دژی ڕەتكردنەوەی مووچە بۆ كابانی ماڵەوە لە لایەن یەكێتی و پارتیەوە با ژنان و كچان بڕژێنە سەر جادە
Monday, 24/05/2010, 12:00
پاش ئەوەی ماوەیەكە فراكسوێنی گۆڕان پرۆژەی مووچە بۆ كابانی ماڵە و پێشكەشی بە پەرلەمان كرد، دوابەدوای ئەوە چەند ئەندام پەرلەمانێكی ژن و نووسەر و ڕۆشنبیرێكی ژنان هەر یەكەو بە جۆریەك لێكدانەوەی بۆ ئەو پرۆژە یاسایە كرد. هەندیەك پێیان وایە ئەو پرۆژەییە ژنانی كوردی باشور لە ماڵدا زیندانی دەكات، هەندێكیش پێیان وایە ئەو پرۆژەیە باشترین پرۆژەیە ئابوری ژنان سەربەخۆ دەكات.
ئەمڕۆ 24/5/2010 لە پەرلەمانی كوردستان لەلایەن ئەندام پەرلەمانەكانی یەكێتی و پارتیەوە كە تەنها كۆیلەی حیزبەكانیانن ئەو پرۆژەیاسایە ڕەتكرایەوە.
ئەمەوێت وەكو ڕۆژنامەنووسێك كە لە نزیكەوە ئاگام لە هەندیەك لە كێشەی ژنان و كچانی كوردستانە ڕەهی خۆم دەرببڕم، لەو ماوەیەدا ئەو ژنانەی كە ڕەهییان وابوو كە بڕینەوەی مووچە بۆ كابانی ماڵەوە ژن زیندانی دەكات، بەڕاستی ئەوە بۆچونێكی هەڵەیە و لە ڕوانگەی حیزبەكانیانەوە ئەو قسەیە دەكەن یان لەو ڕوانگەیەوە كە خۆیان خاوەنی ئابوریەكی یەكجار بێ شومارن و دابڕاون لە كۆمەڵگە، یەكێتی و پارتی لەڕێگای حیزبەكانیانەوە بە دانی 30 هەزاردینار زۆریەك لە ژنانیان كۆیلە كردووە، بۆ نمونە لە دوو هەڵبژاردنی ڕابردوودا بینیمان یەكێتی و پارتی هەڕەشەی ئەوەیان لە ژنانە دەكرد كە 30 هەزارەكە وەردەگرن، ئەگەر دەنگ بە لیستی كوردستانی و دواتر هاوپەیمانی نەدەن ئەوە مووچەكانیان دەبڕن، ئەم نمونەیە ئەوەمان بۆ ڕون دەكاتەوە كە ئەوە یەكێتی و پارتین ژنیان كۆیلە و زیندانی كردووە بەو 30 هەزار دینارە كە لە و 70 مللوێن مانگانەییەی كە یەكێتی و پارتی دەیبەن لە بودجەی گشتی دەدرێت.
گرنگی پرۆژە یاساكەی گۆڕان لەوەدایە كە بە یاسا ژنان ڕزگار دەكات. لە كۆیلە و زیندانی بوونی دەستی هەموو حیزبەكان بە تایبەت یەكێتی و پارتی، ئەو پرۆژەیە وادەكات ژنان منەتیان بەهیچ حیزبێك نەبێت و ئازادبن لە دەربڕینی بیروڕاكانیان و ببنە خاوەنی ئابوریەكی سەربەخۆ و پیاویش منەتیان بەسەردا نەكات و نەیان چەوسێنێتەوە.
زۆربەی گەنجانی كوردستان كاتێك دەیانەوێت هاوسەری ژیانیان هەڵبژێرن، دەچنە داوای ئەو كچانەی مووچەیان هەیە، زۆر بە كەمی دەچنە داوای ئەو كچانەی كە بێ مووچەن و خاوەنی هیچ ئابوریەكی سەربەخۆنین، ئەمە وایكردووە ئەو كچانەی كە بێ مووچە و بێ ئابوری سەربەخۆن كەس نەچێتە داخوازیان وبمێننەوە دواتر ببنە قەیرە كچ.لە ئێستادا هەزاران كچ بەو هۆیەوە بوونەتە قەیرە كچ، ئەمەش وادەكات لە ئایندەدا كێشەیەكی كۆمەڵایەتی زۆر ڕوو لە كۆمەڵگەی كوردی بكات.
پێشنیارێكیشم هەیە بۆ ئەوەی ژنان واز لە خوێندن نەهێنن لەبەر ئەو مووچەیە، وابكرێت ئەو مووچەیە شمولی ئەو ژن و كچانە بكات كە تا ئێستا وازیان لە خوێندن هێناوەو یان ژنی ماڵەوەن، لە كاتی دەرچوونی ئەو پرۆژە یاسایەوە شمولی هیچ كچێك نەكات كە واز لە خوێندن بهێنێت. هەروەها وابكرێت ئەو ژنانەی ئەو مووچەیە دەیانگرێتەوە خولیان بۆ بكرێتەوە هوشیاربكرێنەوە لە بواری پەروەردەكردنی منداڵ و خۆپاراستنی تەندروستی و هوشیاری سێكسی وهتد...
بۆ ئەوەی ئەو پرۆژە یاسایە دووبارە بخرێتە دەنگدانەوە و پەسەند بكرێت، داوا دەكەم و پێویستیشە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران و لیستە ئۆپۆزسوێنەكان ، ژنان و كچانی ماڵەوە و پیاوانیش هوشیار بكەنەوەو بیانهێننە سەر جادە، بۆ ئەوەی ئەو پرۆژە یاسایە بخرێتەوە دەنگدانەوە و پەسەند بكرێت. چونكە بەڕاستی ئەو پرۆژە یاسایە گرنگ ترین پرۆژە یاسایە بۆ ڕزگار كردنی ژنان و كچانی ماڵەوە و دەبێتە هۆی خۆش گوزەرانی زۆرێك لە تاكەكانی كۆمەڵگەكەمان.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست