زوبێر ئایدار:قسەكانى عبدڵا گوڵ جێگەى باوەڕ نەبوون ..
Wednesday, 02/06/2010, 12:00
لەمیانەى دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەى ڕووبەر زوبێر ئایدار ئەندامى پێشوو و سەرۆكى پێشووترى كۆنگرەى گەلى كوردستان ڕایدەگەیەنێت كەپارتەكەى ئەردۆگان هیچ هەنگاوێكى نەناوە لەبوارى پراكتیكیدا تەنیا قسە دەكات لەبارەى لێدوانەكەى سەرۆكى نوێى پارتى جەهەپەش ئایدار دەڵێت من هیچ قسەیەك ناكەم چونكە ئەوان تەنیا قسەیان هەیە سەرۆكى پێشووترى كۆنگرەى گەلى كوردستان لەبەشێكى ترى دیمانەكەیدا لەگەڵ ڕووبەر ڕایدەگەیەنێت كەلیژنە چوار قۆڵیەكە هیچ بەرنامەیەكى باشى لەبەرنامەدانیە و نیەتى زۆر خراپە ئەگەر ئەوان نیەتیان باشەیە با نوێنەرى پەكەكەش بانگ بكەن بۆ كۆبونەوەكان سەرۆكى پێشووترى كۆنگرەى گەلى كوردستان لەبارەى سەردانە چاوەڕوانكراوەكەى سەرۆكى هەرێمیش بۆ توركیا دەڵێت ئێمە چاوەڕوانیمان لێى هەیە كەڕۆڵى گرینگ بگێڕێت بۆ چارەسەرى كێشەى كورد لەباكوور و پێویستە بەرلەوەى سەردانى توركیا دەكات هەڵوێستى ڕوون بێت و دواتریش كەدەگەڕێتەوە هەڵوێستى ڕوون بێت.ئەمەش دەقى دیمانەكەیە:
*دوا گۆڕانكاریەكانى ئاكەپە لەمەڕ چارەسەرى كێشەى كورد چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
زوبێر ئایدار:تائێستا هیچ گۆڕانكاریەك لەتوركیا ڕووى نەداوە دیارە ئاكەپە ماوەیەكى قسە دەكات زۆر شتیان گووت بەڵام هیچیان نەكرد ئێمە شانسمان زۆر دا بەئاكەپە ئەوە ساڵ و نیوێكە چالاكی لەشكریمان وەستاندووە و ئەوەى ئاكەپە باسى دەكات چارەسەرى نەبوو بەڵكو ئەوەبوو كەچۆن بزوتنەوەى ئازادیخوازى تەسفیە بكەن ئەم پڕۆژەیەیان زۆر پێش خستووە ئێمە شەڕمان وەستاند سەرۆك ئاپۆ نەخشەى ڕێگاى نوسى بۆ چارەسەرى و تەسلیمى ئەوانمان كرد هەروەها گروپى ئاشتیمان ڕەوانەى توركیا كردنەوە لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستانەى ئێمە ئۆپەراسیۆنیان لەدژى سیاسەتمەدارانى كورد بەڕێوەبرد و تائێستا بەهەزاران سیاسەتمەداریان گرتووە لەئێستادا زیاتر لە600بەرپرسى دەتەپە لەزینداندان هەروەها جگەلەوەى دەتەپەشیان داخست بەكۆى گشتى جگە لەمنداڵ و ڕۆژنامەنووس و دایكان ئێستا 1600بەرپرسى كوردلەزیندانەكانى توركیادان كەبریتین لەبەرپرسانى دەتەپە و ئەندامانى پەرلەمان و سەرۆك شارەوانیەكان و دواى ئەوەى ئەم هەموو كەسەشیان دەستگیركرد دەتەپەیان داخست هەروەها ئۆپەراسیۆنى سەربازیان درێژەپێدا بەهۆى ئەم هەڵوێستانەى ئاكەپەوە ئێمە گەیشتینە ئەو باوەڕەى كەئاكەپە پڕۆژەى خەواندنى گەلى كورد بەڕێوەدەبات بێ ئەوەى هەوڵى چارەسەرى بدات لەهەل دەگەڕێت چۆن زەڕبە لەبزوتنەوەى ئازادیخوازى گەلى كورد بدات چۆن لەناوى ببات بۆیە بەڕێزم پێویستە تۆو هەموو كەسێك بزانێت كەلەتوركیا هیچ گۆڕانكاریەك نەكراوە لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستانەش كورد خۆیان دەپارێزن بۆیە پێویستە هەمووكەسێك ئاكەپە بەمشێوەیە بناسێت ئاكەپە دەیەوێت گەلى كورد لەناو خۆدا بخەوێنێت هەروەها دەیەوێت بەرپرسانى باشوور و چەند بەرپرسێكى عەرەب و توركیا و سوریاش بخەوێنێت ڕێككەوتنیشى لەگەڵ چەند بەرپرسێكى عەرەبى عێراقى ئیمزاكردووە بۆ ئەوەى دەستكەوتەكانى هەرێم لەبارببات هەڵوێست و هەڵسەنگاندنى ئێمە بەمشێوەیەیە،
*بەڕێز ئایدار هەڵوێستى سەرۆكى نوێى جەهەپە كەنكۆڵى لەكێشەى گەلى كورد دەكات و سەرۆكى كۆمارى توركیاش دەڵێت لەتوركیاش كێشەى كورد بوونى هەیە؟بەڕێزت ئەم دوو ڕایە چۆن لێكدەدەنەوە؟
زوبێر ئایدار:دیسان سەرۆكى كۆمارى توركیا لێدوانێكى ترى داوە لەسەر كێشەى كورد و گوتویەتى ئەوە كێشەى هەرە مەزنى توركیایە لەكاتێكدا سەردانى كازاغیستانى دەكرد بەڵام پڕۆژەى سەرۆك كۆمار چیە من نازانم ساڵى ڕابردووش سەرۆك كۆمار دەیگووت ئەم كێشەیە كێشەیەكى مەزنە و چ باش بێت ئێمە دەیكەین بۆ چارەسەرى كێشەى كورد بۆ چارەسەرى ئێمە هیچ شتێكمان نەدیت هەر شەڕیان پەرەپێدا و درێژەیان پێدا بۆ ئەو لێدوانە من هیچ قسەیەك ناكەم ئێمە دەمانەوێت لەپراكتیكدا هەنگاوەكانیان ببینین و ئەوە سەرۆك كۆمار گوتویەتى جێگەى باوەڕپێكردنیە ئێمە چ لەقسە بكەین ئەگەر هەنگاونانى لەگەڵ نەبێت ئێمە ئەم قسانە وەكو خەواندن دەبینین و لاى ئێمە جێگەى باوەڕى نین،سەبارەت بەجەهەپەش چ گۆڕانكاریەك هەیە ئەوە نادیارە جەهەپە پارتى دەوڵەتە و پارتى سەربازیە جەهەپە بەهەر بۆیاغێك ڕەنگ بكرێت هەر جەهەپەى جارانە و هیچ ناگۆڕێت (مستەفا قلچدار ئۆغلۆ)كوردێكى خەڵكى دەرسیمە و پێش حەڤدە ساڵ ناوى خۆى گۆڕیوە ناوى خۆى گۆڕى بۆ تونجەلى تونجەلیش یانى دەوڵەت یانى من خەڵكى دەوڵەتم دیارە پێموانیە لەكاروبەرنامەیاندا هیچ گۆڕانكاریەك ڕووبدات بەڵام من هیوادارم باش ببن و بەرەو باشە بچن و ببن بەهێزێكى دیموكراتیخواز كاتێك تۆ سەیرى ڕابردووى ئەوان دەكەیت دەبینى هیچ ڕووناكایى تیانیە بەڵام بەكەسێك گۆڕانكارى دروست نابێت ئەمەش وەكو ئەوە وایە كەدەڵێت بەگوڵێك بەهار نایەت ئەویش دیارە گوڵ نیە ساڵێك پێش ئێستا جێگرى سەرۆكى جەهەپە لەپەرلەمانى توركیا لەبارەى كێشەى كوردەوە قسەى كرد ووتى ئەم كێشەیە بەڕێگەى دیالۆگ چارەسەر نابێت پێویستە حكومەت وەكو چۆن لەدەرسیم كۆمەڵكوژى كرد پێویستە هەر بەمشێوەیە هەڵس و كەوت بكات بەگشتى ئێمە لەنزیكەوە لێكۆڵینەوە لەهەڵوێستەكانیان دەكەین و بەڕەنگ كردنیش جەهەپە ناگۆڕێت،
*زۆربەى بەرپرسانى توركیا لەلێدوانەكانیان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كێشەى كورد چارەسەر دەكەن و تیرۆریش لەناودەبەن؟تۆ لەمبارەیەوە چى دەڵێیت؟
زوبێر ئایدار:ئەوە سیاسەتێكى نوێیە چۆن سیاسەتێكى نوێیە تائێستا بەرپرسانى توركیا دەیانگوت كورد نیە ئێمە بەمزووانە لەناویان دەبەین بەڵام دواى شەڕى بیست و پێنج بیست و شەش ساڵان بەرنامە و كارى ئەوان سەرنەكەوت لەمڕووەوە ئێستا سیاسەتێكى نوێیان بۆ خۆیان خستۆتە كار بۆ ئەمەش دەڵێن كورد باش هەنە و كوردى خراپیش هەنە دەڵێن بۆ ئەوەى ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت پێویستە ئێمە كوردى خراپ لاببەین سەدامیش دەیگوت كوردى چیا خراپن ئەوانەى لەگەڵ منن كورد باشن بۆ ئەوان پەرلەمانم دروست كردووە ئەوە سیاسەتێكى نوێ نیە لەناوچەكە چونكە پێشتر لەعێراق و دواتر لەئێران و ئێستا لەتوركیا ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەكرێت سەدامیش نەیدەگوت مەسەلەى كورد نیە بەڵكو دەیگوت ئێمە كێشەكەمان چارەسەر كردووە بەڵام هەندێ كوردى خراپ لێمان ناگەڕێن و بارودۆخەكەمان لێ ئاڵۆزدەكەن و ئەوانە دروستكراوى ئێران وئیسرائیل و چەند ووڵاتێكى ترن بەمشێوەیە كوردى باش و خراپى پۆلێن دەكرد ئێستاش توركیا ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەكات كوردى باش و خراپ پۆلێن دەكات ئەوەش بۆ خەواندنەو بۆ چارەسەرى نیە چونكە جورئەتى ئەوە ناكەن لەگەڵ بزوتنەوەى ئازادیخوازى مامەڵە بكەن بۆ ڕاى گشتى پەیام بدەن كەبڵێن ئێمە دەمانەوێت كێشەى كورد چارەسەربكەین بەڵام تیرۆر ناهێڵێت ئەم سیاسەتانەش لاى ئێمە غەریب نین،
*كاك زوبێر ماوەیەك بەرلەئێستا بەڕێز ئۆجەلان نامەیەكى بۆ نیلسۆن ماندێلا نارد ئایا ئەم نامەیە گەیشتۆتە دەست ئەو بەڕێزە؟
زوبێر ئایدار:دیارە سەرۆك ئاپۆ لەزیندانیشدا لەو ڕەوشە گران و نالەبارەدا كەماوەى یانزدە ساڵ و چەند مانگێكە لەزینداندایە بەمشێوەیە لەوێشەوە دەیەوێت خزمەت بەگەلى كورد بكات و لەڕێگەى پارێزەرەكانیەوە نامەی بۆ ماندێلا ناردووە جارجار نامە بۆ بەرپرسانى تریش دەنێرێت هەتا نامەى بۆ سەرۆكى ئەمریكاش نارد بۆ بەرپرسانى توركیاش نامەى نارد هەروەها بۆ بەرپرسانى ئێران و عێراق و سوریاو مام جلال و كاك مەسحود نامەى ناردووە بەمشێوەیە بەڕێزیان لەزیندانەوە خەبات دەكات و داواى لەماندێلا كردووە كەڕۆڵێكى پۆزەتیڤ بگێڕێت لەسەر ئەم ئەساسە نامەى بۆ ماندێلا ناردووە نامەكە تازە نوسراوە پێویستە نامەكە گەیشتبێتە دەستى ماندێلا ئەو بەچ شێوەیەك وەڵام دەداتەوە و بەچ شێوەیەك مامەڵە دەكەن من نازانم بەڵام نامەكە تەنیا بۆ ماندێلا نیە بەڵكو بۆ باشوورى ئەفریقیا بەگشتیە ماندێلا تەمەنێكى زۆرى هەیە لەوانەیە نەتوانێت بەشێوەی پراكتیك بەشدار ببێت بەڵام پەیامێكى پۆزەتیڤ بدات لەبارەى چارەسەرى كێشەى كورد و ئازادى بەڕێز ئۆجەلان كەئەوەش بۆ ئێمە زۆرباشە چونكە ڕەوشى ماندێلا و ماندێلا هیچ جیاوازیەكیان نیە چونكە هەردوكیان سەرۆكى بزوتنەوەیەكن و ماوەى چەندین ساڵ لەزینداندا ماونەتەوە،
*بەبەردەوامى لیژنەى چوارقۆڵى لەسەر كێشەى پەكەكە كۆدەبێتەوە ئێوە ئەم كۆبونەوانە و بەشداربوون و هەڵوێستى باشوور چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
زوبێر ئایدار:ئێستا لیژنەى چوارقۆڵى دیارە پێشتر سێ قۆڵى بوو ئێستا بۆتە چوار قۆڵى دیارە نیەتیان خراپە بۆچى كۆدەبنەوە لەسەر چارەسەرى كێشەى كورد كۆدەبنەوە نا ئەگەر بۆ چارەسەرى كێشەى كورد كۆدەبنەوە پێویست بوو نوێنەرى پەكەكەش بەشدارى تێدابكات ئەو لیژنە دژ بەبەرژەوەندى كورد كۆدەبێتەوە لەسەر ئەم ئامانجە كۆدەبنەوە ئەوان لەسەر داخوازى توركیا كۆدەبنەوە هەروەها تەگبیرى ئەوان لەسەر پێدانى سەربازى و ئیستخباریە بەتوركیا ئەوان بەمشێوەیە بڕیاردەدەن ئەم بۆردومانەى لەسەر باشوور دەكرێت بەرهەمى كۆبونەوەى ئەم لیژنەیە مخابن دیارە نوێنەرایەتى باشووریش بەشدارى ئەم لیژنەیە دەبێت ئێستا ئێمە لەبەرپرسانى باشوور دەخوازین كەئەو كێشەیە بەڕێگەى سەربازى چارەسەر نابێت پێویستە ئەگەر بۆ چارەسەرى كێشەى كوردە نوێنەرى پەكەكەش بەشداربێت لێرەشەوە دەمەوێت شتێكى تر بڵێم كەماوەیەك بوو توركیا پەیوەندى خۆى لەگەڵ باشوور بڕى بوو زۆر بەناشیرینى باسى بەرپرسانى باشوورى دەكرد كەس ئامادەنیە لەگەڵ ئەوان دیالۆگ بكات ئێستاش كەتەنگاوبوونە سەردانى باشوور دەكەن وەزیرەكانیان دێنە باشوور بەرپرسانى باشوور سەردانى ئەنكەرە دەكەن دەیانەوێت جارێكى تر پەیوەندیەكانى نێوان كورد و كورد تێبدات ئێمە دەخوازین لەم سیاسەتەى توركیا تێبگەن،
*ئێوە ماوەیەك پێش ئێستا لەلایەن پۆلیسى بەلجیكیەوە لەگەڵ ڕەمزى كارتاڵ دەستگیركران و دواتر ئازادكران ئایا دۆسیەكەتان بەكوێ گەیشتووە؟
زوبێر ئایدار:گرتنى ئێمە لەسەر داخوازى توركیا بوو هەندێ ووڵاتى تریش بەشداربوون ئێمە لەبەلجیكا تەنیا خەباتى سیاسیمان كردووە تائێستا تاوانێكمان نەكردووە هەردەم سیاسەتمان كردووە بۆ ئازادى گەلى خۆمان ئەوەش توركیا ناڕەحەت كرد بەشێوەى زۆر ناشیرین هێرشیان كردە سەرمان زۆربەى دۆستە بەلجیكیەكانمان دژى ئەم دەستگیركردنە وەستانەوە ئێمە هیچ شتێكمان لەسەر نەبوو لەماوەیەكى زۆر كورتیش ئازاد كراین بەڵام لێكۆڵینەوە بەردەوامە و تەواو نەبووە،
*سەرۆكى هەرێم بەنیازە سەردانى توركیا بكات ئێوە لەبارەى ئەو سەردانەوە چى دەڵێن؟
زوبێر ئایدار:دیارە سەردانى كاك مەسحود بارزانى بۆ توركیا ئێمە لەنزیكەوە لێكۆلێنەوەى لەسەر دەكەین و دیارە بەڕێزیان بارودۆخى گەلى كورد لەباكوور باش دەزانێت لەبارەى كاك مەسحودیش ئێمە و گەلەكەمان لەباكوور ئومێدمان هەیە كەڕۆڵێكى باش بگێڕێت بۆ چارەسەرى كێشەى كورد و پێویستیشە هەوڵى توركانیش لەبەر چاو بگرێت كەدەیانەوێت جارێكى تر نێوانى كورد و كورد خراپ بكات هەروەها ئێمە هیواخوازین بەڕێزیان پێش چوونیان و دواى گەڕانەوەیان هەڵوێستیان ڕوون و لەتوركیا جەخت لەسەر ئاشتى بكاتەوە
تێ بى نى(ئەم دیمانەیە لەدوا ژمارەى هەفتەنامەى ڕووبەر بڵاوكراوەتەوە)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست