کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کەرکوک لەنێوان بۆمبەکاندا

Wednesday, 23/01/2013, 12:00







هەڵەی گەورەی ئەو گروپەی بە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان ناسراوە لە ڕابردوودا بەرامبەر بە سەندنەوە یان گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەوەبوو، هەموو مامەڵەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتە مەرکەزییەکەی عێراقدا بووە. ئەوان ویستویانە شیعەکانی باشور یان ناسیۆنالیستی سونی لە ناوەڕاست ڕازی بکەن بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانە. بە پەیڕەو کردنی سیاسەتێکی شەرمنانە و نالۆژیکی کە لەسەر بناغەی متمانەیەکی یەکلایەنە و بەشان و باڵ هەڵنان و موجامەلەی سیاسی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەدا هەمیشە شکست لەدوای شکست بەشی هەرەزۆری دەرەنجامەکان بوون. بەڵام لەکەرکوک و ئەو ناوچانەدا کە ژیان بەهاوبەشی لەگەڵ تورکمان و عەرەب و کریستیانەکان دەگوزەرا، سیاسەتێکی توندی عیرقی و خۆبەگەورەزانین و پڕ لە هەڵوێستی ناسیۆنالیستانەی بارگاوی بە فاشیەتیان پەیڕەو دەکرد.
دەرئەنجامی ئەو هەڵە گەورانەی ڕابردوو لە ئێستادا بەڕوونی دەبینین. هەمیشە لە بەهێزبوونی ناوەند و دوای ڕێخستنەوەی سوپای عێراق، گەلەکۆمەکی و لەشکرکێشی وێرانکەر وەڵامی چاوەڕوانییەکانی سیاسیەکانی کوردبوون. چوار ساڵ دوای بەیاننامەی ١١ی ئازار و هەڵوێستەکانی سوپاکەی مالکی لە پایزی ڕابردودا ئەم راستیە دەسەلمێنێت.
بارزانی و پارتەکەی لەم شکستە نوێیەدا بۆ گێڕانەوەی ناوچە جێناکۆکەکان، بەشی شێریان پێدەبڕێت. ئەوان هەتا ئێستا چاوەڕێی میهرەبانی برا شیعەکانیان دەکەن و دەیانەوێت لە باشوری عێراقەوە باکورەکەی بلکێننەوە بە کوردستانەوە. لەهەمانکاتدا دەبینین هێزی پێشمەرگە کە لەڕوکەش و ناوەڕۆکدا لە هێزێکی خێڵەکی و میلیشیای زیاتر لەهیچ دامەزراوەیەکی پڕۆفشناڵ و سەربازی ناچێت، دێن و بە سەرۆکایەتی کوڕ و باوک بە وێنەی سەرۆک و ئاڵاکەیەوە، لولەی تفەنگەکانیان دەکەنە ئەو مرۆڤانەی لەخاکی کوردستاندا لەگەڵ ئێمەی کورد ساڵانێکە ژیانێکی هاوبەش و پێکەوەیی دەژین. زیندووکردنەوەی ئەم دوژمنە نوێیە لەسەر خاکی کوردستان یەکێکە لە ئەگەرە بەهێزەکان بۆ لەدەستدانی کەرکوک و هەموو ناوچە دابڕاوەکانی تر بەیەکجاری. بەم هەنگاوانەی ئەم دواییەی پارتی و یەکێتی لەڕێگای هێزی پێشمەرگەوە ڕقی نەتەوە هاوبەشەکانی ئەو ناوچانە لەخەڵکی سیڤیلی کورد دەوروژێن و ناوبەناو ئەو جۆرە کۆستکەوتنە گەورانە بەچاوی خۆمان دەبینین. وەک ئەوەی لە دوا هێرشی تاوانکارانەی فاشیستەکان لە کەرکوک و چواردەوری لە١٦/٠١/٢٠١٣ شارێک خەڵتانی خوێن دەبێت و دەیان ڕۆڵەی بێدیفاع و مەدەنی دەبنە قوربانی.
دەرئەنجامی ئەو هەڵە گەورە سیاسییانە تەنها بەوەوە ناوەستێت و نەوەستاوە کە هیچ هەنگاوێک بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە نەچۆتە بواری جێبەجێ کردن. تەنها ئەوە نیە دوژمنێکی نوێ بۆخۆمان لەناوچەکەدا قوت دەکەینەوە. بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستان و لەناو خەڵکدا بێهیواییەک دەچێنێت و چاندویەتی بگاتە ئەو ڕادەیەی بیر لەچەندان بۆچونی سەیر و بێمانا بکرێتەوە. وەک " ئێستا لەناو کەرکوک و ناوچە ناکۆکەکاندا خەڵکانێک هەن لەهەموو نەتەوەکان خۆزگە بۆ سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆر و خوێنڕێژی بەعس و سەدام دەخوازن. بەو بیانوەی ئەم بیرکردنەوە تایفی و ناکۆکیی و کێشە و ئاژاوانەی ئێستا خەڵکی مەدەنی و هەژار و بازاڕی گرتۆتەوە سەردەمانێک وجودی نەبوە و هەموو وەک برا بەئاشتی و ئارامی لەو شوێنانەدا ژیاون"
یەکێکی تر لەو بیر و بۆچونە نوێیانەی کە دەرەنجامی هەڵەی سیاسیەکانە. پڕۆژەی بە کانتۆن کردنی کەرکوکە لەشێوەی هەرێمێکی سەربەخۆدا. لەبەر ئەوەی ئەم بیرە لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیری لیبراڵ و هەندێک لە چەپەکانەوە گەڵاڵە کراوە، لەهەمان کاتدا چەند خوێندکارێکی ئەکادیمی وەک نەخشەڕێگا کڵێشەیان بۆ دانا دەکرێت لە داهاتودا کاریگەری لەسەر بۆچونی خەلک بەرامبەر بەو بەشە خاکەی کوردستان بگۆڕێت و ئامادەگی ئەوە دروست ببێت دەست لەو ناوچانە هەڵبگیرێت و ڕازی ببن بە بەهەرێم بوونی کەرکوک و ناوچەکانی تر.
بەبڕوای من ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە هیچ لەخەمی خەڵک کەم ناکاتەوە و کەرکوکیش بەتەنها و لەچوارچێوەی هەرێمێکی سەربەخۆدا ئەوەندەیتر ئاسان دەبێت بۆ دەست تێوەردانی تورکیا و ئێران و دەوڵەتی مەرکەزی. جێهێشتنی هاونیشتیمانیان لەو ناوچانەدا غەدرێکی نوێ دەبێت کە کورد بەدەستی خۆی لەخۆیی دەکات. ئەو بەهەشتەی لەخەیاڵی خودانی ئەم بیرکردنەوانەدا دەگوزەرێت، وەهمێکی سادەیە و هەرگیز نایەتە دی هەرگیز کەرکوک بەو هەموو دەوڵەمەندییەوە لەو ناوچە هەستیارەدا بەو هەموو کێشەیەوە لەدەستێوەردانی هەرێمی و جیهانی نەجاتی نابێت و تێناپەڕێت. پێم وایە هەتا ڕادەی ترسناک بیرکردنەوە لە بە کانتۆن کردنی کەرکوک نابەجێ و بێمانایە. هەمیشە ئەم بیرە نوێیە ئەو وێنەیە لە زهنی مندا تۆمار دەکات" وەک چۆن دەرگا بەڕوی کەناریەکدا بکەینەوە لە قەفەسەکەی، ئاسمان بۆ ئەو ژورێکی گەورەترە و جگە لە واشەیەکی برسی هیچی تری تێدا نەبێت"
بۆ ئەوەی هەموو پرسیارەکان بە کراوەیی نەمێننەوە، بۆ ئەوەی خۆبەتاڵکردنەوەیەکی پەتی نەبێت و بەس. پێشنیاری من بۆ ئەم قەیرانە قوڵانە ئەمەیە " وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم بە هۆکاری شکستەکان کردوە، دەیڵێمەوە داواکردنی کەرکوک لە دەوڵەتی مەرکەزی و گێڕانەوەی باکوری عێراق لەڕێی باشورەکەیەوە بە کوردستانەوە کارێکی نەکردەیە و هیچ بەرهەمێکی نەبوە و نابێت. دەبوایە هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە لە ڕێگای پەیامێکی نیشتیمانی ئینسانیانەوە هەوڵی ڕازیکردنی هاونیشتیمانە ڕەگەز جیاوازەکانمان بدایە بە قەبوڵکردنی بوون بە کوردستانی. لەدوای ڕاپەڕین بەهۆی ئابڵوقەی ئابورییەوە دەوڵەتی عێراق بەرەو لاوازی و ستۆک بون دەچوو، پێشبینی ڕوخانی ئەو ڕژێمە شتێکی ناوازە نەبوو ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی هەمیشە ئامادەگی هەبوو بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵات لەو کاتانەدا دەکرا کورد دەوری خۆی بگێڕێت و لەبری دروستکردنی ئەندام و لایەنگر و راکێشانی خەڵک بۆ ناو حیزبەکان نمایشی ئینساندۆستی و ڕێزگرتن لە کەمە نەتەوەکانی ئەو ناوچانەی بکردایە بە ئامانج. پێویست بوو گەڵاڵەی ئەو پڕۆژەی گێڕانەوەی ناوچە ناکۆکانە لەگەڵ خودی خەڵکی ئەو ناوچانەدا بکرایە و تموحی ژیانێکی باشتر، ڕێزگرتن لە بیروڕا و مافە نەتەوەییەکان، برەودان بە فەرهەنگ و کەلتوری هەر کەمینەیەک، خوێندنو پەروەردە بە زمانە جیاوازەکان. هەقی بەڕێوەبردن و خودموختاری لەو شوێنانەدا کە زۆرینەن. ... بخرایەتە بەردەمیان.
بەڵام بەداخەوە کورد ئەمەی نەکرد. وتارە خوێناویەکانی تاڵەبانی و بارزانی ڕووبەڕوی کەرکوک و کەرکوکیەکان لەدوای ڕاپەڕین، بەربەستی پۆڵاینیان دروستکرد لەنێوان نەتەوەکانی کەرکوکدا. لەڕووی خەڵکی ئەو ناوچانەدا کورد دەیویست کەڵەگایی خۆی پیشان بدات و لەگەڵ برا شیعەکانی ئایندە لەهەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتیدابوو بۆ گێڕانەوەی کەرکوک.
ئێستاش لەبەردەم نەوەی نوێدا، بەتایبەت ئەو ڕۆشنبیرە گەنجانەی بەبیرێکی کراوە و دنیابینیەکی هاوچەرخانە پەروەردەبوون، ئەو پارت و لایەنانەی باڵادەستن لەو ناوچانەدا هەمان هەنگاو هەمان ڕێگا هەیە بۆ لەدەستنەدانی هەر بستێک لە خاکی کوردستان. بۆ نەکردن بە نێچیری هیچ بەشێک لە خەڵکی کوردستان، بۆ هێنانەدەرەوەی خەڵک لەو فۆبیایەی هەموو بەیانیەک بە بێ ئومێدی گەڕانەوە لە ماڵەکانیان دەچنە دەرەوە. لەبەر ئەوەی حکومەتەکەی مالکی و سونەکان هێشتا نەگەشتونەتە ئەو باڵادەستییەی وەڵامی داخوازیی عەرەب و تورکمان بدەنەوە کات لەبەردەم نەوەی نوێدا ماوە. گرنگە بەجورئەتەوە لەدەرگای ئەو هاونیشتیمانیانە بدرێت و نیەتی پاکی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەوەی نوێیان پێ ڕابگەیەنرێت. ئاشتبونەوەی ڕاستەقینە لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکانی کەرکوک بناغەی دەستپێکی هەوڵێکی نوێیە بۆ دەستەبەربونی ژیانێکی ئارام بۆ خەڵکی کەرکوک.

www.hemnrauf.com


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە