کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاپۆرته‌که‌ی بێکه‌ر- هامیلتۆن نه‌خشه‌ ڕێگای ئه‌مه‌ریکایه‌ بۆ عیراق

Monday, 12/04/2010, 12:00


زۆر لێدوان و شیکردنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ڕاپۆرته‌که‌ی بێکه‌ر هامیلتۆن له‌ ڕۆژنامه‌ و سایته‌ ئه‌لیکترۆنیه‌کان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باسی لێنه‌کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چۆن وپرس به‌ کێ کرا و چه‌ند وه‌ختی ویست تا ئه‌و ڕاپۆرته‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و دوو که‌سایه‌تیه‌وه‌ ئاماده‌کرا- پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئیداره‌که‌ی ئۆباما ئه‌و ڕاپۆرته‌ی کردووه‌ به‌ نه‌خشه‌ ڕێگای خۆی سه‌باره‌ت به‌ عێراق یان به‌ هه‌ندی وه‌رئه‌گرێت یاخوت پشتگویێ خستووه‌؟

چۆن گروپی دیراسه‌ی عیراق دروستکرا؟
بیرۆکه‌ی دروستکردنی ئه‌و گرۆپه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ی ڕۆژی ١٥-٣-٢٠٠٦ له‌ ئه‌نجامی گفتوگۆیه‌کی چڕو پڕی نێوان کۆمه‌ڵیک له‌ کۆنگرێسمانه‌کانی هه‌ردوو پارتی ئه‌مه‌ریکا- کۆماریخواز و دیموکراته‌کان- که‌ له‌ بینایه‌ی کۆنگرێس به‌ڕێوه‌ چو هاته‌ گۆڕێ, ئه‌مه‌ش به‌ده‌ستپێشکه‌ری کۆنگرێسمان فـرانک ۆڵـف(کۆماریخواز- ویلایه‌تی فیرجینیا)، ئه‌و هه‌ر له‌ هـاوینی ٢٠٠٥ وه‌ پـێـداگری له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێکی نوێ ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق ده‌کرد، داوای ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ به‌ دیدێكی تـازه‌ بکرێت، داوای پێکهێنانی گروپێکی ده‌کرد به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی هه‌ردوو پارته‌که‌ (کۆماریخوازه‌کان و دیموکراته‌کان).
ئه‌ندامانی کۆنگرێس به‌ هه‌ردوو مه‌جلیسه‌که‌یه‌وه‌ (نوێنه‌ران و پـیران) پێشوازییان له‌و پێشنیـازه‌ کرد. لێژنه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و گروپه‌ له‌ لایه‌ن جیمس بێکه‌ر(کۆماریخواز) و لـی هامیلتۆن (دیموکرات) ه‌ وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌کرا

ئایا ئیداره‌که‌ی جۆرج بۆش به‌شداری کرد له‌ پێکهێنانی ئه‌و گروپه‌؟
ئیداره‌که‌ی جورج بۆش به‌ ڕه‌سمی به‌شداری نه‌کرد له‌ پێکهێنانی ئه‌و گروپه‌، به‌ڵام ده‌ستخۆشییان لێ کرد و زۆر کارئاسانییان بۆ گروپه‌که‌ کرد هه‌ر له‌ ڕیگه‌دان به‌ چاوپێکه‌وتن له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی ناودار و لێپرسراو و پێدانی کۆمه‌ڵێک دۆکیومینت ده‌رباره‌ی عێراق، کارئاسانی بۆ سه‌ردانی ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه‌ بۆ عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ گشتی.
جۆرج بۆش خودی خـۆی دوو جار کۆبونه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵیان کردووه‌، یه‌که‌م جار له‌ ڕۆژی١٤-٧-٢٠٠٦ و جارێکی تریش له‌ ڕۆژی ١٣-١١-٢٠٠٦، جگه‌ له‌ چه‌ندین کۆبونه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ ته‌له‌فۆن و سینه‌ماڤیژن له‌ گه‌ڵ هه‌ردوو سه‌رۆکی لێژنه‌که‌ جیمس بێکه‌ر و لـی هامیلتۆن.
هه‌روه‌ها ئیداره‌که‌ی جۆرج بۆش زۆر به‌ ته‌نگی ئه‌وه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌و گرۆپه‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆی بپارێزێ و بـێ
ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ به‌ هیچ لێپرسراوێک بدرێ ده‌ستبخاته‌ ناو کاره‌کانی ئه‌و گروپه‌وه‌.

ئایا ئینستتیوتی ئه‌مه‌ریکی بۆ ئاشتی ڕۆڵی هه‌بوو له‌ پێکهێنانی ئه‌و گرۆپه‌؟
ئه‌و ئینستتیوته‌ له‌ لایه‌ن مه‌جلیسی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریکاوه‌ پشتگیری مالی و مه‌عنه‌وی لێده‌کرا. هه‌ر بۆیه‌
کۆنگریسمان فرانک ۆلـف که‌ لێپرسراوی لیژنه‌ی ئیعتماداتی سه‌ر به‌ مه‌جلیسی نوێنه‌ران بوو داوای له‌و ئینستتیوته‌ کرد که‌ وه‌ک ئاژانسێک یان هه‌یئه‌تێک به‌ر پرسیار بێت له‌ کارئاسانی بۆ گرۆپه‌که‌ی بێکه‌ر- هامیلتون.
به‌ پشتگیری سێنته‌ری دیراساتی سه‌ر به‌ سه‌روکایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و سێنته‌ری دیراساتی ستراتیجی ده‌وله‌تی و له‌ گه‌ڵ په‌یمانگای جێمس بێکه‌ر بۆ سیاستی گشتی له‌ زانکۆی رایس، ئه‌مانه‌ هه‌مویان هاوکاری ئینستتیوتی ئه‌مه‌ریکی بۆ ئاشتی یان کرد به‌وه‌ی لیژنه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان دروستکرد که‌ پێکهاتبو له‌ کۆمه‌لێک شاره‌زا له‌ کاروباری عێراق و ناوچه‌که‌ له‌ ڕووی سیاسی سه‌ربازی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیوه‌ بۆ ڕێنمایی و هاوکاری لێژنه‌که‌ی بێکه‌ر- هامیلتۆن. ئه‌و سێنته‌ر و لایه‌نانه‌ کۆمه‌ڵێ شێکردنه‌وه‌ و ڕاپۆرتیان خسته‌ به‌ر ده‌ستی ئه‌و لیژنه‌یه‌.
لیژنه‌که‌ی بێکه‌ر هامیلتون له‌ سه‌ره‌تادا ته‌فویزی ڕه‌سمی نه‌درایه‌ وه‌ختێ که‌ دروستبو، به‌ڵام بـه‌ پێی ڕێنماییه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی لیژنه‌که‌، ئه‌وان ڕێگه‌یان پێدراوه‌ که‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی واقیعی و زانستیانه‌ بکه‌ن له‌
سه‌ر ئه‌مڕۆی عێراق و داهاتووه‌که‌ی. هه‌روه‌ها پێدانی ئاموژگاری و ڕاسپارده‌ به‌ ئیداره‌که‌ی جۆرج بۆش بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تێکی هاوسه‌نگ و مه‌عقول له‌ عێراق و ناوچه‌که‌ په‌یڕه‌و بکات که‌ له‌ قازانجی ئه‌مه‌ریکا بێت.
گروپه‌که‌ی بێکه‌ر هامیلتون ته‌رکیزی کرده‌ سه‌ر ئه‌م چوار ته‌وه‌ره‌:
١- باری ئێستای عێراق و ناوچه‌که‌.
٢- باری ئه‌منی و سه‌قامگیری له‌ عێراق ئه‌و کێشانه‌ی ده‌بنه‌ کۆسپ.
٣- گۆڕانکارییه‌ سیاسییه‌کانی عێراق پاش هه‌ڵبژاردنی ٢٠٠٥ و دروستکردنی حکومه‌تی تازه‌ی عێراق.
٤- باری ئابوری عێراق و سه‌ر له‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی.
ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ هاوکاری گرۆپه‌که‌ی بێکه‌ر- هامیلتون یان کرد بریتی بوون له‌ که‌سانێک که‌ له‌ ڕابووردودا ڕۆلی گه‌وره‌یان بینیوه‌ له‌ خزمه‌تکردنی گه‌لی ئه‌مه‌ریکا.
جگه‌ له‌ وه‌زیری پێشوی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا جێمس بێکه‌ر (کۆماریخواز) و لـی هامییلتون (دیموکرات- لێپرسراوی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌وله‌تییه‌کانی سه‌ر به‌ مه‌جلیسی نوێنه‌ران)، جگه‌ له‌م دووانه‌، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ش به‌شدارییان کردووه‌:
١-لۆرنس ئیگل بێرگه‌ر - کۆنه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا
٢- ڤیرنۆن جۆردان جۆنیۆریه‌کیک بوو له‌ به‌ڕێوبه‌ره‌ گه‌وره‌کانی کۆمپانیای لازارد/گۆڤاری فۆربه‌س ده‌رئه‌که‌ن
٣- ئه‌دوین مینـس - وه‌زیری دادی پێشوی ئه‌مه‌ریکا
٤- ساندرا دای ئۆکۆنور - دادوه‌ری پێشوو له‌ دادگای باڵای ئه‌مه‌ریکا
٥- لیۆن بانیتا - سه‌رۆکی پێشوی هه‌یئه‌تئ کارمه‌ندانی کۆشکی سپی
٦- ولیام بێری - وه‌زیری پێشوی به‌رگری عێراق
٧- تشارلز ڕۆب - ئه‌ندامی پێشوی مه‌جلیسی پیرانی ئه‌مه‌ریکا
٨- ئالان سیمسـۆن - ئه‌ندامی پێشوی مه‌جلیسی پیرانی ئه‌مه‌ریکا

چۆن ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ستنیشان کران؟
پاش ته‌کلیفکردنی بێکه‌روهامیلتون بۆ سه‌رۆکایه‌تی لیژنه‌که‌ له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی ئه‌ندامانی کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریکاوه‌،ئه‌مانیش به‌ ده‌وری خۆیان هه‌ستان به‌ ده‌ستنیشانکردنی لایه‌ن و پسپۆرو که‌سایه‌تییه‌کانی تر به‌ ڕاپرسی له‌ گه‌ڵ ئینستتیوتی ئه‌مه‌ریکی بۆ ئاشتی.

ئایا شاره‌زایانی تر به‌شدارییان کرد له‌ ئاماده‌کرنی ئه‌و دیراسه‌یه‌؟
ئینستتیوتی ئه‌مه‌ریک بۆ ئاشتی کۆمه‌ڵێ گرۆپی تری پێکهێنا له‌ بواره‌کانی سیاسی،ئابوری،ئه‌منی، سه‌ربازی، پلانی ستراتیجی و سه‌ر له‌نوێ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی عێراق. نزیکه‌ی ٣١ ڕاپۆرتی شێکارییان دا به‌ لیژنه‌که‌ی بێکه‌ر-هامیلتون، که‌ نزیکه‌ی ٤٤ پسپۆر و شاره‌زا به‌ شێوه‌یه‌کی خۆبه‌خشی ئاماده‌یان کردبوو.
جگه‌ له‌م لایه‌نانه‌، گرۆپی دیراسه‌ی عێراق پرس و ڕایان به‌ کۆمه‌ڵێ که‌سایه‌تی و گه‌وره‌ سیاسییه‌کانی عه‌ره‌بی
عێراق و ناوچه‌که‌ و هه‌ندێ له‌ لێپرسراوانی تورکیا و کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی ئه‌کادیمی و فـه‌ننی و به‌ڕێوبه‌ری کۆمه‌ڵێ کۆمپانیا. به‌ گشتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ زیاتر له‌ ١٧١ که‌سایه‌تی گه‌وره‌یان بینیوه‌.

ڕاسپارده‌ و ئامۆژگارییه‌کانی بێکه‌ر-هامیلتون (گرۆپی دیراسه‌ی عێراق)
١-پێویسته‌ له‌ سه‌ر حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌ هاوکاری حکومه‌تی عێراق حه‌مله‌یه‌کی دیبلوماسی ده‌ستپێبکات بۆ ته‌عامول کردن له‌ گه‌ڵ کێشه‌کانی عێراقدا و له‌ گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا،ئه‌م کاره‌ش پێویسته‌ پێش ٣١ دیسه‌مبه‌ری٢٠٠٦ بکرێت.
٢- پێویسته‌ ئه‌و حه‌مله‌ دبلوماسییه‌ ئیقلیمییه‌ بۆ پشتگیری کردن بێت له‌ یه‌کیتی خاکی عێراق و سه‌لامه‌تی ئه‌رزو ئاوی، بۆ ئه‌وه‌ بێت رێگه‌ بگرێت له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ووڵاتانی دراوسێ که‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ئه‌ده‌ن باری عێراق بشله‌قێنن.دابینکردنی سنوره‌کانی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ پاسه‌وانی سنوری هاوبه‌ش و پێکه‌وه‌ کاره‌کانیان بکه‌ن، ڕیگه‌گرتن له‌ کاری تیرورستی له‌م دیو ئه‌ودیوی سنور. پێویسته‌ له‌ سه‌ر ووڵاتانی دراوسێ کۆمه‌کی سیاسی، ئابوری (تیجاری)، ئه‌منی و سه‌ربازی عێراق بکه‌ن. هه‌روه‌ها پێویسته‌ ووڵاتانی ئیسلامی یارمه‌تی عێراق بده‌ن به‌وه‌ی ئاموژگاری و پشتگیری له‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی عێراق بکه‌ن. گرنگیدان به‌ شه‌رعییه‌تی دامو ده‌زگاکانی عێراق به‌وه‌ی ڕیگه‌ به‌ عێراق بده‌ن باڵوێزخانه‌کانی له‌و ووڵاتانه‌ بکاته‌وه‌، ئه‌وانیش بێن له‌ له‌ عیراق بالوێزخانه‌کانیان بکه‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ووڵاتانی وه‌کو سـعودییه‌. یارمه‌تی عێراق بدرێت که‌ چاره‌سه‌ری
كێشه‌ی که‌رکوک بکرێت، به‌ مه‌رجێک هه‌موو لایه‌ک له‌ سه‌ری ڕازیبن.
یارمه‌تی عێراق بدرێت که‌ دام و ده‌زگای پته‌وی سیاسی، سه‌ربازی، ئه‌منی و ئابوری پێکبێنێت. بره‌ودان به‌ چالاکییه‌کانیان له‌ پێناو ئاشته‌وایی نیشتمانی و دابه‌شکردنی عادیلانه‌ی داهاتی نه‌وت و لێک هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
میلیشیاکان.
٣- به‌ ته‌واوکردنی ئه‌و حه‌مله‌ دیبلۆماسییه‌، پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌ستی عێراق بگرێت بۆ به‌شداریکردن له‌ کۆبونه‌وه‌کانی جامیعه‌ی عه‌ره‌بی و ڕیکخراوی کۆنگره‌ی ئیسلامی و هه‌ول بدرێ به‌شێک له‌و کۆبونه‌وانه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ بچێت له‌ پێناوی به‌دیهێنانی ئاشته‌وایی نیشتیمانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی حوزوری دیبلۆماسی ئه‌و ووڵاتانه‌ له‌ عێراق.ئه‌و حه‌مله‌یه‌ سه‌رکه‌وتو نابێت ئه‌گه‌ر هه‌ندێ ووڵاتی کارا به‌شداری تیا نه‌که‌ن وه‌ عیراق ئه‌که‌وێته‌ ناو فه‌وزایه‌کی گه‌وره‌وه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ ووڵاتانه‌ به‌شداری بکه‌ن، پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا به‌ په‌له‌ هه‌ولی پێکهێنانی گروپێکی نێوده‌وله‌تی بدات بۆ پشتگیری له‌ عێراق (المجمویە الدولیە لدعم العراق)، پێویسته‌ هه‌موو ووڵاتانی دراوسێی عێراق به‌شداری تیا بکات، جگه‌ له‌ ده‌زگاکانی کۆمه‌ڵی نێو ده‌وڵه‌تی وه‌کو یو.ئێن و هه‌ندێ ووڵاتانی تر. به‌ تایبه‌ت ڕۆڵی سعودییه‌،میسر، ئوردن، کوێت، سوریا و ئێران پێویسته‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگێرێت، هه‌رچه‌نده‌ سوریا و ئێران تا ئێستا ڕۆڵی
نه‌گه‌تییفیان بینیوه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌قامگیری عێراق.
٤- پێویسته‌ به‌ په‌له‌ ئه‌و گروپی نێوده‌وڵه‌تییه‌ ده‌ست به‌کاره‌کانی بکات ،هه‌وته‌ریب له‌ گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی حه‌مله‌ دیبلۆماسییه‌که‌، وه‌ وه‌کو ئالییه‌تێک ته‌ماشای کاره‌کانی ئه‌و گروپه‌ بکرێت بۆ به‌دیهێنانی سه‌قامگیری له‌ هه‌موو ڕووه‌کانه‌وه‌.
٥- پێویسته‌ پێکهاته‌ی ئه‌و گروپی نێوده‌وڵه‌تییه‌ جگه‌ له‌ عێراق ،ووڵاتانی دراوسێ ،میسر و ووڵاتانی که‌نداو له‌ خۆی بگرێ، جگه‌ له‌ هه‌ر پێنج ووڵاته‌که‌ی مه‌جلیسی ئاسایشی نێو ده‌وله‌تی و یه‌کیتی ئه‌وروپا. وه‌ ده‌توانرێ ده‌وله‌تانی تری وه‌کو ئه‌ڵمانیا و یابان و کۆریای خوارووش به‌شداری تیا بکه‌ن که‌ ڕه‌نگه‌ ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌رێکی سیاسی و دیبلۆماسی له‌ نێوان عێراق و وڵاتانی تر،جگه‌ له‌ ڕۆڵیان بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی عێراق.
٦- پێویسته‌ پێکهێنانی ئه‌و گرۆپه‌ له‌ سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ته‌کانی ده‌ره‌وه‌ بێت، یان له‌ سه‌ر ئاستێکی باڵاتر، پێویسته‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا یان سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا خۆی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و گروپه‌ بکات.
٧- پێویسته‌ سازمانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و سکرتێری گشتی ئه‌و سازمانه‌ ڕاسپێردراوی خۆی هه‌بێت له‌و گروپه‌ و ڕۆڵی هه‌بێت.
٨- پێویسته‌ ئه‌و گروپه‌ جۆره‌ میکانیزمێک بدۆزێته‌وه‌ بۆ مامه‌له‌کردن له‌ گه‌ڵ دراوسییه‌کانی عێراق، به‌ مه‌رجێ ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بکات.چۆنیه‌تی هه‌لسوکه‌وت له‌ گه‌ڵ ئێران و سوریا جێگه‌ی ناکۆکییه‌، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر میلله‌تێک له‌ ڕوانگه‌ی دیپلۆماسیوه‌ ئه‌توانێ و پێویسته‌ بکه‌وێته‌ دیالۆگ له‌ گه‌ڵ ناحه‌زه‌کانی بـه‌
مه‌رجێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌مو لایه‌ک ڕه‌چاو بکرێ.بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و گروپه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ (مه‌به‌ست- المجموعە الدولیە لدعم العراق) به‌ بێ مه‌رجی پێشوه‌خت بکه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ سوریا و ئێران، پێویسته‌ ئه‌و دیالۆگه‌ چڕو بابه‌تیی بێت ، جۆره‌ باڵانسێکی تیا بێت بۆ به‌ هه‌ند وه‌رگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌مو لایه‌ک، پێویسته‌ ئه‌مریکا له‌و جۆره‌ دیالۆگه‌دا ته‌ماح بخاته‌ به‌رده‌م سوریا و ئێران،هه‌روه‌کو چۆن له‌ گه‌ڵ لیبیا کرا.
٩- پێویسته‌ له‌ سه‌ر ئه‌مه‌ریکا ڕاسته‌وخۆ بکه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ سوریا و ئێران له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو ووڵاته‌ پابه‌ند بن به‌ په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تێکی بیناکه‌رانه‌ سه‌باره‌ت به‌ عێراق، هه‌ر وه‌کو چۆن ئه‌مه‌ریکا و ئێران سه‌باره‌ت به‌ ئه‌فغانستان هاوکاری یه‌کتریان کرد. هه‌رچه‌نده‌ ئێران وای بۆ ئه‌چێ که‌ لـه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ودایه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ گۆماوی عێراقدا بچه‌قێت.
١٠- ده‌رباره‌ی کێشه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ ڕێگای سازمانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و ووڵاتانی ئه‌وروپا به‌ تایبه‌ت ئه‌ڵمانیا مامه‌له‌ له‌ گه‌ڵ ئێران بکات.
١١- پێویسته‌ ئه‌و گروپی ده‌وڵه‌تی بۆ پشتگیری له‌ عێراق، ئێران بهێنێته‌ سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بنێت بۆ باشکردنی ڕه‌وشی ئه‌منی له‌ عێراق.

هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندی ئه‌مه‌ریکا و سوریا له‌ نزمترین ئاستدایه‌، به‌ڵام پێویسته‌ کێشه‌ی عه‌ره‌ب - ئیسرائیل جوله‌ی تێبکه‌وێ، هه‌ر بۆیه‌ش ڕاسپارده‌ی ئێمه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

١٢- پێویسته‌ قه‌ناعه‌ت به‌ سوریا بکرێت که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ودایه‌ هه‌نگاو بنێت بۆ یارمه‌تیدانی عێراق، وه‌ک چاودێری سنوری نێوان سوریا و عێراق،پیاده‌کردنی مه‌فره‌زه‌ی هاوبه‌ش له‌ گه‌ڵ عێراقدا و دروستکردنی ڕایه‌ڵه‌ی گۆرینه‌وه‌ی زانیاری ئه‌منی له‌ نێوانیاندا،جگه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی هاوکاری ئابوری.
له‌ ڕووی ئیقلیمیه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا ناتوانێت به‌رده‌وام بێت له‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌گه‌ر دانوساندنی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل (له‌ سه‌ر ئاستی هه‌مو ته‌وه‌ره‌کان- لوبنان،سوریاو
فه‌له‌ستین) نه‌جولێنێ. پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا هـانی هه‌مو لایه‌کیان بدات تا بکه‌ونه‌ دانوساندنی ڕاسته‌وخۆ به‌ تایبه‌ت له‌ گه‌ڵ لوبنان و فه‌له‌ستین که‌ ڕه‌زامه‌ندییان ده‌ربڕیوه‌ به‌ مافی ئیسرائیل له‌ مانه‌وه‌ (حق اسرائیل فی
الوجود)، ئه‌وه‌ش ئاشکرایه‌ که‌ سوریا بۆته‌ به‌رده‌بازی په‌ڕینه‌وه‌ی چه‌ك بۆ حیزب الله‌ و پشتگیری له‌ کۆمه‌ڵێ
گرۆپی توندڕه‌وی فه‌له‌ستینی ده‌کات،پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا درک به‌وه‌ بکات که‌ چاره‌سه‌ری سه‌ربازی مومکین نیه‌.
١٣- پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا پابه‌ندی خۆی نوێ بکاته‌وه‌ له‌مه‌ر هێنانه‌دی چاره‌سه‌رێکی ئاشتیانه‌ی گشتگیر له‌ نێوان
عه‌ره‌ب و ئیسرائیل له‌ سه‌ر ئاستی هه‌مو ته‌وه‌ره‌کان.
١٤- یه‌کێک له‌و هه‌وڵانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا بانگه‌وازێکی به‌ بێ مه‌رجی پێشوه‌خت بکات له‌ نزیکترین کاتدا بۆ
ئه‌نجامدانی کۆبونه‌وه‌ی ئاشتی به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریکا یان لیژنه‌ چوار قۆڵییه‌که‌ (ئه‌مه‌ریکا،یه‌کیتی ئه‌وروپا،
ڕوسیا،یـوئێـن) له‌ نێوان ئیسرائیل- لوبنان و سوریا له‌ قۆڵێک و له‌ قۆڵێکی تریش له‌ گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌کان،
له‌ پێناو به‌دیهێنانی ئاشتییه‌کی گشتگیر، هه‌ر وه‌ک چۆن له‌ کۆنفرانسی مه‌درید له‌ ساڵی 1991 به‌ڕێوه‌ چوو
له‌ سه‌ر ئاستی دوو قۆڵ ئیسرائیل-/ لوبنان و سوریا و ئه‌وی تریان ئیسرایئل- فه‌ڵه‌ستینییه‌کان.
١٥- پێویسته‌ دان و ساندن له‌ گه‌ڵ سوریا هه‌ندێ خاڵ له‌ خۆ بگرێت، له‌وانه‌ پابه‌ندبوونی ته‌واو به‌ بڕیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ژماره‌- ١٧٠١ که‌ چوارچێوه‌یه‌ک له‌ خۆ ده‌گرێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ لوبنان، پێویسته‌ سوریا هاوکاری ته‌واوی لێکۆڵینه‌وه‌کان بکات سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ تیرۆره‌ سیاسییانه‌ی که‌ له‌ لوبنان ڕوویدا، وه‌کو ئه‌وه‌ی ڕه‌فیق حه‌ریری و بیار الجمیل، هه‌روه‌ها چاودێریکردنی وه‌ستاندنی هه‌مو جۆره‌ هاوکارییه‌کی حیزب الله، لێنه‌گه‌ڕێن خاکی سوریا ببێته‌ به‌رده‌بازێک بۆ په‌ڕێنه‌وه‌ی چه‌ک و تیرۆریستان له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و لوبنان.
پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا فشار بخاته‌ سه‌ر حیزب الله‌ و حه‌ماس که‌ سه‌ربازه‌ ئیسرائیلیه‌که‌ ئازاد بکه‌ن و ڕێگه‌ بگرێت
له‌ سوریا که‌ چێتر هه‌وڵی په‌کخستنی حکومه‌تی لوبنان نه‌دات که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی دیموکراتی پێکهێنراوه‌.
پێویسته‌ سوریا فشار بخاته‌ سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس که‌ دان به‌ مافی بوون و مانه‌وه‌ی ئیسرائیل بنێت.
١٦- به‌رامبه‌ر به‌و هه‌مو هه‌نگاوانه‌ وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئاشتییه‌کی گشتگیر و سه‌قامگیر، ده‌بێت ئیسرائیل گردۆلکه‌کانی جه‌ولان بداته‌وه‌ به‌ سوریا به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵێک گه‌ره‌نتی که‌ ئه‌مه‌ریکا بیدات به‌ ئیسرائیل سه‌باره‌ت به‌ ئاسایشی،به‌ مانه‌وه‌ی جگه‌ له‌ ئاسایکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئیسرائیل له‌ گه‌ڵ ووڵاتانی عه‌ره‌بدا. هه‌روه‌ها چه‌سپاندنی هێزیکی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ نێوان ئیسرائیل- لوبنان و ئیسرائیل- سوریا.
١٧- ده‌رباره‌ی کێشه‌ی فه‌له‌ستین، پێویسته‌ هه‌مو لایه‌ک پابه‌ند بێت به‌ هه‌ردوو بڕیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان
ژماره‌- ٢٤٢ ، ٣٣٨ و بنه‌مای (خـاک به‌رامبه‌ر ئاشتی) وه‌کو تاکه‌ بنه‌مایه‌ک پشتی پێبه‌سترێ بۆ هێنانه‌دی ئاشتییه‌کی سه‌قامگیر. پێویسته‌ پشتگیری له‌ مه‌حمود عه‌بباس و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی زیاتر بنێت بۆ خۆشکردنی ڕێگه‌ی گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل،به‌رده‌وام بوون له‌ پابه‌ندبوونی به‌ ئاگر بڕه‌که‌ی نێوانیان.
پێویسته‌ چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌کانی ئۆردوگا ئیستیگانییه‌کان، کێشه‌ی قودس،گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌ناهه‌نده‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌کان و وه‌زعی کۆتایی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که‌ بڕیار وایه‌ بۆ فه‌له‌ستینییه‌کان دابمه‌رزێ.
١٨- پێویسته‌ پشتگیری و کۆمه‌کی زیاتر به‌ ئه‌فغانستان بکرێت له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازی و ئابورییه‌وه‌،
بۆ نمونه‌ پێویسته‌ ئه‌و چه‌ک و که‌ره‌سته‌ سه‌ربازییانه‌ی که‌ پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق، به‌شێکی بدرێته‌ ئه‌فغانستان.
١٩- پێویسته‌ له‌ سه‌ر سه‌رۆک و مه‌جلیسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریکا له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا بن له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق و ڵێپرسراوه‌ باڵاکانی، بۆ ئه‌وه‌ی پێشکه‌وتنی به‌رچاو به‌ ده‌ستبهێنن له‌ هه‌مو بواره‌کاندا.
٢٠- پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا به‌ کرده‌وه‌ ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕێ بۆ مه‌شق پێکردن و ڕاهێنانی هێزه‌کانی ئاسایش و
سوپا له‌ عێراق و به‌رده‌وام بێت له‌ هاوکاری و کۆمه‌ککردن به‌ عێراق له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازی وئاسایش و
ئابوری. هه‌تا عێراق زیاتر هه‌نگاو بنێ بۆ به‌رقه‌رارکردنی ئاسایش و بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ. به‌
مه‌ش که‌شێک فه‌راهه‌م ده‌بێت بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی وتاره‌که‌ ، تکایه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م دوو لینکه‌ بکه‌ن:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=2a9416c8
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=ebfd202c

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە