خۆشبەختی سەگەكانی ئامەد وبەدبەختی سەگەكانی باشور؟!!
Friday, 28/12/2012, 12:00
ڕەنگدانەوەی دەسەڵات نەك بەتەنها لەسەر مرۆڤەكان بەڵكو لەسەر تەواوی پێكهاتەو زیندەوەرە جۆراوجۆرەكانیش كاریگەر دەبێت بەهەردوو باری پۆزەتیف ونێگەتیف، دەسەڵاتی دادپەروەر نیشتمانێكی ئاسودە دەئافرێنیت، بەپێچەوانەشەوە نەهامەتی و نەگبەتی تەواوی بونەوەرو بەهاكانی مرۆڤایەتی و وڵات نغرۆ دەكات، كاتێ دەسەڵات ناداد و گەندەڵ و پاشاگەردانی بێت. هەروەك وچۆن كۆمەڵگا دەكەوێتە گێژاوەو لەیاد دەكرێت. بەهەمان شێواز (ئیكۆلۆژی) ژینگە پارێزی فەرامۆش دەكرێت بەرەو وێران بوون دەچێت،هەڵبەتە لەكاتێكی وادا ئیدی ئاژەڵ وگیانەوەرەكانیش بەر ئەو شاڵاوە بەدبەختییە دەكەون و پاكتاو دەبن، بۆیە دەسەڵات بەرپرسە لەهەر نەهامە تییەك لەو سنورە جوگرافیەی حكومرانی تێدا دەكات، سیستەمی گڵۆباڵ سەرمایەداری كەئێستا حاكمە لە جیهاندا تەنها ئامانجی سەرەكی پێشخستنی سەرمایە گوزاریە ئیدی بەهەر ڕێگەو شێوازیك بێت چەندە لە زیانی سروشت وكۆمەڵگادا بێت بەلایەوە گرنگ نییە، لەبەدبەختی گەلی كوردوسروشتی كوردستاندا سیاسیە فەرمانڕەواكانی ئێستای باشوری كوردستان لەدروشمە شۆڕشگێڕی و یەكسانی خوازییەكەی ڕابردوویان پەشیمان بونەتەوە و باوشیان بۆ باهۆزی سەرمایەداری كردووەتەوە، ئەوەندە بەتاسەوە ئاوێتەی ئەو سیستەمە ماڵ وێران كەرەی جیهانگیری بونە، نەك سروشت و كۆمەڵگەی كوردستانیان بیرچووە بەڵكوكەسایەتی خۆشیان ونكردووە، مەبەست لە ناونیشانی ئەم بابەتە ئەوەندەی پەیوەندی بە سیستەمەوە هەیە كەمتر لەوە مەبەست لە مامەڵە كردارییەكەیە كەلەبەرامبەر سەگە كاندا ئەنجام ئەدرێت، چونكە زۆر لە مێژە وڵاتی ئیمە بووە بە گۆڕەپانی مەرگی مرۆڤ وكوشتارگەی گیان لە بەرەكانی تر، هەركەسێك بە ڕێگای چەمچەماڵ و شارۆچكەی تەكیە و تادەگاتە بازیان تێپەرٍی بێت ئەوهەموو سەگە بێ خاوەنەی بینیووە كە لە سەر شۆستەوبن سێبەری دارەكاندا بەردەوام خەوتون، هاوكات لە قەراخی ئەو شەقامە سەرەكیەشدا دەیان سەگ بەدی دەكرێت كە ئۆتمبێلە تیژڕەوەكان بێبەزەیانە گیانیان دەركردوون وهیچ كەسێكیش نییە دووریان بخاتەوە وبییانخاتە ژێر زەویەوە بۆ ئەوەی زیان بەتەندروستی خەڵك نەگات، هەڵبەتە هەر ڕەچەڵەكی ئەوسگە بەد بەختانەبوو هەروەك كەرە نەگبەتەكان سەردمێك ورۆژگارێكی زۆر پاسەوان و خزمەتكاری ماڵی ئەوكەسانەبوون كە ئێستا زۆربەیان خاوەنی ژیانێكی باشن هەندێكیشیان دەسەڵاتدارو فەرمان ڕەوان؟!! لێ مخابن ئەو ئاژەڵە بێ تاوان و بەدبەختانە هەروەك مرۆڤە ڕنجدەروبەشمەینەتەكانی ئەم وڵاتە بەرداشی سیستەمی جیهان خۆر هەپرون بە هەپرونی كردوون، هاوڕێیەكی تەكیەی پێوتم ماوەیەكی زۆرە بەرپرسەكانی ئەم شارۆچكەیە نەخشەو پلان دادەڕێژن بۆئەوەی سەگەكان كۆمەڵ كوژبكەن، پرۆسەی كوشتن وپاكتاوكردنەكەش بڕیارە بەگۆشتی زەهراوی یان بەفیشەك ئەنجام بدرێت!!! بێگومان ئەوكارەیان گوایە بۆ سەلامەتی تەندروستی و ژیانی هاوڵاتییانە، لەكاتێكدا كوشتنی سەدان سەگ بەو شێوازە زیانەكەی چەند بەرامبە زیاترە لەوەی بە زیندویی ئەگەر هەیان بێت،لە سەردێڕی ئەم بابەتەدا ئاماژەم بە خۆشبەختی سەگەكانی شاری ئامەد كردووە مەبەستەكەم لەوەدایە، كە لەبەرنامەیەكی تەلەفیزیونی ڕۆژدا دیدارێك لە گەڵ ڕێزدار عوسمان بایدەمیر سەرۆكی شارەوانی ئامەد ئەنجام درا و لەو چاوپێكەوتنەدا باسی ئەو پرۆژانەی دەكرد كە لەماوەی بەرپرسیارێتی ئەو دا ئەنجام دراوە، هەرچەندە بە بەڵگەو دیكۆمێنت ئەوكارانەی لەماوەی هەشت ساڵی سەرۆكایەتی شارەوانی ئامەد كە كورد سەرۆكایەتی كردووە لە هەشتا ساڵی توركەكان زیاتربوو، بەڵام مەبەستی من تەنها لە یەك گۆشەنیگاوەیە ئەوەش ڕەوشی سەگە بێخاوەنەكانی ئامەدە، سەرۆكی شارەوانی ئامەد عوسمان بایدەمیر لەو بەرنامەیەدا ئاماژەی بەوەكرد، لە شوێنێكی دوور لەشار حەوشەیەكی زۆر گەورەیان دروستكردووە هەموو ئەو سەگانەی سەر شەقام وكۆڵانەكانیان لەوێدا كۆكردۆتەوە هەروەها نێرو مێ لەیەكتر جیاكراوەتەوە لەبەر ئەوەی زیاد نەكەن، دەیان پزیشكی پسپۆڕلەو بوارەدا چاودێرییان دەكەن بۆئەوەی هیچ دەردونەخۆشییەكیان تێنەكەوێت وزیانی بۆ مرۆڤەكانیش نەبێت، هاوكات چەندین كرێكار تەرخان كراوە بۆ ئەوەی خواردن و ئاویان بۆ دابین بكەن، بێگومان ئەوكارە كارێكی ویژدانی و مرۆیی و زانستی و تەندروستە چونكە بە تێپەڕبونی كات سەرجەم ئەوسەگانە بەشێوەیەكی سروشتی بۆ خۆیان كۆتاییان پێدێت، بەبێ ئەوەی كۆمەڵ كوژ بكرێن و ژین و ژینگە پیس بكەن، خۆزگە شارەوانییەكانی لای خۆشمان بیریان لە پرۆژەیەكی بەو شێوەیە دەكردەوە نەك كوشتن بە زەهرو فیشەك، ئەوەشمان لەیاد نەچێت ئەو پرۆژەیە دەرئەنجامی بیرو ئەندێشەو ئاوەزی توركەكان نییە، بەڵكو بەرهەمی ئەو سیستەم و سیاسەتەیە كە ئێستا گەلی باكوری كوردستان پەیڕەوی دەكەن، پێویستە خوێنەری ئازیز لەوە ئاگاداربكەم ئەم بابەتەی تائیرە خوێندوییەتیەوە لە ناوەراستی ساڵی دووهەزارو هەشت نوسیومەو لە رۆژنامەیەكدا بەڵاوكرایەوە، ئەوەی گۆڕنكاری بێت تەنها ناونیشانەكەیم گۆڕیوە كە پیشتر بەم شێوەیە بوو " خۆشبەختی سەگەكانی ئامەد وبەدبەختی سەگەكانی تەكیە؟!!" بەڵام لەم ڕۆژانەدا بابەتەكەم بەرچاوكەوتەوە بەدواداچونێكم بۆ ئەو هەواڵانەكرد كە سەبارەت بەكوشتی بێبەزەیانەی سەگ لەلایەن بەرپرسانەوە لەم ساڵدا كراوە پێم باش بوو جارێكی تر ئەم بابەتە بخەمەوە بەر دیدەی خوێنەر بەو هیوایەی دەسبەرداری ئەو كوشت و بڕە ببن وئەزمونێك لە سەرۆكی شارەوانی ئامەد وەربگرن، هاوكات پێم باشە ئەم چەند هەواڵەش كە لە سایتەكانەوە بەڵاوكراوەتەوە هاوڕیزی بابەتەكە خوێنەرانی پێ ئاشنا بكەم بۆئەوەی لە حاڵی ئەو ئاژەڵە بێ تاوانە ئاگاداربن،
سەگەكانیش ماڵیان وێرانە، دنیایەكی نایەكسانە
لە لایەك خۆشی و ژیانە، لەلایەك مەرگ و فەوتانە؟!!
خەندان- بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵو ڤێتێرنەری هەرێم لە بارەی دیاردەی سەگی بەرەڵاوە راگەیاندنێك بڵاو دەكاتەوە كە تیایدا ئەو رێوشوێنانە دەخرێتەڕوو لەبەرامبەر دیاردەكەدا گیراوەتەبەرو ئەو پلانەش ئاشكرا دەكرێت كە بۆ لەناوبردنی سەگی بەرەڵا دەگیرێتە بەر.
هەر بەپێی ئەو راگەیەنراوە، لەشاری هەولێر: 453 سەگ و لە سلێمانی 1458 و لە گەرمیان 800 سەگ، لەشاری دهۆك،40 سەگ لەناو براون، كە كۆی گشتییان دەكاتە 2801 سەگ.
هاوڵاتی_بەگوێرەی ئامارێكی ڤێتێرنەری كەركوك ، لەحەوت مانگی ئەمساڵدا، 16 هەزارو 565 سەگی بەرەڵڵا كوژراون سەدملیۆن دینار بۆ سەگ كوشتن تەرخانكراوە
قایمقامی قەزای ناوەند رایگەیاند: لیژنەیەكیان پێكهێناوەو بەم نزیكانە دەست بەهەڵمەتی دووەمی كوشتنی ئەو سەگانە دەكەن.
ئەو لیژنەیە لەقایمقامیەتو هەرسێ فەرمانگەی تەندروستی و شارەوانی و ڤێتێرنەریی پێكهاتووە. ساڵی رابردوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان 50 ملیۆن دیناری بۆ كوشتنی سەگ تەرخانكرد. ئیدارەی كەركوكیش لەبودجەی پترۆدۆلار بۆ ساڵی 2012، 50 ملیۆنی تر بۆ هەڵمەتی لەناوبردنی سەگ تەرخانكردووە.
ئەسوات ئەلعێراق: فەرمانگەی كاروباری هاوڵاتیانو پەیوەندییە گشتییەكان، رایگەیاند كە تیمە تایبەتمەندەكانی نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری چەند هەڵمەتێكی لەناوبردنی سەگیان لە سنوری شاری بەغدا دەستپێكردووەو لە ماوەی دوو مانگی ئەمساڵدا 21278 سەگیان لەناوبردووە.
: ستاندەر
هەڵمـەتی لەناوبـردنی یـەك ملیـۆن سـەگ دەستی پێـكرد
لەبارەی هەڵمەتەكەوە دكتۆر " محمد الحلی " ی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بەیتەریی بەغداد ووتی : ئەو هەڵمەتە بەگەورەترین هەڵمەتی لەناو بردنی سەگ دادەنرێت كەتائێستا لەمێژوودا ئەنجام درابێت .
الحلی ووتیشی : تا ئێستا توانیومانە زیاتر لە (42,000) سەگ لەناو بەرین و نیوەی ئەو سەگانەشمان بە ژەهر لەناو بردووە و كارەكەیشی بەسەركەركەوتنێكی گەورە وەسفكرد.
لەرێی فرۆكەخانەی بەغداوە بەچكە سەگ هاوردە دەكرێت؟!
هەواڵنامەی هەفتانەی نیقاش _ سەیف عەبدولجەبار كە راهێنەری سەگە،
"كاپتن سەیف" وەك ئەوەی خەڵكی ناوچەكە ناوی دەهێنن دەڵێ "ئێستا خەڵكی بەسرە راهاتوون بەبینینی سەگ لەناو باخچەو ماڵەكانیاندا ئەم كاپتنە لەگەڵ چەند كەسێكی ئۆكۆانی كاردەكاتو لەرێی فرۆكەخانەی بەغداوە بەچكە سەگ دەهێنێت، وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات هەریەكەیان چەند سەد دۆلارێكی تیا خەرج دەكرێت بەمەبەستی راهێنانیان، پاش ئەوەش نرخەكەیان دەگاتە 1300 بۆ 1600 دۆلاردایە
ئاماژە بەوەش دەكات ئەم ئاژەڵانە هەموو بەڵگەنامەیەكی پێویستیان لەگەڵدایەو خۆیشی ئێستا ژمارەیەك بەچكەی سەگ رادەهێنێت كە بەرپرسێكی بەسرە داوای كردوون،
بەپێی قسەی ئەم راهێنەرە، زۆربەی هاوەڵەكانی دەستیان داوەتە هەمان كار، بەوەی سەگی زیرەك لەئەورپاو ئەڵمانیاوە دەهێننو هەندێكیان نرخەكەیان دەگاتە چوار هەزار دۆلار.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست