پارتەکانی حکومەتی بنکە ترسنۆک، ناوێرن کاندیدیان هەبێت بۆ سەرۆکایەتی هەرێم
Friday, 17/04/2015, 2:27
پارتە سیاسیەکانی بەشدار بووی حکومەتیی بنکە فرەوان، سەرکردەکانیان، کەوادیریی ناوەندیان، لەسەر تەختەی شانۆی سیاسیی هەرێـم خەریکی پێشکەش کردنی شانۆگەرین، هەوڵدەدەن دەوری ئەکتەری زۆر شارەزا ببنین لە نمایش کردنی دەوری ناراستەوخۆ لە زەمینە سازکردن بۆ مانەوەی سەڕۆکی هەرێم لە پۆستەکەییدا.
تەماشاکەریی ئەو شانۆگەرییە میللەتیی باشورە، ئەو جارە پێویست دەکات زۆر بە شارەزاییانە چاو لەو شانۆگەرییە بکات، خۆی نەدزێتەوە لە دیتنی راستییەکان، بیکات بە سنگی مەحەک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان، ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵسەنگاندنی سەرکردەی پارتەکان، موزایەدەیی سیاسیی و بەڵێنە ساختەکانی سەردەمی هەڵبژاردنەکان.
مەسعود بارزانی بە هەر چ پیوەرێک بێت کاتی ئەوەی هاتوە بگۆردرێت. بوونی کاندیدی ڕکابەر بەرامبەر بە سەڕۆکی هەرێم، هەنگاوێکی گرنگە، سەرکەوتنی دەبێتە خاڵی وەرچەرخاندن لە مێژووی جۆری دەستاو دەست کردنی دەستەڵاتی سیاسیی لە باشووریی وڵات، گۆڕینی کەلتوریی چەقبەستوی عەشایریی سەپێندراو بەسەر سیستەمی سیاسیی هەرێم.
کۆمەڵگای بەحزبیکراوی بێ ئۆپۆزسیۆنی باشوری وڵات، لە ژێر سیستەمی سیاسیی خێل وخێزانداییە، خاون هەیکەلێکی سیاسیی ئابووریی گەندەڵە. لە ژینگەیەکی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوریی بەو جۆرەدا، چاوەروانی ئەوە ناکرێت کاندیدی سەربەخۆ بێ پشتیوان بتوانێت سەرکەوتوو بێت لە ڕکابەریی کردن بەرامبەر بە سەڕۆکی هەرێم،ئەزمونی ساڵانی رابردوش ئەو راستییەی سەلماندوە.
لە هەڵبژاردنە پڕ تەزویرەکەی پەرلەمانی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٣دا، کۆمەڵێک پارت لەهەرێم زۆرینەی دەنگیان هێنا، چوونە نێو دەستەڵاتی سیاسیی هەرێم، حکومەتی بنکە فرەوانییان پێکهێنا. کەواتە ئەو پارتانە خاوەن پێگە، هێز و تواناییەکی جەماوەرین کە ئیمرۆ بتوانن بەکاری بهێنن لەسەر ئاستی پەرلەمان و شەقام، بۆ یەک لاکردنەوەی ئەو پرسە چارە نوسسازە.
ئاماژەکان وا دەردەخەن پارتەکانی بەشدار بووی حکومەتی بنکە فرەوان، ئێستآش ئەو مەبەستەیان نییە لەبەر چەند هۆییەک
یەکەم، ئەو بوێریەیان تیادا بەدی ناکرێت، هەموویان هێشتا ترس و سامی بنەماڵەی بارزانیان لە دڵ و دەرووندا هەییە.
دووەم، سەرکردەی ئەو پارتانە بڕوایان بەخۆیان نییە.
سێهەم، سەرکردەی پارتەکان کەسیان یەکتریان قەبوڵ نییە، بەڵام هەموویان سەڕۆکی هەرێمیان قبوڵە.
چوارەم، گرنگی لای ئەو پارتانەو سەرکردەکان تەنیا بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوورییە.
بەدرێژایی بیستو چوارساڵ دەستەڵاتی بنەماڵەو خێزان پەیرەو دەکرێت لە هەرێم، هەر جارێک لە ژێر ناوێک و دێکۆرێکی جیا. تاوەکو ئیمرۆ یەک پارتی سیاسیی، یەک سەرکردەیی ئەو پارتە دەستەڵاتدارانە، لە هیچ خولێکی هەڵبژاردن کاندیدیان نەبووە، هەتا ئەو کاتانەی هەندێک پارت لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش بوون ئەو جورئەتەیان نەبوو، ئەو هەڵوێستەیان نەنواند و پشتیوانیان لە کاندیدە سەربەخۆیەکانیش نەکرد.
ئیمرۆ ئەو لێپرسراوییە مێژوویە دەکەوێتە ئەستۆی میللەت، دەبێت هەوڵبدات دەوری میژوویی خۆی ببێنێت بەوەی فشار دروست بکات لەسەر ئەو پارتانەی کە بە دەنگی ئەوان گەیشتونەتە دەستەڵات، بۆ ئەوەی کاندیددیان هەبێت بۆ ڕکابەریی بەرامبەر بە سەڕۆکی هەرێم، کە یەکێکە لە هەنگاوە هەرە بوێرەکان پێویستە بکرێت بۆ شکاندنی سنوری تەلبەند کراو کە کەس شایەنی ئەو پۆستە نییە تەنیا ئەو کەسانەی کە ئەندامی بنەمالەی بارزانیین یان ئەندامی خێزانی تاڵەبانیین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست