نەخۆشخانەى فریاكەوتنى سلیمانى لەنیوان خزمەت و پارە كۆكردنەوەدا
Thursday, 14/04/2011, 12:00
نەخۆشخانەى فریاكەوتنى سلیمانى لەنیوان خزمەت و پارە كۆكردنەوەدا
سامان غفور باقى
لەهەموو دنیادا فریاكەوتن بەبێ بەرامبەرە و بەوپەرى لیبڕاویەوە ستافى تەندروستى لە نەخۆشخانەكانى فریاكەوتندا بەبێ بەرامبەر كار بۆ هاوڵاتیانى خۆیان دەكەن بەڵام ئەوەى سەیرە و جێگەى تێرامانى وردە لە كوردستان و بەتایبەتى لەنەخۆشخانەى فریاكەوتن بەو جۆرە نیە.. بەئاشكرا جیاوازیەكى چینایەتى لەناو نەخۆشخانەكاندا دەبینرێت هەر لەڕەنكى جل و بەرگ و جۆرى ئەو دەوامەى كە كەكارمەندان و پزیشكان بە هەموو پسپۆرێتیەكانیەوە دەیكەن. دەوامى كارمەندان بەپێى خشتەى كارە لەفەرمانگەى تەندروستیەوە كەبۆیان دانراوە و لادان نیە لەو دەوامە بەڵام بۆ پزیشكان پلەبەندیەك هەیە لە جۆرى دەوامەكەیاندا كە بۆ هەر پلەیەك جۆرێك لە دەوامكردن هەیە و تەنانەت خودى وەزیریش تواناى گۆڕینى ئەو سیستەمەى نیە.. پزیشكى خولاو ئەو پزیشكانەن كە دواى تەواو كردنیان لە زانكۆ دەخرێنە نەخۆشخانەكانەوە بۆئەوەى لەگەلأ بزیشكەكانى هاوڕێیان كەمێك ئەزمون وەربگرن تابتوانن شارەزاییەكى تەواو وەربگرن، وە بزپشكانى پلەبەند و دواتر ڕاهێنراو پسپۆر و شارەزا كە هەر یەكێكیان بەپێى كارى خۆى دەبێت خزمەتى زێتر بەنەخۆش بكەن.. بەڵام لەكوردستان لەگەلأ بەرزبوونەوەى پلەى كارى یان خوێندنى دەوامى كەم دەكات و كەس تواناى لێپێچینەوەى نیە لەگەڵیدا ئەمەش مەترسیەكى زۆر ترسناكە و ڕووبەڕوى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان دەبێتەوە.. وەك دەوتترێت وەزارەتى پزیشكان نەك كارمەندان و ستافەكەى من پێشنیار دەكەم وەزارەتێكى تایبەت بە كارمەندانى تەندروستیش دابنرێت چۆن وەزارەتێكیان بۆ پزیشكان داناوە چونكە لەڕووى موچە و دەڕماڵەى مەترسى و ناردنیان بۆ دەرەوەى وڵات بۆ شارەزابوون لەكارەكانیان تەنها پزیشكان دەگرێتەوە و كارمەندان و ستافەكەى ناگرێتەوە.. پزیشك بەپێى خزمەتكردنیان پلەى وەزیفیان دەگۆڕێت بەڵام بۆ كارمەندان جێگیرە و چەقى بەستوە كە ئەوەش بەڕاى من سیستەمى تەندروستى ئەوەى خوڵقاندوە كەنابێت بەوشێوەیە بێت.
لەناو نەخۆشخانەى فریاكەوتنى سلێمانیدا زێتر لە 420 كارمەندى تەندروستى و ئیداریمان هەیە و چوار بەڕێوەبەرى كارگێڕى ئێشكگرمان هەیە و دوو بەڕێوەبەرى كارگێڕى كە دواتر بوویەوە بە یەك و بەڕێوەبەرى نەخۆشخانە و جێگرەكەى.. ئەمە وەك هەیكەلى ئیدارى. بەڵام سەیر و سەمەرەى ئەم نەخۆشخانەیە ئەوەیە ئەو بینایەى كە ئەو نەخۆشخانەى تێدایە لەڕووى ستانداردى جیهانیەوە بیناى نەخۆشخانەى فریاكەوتن نیە.. بۆ هەر نەخۆشخانەیەكى فریاكەوتن دەبێت 500 هەزار نەخۆش ببینرێت بەڵام بۆ نەخۆشخانەى فریاكەوتنى سلێمانى لەسەروى ئەو ژمارەیەوە نەخۆش دەبینێت. لەڕووى دەرماڵەى مەترسیەوە ئەو دەرماڵەیەیە كەلە مەڵبەندێك و بنكەیەكدا بۆ كارمەندان دانراوە لەگەلأ ئەو لۆدە زۆرەى لەسەر نەخۆشخانەى فریاكەوتن هەیە. جۆر و كوالیتى خورادن لەو نەخۆشخانەیەدا كە بۆ كارمەندان دابین دەكرێت جۆرێكى زۆر خراپە و زۆربەى كارمەندان بەناچاریەوە دەیخۆن.. لەڕووى جێگەى نانخواردنەوە جێگەیەكە ناتوانرێت وەسف بكرێت.. ڕێست ڕووم بۆ كارمەندان نیە لەگەل ئەوەشدا كارمەندان ماندونەناسانە كارەكانى خۆیان زۆر بەبەشاى بەڕێوە دەبەن. بەڵام بۆ پزیشكان شتەكان پێچەوانەیە لەسەر جۆرى خواردن و ئەو جێگەیەى كە تێیدا دەخەون و ئیسراحەت دەكەن خانەیەكى تایبەتیان هەیە بەناوى خانەى پزیشكان كە بۆ كارمەندان نەك خانەى تایبەتیان نیە بەڵكو لەناو نەخۆشخانەشدا شوێنیان نیە بۆ ئیسراحەت كردن..
بەشى تیشكى نەخۆشخانەى فریاكەوتن كە خۆم پسپۆریم لەوبوارەدا هەیە.. ڕێژەیەكى زۆرى تیشك دەگیرێت بۆ نەخۆش كە پێم وابێت لەهیچ شوێنێكى دنیادا بەو جۆرە مامەڵە لەگەلأ نەخۆشدا ناكرێت لەڕووى زۆرى تیشكەوە كە ئەمەش هاوڕێ پزیشكەكانمان بۆیان خوڵقاندوین.. ئەو شوێنەى كە تیشكى تێدا دەگیرێت بەشێوەى بەرچاو تیشك دزە دەكات ئەمەش مەترسى بۆسەر كارمەندەكان دەبێت كەلەو ناوەندەدا پڕ مەترسیەدا كاردەكەن.. بۆ كارمەندانى تیشك دەرماڵەیەكى تایبەت بە مەترسى تیشك هەیە كە وەزارەت و فەرمانگەى تەندروستى لێى ئاگادارن لەیەكخستنەوەى موچەوە بۆ كارمەندانى تیشك سەرف ناكرێت كە جێگەى شەرمە بۆ وەزارەت و فەرمانگەى تەندروستى سلیمانى ئەو مافەى كارمەنەدانى تیشك دەخۆن و هیچ حسابێكى بۆ ناكەن.. بەشى سۆنەر لەنەخۆشخانەى فریاكەوتن دەبێت دەوامەكەیان دابەش بكەیت بۆ سێ شەفت كە دەوامى بەیانیان وەك هەموو شوێنەكانى تر دەڕوات، بەڵام دەوامى دواى نیوەڕوان لەو بەشدا لە كاتژمێر 3:30 خولەكەوە دەست پێدەكات كە نەخۆش بە بلیت دەبینرێت بۆ هەر سۆنەرێك بڕى سێ هەزار دینار لە نەخۆش وەردەگیرێت و دەوامەكەى تا 5:00ى ئێوارە دەبێت و دەوامى ئێواران لە كاتژمێر 7:30ى خولەكەوە دەبێت بۆ 11:00ى شەو ئەمەشیان هەر بەبلیت دەبێت و تەواوى پارەكەش دەچێتە گیرفانى دكتۆرەكانەوە كە پێم وایە لەڕووى یاساییەوە شتێكى نەشازە و نابێت ئەو بڕە پارەیە وەربگیرێت، لەوانە وەزارەت و فەرمانگەى تەندروستى بڵێن پارەیەكى ڕەمزیە بەڵام گەر كۆبكرێتەوە ڕەمزى نامێنێت.. لەوانەیە بڵێن ئاخر پزیشكەكانمان دەوام ناكەن گەر ئەو پارەیە وەرنەگرن لەنەخۆش.. لەوەڵامدا منیش دەڵێم بوونى دەسەڵاتى ئیدارى وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى چ واتایەكى هەیە گەر وەزیرێك یان بەڕێوەبەرى گشتى تواناى ئەوەى نەبێت كە دەوام بە پزیشكەكەى خۆى بكات. پاشان لەدواى ئەو دەوامەوە گەر هەر نەخۆشێك پێویستى بە سۆنەر هەبێت چى بكرێت باشە هەروا نەخۆشەكە دەمێنێتەوە تابەیانى. بەشى شكاوى لەنەخۆشخانەى فریاكەوتن ئەویش بەهەمان سیناریۆى بەشى سۆنەرە كۆمەڵێك پزیشكى ڕاهێنراو دەوام دەكەن و پارە لەخەڵكى هەژار وەردەگرن لەبرى دەوامى حكومیان پارەى ئیستیشاریش وەردەگرن. بەهەمان شێوە پزیشكانى تراماماتۆلۆجیش هەمان كارەسات دەیانگرێتەوە..
لێرەوە شتێك بۆ خوێنەران و لایەنە بەرپرسەكان دەخەینە ڕوو
ئایا لەبەشە ڕاوێژكاریەكان لە نەخۆشخانەى فریاكەوتنى سلێمانیدا مەوادى نەخۆشخانە بەكارناهێنرێت و پارەكەى دەچێتەوە گیرفانى پزیشكەكان.. گەر كەسێك لەشوێنێك سەیارەیەك لێى بدات و بیهێنن بۆ نەخۆشخانەى فریاكەوتن پێش ئەوەى بزیشك بیبینێ یەكێك وەێلى بۆ دەبڕێت، باشە ئەمە مایەى شەرم نیە بۆ نەخۆشخانەى فریاكەوتن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست