کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو هەڵەیەی بریمەر كردی دەبێت ڕاست بكرێتەوە

Monday, 13/04/2015, 18:24


      ئەو كاتەی كە پۆل بریمەر بوە حاكمی سەربازی ئەم وڵاتە بۆ ئەوەی زۆرترین كەس لە تێكڕای عێراقیەكان لەدەوری عەرشەكەی خۆی كۆبكاتەوە ، بەشێوەیەكی وا گۆڕانكاری لە موچەی پۆستە باڵاكاندا كرد كە عێراقیەكان تا ئەمڕۆش شەریانە لەسەر دەستخستنی ئەو پۆستانە، گۆڕانكاریەكە تەنها لە پۆستە باڵاكاندا نەبوو بەڵكو هەموو موچەخۆرانی گرتەوە ، هەر ئەو گۆڕانكاریە كە دەكرێت ناوی بنێین تەخشان و پەخشانی پارەی ئەم وڵاتە چارەنوسی ئەم وڵاتەی بە ئەمڕۆ گەیاند، ئاخر وڵاتێك كەهەموو داهاتەكەی تەنها ناردنەدەرەوەی نەوت بێت هەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەكرێت، لە كاتێكدا كە ئەم وڵاتە وڵاتێكی كشتوكاڵیشە كەچی لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەی بەرپرسان كەرتی كشتوكاڵ بەتەواوەتی ویران بووە، چونكە تێچوی بەر هەمهێنانی هەر بەروبومێكی كشتوكاڵی چەند هێندەی تێچوی وڵاتانی دراوسێیە، نەك تەنها كشتوكاڵ ئەو تەخشان و پەخشانەی كەلە موچەو میزانیەو خەرجی دامودەزگاكاندا لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وای كردووە كە وڵاتی لەڕوی ئابوریەوە توشی هەڵاوسانێكی سەخت كردووە، ئەوە بێجگە لە بونی دەیان هەزار لە موچەخۆرانی بندیوار ، بۆیە پێویستە ئەو هەڵە ستراتیژیەی كە كاتی خۆی بریمەر كردی لە بەهەدەردان لە بواری موچەدا بەزوترین كات ڕاست بكرێتەوە ، ئەگینا ئەم وڵاتە بەرەو داڕمانی زیاتر دەڕوات لە ڕوی ئابوری و داراییەوە.
       هەروەك لەدوایین لێدوانی سەلیم جەبوری، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، ئاماژەی بەكەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران كردبوو، كەرەنگە راستكردنەوەكە لێرەوە دەست پێ بكات، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو راستكردنەوەیە لەموچە باڵاكانی بەرپرسانی حكومەت و پەرلەمانەوە دەست پێ بكات، هەروەكو كورد دەڵێت (لەكەم كەم و لەزۆر زۆر).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە