کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیکتاتۆرەکانی دونیا لە یەک دەچن !

Saturday, 09/04/2011, 12:00







دیکتاتۆرەکان هەمیشە پەردەیەکی ڕەنگاڵە و جوان بۆ خۆیان دەپۆشن، خۆیان دەڕازێننەوە بە دروشمی بریقەدار ،کام وشە سه رنج ڕاکێش بێت ئەوان ئەوە دەڵێنه وه... دیکتاتۆرەکانی دونیا دیموکراسیان کردووە بە دروشمیان... لەپەنایشەوە ئەوەی بیانەوێت دەیکەن " گرتن ، کوشتن ، سەرنگومکردن ، کڕینی دەنگی مرۆڤەکان لەکاتی هەڵبژاردن ، دەست گرتن بەسەر قوتی ئینسانەکانه وه...هتد، لەهەموو کاتێکدا ئامادەی گفتوگۆیشیان هەیە ، ئامادەن هەرچی داخوازیت هەیە گوێی لێبگرن ، ئامادەن چیت هەیە لەسەر پەڕەیەکی سپی بینوسن . بەڵام بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان تەنها کوشتن و تراژیدیاکان دێنە پراکتیزەکردن .
بەبڕووای من ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت هیچ دیکتاتۆرێک بەم شێوەیە زاڵمتری نەکردووە ، ئەوی لە کوردستان دەگوزەرێت بزرکردن و سەرنگومکردنە ، بردن و شەوترساندن و قۆرخ کردنه ، گۆڕینی بیری نەتەوەیه بۆ بیری حیزبی ، بەپیرۆز کردنی کەسه ، پیرۆزدانی تاکێكه بەسەر نەتەوەیەكدا ، کوشتنی کۆمەڵگه یەكه لەبەر بنەماڵیەك، بریتیه له هەوڵی بەردەوامی سڕینەوەی کۆمەڵگه ی کوردی بە پارتی کردن و بە یەکێتی کردن، بەردەوامن مرۆڤەکان بکەن بە ڕۆبۆت و کۆنترۆڵەکانیان لەلای خۆیان بێت، دیکتاتۆرەکان هەمیشە ڕوکارە ڕەنگاڵە جوانەکەیان نیشانی خەڵکی خۆیان دەدەن هیچ کات لارییەک یان لایەنێكی نێگەتیڤ نیشانی خەڵکی نادەن ،خۆیان بە خاوەنی دەسەڵات دەزانن و گەر ئەوان نەبن دەسەڵاتیش نابێت ،بەڵام لەپەناوە کارگەیەکی ترساناکیشیان هەیە بۆ ترس.. هەمیشە ده خوازن کۆمەڵگه وا تێبگەیەنن ئەوەی ئەوان نەیڵێن ئەوە دەستی دەرەکی و دژی ئەزموونەکەمانە ، ئەوەی فەرمانی ئەوانی لەسەر نەبێت فەرمانێکی دەرەکی لەپشتەوەیەوەیە ، گەر ئەوان لەسەر کورسی دەسەڵات نەبن حکومەتی کوردی هەڵدەوەشێت و نامێنێت ، گەر ئەوان نەبن مادەی 140 جێبەجێ ناکرێت .. هتد
دەبینین هەموو وتەو هورتەیەکی پارتی و یەکێتی ئەوەیە لەپشت خۆپێشاندانەکانەوە دەستێك هەیە ، بەڵام ئایا لە خۆیان پرسیوە کام دەست ؟ کێیە ئەو دەستە ؟ یان ئەو دەستە هەر ئەو دەستەیە ئەوان ئێستا دەستیان لە دەست ناون ...ئەوەی لەم دووایەدا دیترا سەردانەکەی نێچیر بارزانی و جەلال تاڵەبانی بوو بۆ ئێران، دوواتر سەردانەکەی ئۆردوگان بوو بۆ هەولێر ، لێ با بزانین ناحەزان و دوژمنانی نەتەوەکەمان کێن ؟ دەستی دەرەکی کێیە ؟ "
ئەو دەستە دەرەکییەی پارتی و یەکێتی باسی دەکەن لە پشتی خۆپێشاندەرانە ئەوە تەنها نان و ئازادیە و گەڕانەوەی ماف و کەرامەتە بۆتاکی کوردو نەمانی گەندەڵی و چینایەتی و..هتد، ئەوەی هەموو جار لایەنی دەسەڵات باسی دەکات تەنیا ڕابردووە یان داهاتووە ، لەهیچ کاتێکدا نابینیت هەنوکەی تێدابێت ، بۆیە لەدیدی ناپلیۆن ئەمان هەم شیت و هەم نەزانن ، چونکە دەڵێت : نەزان بەردەوام لە ڕبوردوو دەدوێت ، عاقڵان بیر لە هەنوکە دەکەنەوە و، شێتەکان باسی داهاتوو دەکەن. سا شەقام ئێستا وەک دکتۆرێک و مامۆستایەکی لێهاتووە و دەیەوێت شێتەکە چاک بکاتەوە و نەزانەکەیش بخاتەوە سەر ڕێگای ڕاستەقینەی خۆی .
پەیوەندی پارتی و یەکێتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئەورپا و ئەمریکا لەسەر بناغەی بەرژوەندی حیزبیە نەك نەتەوەیی ، بۆ پالپشتی حیزبەکانیانە جا پاڵپشتییەکە لەسەر حسابی گەلی کورد بێت یان نا بۆ ئەوان گرنگ نیە گرنگ ئەوەیە ئەوان بەرژەوەندیان چۆن دەڕووات .
گەر دەیان ڕێژووان و گەرمیان و سورکێو بیلال شەهید بکرێن یان دەیان ئەنەس بێباوک بکرێن بۆ ئەوان گرنگ نیە .. گرنگ و گرنگتر بۆ بارزانی و تاڵەبانی ئەوەیە دەست لە کورسی دەسەڵات بەرنەدەن و هەتا نەوە و نەوەزایان هەبێت کورسی دەست بەدەست بکەن .
لە دۆخ ‌و چرکەساتێکی وەک ئێستا سەردانی دەسەڵاتی کوردی بۆ ئێران ئەوەیە دەنگە ناڕەزاییەکانی سەرشەقام نەهێڵن و کپی کاتەوە لەهەمان کاتیشدا هەوڵیش دەدەن ئۆپۆزیسیۆنیش لێك بترازێنن ، چونکە ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن داوای دەکات بە پارتی و یەکێتی هەزم ناکرێت ، ئەو چاکسازییەی شەقام داوای دەکات ئەو چیا درۆینەی چەند ساڵە پارتی و یەکێتی بنیاتیان ناوە لەبنڕا دەی هەژێنێت ، لێ ئەوان خۆیان دەزانن کە بەو چاکسازیە ئەوانیش دەکەونە بەرگسکی زه مه نه وه، دەزانن بەنەمانی گەندەڵی نەمانی ئەوانیشی بەدوواوەیە ئەمە ئەو پەردە رەنگ کراوەیە دیکتاتۆرەکان لەخۆیانی دەپۆشن ، سەدام یەکێك بوو لە دیکتاتۆرەکانی سەدەی 20 . بەدرێژای مێژوو هەوڵیدا کۆمەڵگای عێراقی بسڕێتەوە و دیسان لەبەرگێکی بەعسیزم نوێیان بکاتەوە ، بەڵام ئەم لۆژیکەی بۆ نەچووە سەر ، دوواتر پەنای بردە بەر زەبرو زەنگی ترس ، دیسان بەو ڕێگایەش ئارامی نەگرت، هەستا بە کوشتاری بەکۆمەڵ و... هتد،
ئەوەی ئەمڕۆ هەستی پێدەکرێت دوبارە کردنەوەی ئەزمونی بەعسیە لەلایەن دەسەڵاتەوە . دەسەڵاتی کوردی لە هیتلەر دەچێت لە داگیر کردنی ناخی کۆمەڵگای کوردی . لە موبارەك و زین ئه ل عابدین دەچێت لە مل نەدان بۆ خواستە ڕەواکانی گەل ، لەقەزافی دەچێت لە درۆ و سیناریۆی پوچەڵ و کوشتاری خەڵکی ... ئەوەی ئێستا دەبینرێت لەنێو خودی پارتی و یەکێتی دوبارە کردنەوەی ئەزموونی دیکتاتۆرەکانە .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە