شاخەوانێكى بەرپرس
Wednesday, 26/12/2012, 12:00
دەگێڕنەوە كە شاخەوانێك ئێوارەى زستانێكى سارد و بەفراناوى نیازى هەڵگەڕان بە شاخ و كێوى هەبووە، لە بڵندیەكى زۆر دەكەوێ و بەو پەتەى كە لێى پچڕابوو لە درەختێكى نێو ئەو شاخ و كێوە دەئالێ و بەرلەوەى بە زەوى بكەوێت خۆى دەگرێتەوە. لەو چۆڵەوانیە و بەشەوێكى تاریكى سارد و سڕ، لە حەژمەتى ترس و تەنیایى خۆى پڕ بەدەنگى هاوار دەكات: خودایە یارمەتیم بدە، لەو كاتە دەنگێك وەڵامى دەداتەوە و دەڵێت : ئەو پەتەى دەستت بەردە، با بكەوى.
شاخەوان بەردەوامە لە ترس و دڵە راوكێ و دووبارە داواى یارمەتى دەكاتەوە.
دەنگە نامۆیەكە لێى دەپرسێت: دڵنیاى كە یارمەتیت دەوێت ، ئەگەر وایە مەترسە و ئەو پەتەى خۆت پێوە گرتۆتەوە بەرى بدە و با بكەویت. ئەو داواكارى و وەڵامە هەر وەك خۆى مایەوە و شاخەوان لەو بارودۆخەدا نەیدەتوانى گوێڕایەلێ وەها وەڵام و یارمەتیەك بێت، تا بۆ بەیانیەكەى لە رۆژنامەكان بڵاوكرایەوە كە شاخەوانێك لە بەرزى تەنها مەترێك لە زەوى، لە سەرمان بەستویەتى.
بارودۆخى شاخەوان و حكومەت و دەسەڵاتى ئێمەش جۆرە لێكچونێكیان هەیە كە تا ئەمڕۆ بۆتە هۆى نیگەرانى هەموو ئەوانەى دڵسۆزتر و خەمخۆرتر لەبەرپرسەكانیان چاوەڕوانى چارەسەر و رزگاربوون لە نەهامەتى و ناخۆشیەكانن.
بەڵام هەموو ئەو لایەنانەى كە پێویستە گوێیان بۆ دەنگى خەڵك سوك بكەن، نابیستن و هەقە بەر لەوەى موچەى زەبەلاحى دانیشتن لەسەر كورسیە گەورەكان وەربگرن، خۆیان لە كۆمەلەى خاوەن پێداویستیەكان ناونوس بكەن و موچەى كەمئەندامى وەزارەتى كار وەربگرن.چونكە پتر لە 20 ساڵى تەمەنى تاكى سڤیلى كورد و هەموو رۆژنامە و گۆڤار و میدیاى ئازاد لە داواكردن بەهەدەر رۆیشتووە. نەوەك هەر تەنها نەیانویستووە كە گوێیان لە زمانى میدیاى ئازاد و داواكارى خەڵك بێت. بەڵكو زۆرجار لەبەرامبەر ئەوەى لەخەودا رایان چلەكاندون راپێچى بەردادگایان كردونەتەوە.
بەجۆرێك ئێستا هەموو ئەو لایەنانەى هەقى قسەكردنیان هەیە ، بونەتە گوێگرو سەلیقەى دڵسۆزى و خەمخۆریان لە دەست داوە و هیوا بڕاوى چارەسەرى ئەو دۆخە بوونە. بەو پێوەرەى كە ئەزمووندارەكانى ژیان دەلێن: كەس لە بێ دەنگى پەشیمان نەبۆتەوە،بەڵام زۆرن ئەوانەى لە زۆرگوتن خەسارەت مەندن.
ئێستا میدیاى كوردى نزیك بۆتەوە لەو راستیەى كە بێدەنگى و دوركەوتنەوە لە داواكارى خەڵكى ئەو رێگایەیە كە دەبێت بۆ بەسەنگ مانەوەى خۆیان لەسەرى بڕۆن.
دڵنیام كەمیشن ئەو كەسانەى ئاوات بە چارەنوسى شاخەوانەكە بۆ دەسەڵات بخوازن. چونكە دلسۆزى و خەمخۆرى سنورێكى هەیە، ئەگەر بۆچەندین جار نەیبیستێ
ڕەنگە بیبەستێ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست