کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


ئەمەریکا ئەستێرەکەمان بە داعش پیس مەکە!

Tuesday, 07/10/2014, 12:00

2458 بینراوە


-  ئەگەر حکومەتی هەرێم راست دەکات با بایکۆتی یەک پەنیری تورکیی بکات
-  ناتۆ لە پەنا حکومەتی هەرێمدا دژایەتیی پرسی کورد دەکات
-  پەکەکە هێزێکی نیشتیمانییە ئەرکە پشتی بگیرێت
-  دوژمنایەتیی لەوە رونتر نابێت بە پەکەکە بڵێن تیڕۆڕیست و بە کورد بڵێن حکومەتی هەرێم
-  گەلی کورد لە باشوردا پێویستە خۆی ریکبخاتەوە!
----------------------------------------------
پارتەکانی باشور لە رێکەوتنی دروستکردنەوەی عێراقدا ساڵی ٢٠٠٥ وازیان لە زیاد لە نیوەی خاکی باشوری کوردستان هێنا. ئەمەش هەر لە دەستدانی نیوەی خاکی باشور نییە. بەڵکو ئەوەشە ئەگەر پارتەکان سیاسیی بوونایە داوای دیاریکردنی سنوری کوردستانیان دەکردو حکومەتەکەیان لەسەر خاکی کورستان دادەمەزراند. دەستەڵاتێکیش سیاسیی نەبێت کێشەکە ئەوە نییە کە دەستکەوتەکەمان کەم دەبێت. بەڵکو ئەوەیە کە سیاسیی نەبوونی دەستەڵات زۆر دەکەوێت لە سەرمان. دەستەڵاتێک بۆ پۆست و پارە وازی لە نیووەی نیشتیمان هێنابێت چاوڕێ دەکرێت خۆی مەترسییەکی گەورە بێت. ئەمەشمان بە چاوی خۆمان بینی کە چۆن پیسخۆریی دەستەڵاتداران کۆمەڵگایەکی هەڵوەشاوی دروست کرد کە یەکێک لە قەیرانەکانی لەناوبردنی توانای بەرگرییە بەرامبەر بە دوژمنی دەرەوە. ئەم گورزەی کە پیسخۆریی لە نەتەوەی کوردی وەشاندووە بە دەستێک لە خودی گەلەکە خۆی نەبێت ناوەشێت. بۆیە "پیسعش" لە "داعش" خەتەرترە. چونکە پیسعش لەو سیستێمە ئەدات کە کۆمەڵگا دەبات بەڕێووەو بەرگریی لە گەل دەکات.
حکومەتی هەرێم لەسەر ئەو بناغەیە دروست بوو کە دەستەڵاتێکی کوردیی پێک بێت بۆ دوو مەبەستی بێگانە. یەکەم، بۆ هاوسەنگیی سوننەو شیعە لە عێراق. دووەم، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچە کوردییانەی کە پارتی و یەکێتی تا رۆژی ١٩/٠٣/٢٠٠٣ بەدەستیانەوە بوون، لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراقیی نەمابوو. حکومەتی هەرێم لەسەر ناوچەیەکی دابڕاوی باشوری کوردستان دروست کرا. دەستەڵاتی پارتەکانیش کە پێشتر چاویان لە پارەو چەکی وڵاتانی وەکو لیبیا، سوریا و ئێران بوو کەوتن بەسەر تاڵانیی کوردستان و دەستکەوتی پارەی نەوتی عێراقدا. بەشێک لەم دەستکەوتانەشیان لە رێگای دابەشکردنی زەوی، پۆست و موچەی بەلاشەوە بە سەر ژمارەیەکی زۆردا دابەش کردو خەڵکیان پێ شێواند.

پارتەکانی باشور کە لە حکومەتی هەرێمدا کۆ بوونەتەوە بە بێ ئەوەی حسابی بەرژەوەندیی کورد بکەن و نوێنەری کێشەکەی بن، ناکۆک لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەگەڵ حکومەتی تورکییدا کەوتنە دەرهێنانی نەوت و قاچاخچێتیی نەوت لە سنوری ئێرانیشەوە. باشوری کوردستانیان کرد بە بازاڕی کۆمپانیاکانی تورکیا. دەستەڵاتدارانی پارتەکان بوون بە خاوەنی کۆمپانیا. تێکەڵاوبوونی دەستەڵات و کۆمپانیاش سیستێمێکی پیسخۆریی حوکمی دروست کرد کە دەتوانرێت بە "پیسخۆرکراتیی" بناسرێت. لە ژێر سایەی ئەم پیسخۆرکراتییەدا هەموو کایەکان لەسەر هێڵی پیسخۆریی بە شێوەی جۆربەجۆر یەکتریی تەواو دەکەن. میدیاو روناکبیرەکانی دەستەڵات پشت ئەستور بە هەڵبژاردن و دەنگدان وەکو "دیموکراتیی" باس لەم "پیسخۆرکراتیی"ە دەکەن.

دەستەڵاتێک بیناو کارەکتەرەکانی بەو جۆرە بن چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت کە "رێکەوتنی سیاسیی" لەگەڵ تورکیادا مۆر بکات. بەڵکو راستییەکەی ئەوەیە کە تورکیا دەستەڵاتی "پیسخۆرکرات"ەکانی کورد بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت لە هەموو رویەکەوە، ئابوریی، سەربازیی، کۆمەڵایەتیی و کولتوریی. "بزووتنەوەی گۆڕان"یش ماوەیەک لەمەوبەر پێش گرتنی موسڵ لە لایەن داعشەوە، ئامادەیی خۆی پیشان دا بۆ هاوکاریی ئابوریی، کۆمەڵایەتیی و کولتوریی لەگەڵ تورکیا. ئەمەش لە راستییدا ئامادەیی پیشاندان بوو بۆ کراوەیی دەرگای باشور بۆ بەرژەوەندییەکانی تورکیا. چونکە بزووتنەوەی گۆڕان هیچ مەرجێکی پیشان نەدا بۆ ئەو هاوکارییەی لەگەڵ تورکیادا. بزووتنەوەی گۆڕان لە ژێر پەردەی بە نیشتیمانیکردنی گفتوگۆو دەزگاکاندا قڕوقەپی هەڵبژاردو ئیتر سەرۆکی هەرێم دڵنیاترو پشت ئەستورتر لە جاران لە سێبەری تورکیادا سەربەستانە کەوتە قسەکردن و کارکردن بەرامبەر بە عێراق. ئەمەش بە گوێرەی قسەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەکەیدا، یاریکردنە بە چارەنوس و دەستکەوتەکانی کورد کە بە قوربانیدان بە دەستی هێناون (١).
داگیرکەرانی کورد لە مێژوودا بۆ لێدانی کورد، سەربەست لە ناکۆکییان، هەمیشە یەکیان گرتووە. بە پێچەوانەی ئەمەوە، دەستەڵاتی پیسخۆرکراتی کورد نەوت و ئەو هەموو پارەو بەرژەوەندییەی دەست تورکیا خستووە بە بێ ئەوەی پوشێک لە کێشەی کورد لای تورکیا بجوڵێنێت. سەرۆکی هەرێم لەسەردانیدا بۆ تورکیا لە جیاتی ئەوەی "جەمیل بایک" و "موراد قەرەیڵان" لەگەڵ خۆیدا بەرێت کەچی لەگەڵ گۆرانیبێژان "شڤان پەرەوەر" و "ئیبراهیم تاتڵیتس"دا پێشوازیی دەکرێت. کورد دەڵێت: "سەگ بە زەبری کلکی ئیسقان دەشکێنێت." تورکیاش بە زەبری حکومەتی هەرێم کێشەی کورد لە ئاستی دەهۆڵ و زوڕنادا رادەگرێت.

دوای کوشتارو کارەساتی شەنگال کە ئەمەریکاو ئەورپا هاتنە عێراقەوە بۆ دژایەتیی داعش دیسان چاوەڕێ ناکرێت کە حکومەتی هەرێم بۆ هاوکاریی لەگەڵ وڵاتاندا پێ دابگرێت لەسەر ئەوەی کە شەڕی دژی داعش ئەبێت لە خاڵی "کوبانی"یەوە دەست پێ بکات. لە جیاتی ئەوە کوبانی، کە بۆ نەتەوەی کورد شەڕ دەکات، بە گورگان خواردو ئەدات. حکومەتی هەرێم تاریکییەکی دروست کردووە کە ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی پرسی کوردی تیا ون بکەن. لە کاتێکدا کە کاربەدەستانی ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپیی دێنە هەولێرو پشتگیرییان بۆ حکومەتی هەرێم رادەگەیەنن بۆ دژایەتیی داعش، دەست لە سەر ئەژنۆ راوەستاون تەمەشای کوبانی دەکەن هێزەکانی داعش خاپوری بکەن. ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی هاوڵاتیانیان چەواشە دەکەن بەوەی کە کورد یەعنی حکومەتی هەرێم و تورکیای ناتۆش کە پەتی لە ملی حکومەتی هەرێمدایە دەڵێت داعش و پەکەکە وەکو یەکن. دوژمنایەتیی کورد لە لایەن ئەمەریکاو ناتۆوە لەوە رونتر نابێت کە بە پەکەکە بڵێن تیڕۆڕیست و بە کورد بڵێن حکومەتی هەرێم.

لە راستییدا وڵاتان لە رێگای دەستەڵاتی پیسخۆرکراتی کوردەوە هێزی پێشمەرگە لە نەخشەی سەربازیی خۆیاندا بەکار دەهێنن نەک بە گوێرەی رێکەوتن نەخشەی هاوبەش پیادە بکرێت. ئەمەش مێژووی پارتە کوردییەکان بووە کە هەر هێزی بەکارهێنراوبوون. چۆن حکومەتی هەرێم نەوتی نەکرد بە فشار لەسەر تورکیا بۆ دەستکەوتی سیاسیی ئاواش لە کردەوەدا شەڕی دژی داعش لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە بەکار ناهێنێت بۆ پشتگیریی "کوبانی" بە تایبەت و پەکەکە بەگشتیی. بەڵام سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بە قسەو بۆ فەرەحیی دڵی جەماوەری زەلیلی باشور رۆژی ١٩/٠٩/٢٠١٤ "داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ده‌كات، بەزوترین كات هەمو رێوشوێنێك بگرنە بەر بۆ پاراستنی كۆبانی و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لە دەستی تیرۆریستان (٢)." وەکو ئەوەی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیی هێزەکانی سەرۆک بن لە شەنگال. بۆ نەگبەتیی وته‌بێژی‌ په‌كه‌كه‌ش "دەمهات عەگید" رایگەیاند کە هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ پاراستنی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان هه‌ڵوێستێكی‌ نیشتیمانیی بوو. وتەبێژی پەکەکە بە هەڵەدا چووە کە هەڵوێست لە قسە دەربێت. ئەمە لە کاتێکدا کە ناوبراو دەشڵێت: "هێرش بۆ سه‌ر كوبانێ‌ پلانێكی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی‌ توركیا‌و داعشه‌ دژی‌ كورد له‌رۆژئاوا (٣)." بەر لە داعش حکومەتی هەرێم بە لێدانی خەندەق لە سەر سنوری سوریاو دەست خستنە ناو کاروباری رۆژئاواوەو هیچی پێ نەکرا بەرامبەر بە وڵاتپارێزانی رۆژئاوا.
پێشتر دەربارەی ماددەی ١٤٠ چەند جارێک رامان گەیاندووە کە ئەگەر پارتەکان راست دەکەن با داوای دەستنیشانکردنی سنوری کوردستان بکەن. ئەگینا ماددەی ١٤٠ گوزارشتە لە وازهێنان لە نیووەی خاکی باشور. لێرەشدا هەڵوێشت ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم کوبانی و پەکەکە بخاتە سەر مێزی حساب لە هاوکێشەی شەڕی دژی داعشدا لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە نەک لە رێگای حکومەتی هەرێمەوە بەرگریی وڵاتپارێزان فەرامۆش بکرێت و کوبانی بەجێ بهێڵرێت بۆ قەڵاچۆ. هەڵوێست ئەوەیە کە دەستەڵاتی هەرێم بۆییکۆتی کۆمپانیاکان و بەرهەمە تورکییەکان بە نەوتەوە رابەگەیەنێت. بەڵام ئایا دەستەڵاتی هەرێم ئەتوانێت ئەمە بکات؟ ئەگەر دەستەڵاتی هەرێم راست دەکات با بتوانێت بۆییکۆتی یەک پەنیری تورکیی بەیان بکات.

ماوەیەکی درێژە خۆرئاوای کوردستان کەوتۆتە ژێر هێرشی وەحشەتگەریی داعش و دوژمنانی کوردەوە. هەموو کەسێک دەزانێت ئەگەر بەرگریی بشکێت خەڵکی کوردستان چ رەشەکوژییەک و ماڵوێرانییەکی بەسەر دێت. گرتنی موسڵ و کارەساتی شەنگال نموونەو ئیشارەتێکی رونن بۆ هەموو لایەک. پێرێ هەڵەبجەو ئەنفال، دوێنی شەنگال، ئەمڕۆ کوبانی و سبەینێ نازانین چی ترمان لە کوێ لێ دەقەومێت.
لە کاتێکدا کە مەترسییەکان تا دێن سامانکتر دەبنەوە ناکرێت ئێمەش لە ژێر چەپۆکی ژمارەیەک کۆمپانیای دەستەڵاتداردا، کە حوکمی "پیسخۆرکراتیی"یان دروست کردووە، بەردەوامیی بدەین بە زەلیلیی و چارەنوسی نەتەوەکەمان واز لێ بێنین بۆ قاچاخچێتیی نەوتی ژمارەیەک بازرگان. کۆمەڵگایەک بۆ ئەو مەبەستە هەڵبووەشێت کە ژمارەیەک دەستەڵاتدار سامان و نەوتی وڵاتی تیا بدزن و مرۆڤەکانی بکەن بە کۆیلە، دیارە توانای بەرگریی تیا نامێنێت و جەماوەر لە قەیرانەکانی دەستەڵاتدا تا دێت تیا دەچن. ئێمەی کورد دەبێت لە خۆمان بپرسین: راکردن بۆ کوێ و هەتاکو کەی؟ گەلێک هەر ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە کە بە توانای خۆی ئەنجامی ئەدات. گەلێک چاوەڕێی سواڵ و بەزەیی بێت جێگای لە تەنەکەی خۆڵدا ئەبێت.

پارتەکانی حکومەتی هەرێم نوێنەرایەتیی سیاسەتی گەلی کورد ناکەن. گەلی کورد لە باشوردا پێویستە دەستەڵاتێک لە خۆی دروست بکات بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و پاراستنی خاکی کوردستان ستراتیج بێت لای. دەستەڵاتێک کە لە ئاستی رێکەوتنی سیاسییدا بێت لەگەڵ لایەنەکانی عێراق، وڵاتانی ناوچەکەو جیهاندا لەسەر بناغەی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئینسانیی نەک داردەست و هاوپشکی تاڵانیی کوردستان بێت.

ئێستا کە لە کوبانی لاوەکانمان کچ و کوڕ سنگیان ناوە بە گولـلەوە ناکرێت ئێمە شۆڕشێک لەناو خۆماندا نەکەین.

شەڕی دژی داعش ئەبێت لە کوبانییەوە دەست پێ بکات!
ئەمەریکا ئەستێرەکەمان بە داعش پیس مەکە!
ناتۆ تورکیاکەی تۆ داهێنەری سەربڕینە!
ئەوروپا خۆت گێل مەکە! چاوت خوێنی کیژە کوردەکانی پیا دێتە خوارەوە
بایکۆتی بەرهەکانی تورکیا بکەن!

پەراوێز:
١. بەرنامەی گۆڕان..
٢. http://awene.com/article/2014/09/19/35833
٣.http://awene.com/article/2014/09/19/35836
------------------------------------------------------------





https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=ts
سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆنتراکت


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)