پیری ئاخر شەڕ
Wednesday, 06/06/2012, 12:00
گەر بینیت دوو ماسی لەژێر ئاودا بەشەڕ هاتبن ، ئەوا بزانە دەستی ئیگلیزی تیایە.(غاندی)
جیاوازی نێوان میلەتی کورد و میلەتی بەریتانیا(ئەنگلستان) ئەوەیە، کەکورد نەزانی بەسەردا سەپێنراوەو گەلێ هۆکاری گەورە لەپشت ئەم جۆرە نەزانیە خۆڕسکەدا هەیە و تا ئێستاش هەلێکی وای بۆ هەڵنەکەوتوە بتوانێ زاڵ بێ بەسەر ئەو نەزانی و گێلێتیە و خۆی قوتار بکا لێی،، هەرچی میلەتی ئنگلیزە ئەوان خۆیان بەدەست و خواستی خۆیان نەزانیان هەڵبژاردوە. وە بەبڕوای من هەر ئەم دیاردەی-نەزانیە-شە ، وای لەئینگلیز کردوە ببنە میلەتێکی تا سەر ئێسقان لووت بەرز،لەخۆبایی و پاشان شەڕانگێزو ئاژەوەچی.
بەهەمان پێوەر و بێ سڵەمینەوە، بنەماڵەی بارزانی هەمان دەردەی نەزانی ئێستای ئینگلیزیان هەیەو پێیان وایە ئەوان لەهەموو میلەتی کورد، کوردپەروەر و شۆڕشگێڕتر،بۆیر و ئازاتر، داناو زاناتر،خاوەن مۆڕاڵ و ڕاستگۆتر. کەچی لەڕاستیدا نەزانی بەرچاویانی گرتوەو تا ئەوپەڕی لووت بەرزی و خۆبەزلزانیان لێ بەدی ئەکرێ.
لەوەتی مێژووی ووڵاتی بەریتانیا هەیە تەژیە بە ئاشوب و شەڕو شۆوە.. زۆرترین شەڕ تۆمار کراوەو زۆرترین قوربانی ئەم شەڕانە بەدی ئەکرێ و ڕەنگە زیاد ڕەوی نەبێ بڵێن کە ئینگلیز داهێنەری هەموو جەنگ و ماڵوێرانیەکی ئەوروپا و پاشان جیهانیشە. من لێرەدا نامەوێ خشتەی جەنگ و ژمارەی قوربانیان و ساڵەکانی ئەو هەموو هێرش و شەڕە یەك لەدوای یەك تۆمار بکەم لەبەرئەوەی کاتێکی گەلێ مەزنی ئەوێ و خوێنەر خۆی گەر بیەوێ ئەتوانێ بەئاسانی زانیاری تەواوی دەست بکەوێ ، کە گەواهی ئەم ڕاستیانە دەرئەخا کەوا ئینگلیز چەندە شەڕانی و چەندە لێزانن لەنانەوەی ئاژەوەو تێکدانی پەیوەندی دۆستانەی مرۆڤ لەگەڵ ئەوانی تردا.
دوێنێ یادی (٦٠)ساڵەی شاژنی بەریتانیا(ئیلزابێتی دووەم) کرایەوە کەوا بۆ ئەو ماوە زۆرە خزمەتی هاوڵاتی خۆی کردوەو ئەوڕۆ وەك سیمبولی ئەو گەل و ووڵاتە خۆی نمایش ئەکا و داواش لەخوا ئەکەن کە پارێزراو بێ. ئەم خانمە پێی وایە ئەو ماوە زۆرە خزمەتی هاوڵاتیانی بەریتانیای کردوە بەبێ ئەوەی بزانین ئەو جۆرە خزمەتانە چین و چۆنن؟! بۆیە بەو بۆنەیەوە هەستان بەگێڕانی ئاهەنگی گەورە کەوەك خۆیا ئەڵێن شایستەی گەورەیی و زیرەکی ئەو شاژنەیە. بۆیە جێی خۆیەتی بزانین بەڕاستی ئەم کەسە شایەنی ئەوەیە کەبکرێتە سیمبول وەیان ئەوانیش بەزۆری زۆرداری خۆیان کردۆتە ڕیش سپی و پۆز بەسەر هەموو جیهاندا ئەدەن.
لەڕاستیدا گەر سەیری ئەو ٦٠ساڵە بکەین کە ئەم وەك شاژنی بەریتانیا فەرمان ڕەوایی کردوە، ئەوا ئەبێ بزانین کەچەند بودجەی خەڵکی بەهەدەر دراوە بۆ ئەوەی ئەوان لە کۆشکی خۆیان وەك (مەیمون)خۆیان نمایش بکەن و لە پەنجەرەی کۆشکەکەوە سەرە تاتکێ لەگەڵ میلەتدا بکەن و جار جاریش بۆ هەندێ گەمژە و نەزان دێن و سەردانیان ئەکەن و وێنەیان لەتەکدا ئەگرن و لەژێر ناوی مەسیح و ئاینی کرستیاندا گورزی خۆیان ئەوەشێنن.
لەو ماوە زۆرەدا زۆرترین خزمەتیان بەشەڕو ئاژاوە داوە، ژمارەی جەنگەکانی 60 ساڵی ڕابردووی سەرەپای جیهان دەست و بڕیاری ئەم بەناو (شاژنەی)تیایەو پشکی شێری بەرئەکەوێ. نەك هەر لەئاستی دەرەوە و جیهاندا، لێ لەئاستی ناوخۆی بەریتانیاش، چەندین ساڵ شەڕی (ئایرلەندی باکوور،دوورگەکانی ئەرژەنتین، و دواتر تیرۆرکردنی (خاتوو دایانا)) . ئەم بەناو Royal familyیە بۆ هەر پاوەنێك نزیکەی لە سەدا 8 بۆ 10 بۆ ئەوانەو باجدەر ناتوانێ خۆی لێ قوتار بکا..
ئەم ئاهانگەی ساڵی پار بەبۆنەی ژن هێنانی کوڕە گەورەکەی دایانا کە هەموو جیهانیان بە خۆیان قاڵ کردبوو لەگەڵ ئەم ئاهەنگەی دۆنێیان پارەیەکی گەلێ زۆریان سەرف کرد ، لەکاتێکدا ووڵات بە قەیرانێکی ئابووری قووڵدا تێپەڕ ئەبێ و پارساڵ لەندەن و چەند شارێکی تر کەوتنە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورەی نائارامی و خۆپیشاندان و دواتر بەهۆی هێزی سەربازیەوە سەرکوتکرا.. ئائەمەیە ئەو شاژنەی نەك شایەنی ئەوە نیە بکرێتە سیمبول ، بەڵکە پێوستە گەلی بەریتانیا خۆیان لەو گێلێتیە ڕزگار بکەن کەهەزارەها ساڵە بەهۆی ئەم بنەماڵەیەوە باجی ئەدەن و خۆیان لەگرێکوێرەی ئایینی تەسك ڕزگار بکەن ، بۆ ئەوەی فێری ئاشتی و تەبایی و گیانی لەخۆبووردوویی و یەکسانی و هاوکاری ببن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست