گۆڕان رێگا خۆش دەکات بۆ مانەوەی مەسعود
Saturday, 11/04/2015, 20:15
رێکخەری گشتی حزبی گٶڕان دەربارەی درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی لە هەرێم گووتی "سیستەمیی سیاسیی کوردستان دەبێت وەک عیراق بکرێت بە سیستەمیی پەرلەمانی".
وتار لەسەر هەر بابەتێکی دیاری کراو بێت، بەوە بەهێز دەبێت کە پەنجە بۆ ڕاستیەکان درێژ بکات و پشت ئەستور بێت بە هێنانەوەی بەڵگەی مێژووی و نمونەی گونجاو. بۆ نمونە کاتێک لە وتارێکدا باس لە شۆرشگێری دەکرێت نمونەی پێشمەرگەیەکی ئازای بە هەڵوێست دەهێندرێتەوە نەوەک جاشێکی خۆفرۆش.
هێنانەوەی عیراق وەکو نمونەیەک و ناساندنی بەوەی کە سیستەمی پەرلەمانیی تیادا پەیرەو دەکرێت لەلایەن رێکخەری گشتی حزبی گٶڕانەوە، گەلێک پرسیار هەڵدەگرێت وکو، ئایا عیراق وڵاتێکی دیموکراتییە، سیستەمی دەستەڵاتی سیاسیەکەشی پەرلەمانییە؟ حکومەتی عیراق نمونەیەکی گونجاوە بۆ کورد؟ ئایا سیاسیەکانی کوردی خاوەن ئەزمونێکی دوڵەمەند لە راستی جۆری ئەو دەستەڵاتە سیاسیە نەگەیشتوون؟ یان دەیانەوێت خۆیان لە راستییەکان بدزنەوە، پێناسەیەک بۆ دەستەڵاتی سیاسیی عیراقی عەرەبی بدۆزنەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ جۆری هەنگاوەکانی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان؟ یان پاساو هێنانەوەییە بۆ رێگا خۆشکردن بەرەو ئەوەی کە بارزانی هەر بە سەڕۆکی هەرێم بمێنێتەوە؟
سیستەمی پەرلەمانی کاتێک بەرقەرار دەبێت کە سیستەمی دیموکراتی بە هەموو ماناو بنەماکانی لە سیستەمی حوکمدا خرابێتە بواری کارپێکردن، حکومەت خاوەن یاساو دەستورێکی کارا بێت کە توانیبیەتی بەهۆیەوە سنوور و بەرژەوەندیی میللی، نەتەوەی پاراستبێت و پارێزگاری لە مافی تاکو ئازادییەکانی کردبێت. بە هەرچ پێوەرێک سیستەمیی دەستەڵاتی عیراقی ئیمڕۆ هەڵبسەنگێنین، دەردەکەوێت ئەوەی بنەمایی دیموکراتی بێت لە نێو ئەو دەستەڵاتەدا بەدی ناکرێت، تاوەکو خاوەن پەرلەمانێکی دەستەڵاتدار بێت و کورد چاوی لێبکاو لاسایی بکاتەوە.
عیراق دەستەڵاتێکی سیاسی دیموکراتی خاوەن پەرلەمانێکی دەستەڵاتدار نییە. لەسەر بیناغەی ویست و هەڵبژاردەی خەڵک هەلنەبنژێردراوە، لابردنی سەدام، دامەزراندنی ئەو هەیکەلە سیاسییەی هەنوکەی عیراق بە ئارەزوو و ویستی زلهێزەکان بووە. حکومەتی عیراق دەستەڵاتێکی سیاسییە لەسەر ئەساسی سازانی سیاسیی و پشک (تەوافق و موحاصەصە) پێکەوە لەحیمکراوە، لە ژێر دەستەڵاتی زلهێزەکانی دنیا داییە بە لەبەرچاوگرتنی سۆزو بەرژەوەندیی ئێران، تورکیا. چەترێکە لە ژێریدا بەسەدان سەرکردەی عەرەبی و کوردی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و پارتەکانیان پیادە دەکەن. هەر هەموویان پێکەوە لەسەر بوونی گرفت، ناکۆکییە مەزهەبیی و تایفیەکانی نێو کۆمەڵگای نەگونجاویی پێکەوە لەحیم کراوی عیراقی دەلەوەرێن.
فوئاد مەعسوم لەلایەن پەرلەمانی عیراقیدا هەڵنەبژێردرا بۆ ئەوەی ببێت بە سەڕۆک کۆمار. ئەو پشکە بەر کورد کەوتووە، لە سەر بیناغەی رێژەی کورد لە عیراق و پەرلەمان، پارتە کوردیەکانیش لە بەغداد رێکەوتوون لە نێوان خۆیاندا لە سەر پشکی بەرکەوتووی کورد و دابەش کردنی، ئەو پۆستە بەشی پارتەکەی خێزانی تاڵەبانیە، بە رەزامەندی ئێران و زلهێزەکان فوئاد مەعسوم کراوە بە سەرۆک کۆماری عیراق، لە شانۆگەریەکدا کە هەموو سەرکردەی پارتە سیاسیە کوردیەکان لە رێگای ئەندام پەرلەمانەکانی خۆیانەوە رێگریان لەوپلانە نەکرد و سەریانخست. لەدەر ئەنجامدا ئەگەر کورد هەمان لاسایی کردنەوە ئەنجام بدات لە هەرێم، ئەوا سەڕۆکی ماوە بەسەرچوو بەبێ هیج کێشەیەک لە پۆستەکەی خۆی دەمێنێتەوە، هەتا ئەگەر ئەو پرسە لە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستانیش یەک لا بکرێتەوە بەهەمان شێوە دەبێت کە لە ناوەند ئەنجامدرا.
عیراق لە رێزبەندی گەندەڵی لە نێو نەتەوەیی دنیادا لە رێزی هەرە پێشەوەیە لە ئیدارەی حکومەتدا، ئەگەر سیستەم پەرلەمانی بێت، دەستەڵاتی داڕشتنی یاساو لێپرسینەوەی هەبێت، ئەوە دەبێت رۆژانە یەکێک لە سەرکردەی پارتە کوردیەکان و عەرەبیەکان راپێچی مەحکەمەی فیداراڵی بکەن لەسەر ئەو گەندەڵیانەی کە لە هەموو بوارێکدا لە تەشەنە کردندایە.
دەستەڵاتەکانی سەڕۆک کۆمار بە بەراورد کردن لەگەڵ سەرۆک وەزیران، ئەو دەستەڵاتە رەهایەی نییە لەسەر کاغەز، بەڵام ئەوی لە نێو حزبە کوردیەکان و عەرەبیەکانیش دەگوزەرێ پابەند نییە بە یاساو دەستوری وڵات. ئەندام پەرلەمانەکان لە هۆڵی پەرەلەمان رای خۆیان ساغ ناکانەوە لەسەر ئەساسی لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی گشتی و بڕوا بوون بە رەوایی بابەتەکان، بەڵکو ساغ کردنەوەی هەر بڕیارێک و یاسایەک پێش وەخت لە ژوورە تاریکەکان تاوتوێ دەکرێت، تەعلیمات دەدەن بە ئەندام پەرلەمانەکان کە دەنگ بە کام بڕیارو یاسا بدەن، کەواتە پەرلەمان لە هەیکەلێکی دیکۆری بەولاوە هیچ بوونێکی کەی نییە نە لە ناوەندو نە لە هەرێم.
لە دنیادا گەلێک وڵاتی پێشکەوتوو هەنە کە سیستەمی دیموکراتی تیادا پەیرەو کراوە، خاوەن ئەزمونێکی پەرلەمانی سەرکەوتوون، کە دەکرێت میللەتی کورد چاویان لێبکات هەوڵبدات سودمەند بێت لێیان، لەسەر ئەو ئەساسە یەکەم هەنگاوی خۆی بهاوێژێت بەرەو بە دیموکراتی کردنی سیستەمی سیاسیی، گەشە پێدانی سیستەمی پەرلەمانی لە هەرێم، لەو بڕوایەوە عیراق وڵاتێکە هەرگیز کورد نابێت بیکات بە نمونەی بەرز لای خۆی و هەوڵبدات لاسایی بکاتەوە، هێنانەوەی نمونەیەکی لەو جۆرە ئیجگار لاوازو بی بنەماییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست