کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داهێنان زنجیره‌یه‌ك پێشێلكاری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكاران و یه‌كێتی‌ قوتابیان بڵاوده‌كاته‌وه‌

Thursday, 30/04/2009, 12:00


كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكاران و یه‌كێتی‌ قوتابیان كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتی و پارتین، له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردودا زنجیره‌یه‌ك پێشێلكاریان له‌ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندا ئه‌نجامداوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ كوردستان نزیكده‌بێته‌وه‌.

پێشێلكارییه‌كان جگه‌ له‌زانكۆو په‌یمانگاكان زۆرێك له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندنی‌ گرتۆته‌وه‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ش ده‌كرێت هه‌تاوه‌كو واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیكبێته‌وه‌ پێشێلكارییه‌كان زیاتر بن.

ئه‌و پێشێلكاریانه‌ خۆی‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌كاروباری‌ قوتابخانه‌كان و فشاردروستكردن و فه‌سڵكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ تر له‌رێگه‌ی‌ راگری‌ زانكۆو په‌یمانگانه‌وه‌ خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌.

رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكارانی‌ كوردستان قوفڵی‌ له‌ده‌رگای‌ چه‌ند هۆڵێكی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ دا، بۆ ئه‌وی‌ خوێندكاران نه‌چنه‌ هۆڵه‌وه‌و وانه‌ نه‌خوێنن.

به‌بۆنه‌ی‌ ساڵیادیانه‌وه‌ تیپی‌ مۆسیقایان هێنایه‌ ناو زانكۆو ده‌ستیان دایه‌ ئاهه‌نگێڕان، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ نیگه‌رانی‌ لای‌ زۆرێك له‌ مامۆستایان و خوێندكاران دروستبوو.

سازدانی‌ ئه‌و ئاهه‌نگه‌ پێشێلكردنی‌ پڕۆژه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ یه‌كێتییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكاران سه‌ر به‌ خودی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانییه‌.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكاران ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پێشێلده‌كه‌ن، به‌ڵكو هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا رێگریان له‌ چالاكییه‌كی‌ زانستی‌ رێكخراوی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ قوتابیانی‌ كوردستان كردووه‌و پێشتریش چه‌ند جارێك ئه‌مه‌یان دووباره‌ كردۆته‌وه‌.

چه‌ند رۆژێكی پێشتریش كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكاران و مه‌ڵبه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ له‌ ده‌ربه‌ندیخان رۆژێكی‌ ده‌وامی‌ ئاساییان راگرت و به‌ زیاتر له‌ 100 پاس، 2383 قوتابی دواناوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌ و په‌یمانگایه‌كیان بردووه‌ بۆ سه‌یران.


له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێریش رێگه‌ له‌ چالاكییه‌كانی‌ رێكخراوی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ قوتابیانی‌ كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتی‌ قوتابیانه‌وه‌ ده‌كرێت و له‌ پارێزگای‌ دهۆكیش چه‌ند ئه‌ندامێك فه‌سڵده‌كه‌ن.

له‌ یادی‌ راگه‌یاندنی‌ رێكخراوی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ قوتابیانی‌ كوردستان له‌ قه‌زای‌ سۆران رێگری‌ ده‌كرێت له‌ هه‌ڵواسینی‌ پۆسته‌راتی‌ رێكخراو له‌ هه‌رسێ كۆلێژی‌ بنیات و یاسا و په‌یمانگای‌ ته‌كنیكی‌ سۆران، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پۆسته‌راتی‌ رێكخراو له‌ دیواری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆلێژی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سۆران ده‌دڕێنرێت، پۆسته‌ره‌كان لێده‌كرێنه‌وه‌و، ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ یه‌كێتی‌ قوتابیانیش ده‌ڵێت رێگه‌ ناده‌ین كارو چالاكی‌ ئه‌نجام بده‌ن جگه‌ له‌ خۆمان.

به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ قوتابخانه‌ی‌ شه‌مزینانی‌ قه‌زای‌ ئاكرێ‌ پۆسته‌ره‌كانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌سه‌ر دیواری‌ قوتابخانه‌ لێكراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ ئاماده‌یی ئه‌حمه‌دی‌ خانی‌ كوڕان له‌ هه‌ولێر یه‌كێتی‌ قوتابیانی‌ كوردستان رێگری‌ له‌ سازدانی كۆرێكی‌ زانستی‌ دكتۆرێكی‌ زانكۆ ده‌كات كه‌ له‌ لایه‌ن رێكخراوی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ قوتابیانی‌ كوردستانه‌وه‌ سازكرابوو.

كۆڕه‌ زاستییه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ هاندانی‌ قوتابیان بۆ چۆنێتی‌ شێوازی‌ خۆ ئاماده‌كردن بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان، به‌ڵام یه‌كێتی‌ قوتابیان وێنه‌ی‌ بارزانیان هێناوه‌ له‌پشته‌وه‌ هه‌ڵیانواسیوه‌، دواتر لافیته‌یه‌كی یه‌كێتی‌ قوتابیانیان هێناوه‌ كردوویانه‌ به‌ چالاكی خۆیان و دواتر كۆره‌كه‌یان تێكداوه‌.

ئازاد جه‌میل سكرتێری‌ رێكخراوی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ قوتبیانی‌ كوردستان ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌و پێشێلكارییانه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكاران و یه‌كێتی‌ قوتابیان گرت له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندندا . هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی‌ له‌و ده‌ستێوه‌ردانانه‌ش گرت كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ قوتابخانه‌و زانكۆكانه‌و ده‌یكه‌ن بۆ رێگری‌ كردن له‌ چالاكی‌ رێكخراوه‌كانی‌ تر.
ئازاد جه‌میل وتی‌ "ئێمه‌ ته‌نها رێكخراوێكی‌ یاسایین كه‌ مۆڵه‌تی‌ ره‌سمیمان هه‌یه‌و كاره‌كانیشمان به‌ یاسایی ئه‌نجام ده‌ده‌ین".
سه‌باره‌ت به‌ فه‌سڵكردنی‌ حه‌وت ئه‌ندامی رێكخراوه‌كه‌یان له‌ په‌یمانگای‌ ته‌كنیكی‌ دهۆك و 3ئه‌ندامی‌ دیكه‌ش له‌ كۆڵیژی‌ كشتوكاڵ دهۆك، وتی‌ "ئێمه‌ به‌دواداچونمان كردووه‌و داوای‌ ئه‌و نوسراوه‌مان كردووه‌ كه‌ پێی فه‌سڵكراون، به‌ڵام ئه‌وان هیچ نوسراوێكی‌ یاسایی و ره‌سمیان پیشانی ئێمه‌ نه‌داوه‌و پێیانوتووین ئه‌مه‌ شتێكی‌ نهێنییه‌".
سكرتێری‌ رێكخراوی‌ گه‌شه‌پێدان سه‌رسوڕمانی‌ خۆشی پیشاندا له‌وه‌ی‌ كه‌ قوتابی به‌ شێوازی‌ نهێنی‌ فه‌سڵبكرێت به‌بێ هیچ به‌ندێكی‌ یاسایی.
ئازاد جه‌میل هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی‌ له‌ فیدراسیۆنی‌ رێكخراوه‌ قوتابی‌ و خوێندكارییه‌كان گرت، چونكه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌ڵوێستی‌ نه‌بووه‌، وتی‌ "ئێمه‌ داوای‌ ده‌ركردنی‌ به‌یاننامه‌یه‌ك و لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچوونی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كردووه‌، به‌ڵام هیچیان نه‌كردووه‌".
به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ كه‌ ده‌ست رۆژنامه‌ی‌ داهێنان كه‌وتووه‌، فه‌سڵكردنی‌ ئه‌و قوتابیانه‌ به‌ پێی‌ هیچ نوسراوێكی‌ ره‌سمی‌ و یاسایی نه‌بووه‌، ته‌نها به‌ بڕیاری‌ لیژنه‌ی‌ زانكۆی‌ پارتی‌ فه‌سڵكراون.

هه‌روه‌ها راگری‌ هه‌ردوو كۆلێژی‌ كارگێری‌و ئابوری‌ و شه‌ریعه‌ی‌ زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دین، له‌ژێر فشاری‌ یه‌كێتی‌ قوتابیاندا رێگری‌ له‌رۆژنامه‌ی‌ داهێنان ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین به‌ داهێنانی‌ ڕاگه‌یاند، زۆربه‌ی‌ ڕاگری‌ كۆلێژه‌كانی‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین به‌بێ پرسی "ژووری‌ قوتابیان" كه‌ ژوورێكی‌ نایاسایی یه‌كێتی‌ قوتابیانه‌ له‌كۆلێژه‌كاندا، ناتوانن هیچ كارێك ئه‌نجامبده‌ن‌و ڕێگه‌ به‌چالاكی‌ هیچ ڕێكخراوێك بده‌ن.
داهێنان بۆ به‌دواچوونی‌ ئه‌وپێشێلكارییانه‌ی‌ یه‌كێتی‌ قوتابیان و كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكاران، له‌ رێگه‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ كرد به‌ دارا قه‌ره‌داغی‌ سه‌رۆكی‌ فیدراسۆن كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا سكرتێری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكارانیشه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كان دروستنه‌بوون.

خه‌لیل ئیبراهیم، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مانی‌ كوردستان نیگه‌رانی‌ خۆی‌ به‌ هۆی‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌وه‌ ده‌ربڕی‌ و وتی‌ "به‌راستی‌ ئه‌مه‌ ئه‌و دۆخه‌ خراپه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ تێكه‌وتووه‌".
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی‌ ئه‌و رووداوه‌وه‌ زیاتر وتی‌ "به‌ڕاستی‌ ئه‌مه‌یه‌ گه‌نده‌ڵی‌ كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌ست له‌ كاروباری‌ حكومه‌ت و زانكۆكان وه‌رده‌ده‌ن و جگه‌ له‌ خۆیان رێگه‌ به‌ كه‌سی دیكه‌ ناده‌ن كه‌ چالاكی‌ ئه‌نجامبده‌ن".
هه‌روه‌ها وتیشی‌ ئه‌و كارانه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ و پرۆژه‌ی‌ چوار حیزبه‌كه‌ و یه‌كێتی‌ په‌رله‌مانتاران و حكومه‌تی‌ هه‌رێمن".
وتیشی "ده‌مانه‌وێت له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوودا كۆتایی به‌و پێشێلكارییانه‌ بهێنین".



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە