بۆ سەباحى هاوڕێم
Friday, 12/02/2010, 12:00
"هیچ شتێك لە زیندووكردنەوەى حیكایەتى لاشەیەك ترسناكتر نییە" *
لەدرێژەى ئەو مەترسیانەى كە چەند ساڵێكە ڕوبەڕووى ڕۆژنامەنووسانى كوردستان دەبێتەوە لەم ڕۆژانەدا لە سنورى ئیدارەى هەرێمى كوردستاندا هەوڵێك لە ئارادابوو بۆ ئەوەى سیناریۆى كوشتنى ڕۆژنامەنووس سۆرانى مامە حەمە دوبارە بكرێتەوە,بەڵام ئەمجارەیان لە سنورى سلێمانى و لە ژێر دەسەڵاتى ئاسایش حكومەتى هەرێمدا كە 18 ساڵە بە قسە باق و بریقەكانیان لەمەڕ ئازادى ڕۆژنامەنوسى مێشكى سەرى هەموومانیان بردووە,چەندین ساڵە سەقامگیرى ئەمن و ئاسایشمان پێدەفرۆشنەوە بەڵام هەموو ڕۆژێك تیرۆر بە شێوەى جیاواز و بەڕەنگى جیاواز تەقە لە دەرگاى ماڵى ڕۆژنامەنووسان دەدات ,لەتازەترین هەوڵدا بۆ تیرۆكردنى رۆژنامەنووسان ڕۆژى سێشەممە كۆمەڵێك چەكدار لەشارى كفرى دەچنە سەر ڕێگەى ڕۆژنامەنووس سەباح على قارەمان یەكێكیان دەیەوێت بە زەربى هێز بیباتە ناو سەرەكەیانەوە بۆ چى؟ ئەوە خۆیان دەزانن بۆ چ مەبەستێك!كاتێك ئەو هەواڵەم بیست كە هاوڕێ و هاوكارو برایەكى ئەزیزو خۆشەویستیم هەوڵى كوشتنى دراوە و دەستى پەروەردگار ڕزگارى كردووە یەكسەر كارەكتەرى غەزەلنووسم بەبیر هاتەوە كە ڕۆماننووسى گەورەى كورد بەختیار على لە ڕۆمانى "غەزەلنوس و باغەكانى خەیاڵدا " هەر زوو مەترسى ئەم تیرۆرەى بۆ باسكردووین كە لە پیشمانەوەیەو بەرەو روومان دێت ئەوەى خستە بەرچاومان ویژدانى هەر قەڵەمێك بە پارەى دەسەڵات نەكڕدرێت ئەوا جەستەى قەڵەمەكە بەر فیشەكە ژەنگاویەكان دەدرێن,ئاخر سەباح على قارەمان جگەلە خوداو ویژدان و قەڵەمەكەى خاوەنى هیچ شتێكیتر نییە,كاتێك كەسێك بە ئاشكرا و لە ناو شارى كفریدا هەوڵى تیرۆركردنى نوسەر و ڕۆژنامەنووس سەباح على قارەمان دەدات ئیتر ئەوەى پێى دەوتێت ئازادى و ڕۆژنامەنووسى و سەقامقیرى ئەمن و ئاسایش هیچ نییە جگە لە وەهمێكى بەتاڵ هیچ نەبووە جگە لە سەرابێك كە ئێمە 18 ساڵە لە تینویەتیدا شوێنى كەوتوین و هەر پێى نەگەشتین .
بەختیار على لە ڕۆمانى غەزەلنوس و باغەكانى خەیاڵدا دەنوسێت "هیچ شتێك لە زیندووكردنەوەى حیكایەتى لاشەیەك ترسناكتر نییە "سەباحى ڕۆژنامەنووسیش ئەوەى دەیكات زیندووكردنەوەى حیكایەتى ژیانى پڕ لە ناخۆشى و چەرمەسەرى و نەبوونى و هەژارى سەدان هەزار مرۆڤى ئەم ووڵاتەیە كە لە ڕێگەى قەڵەمەكە سەباحەوە دەیانەوێت لەلاشەیەكى كوژراودا حیكایەتى مەرگى خۆیان بنووسنەوە ,ئەوە سەباحى ڕۆژنامەنووسە لە زمانى خۆیانەوە حیكایەتى مەرگى ڕۆژانەى پاشماوەى ئەنفالكراوەكانمان بۆ دەگێڕێتەوە هەر لەزمانى ئەوانیشتەوە حیكایەتى مەرگى ئەنفالكراوەكان و ئەوانەى ئەنفالیانكردن و ئەوانەشى ئێستا خەریكى ئەنفالكردنى ڕۆحی پاشماوەى ئەنفالكراوەكانى گەرمیانن.
سەباحى ڕۆژنامەنووس ویژدانێگە گەرمتر لە گەرماى گەرمیان لە تەموزدا,كاتێك دەنوسێت ئازارى هەزاران ژنانى پاشماوەى ئەنفالە ,ئازارى نەبوونىو هەتیووى هەزاران منداڵى پاشماوەى ئەنفالە,ئازارى بێكەسى و بێدەرەتانى هەزاران پیرەژن و پیرە پیاوى پشت كۆماوەى بن دیوارە قوڕینەكانى گەرمیانە,سەباح كاتێك دەنوسێت زریكەى هەزرانى منداڵى برسیە كە باوكى لە نەبوونى ناتوانێت قتوویەك شیرى بۆ بكڕێت,سەباح كاتێك دەنوسێت هاوارى ئازارەكانى دەست و پەنجەى قڵیشاوى كرێكارەكانى گەرمیانە,سەباح كاتێك دەنوسێت ئاخ و ئۆفى سەدان پێشمەرگەى كۆنى پاك و بێگەردى گەرمیانە كە ڕۆژانە بۆ عومرى بابردویان دەستایان لەبەرى پشتەێنەكەیان گیر كردووە,سەباح كاتێك دەنوسێت ڕۆحى زیندووى خالید گەرمیانیە و داواى لێدەكات لە عەزابى پەشیمانى ڕزگارى بكات ,سەباح كاتێك دەنوسێت ئازارى كەركوكى فرۆشراوە كە لە باڕەكانى هەولێرو سلێمانى و ئەقەرە و بەغداد مامەڵەو سەوداى پێوە دەكرێت ئەگەر نوسینەكانى سەباح ویژدانى ئەوانە و ئازارەكانیان بێت,بێویژدانییە لە ئاست ئەم تیرۆرەدا بێدەنگ بین...
بەختیار على هەر لەو ڕۆمانەدا دەنوسێت"زۆر ئاساییە لە كوشتى كەسێكدا بەشدار بیت ,بەڵام ئاسای نییە كوژراوێك لە خەو هەستێنى"ئەوەى ئەمڕۆ سەباح دەیكات و خەریكێتى لە خەو هەستاندنى هەموو كوژراوەكانى ئەم ووڵاتەیە لەماوەى یەك سەدەدا ,لەخەو هەستاندنى ئەوانیش بۆ ئەوەیە حیكایەتى چۆنیەتى مەرگى خۆیانمان بۆ بگێڕنەوە ناو ناونیشانى ئەو كەسانەمان پێبڵێن كە دەستیان لەكوشتنیاندا هەبووە كەسانێك كە نەیاسا و نە دادگا و نەویژدان و نەشۆڕش و نەشۆرششگێڕان كەسیان نەیانوێراوە ناویان بهێنن بەڵام سەباح لە ڕێگەى زیندوكردنەوەى قوربانیەكانەوە ئەو حیكایەتەمان بۆ دەگێڕێتەوە ئەمەش گەورەترین مەترسیە كە زۆر مەترسیدارترە لە كوشتنى مرۆڤەكان لەم ڕۆژگارەى ئێستادا.
..........................................................................................................................................
* بەختیار على
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست