و یەکێتی،کە تا ساڵی ١٩٧٩ ،سۆسیالیست خۆی بەشێک بووە،لە یەکێتی و لایەنەکانی دیکەدا نییە. لە بەیاننامەی دامەزراندنی حیزبەکەدا هاتووە:" لە عێراقێکی سۆشیالیستیدا، بزوتنەوەکەمان،بزووتنەوەی کرێکار و جوتیار و شۆڕشگێڕەکانی کوردستانە،لەسەر رێبازی پێشکەوتووانە و عیلمییانە خەبات دەکات بۆ گەیاندنی گەلەکەمان بە مافی چارەنووس".
من پێموایە،سۆسیالیست بەم تێزانە قوڕی داگیرکەرچێتی زێتر خەست دەکردەوە...ئەو قووڕەی پارتی و یەکێتی ،تا بینەقاقایان تێیدا نوقمن. نووسەر، ئەوجا رۆڵی سەرکردەکانی ئەو حیزبە باس دەکات و بە تایبەت لە موفەوەزاتی ١٩٧٩ دا...دواتر لە لاپەڕە ٣٧٧ دا دەنووسێ:" سەرباری هاتنە دەرەوەی سۆسیالیست لە ژێر چەتری یەکێتی نیشتمانی،بەڵام گوتاری سۆشیالیست و ڕوانینی هەر هەمان گوتار و روانینی یەکێتی نیشتمانییە و ئەو گوتارەش لە بنەڕەتدا گوتاری مام جەلالە و بە ئاشکراش کاریگەری سوریا یە و گوتارەکە دەتوانین بڵێین ئەم گوتارە ئەوەندەی بە توخم و رەگەزەکانی ناسیونالیزمی عەرەبی بارگاوی کراوە،ئەوەندە کاریگەری توخم و رەگەزەکانی ناسیونالیزمی کوردی پێوە دیار نییە". کاک عەتا درێژە بە باسی سۆشیالیست و بەشداریی و رۆڵی لە هەردوو بەرەی جوقد و جود دا تا یەکگرتنی لەگەڵ پاسۆک و گەل دا دەکات.دواتر نیوەی سۆسیالیست دەچنە ناو پارتی و نیوەی دیکەی بۆ ناو یەکێتی دەچن. تا سەرئەنجام کاک محەمەدی حاجی مەحمود،سکرتیری ئێستای سۆسیالیست ،لە یەکگرتنی لەگەڵ پارتیدا پاشەکشە دەکات و لە ژێر ناوی سۆشیالیستدا درێژە بە خەبات دەدات. بە درێژایی ئەو هەموو قۆناخە،گۆرانکارییەکی گەوهەری لە بەرنامە و ستراتیژی ئەم حیزبەدا، لەسەر ئاستی گ.ن.ک روو نادات.رەنگە هەندێ هەڵوێست و راگەیاندنی کاکە حەمەی حاجی مەحمود،لەم دواییانەدا،(دیداری سلێمانی ٢٠١٥)بۆ نموونە ئاماژەیەکی ئەرێنی بێت،بەرەو گۆڕانکاری بە ئاڕاستەی ناسیونالیزم. باسەکەی کاک عەتا لە دووتوێی ١٦ لاپەرە و پشتبەستن بە ١٠ سەرچاوەدا،کۆتایی دێت.
بەشی یانزەیەم: گوتاری پارتی کرێکارانی کوردستان
بە پێشەکییەکی مێژوویی لە شەڕی چاڵدێرانەوە و میرنشینی بابان و بەدرخانییەکان دێتە نێو باسەکانەوە. شۆڕشەکانی شێخ عوبێدوڵڵای نەهری ،دەکاتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ هاتنە کایەی پ ک ک ،لەسەردەستی کۆمەڵی کورد و تورکی چەپخوازدا،بە رێبەرایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ساڵی ١٩٧٨،بانگەوازی ئەم حیزبە نوێیە دەدرێ.ئەوجا،ئاماژە بە نێوی چەند حیزب و رێکخراوێکی دیکە دەکات،کە لەو ساڵانەدا،لە مەیدانی خەباتدا،ئەمانە چەپی ناسیونالیست بوون،لێ بە رۆڵێکی سست و پاسیڤییان هەبووە.کاک عەتا لە درێژەی باسەکەیدا،دەگات بە بەراوردکارییەکی بە دیقەت لە نێوان سیاسەتی میری کۆرەی رەواندز و سیاسەتی پ ک ک دا،کە ئەم حیزبە هەڵگری هەمان میتۆدی هێز و زەبروزەنگە ،گەرەکێتی لە رێی سەربازیی و توندوتیژییەوە یەکێتی کورد پێکبهێنێت.دیارە ئەم سیاسەتە بە گشتی شکستخواردووە و شیاوی پێڕەوکردن نییە.
نوسەر لەگەڵ توێژینەوەیەکی ووردی ستراتیژی پ ک ک دا،دیسان گومان دەخاتە سەر دروشمە تەمومژاوییەکانی ئەم حیزبە و بە تەواوی لێی روون نییە،مەبەست لە خەبات بۆ تەواوی کوردستانە یاخود تەنیا ئەو بەشەی باکووری ژێر چەپۆکی ترکیا؟!. یان ئەو بانگاشانەی بۆ سیستەمێکی فرە ئێتنیک و دیموکراسی و مافی هاوڵاتێتی بۆ کورد چییە و چۆنە و رەگەزەکانی ئەو کۆمارەی خەونی پێوە دەبینرێت کامانەن؟!.
دواتر،هەندێکی دیکە بەدەوری دروشمەکانی پ ک ک دا خول دەخوات و باس لەو وەهم و خەیاڵە دەکات،کە قسە لەسەر پێکەوە ژیان و سیستەمی نموونەیی دەکات،کە زۆر بە ناروونی بۆتە دروشمی نێوەندیی ئەو پارتە. وەک ئەوەی بە ناوی ئاپۆوە دەنووسێ :"ئەوەی کوردان دەیخوازن تەنیا رێزگرتن لە هەبوونیان و ئازادی بۆ کەلتوورەکەیان و خستنەگەڕی سیستێمێکی دیموکراتی تەواوە".ل ٣٩٦
پاشان دەنووسێ:" ئەگەرچی پارت کرێکاران وەها ناسراوە کە هەڵگری پرۆژەی رزگارکردنی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ و یەکگرتووی کوردستانە،بەڵام لە سەرزەمینەی واقیع ئەم بەرنامەیە و ستراتیژە جۆرێکی تر دەرکەوتووە و جۆرێکیش لە ناروونی یان تەمومژ لە بەرنامە و گوتاری پ ک ک لەو رووەوە دەبینرێت".
هەرچەندە باس لە خاڵێکی بەرهەستی گرنگ لە رۆڵ و بەرنامە و کارکردنی پ ک ک دا لەسەر دروستکردنەوەی کەسایەتی تێکشکاوی کوردی دەکات،لێ دیسان لە پێڕەودا، کار و پابەندبوونی پێویست بەم داوایانەوە نەکراوە. باس لەوەش دەکات کە پ ک ک ،پارتێکی مارکسی لینینییە.لە بەرنامەی خۆیدا خەبات دژ بە فیودالیزم و کۆلۆنیالیزم و جیاوازی چینایەتی دەکات.دەرئەنجام دەڵێ : "ئەم حیزبەش هەڵگری بەرنامە و پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان نییە،ئەگەرچی هەندێ لە رەگەزەکانی ناسیونالیزمی کوردیی ئامادەیی هەیە".
لە ئێستا دا،بە تایبەت پاش دەستگیرکردنی ئۆجەلان، ناسیونالیزم و بیری سەربەخۆیی کوردستان،گورزی کوشندەی بەردەکەوێت..هەر رۆژە بە راگەیاندێک
بەشی دوانزەیەم: کۆمەڵگەی کوردی و عیمرانی مرۆیی ناتەواو
لەبەر رۆشنایی تیوریی عیمران لای ئیبن خەلدوون دا"مادەی کۆمەڵایەتیبوونی مرۆییە و وێنەکەشی دەوڵەتە".کە بە نێوەرۆک بریتییە لە ئاوەدانی و دروستکردن و نیشتەجێبوون...
لەم تیورییەدا، عیمران و دەوڵەت،دوو رووی یەک دراون. ئەم دوانەیە درێژەو تەواوکەریی یەکترن . نووسەر زۆر لەسەر ئەم تیۆرییە دەڕوات و باس لە پرۆسەی گەشەکردن واتە بە کۆمەڵایەتیبوونی سروشتی تا پلەی دامەزراندنی دەوڵەت دەکات...بەڵام وەک هەموو دەزانین هەموو دەوڵەتە عەرەبیەکان و بەشێکی تری دەوڵەتانی ناوچەکە و دنیا،بەرهەمی رێکەوتنامە و بڕیاری سیاسین و لەدەرەوەی ئەم هاوکێشەیەن،کە کاک عەتا باسی لێوە دەکات. بە ڕای نووسەر ، لە کۆمەڵایەتیبووندا کورد نەیتوانیوە دەسەڵاتێک بەرهەم بێنێ، دەوڵەت دروست بکات،لاوازی ئاستی کۆمەڵایەتیبوونی لە رابردووشدا،وای کردووە،خێڵ و عەشیرەتەکانی دوور لەیەک بژین و نەتوانن تێکەڵی یەکتر بن و فیدراسیۆنی لە نێوخۆیاندا دابمەزرێنن.
نەگەیشتن بەم پلە کۆمەڵایەتییە،وای کردووە، قەوارەی بچوک بچوک و دابڕاو لە یەکتر،لە سنوری خێڵ و هۆزدا ،تا بەرزترین پلەی میرنشین پێک بێت.
کاک عەتا خوێندنەوەیەکی بە سەلیقە بۆ تیوریی خەلدوون دەکات و ،باس لەوە دەکات معاش و رزق رۆڵی بزوێنەر دەبینن لە عیمراندا... هەر بەم پێودانگە نووسەر لای وایە کەشوهەوا و خاک و ئاوی کوردستان وەک پێویست لەبارنەبووە بۆ بە کامڵ گەیشتنی پرۆشەی کۆمەڵایەتیبوونی سروشتی و دروستکردنی زەمینەی بە پیت،وەک هۆکارێک بۆ نیشتەجێبوون و و رەخساندنی بژێوی بۆ خەڵک...کورد هەر کۆچەر و نیمچە کۆچەر بووە،هۆکارەکانیشی بە درێژایی مێژوو ناسەقامگیریی و شەڕ و پێکدادانی لەشکری داگیرکەران و بێگانە بووە.
نوسەر لە دیدی خۆیەوە هەندێ بەرواردکاریی و چەردەیەک بیروڕا دەردەبڕێ،کە دەکرێت بکرێنە کەرەسەی گەنگەشە و لێکۆڵینەوەی قووڵ و فراوانتر لەسەر ئەم بابەتە. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بەوە بدەین،کاک عەتا ئاوەزمەندانە،پرسی کورد بەم تیورییەوە دەبەستێتەوە و دەرئەنجامی خوێندنەوەکەی بۆ ئەم تیورییە، هەوڵ بۆ لێهەڵهێنجانی بیر و ئایدیای نوێ دەدات و خوێنەر دەخاتە بەردەم بیرکردنەوە و پرسیارکردن و رامان و عەوداڵبوونی رێگاچارەی کێشە سەرەکییەکەی کورد.
بەشی سیانزەیەم : چۆن دەوڵەتی کوردی پێکدێت؟ گوتاری ناسیونالیزم!
لەم بەشەشدا،کە دوا بەشی بەرهەمەیەتی کاک عەتا بە بۆچوونێکی هێگڵ: " بۆ گەیشتنی کۆمەڵ بە دەوڵەت،کۆمەڵ بە قۆناخی خێزان،کۆمەڵی مەدەنیدا تێدەپەڕێت و دەگات بە دەوڵەت.(دەوڵەتی سروشتی)". هەر دوابەدوای ئەمە گوتەیەکی هۆبز دێنێتەوە:"دەوڵەتی سروشتی بریتییە لەبەردەوامبوونی دەسەڵاتی باوک کە درێژدەبێتەوە بۆ خێزان و لقەکانی ".
پێبەپێی ئەم بۆچونانە،نوسەر دەڵێ خێزان بنەمای سەرەکی دروستبوونی دەوڵەتە. جا ئایا لە کورد یان ئەو نەتەوە و گەلانەی هێشتا نە بوونەتە خاوەن دەوڵەت،خێزان نییە؟یاخود کۆمەڵی بێ خێزان هەر هەیە؟!دوا بۆچوونێک لەمەڕ دەوڵەت لەم بابەتەی کاک عەتادا روانگەی مارکسیزمە،کە دەوڵەت بە بەرهەمی پەرەسەندنی ژێرخان و لە ئەنجامی ئەوەشدا سەرخانی کۆمەڵگەیە و بەو پێیەش بزوێنەری مێژووی ئابوورییە.
ئەم سێ هۆکارەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، نەبوونە دەروازەیەک بۆ ئەوەی کورد لێوەی بچێتە نێو مێژووەوە. لەسەردەمی نوێشدا کورد نەیتوانیوە،لە کەناڵی مۆدێرنێتەوە دەوڵەت بۆ خۆی دروست بکات. پاشان قسەکردن لەمەڕ نەتەوە، بە گوێرەی پێناسە بنەما کلاسییکەکە بریتییە لە:زمان،مێژوو، دابونەریت و جوگرافیای هاوبەش. بە پێودانگی مۆدێرنێتە بریتییە لەوەی: دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات.
دوای پێشکەشکردنی ئەم هەموو تێز و تیوریی و بۆچونە جۆراوجۆرانە ،نوسەر پێی وایە کورد نە خاوەنی:
١ ـ چینی بۆرژوای پیشەسازیی نیشتمانییە،بە سیفەتەکانی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە.
٢ ـ نە خاوەنی ئایینێکی تایبەت بە خۆییەتی،کە لای وایە "تەسەوف"دەیتوانی ئەو رۆڵە بگێڕێ.
٣ ـ رەگەزەکانی "خوێن و دەمار"لە ناو کورد دا نەیانتوانیوە،رۆڵی بزوێنەری کۆمەڵگە بگێڕن.ئەگەرچی ئەمانە لە نێو عەرەبدا بۆ نموونە رۆڵی پۆزەتیڤی خۆیان گێڕاوە.
کەواتە، هەبوون یان نەبوونی سەرجەم ئەو بنەماو پێداویستییانە،مەرجی سەرەکی زیندەیی نین بۆ دروستبوونی نەتەوە ودامەزراندنی دەوڵەت...
پاشان باس لە فرە زاراوەیی و مەزهەبی جیاواز و تۆپۆگرافیای نالەبار و لەبەرچوونی ئابووریی(کە ئەمەیان بۆ یەکەمجار بۆچوونی مامۆستا مەسعوود محەمەدە لە نێو کورددا و کاک عەتا بە هیچ کلۆجێک ئاماژەی پێنادات و دەست بۆ بەرهەمەکانی مامۆستا درێژ ناکات)..هەر لەم رەوتەدا خێڵ و هۆزی جۆراوجۆر و سازنەدانی بازاڕی هاوبەش...هەموو ئەمانە فاکتن بۆ ئەوەی لای کورد پرۆسەی کۆمەڵایەتیبوون سستی لاواز بێت،کەواتە ناسیونالیزمی کوردی توانای ئەوەی نەبێت ببێتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری خاوەن پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی.
لەسەردەمی هەبوونی حیزبی کوردییەوە،دەست بە چالاکی سیاسی کردن،دروشمی هەرە سەرەکی حیزبەکان،هیچی هەڵگری پرۆژەی دەوڵەت نەبووە.بەڵکە داوای دیموکراسی بۆ دەوڵەتی داگیرکەر و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردی بندەست کراوە.
لەگەڵ باسکردنی باشووری کوردستان دەرفەتەکانی راپەڕین لە ١٩٩١ و رووخانی رژێمی بەعس و سەددام ،لە ٢٠٠٣دا،پلەی بەرزبوونەوەی داواکانی کورد بە بنمیچی فیدراڵی گەشتووە. ئەمە هیچ تێری پرۆسەی سەربەخۆیی ناکات..
نوسەر دەپرسێ،ئەمە دەبێت تا کەی وا بێت؟ کەی کورد دەتوانێ ببێتە خاوەنی پرۆژەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت ؟.
بۆ بەستنەوەی ئەم پرس و داوایانە بە دنیای سەردەمەوە،نوسەر بۆچوونێکی سادە دەردەبڕێ و دەڵێ: " لە کاتێکدا ئێستا لە ئەوروپا دەولەتی نەتەوەیی بەرەو لەدەستدانی زۆرێک لە خاسێتەکانی خۆی دەچێت و بەرەو یەکێتی ئەوروپی هەنگاو دەنێ".لە راستیدا ئەمە هیچ وا نییە و هیچ دەوڵەتێکی ئەوروپا چ خەسڵەت و تایبەتمەندێتی خۆی لەدەست نەداوە. ئایندەی ئەم یەکێتییە،کەس نازانێ بەرەو کوێ مل دەنێ.ئەگەرچی دەستکەوت و نموونەیەکی ئەرێنییە بۆ جیهان،لێ ،مەگەر ترس و هەڕەشەی دەرەکی بۆ نموونە رووسیا،لە رووی سیاسییەوە یەک بخات. دەنا ئەڵمان هەر ئەڵمانە و فەرەنسی هەر وەک خۆیان و لە وڵاتی خۆیاندا دەژین و شانازی بە هەموو دەستکەوت و رابووردوویانەوە دەکەن... کێشەیەی ئینگلیز و یۆنان و ئیرلەندە و ئیسپانیا و رەنگە ئیتالیا و هۆلەندە و وڵاتانی سکەندەناڤی و بەشێکی ئەوروپای رۆژهەڵات و زۆر وڵاتی تر و قەیرانی جۆراوجۆر هێشتا کۆسپن لەبەردەم یەکێتی ئەوروپایەکی تۆکمەی یەک بلۆکیدا.
نوسەر پێی وایە حیزبە کوردی و کوردستانییەکان لەسەرتاسەری نیشتماندا هێشتا نەبوونەتە هێزێکی بکەری کارای دامەزراندنی دەوڵەت. ئەم بۆچوونەش کتومت بە ملی حیزبە گەورە و خاوەن دەسەڵاتەکاندا بە دروستی دادەبڕێت و پڕ بە باڵایان دەردەچێ.
کۆتای باسەکەی بە کێشە و ململانێکانی نێو حیزبەکانی باشوور و سەرنەکەوتن لە ئیدارەکردن و بڵندکردنەوەی دروشمی سەربەخۆییدا دێنێ. بۆ گەیشتنی کورد بە دامەزراندنی دەوڵەت،داوای پرۆسەی (رێنیسانسێکی نەتەوەیی کوردی ) دەکات. ئەمەش دەبەستێتەوە بە دوو ئەرکەوە:
١ـ بیناکردنەوەی کەسێتی تێکشکاوی تاکی کورد و رزگارکردنی لە باوکی داگیرکەر.
٢ـ پرۆژەیەک ناسیونالیزمی کوردی بکاتە بزوتنەوەیەکی جەماوەریی کۆمەڵایەتی. هەر لەم کۆنتێکسەدا بۆچوونێکی (هێگڵ)مان دەخاتەوە یاد کە دەڵێ:" مرۆڤ تەنیا لە دەوڵەتدا بوونێکی ئاقڵانەی دەبێت".
هەموو ئەمانە هاوشانی یەکێتی و یەکگرتوویی مرۆیی و نامرۆیی ،کورد بکاتە بکەرێکی کارا و خاوەن کەسێتی و ناسنامە،دێنە ئامانج.
هەڵبەت چ لارییەک لەسەر ئەم لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن و پێشنیاز و داواکارییانەدا نییە و دەکرێت هاوڕای بین و لە ئەنجامی گفتوگۆ و بیرکردنەوەی قوڵترەوە،ئەم بیرۆکانە خەست و دەوڵەمەنتر بکرێ . بەهەرحاڵ ،کاک عەتا بەشدارییەکی باش لە وورووژاندنی ئەم باسانەدا دەکات و زۆر بە سەلیقەوە دوای پرسەکە کەوتووە لەم بەشەدا،گەرەکێتی هەڵهێنجانێکی پوخت و باش بداتە دەست خوێنەر. رەنگە برای نوسەر لەوە ئاگادار بێت،چەندساڵە هاوبیرانی نەتەوەیی دەیانەوێ کۆمەڵەیەک دروست بکەن،بۆ ئەو ئامانجانەی کاک عەتا،دەستنیشانی کردوون،لێ دەسەڵاتی کوردیی ،بە تایبەت پارتی کە سەرۆکایەتی و وەزیری نێوخۆی هەرێمیان بەدەستە،بە هەموو ووزە و توانایانەوە رێگریی و لەم هەوڵە دەکەن و دوژمنایەتی توندی هەڵگرانی بیری کوردایەتی دەکەن،ئەوانەی ناچنە سەر خوانی ئامادەکراوی ئەوان....
ماوەتەوە بڵێین، دەبا کاک عەتا، وەک ئێستا سڵاو بارانی پێشمەرگە و بەرپرسەکان دەکات(کە بە باوەڕی من، کارێکە هەڵقوڵاوی دڵسۆزییە). بەهەمان گیانی ئەمەکدارییەوە، تاجە گوڵینەیەکیش بخاتە سەر گڵکۆی گیانبەختکردووانی پاسۆک، ئەوانەی لە دەیان داستانی قارەمانێتی، سەنگەرە بە ئابڕوو و خۆڕاگرەکانی : هەیئەی کەرکووک و زیندانی موسڵ و ئەبوغرێبی بەخدا و ئەوانەی لە فلکەی سجن و فلکەی نالی گوللەباران کران و ئەوانەشی لە پێدەشت و قەدپاڵ و سەر کێوەکان خوێنیان بە سەر دەشت و دەر و تاشەبەردەکانی کوردستاندا رژاند.وەک : کاک ئازاد مستەفا و شەهید فەرهاد خەفاف و مولازم حەمە شەوقی و مەلا یادگار و شەهید مەشخەڵ و شەهید بێستون و شەهید بارزان.شەهید سەردار،شەهید ئومێد،شەهید کامیل و شەهید جەمال و دەیان و سەدان شەهیدی دیکەی، هەڵگری گوتاری ناسیونالیزمی کوردی بە پرۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆشەوە...ئەمانە سووتەمەنی و رووناککەرەوەی ئەو رێباز و بزوتنەوەیەن ،کە گوتاری ناسیونالیزمی کوردی ،بۆ دروستکردنی تاکێکی کورد،کە سەپانی بابی کەس نەبێت... تا دوا هەناسە،وەک پاسۆک فێری کردبوون، رقی پیرۆزیان دەست نەگێڕانەوە بوو لە داگیرکەر و دوژمن. ئەم پۆلە گینابەختکردووە، هاوشانی سەدان و هەزاران هەزاری دیکە،کە درێژە بەو رێبازە دەدەن، ئامانجیان دوا پلەی باڵای گ.ن.ک بوو، هەڵکشان بوو بەرەو مرۆڤایەتی،کە لە خودی خۆیدا،واتە کوردایەتی..بە مانای گەیشتن بە سەربەخۆیی، لە سێبەری{ کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان} دا...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست