نیشتمانێكی لاقەكراو
Friday, 08/02/2013, 12:00
سایتی لڤین پاش رۆژێک ئەم نووسینەی لای خۆی بڵاوکردۆتەوە بێ ئەوەی ئاماژە بکات کە لە کوردستانپۆستەوە وەریگرتووە. بە داخەوە ئەمە یەکەمین جار نییە، ئەو گۆڤارە سنوری یاساکانی رااگەیاندن دەشکێنێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەکە بدات.
"غەمێك لە پەراوێزی كەوتنە گەورەكاندا"
تێڕامان و قسەكردن لەسەر ئەم نیشتمانە چ ئەركێكی ویژدانی و ئەخلاقی سەختە! چ ئەركێكی فیكری دژوارە! چ بانگێكی بوونە بۆ سەر خوانێكی لێوانلێو لە كۆژان و مەینەتی و شكست و نائومێدی، زیاتر لە روبەڕوبوونەوەی زریان و تۆفان دەچێت، زیاتر لەخۆ بینینەوەیەك دەچێت لەناو گەردەلولێكدا كە لە سەروو خەیاڵ و توانی وێناكردنی مرۆڤدایە، گەردەلولێك كە هێندە بەملاوئەولادا توڕت هەڵدەدا بەشێوەیەك بوار و هەلی ئەوەت ناداتێ لە شوێنێكدا، لە پنتێكدا، لە گۆشە نیگایەكدا ئۆقرە بگرێت و بنواڕێت و بۆ ساتێك بپرسێت چی روودەدا؟ مەودی ئەوەت نابێت بۆ چركە ساتێك هەست و توانای بیركردنەوە و وێناكردنت كۆبكەیتەوە تاكو مانایەك بخوڵقێنێت، تێڕادهمێنی لەوەی كە روو دەداو وێنەیەكی ئەو ئاشوب و گەرداو و پەشێویی و ناهەموارییە لە زەینی خۆتدا بكێشیت و تێبگەیت چی دەگوزەرێ و تۆ لە كوێی ئەو زریانە و ئەو گەردەلولەدا ئۆقرەت گرتووە.
بۆ كەسێك كە بیردەكاتەوە، كەسێك كە لە جیهاندا دەژی و خاوەنی پرنسیپ گەلێك و بەهاگەلێگی گەردونی و ژیاندۆستی و ئازادی ویستیە نەك وێناكردنی ئەوەی كە بەسەر ئەم نیشتمانە لاقەكراوەی كورددا هاتووە ئەستەمە، بگرە هەڵكردن و ژیان لەتەك ئەو هەموو بێرێزیەی دەكرێت بە مرۆڤی ئەم نیشتمانە لە سەرووی تاقەت و خەیاڵ و بەرگەگرتنی ئەوەوەیە، ئایا بەرگەگرتنی ئەم هەموو شكستە سیاسیی و ئابوری و یاسایی و ئەخلاقییە لە توانی كێدایە؟ چۆن بتوانین وێنای ئەو شكستە بكەین كە ناوی ئەزموونی حوكمڕانی كوردییە؟ چۆن بتوانین وێنای ئەم بۆتەقەیە بكێشین كە پێكهاتووە لە گەندەڵی و گەندەڵی و گەندەڵی، گەندەڵی ویژدان، عەقڵ، گەندەڵی سیاسیی و سیاسەت، گەندەڵی لە"سەر"ەوە ڕا بۆ كۆی جەستەی ئەم جڤاتە؟ لە هەر گۆشە نیگایەكەوە بنواڕیت لەم نیشتمانە و كۆژانی هاونیشتمانیەكانی، چ ئەوانەی كە ئازار دەچێژن و بیردەكەنەوە و ناڕازین و هۆشیارن، چ ئەوانەی بێ ئاگان لە ئازار و مەینەتی و میحنەتی كۆیلە بوونی خۆیان، خۆت لە نێو گەردەلولێكدا دەبینیتەوە بەشێوەیەك لەو چركەساتەی وا دەزانی چی دەگوزەرێ و سەرقاڵی كۆكردنەوەی خاڵەكانیت بۆ كێشانی وێنەیەك لەمەڕ ئەو ئازارو مەینەتیە، كێشانی وێنەیەكی ئەو تراژیدیایەی پێیدەڵێن نیشتمان، دیاریكردنی نەخشەیەك لەسەر رووی ئەم جوگرافیایە، ئا لەوكاتەدا گەردەلولێكی دیكە، قەیرانێكی دیكە و گەندەڵییەكی دیكە، دزییەكی دیكە، لاقەكردنێكی دیكەی نیشتمان و مرۆڤەكانی خۆی بەیاندەكات و نەخشەكەت تێكدەدات و لە دواجاردا وەك كەسێكی گوم بووی نێو بیابان، خۆت وەك سەرگەردانێكی بێ نەخشە و رێگا لێتێكچوو و بێ قیبلەنوما لەناو ئەو بیابانە بەرەهوتەدا خۆت دەبینیتەوە، لەوكاتەدا كە سەرقاڵی ئەوەی ئاسۆكان دیاری بكەیت كە لەكوێدا قەرارت گرتووە و چی دەبینیت و خەریكە بزانیت چی روودەدات، و لە كار و داهێنانی چەتە و دزەكان رادەمینێت و سەرقاڵی مانا بەخشینی بە شوێن و كاتێك كە خۆتی تێدا دەبینیتەوە و مانا دەبەخشێتە ئەزموونی وجودی و ویژدانیت، ئا لەوكاتەدا ئاسۆی بینین و دەرككردن بە ئەزموونەكە، نەخشە رێگای تێفكرین و مانا بەخشینت بە هەل و مەرجەكە بەهۆی گەردەلولێكی دیكە و قەیرانێكی وجودی دیكەی جڤاتەكەوە، شكستێكی دیكەی مێژووییەوە، لاقەكردنێكی دیكەی نیشتمانەكەتەوە، نەخشەكەت سەر لە بەر لێ تێكدەچێت و ئەوەی دەتەوێت بیڵێیت زۆر كەمترە لە گەورەیی شكستەكان. سەرگەردان، سەرگەردان خۆت لەنێو شەپۆلی رووداوەكان و جۆرێك لە دەریی شكستدا دەبینیتەوە، شكست لەوەی كە نەتتوانیوە وەك پێویست تێبگەیت چی روودەدات؟ بۆ روو دەدات؟ تۆ لە كوێی ئەو هەموو ئاماژە و وێناو مەغزا و راز و نیازانەی رووداوەكاندایت؟ ئەی ئەو هەموو بێ باكی و ئارامیی و خۆ گێلكردن و بە سانا وەرگرتنی رووداوەكان لەكوێوە دێت؟ ئەی ئەو رازی بوونە بەم كەوتنە ئەخلاقیە، بەم ستەمكاریە لەكوێوە دێت؟ ڕازی بوونی زۆربەی بێدەنگ لە هەل و مەرجی باو.
لێرە و لەم نیشتمانەدا، لەم جوگرافیای ئەتك كردن و پایەماڵكردنەی پرنسیپ و بەهاو ئەتك كردنی خودی مرۆڤدا یەكێك لە پرسیارە گرنگەكان بێگومان پرسیارێكە لە خودی نیشتمان، پرسیاری ئەوەی كە ئایا شتێك هەیە بەناوی نیشتمانەوە، نیشتمان چییە؟ نیشتمان جەبری جوگرافیایە، رێكەوتی لەدایكبوونە لە جوگرافیایەكدا، لە رووبەرێكدا، لە ناو قەبیلە و كۆمەڵە خەڵكێكدا؟ نیشتمان مەملەكەتی ناچارییە یا مەملەكەتی ئازادیی؟ نیشتمان پەیوەندییە مرۆییەكانە یاخود زەمینەی ئەزموونكردنی ژیان و كەینونەی تاكە، یاخود خۆبینینەوەیە لەناو تۆڕی ئەو جەبرە كۆمەڵایەتی و كلتوری و سیاسیانەی كە بە ناچاری دەبێت هەڵبكەیت لەناویاندا و لەگەڵیاندا؟ پرسیاری ئۆنتۆلۆژی و ئەخلاقی گەورە، دوای پرسیاركردن لە بوون و هەبوونی نیشتمان، لە راستیدا ئەم پرسیارەیە:
كاتێك نیشتمان وەكو سەرزەمینی ئازادیەكان، وەك مەملەكەتی ئەزموونی كردنی پێكەوە ژیان لەتەك ئەوانی دی، مەملەكەتی تەجروبەكردنی ژیانی تاكە كەسیانە، فەزی ئەزمونكردنی خودی كەینونەی تاك، سەرزەمینی دەست لە ملانكردن و لە ئامێزگرتنی ئەگەرە وجودیەكان، عیشق و بوون و ئازادیی و ئازار و مەرگ و بەختەوەری، بەدیار چاوتەوە و
لە پێش چاوت ئاشكرا و بێ باكانە ماناكانی ترۆر دەكرێت، هەڕاج دەكرێت، بەتاڵان دەبرێت، سوكایەتی پێدەكرێت، بگرە لە قوڵاییدا و بە هەموو ئەو ئاماژانەی كە ئەم زاراوەیە "لاقەكردن" لەخۆی دەگرێت، نیشتمان لاقە دەكرێت لەلایەن هەموانەوە، هەر لە سیاسەتمەدارەوە تاكو هونەرمەند و نووسەرو رۆژنامەنووس و مامۆستا و چەكدارەكانەوە و بە بەشداری هەمووان، خۆ بینینەوە لەم هەلومەرجەدا چ مانایەكو چ ئازارێكو چ ئەزموونێكی وجودیە؟ پرسیاری سیاسیی نا، بەڵكو پرسیاری گەورەی ئەخلاقی ئەمەیە: دەشێو دەبێت هەڵوێستت چی بێتو دەتوانی بە چ كارێك هەڵبستیت؟
لە "مێژوو"ی ئێمەدا هیچ كات هێندەی ئێستا پرسیار لەسەر ماهیەت و شوناسی نیشتمان، بوون و هەبوونی نیشتمان، مانا و مەغزاكانی نیشتمان، بگرە بێ مانایی نیشتمان، سەنگین و سەختی خۆی بەیان نەكردووە، رۆژگارێك كە لەناو وەهم و خەیاڵات و وەسوەسە و دڵنیاییەكی تاقینەكراوە و جۆرێك لە سادەلەوحی گیرمان خواردبوو، ئەسیری سەرابی نەخشە ساختە و تەزویركراوەكان بووین، رۆژگارێك كە مەستی مەست بووین بە ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە و نواندنی بوێری و مەست بوین بە ئیرادەی وەستانەوە لە بەرانبەر دوژمن و ئیرادەی خۆشهیستنی ژیان، بێ فیكر و بێ دونیابینی و بی بینین و تێڕامان بە غەریزە نیشتمانمان خۆشدەویست و دڕمان بە ناهەمواری و دژایەتیەكان و نەهامەتیەكان دەدا بێ ئەوەی بپرسین نیشتمان چییە، ئێمە سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوە بووین، چونكه دەمانزانی نیشتمان هیچ نییە جگە لەم دەرگیربوون و بەرەنگاربوونەوە و ئەم عیشقە بۆ ژیان. سەرقاڵی قوربانیدان و كۆشش بووین لەپێناو مانەوەدا، دەژیاین، ژیانێك لە دەرەوەی پرنسیپە گەردوونیەكان، بەڵام ژیانێك كە بەرجەستە بووی ئیرادەی ژیان و پڕبوو لە هیوا و ئاوات و چاو بڕین لە دەستگەیشتن بە بەها مەزنەكان، هەر ئەمەش بوو مانای بە كۆششی ئێمە و خودی وێناكردنی ئێمە بۆ نیشتمان دەبەخشی، ئا لەو سەرودەمەدا نیشتمان بریتی بوو لە كۆی هیوا و ئاواتەكانمان، خەونبینینمان بە ئازادی و سەروەریەوە، كۆی بەرەنگاربوونەوە و سوربونمان لەسەر چاوبڕین لە ئاسۆ نادیارەكان خۆی نیشتمانی پێكدەهێنا.
نیشتمانی ئێمە جوگرافیایەك، رووبەرێكی دیاریكراو نەبوو، بەڵكو خەونەكانمان، هیواكانمان، وێناكردنەكانمان بۆ داهاتوو، داهاتوویەكی پڕ لە سەروەری و گەیشتن بە خۆو چاوبڕین لە دادپەروەری و ئازادی و بوونە مرۆڤ نیشتمانی ئێمەی لە خەیاڵ و لە تێڕوانینی ئێمەدا وێنا دەكرد، نیشتمانێك كە پێكهاتبوو لە خەون بینین بە ئازادیی و سەروەریو بوون بە خۆ، گەیشتن بە ئایدیاڵی مرۆڤ بوون، لە ئامێزگرتنی جوانی و راستی و دادپەروەری لەسەر زێدی مێژوویی خۆمان كە نیشتمانەكەمانە، نیشتمانی ئێمە لە وێناكردنی ئێمەدا هیچ نەبوو جگە لە دەست لە ملانكردنی ئازادی و گەیشتن بە كەماڵی بوونی خۆمان. نیشتمانی ئێمە ئازارو مەینەتی و غەم و كۆشش و هیواو ئاواتەكانی ئێمە بوو لە چركەساتی بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و ستەمكاریدا، نیشتمانی ئێمە خەونو خەیاڵات و ئایدیاڵەكانی ئێمە بوو، وێنی ئێمە بوو بۆ ئایندە و چركەساتی لە ئامێزگرتنی ئازادی و سەربەخۆیی - یا سەربە - خۆ بوون، نیشتمانی ئێمە ئەو وزە لە بن نەهاتوە بوو، ئەو عیشقە بوو بۆ خودی ژیان، ئەو عیشقە بوو بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی، ئەو عیشقە بوو، ئەو دەست لە ملانكردنەی خودی هەمووان بوو بۆ ئایندە و لە ئامێزگرتنی هاونیشتمانیان و هاو بەها و هاو ئازار و هاو مەینەتی و هاو غەم و هاوڕێیان و هاو سەرەفەرەكانی ژیان و هاو زمان و هاو رێگا و هاو پرنسیپەكان بوو.
نیشتمانی ئێمە گەورەتر بوو لە جوگرافیایەك، لە نەخشەی وڵاتێك لە سەرابی نەخشەیەكی تەواونەكراو كە نەوەكانی پێشوو وەك پرۆژەیەكی تەواو نەكراو بۆ ئێمەیان جێهێشت، نیشتمانی ئێمە ئەوسا گەورەتر بوو لەو هەموو ئەو تێكشكانە مێژووییانە، تێكشكانی چەندین سەدەی كورد لە دیاریكردنی جوگرافیا و لە بەدەستهێنانی سەروەری، نیشتمانی ئێمە خۆی خەو بینین بوو بۆ بەجێهێشتنی هەموو كەموكورتیی و شكستەكانی نەوەكانی رابردوو، نیشتمانی ئێمە هەرگیز رابوردوو نەبووە، چونكه رابردووی نەتەوەییمان داستانی شكست و ناهەمواریی و داستانی نامۆبوون و دووركەوتنەوە بوو لە كەرامەت و شكۆیەك كە ئێمە شایانی بووین و بەڵام نەمانبوو، نیشتمانی ئێمە چاوبڕین بوو لە شكۆیەك كە شایانی وجود و كەینونەی ئێمە بوو، هەر بۆیە ئەو نیشتمانە خەیاڵكراوە، ئەو نیشتمانە پڕ لە خەون و وێناكراو، لەسەر داهاتوو، نیشتمانێكی لایق بوو بە خەون و خەبات و كۆشش و ئیرادەی ژیان دۆستانەمان.
ئێمە، كۆیلەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەو كاتدا كە ژیان، كە مێژوو هەلی ئەوەی بۆ رەخساندین ببینە خۆمان، هەلی ئەوەی بۆ رەخساندین ئەو نیشتمانە ئایدیاڵە كە لە خەیاڵ و هەست و ویژدانماندا وێنامان كردبوو بەرجەستەی بكەین، ئەو نیشتمانە بژین، دەست لەو نیشتمانە بدەین و هەستی پێبكەین و لە ناویدا و بۆ ئەو بژین ئا لەو چركەساتەداو لەو ئان و ساتەدا "سیاسەتمەدارەكان"، سەركردە شاخاوییە قاچاغچیەكان، دەستیانكردنە لاقەكردنی ئەم نیشتمانە. ئێمە، بوونەوەرە عەجیب و سەرسوڕهێنەرەكانی مێژوو دەستمان كردە هەڕاجكردنی نیشتمان، داروپەردوی ئەم نیشتمانەمان هەڕاج كرد و بە بادا دا، دەستمانكردە ئاودیوكردنی خەون و ئایدیاڵ و كەرامەتو ماناو مەغزاو رازونیازی نیشتمان، جێ نزرگەكانمان فرۆشت، جێ ژوانەكانمان ئاودیو كرد، دار و بەرد و خشت و ئاو و كانیاو و روناكیی و كتێب و دەستنووس و كتێبخانە و خەونەكانی نەوەكانمان لە مەزاتخانەیەكی ئازادی بێ پەروادا هەڕاجكرد، كێلی گۆڕی كەسانێك كە ڕۆژێك خەونیان بە سەروەرییەوە بینیوە هەڵكەند و فرۆشتمان، چری رووناككەرەوەی هۆشمان كە دەستنوس و كتێب بوو هەر هەموو ئاودیو كرد، بەڵێ قۆناغی یەكەمی لاقەكردنی نیشتمان لەلایەن شۆڕشگێڕە هەمەجی و شاخاویەكانەوە دەستیپێكرد، نیشمانی ئێمە وەك شكۆمەندی و وەك جێبەخۆگرتوی و شەهامەتی شاخ لەبەردەم دوژمندا وەستا بوو، ئەوەی باسی لە كەرامەت و شكۆ و عیزەتی نەفس و عزوری نەتەوەیی دەكرد هەرهەموو لەلایەن شۆڕشگێڕە هەمەجیەكانەوە هەراجكران.
ئەوانەی لە شاخ گەڕابوونەوە و تینوو بوون، تینوو بۆ پارە و سامان چونكی لە ئەوپەڕی خۆبەكەمزانیندا بوون، چونكی دوور بوون لە ئایدیاڵ و خەونە گەورەكانی مرۆڤی ئێمە، چونكی ئایدیی ئەوان بۆ ژیان و بۆ نیشتمان، وەك كەسە بەربەریی و ئالودە بە كۆمەڵێك نەخۆشی، نەخۆشی خۆ بەكەمزانین، ئالودە بە جەهل و ئالودە بە كەمبودی بەهاو پرنسیپ، ئالودە بە كۆیلایەتی، ئایدیی ئەوان بۆ نیشتمان هیچ نەبوو جگە لە سەر زەمینی شمەك و كاڵایەك كە دەبێت بفرۆشرێت، تاڵان بكرێت، تەسخیر بكردرێت، لە پێناو غەریزە و خواستی پووچی ژیانە بێ ماناو بێ مەغزاكەی ئەواندا وەگەڕ بخرێت، لی ئەوان نیشتمان هیچ شتێكی دیكە نەبوو وە نییە، بگرە مرۆڤی ئەم وڵاتە جگە لە كاڵایەك، شمەكێك كە شایانی تەسخیركردن و ئاڵوگۆڕ كردن و بەكارهێنانە لەپێناو خۆیان و چەكدارە بەربەریەكانیاندا هیچی دیكە نەبوو وە نییە، بەڵێ لاقەكردنی گەورەی نیشتمان، قۆناغی یەكەمی لاقەكردن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان نا، بەڵكو كەرامەتی وڵات دوی گەڕانەوەی شۆڕشگێڕە شاخاویی و بەربەریەكان دەستیپێكرد، ئیدی دوای لاقەكردنی یەكەم، دوی بەتاڵانبردنی یەكەم، دوای یەكەم كوشتن و ترۆركردنی نیشتمان و ئایدیاڵی نیشتمان لەدوی راپەڕین دەستی پێكرد، دوای لاقەكردنە گەورەكە كە بریتیە لە لێدان لە كەرامەتی مرۆڤی كورد بە ناوی نوێنەرایەتی كردنی كوردەوە، لاقەكردنێكی پرنسیپ كە بریتیە لە پەخشكردنەوەی خووی فرۆشتنی ویژدان بە هەرزانترین نرخ، كە بریتیە لە بەشداریكردن لە هەڕاجكردنی نیشتماندا لە پێناو بەدەستهێنانی نانێك كە لە سەر حسابی ئازادی و شەرەف و كەرامەتی ئینسانیی كەوتوە، لاقەكردنی یەكەمی نیشتمان بریتی بوو لە ڕامكردنی مرۆڤەكانی ئەم وڵاتە تا ڕائی ببن بە ئەم حوكمڕانیە و بەشداریكردنیانە لە مانەوەی ئەم حوكمڕانیەدا كە دوی گەشتێكی دوور و درێژ بە ئەزمونی میللەتان و گەڕان بە قاموسی زانستەكاندا هیچ ناوێكی شایستەمان بۆ نەدۆزرایەوە كە شایەنی ناونانی ئەم ئەزموونی حوكمڕانیە بێت لەم بەشەی نیشتماندا جگە لە "حوكمڕانی كلیپتۆكراسی" واتە حوكمڕانی دز و چەتەكان. بەڵی بەرئەنجامی لاقەكردنی یەكەم بریتیە لە ملكەچبوونی هاونیشتمانیان بۆ ئەو چەتانەی خاوەنی میلیشیا و چەكداری بەكرێگیراون، ملكەچبوون و ڕازیبوون نا بە تەنها بەڵكو توشی واقوڕمان بوون لە بەردەم ئەو بە ناو سەركردە بەربەریانەی كە دوی تراژیدیا گەورەكانی وەكو هەڵەبجە و ئەنفال دەست لە ملانی دوژمن بوون، لەگەڵ دوژمن و كورد كوژ و نیشتمانفرۆشەكان لە چركەساتێكی ئیشراقی و عیرفانیدا توانەوە و بوونە یەك و ئیدی ئەو بونەوەرە ترسناكە ئەوە ماوەی بیست و دوو ساڵە سەرقاڵی لاقە كردنی ئەم نیشتمانە و هاونیشتمانیەكانێتی، ئەم بونەوەرە نورانیە بەربەریە، لاقەكەرە، مرۆڤكوژە گەندەڵە كەس نیە جگە لە "سیاسەتمەداری كورد". ئیدی لەو ڕۆژەوە زنجیرەی لاقەكردنەكانی نیشتمان و هاونیشتمانیان و لاقە كردنی بەها و پرنسیپ و خەونەكان پەی دەرپەی خۆی نمایشدەكات، بیست و دووساڵە شانۆنامەی لاقەكردنی ئایدیالە گەورەكان لە چەشنی ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیی بە بەردەوامی خۆی نمایشدەكات و هەر ڕۆژە لە فۆرمێكدا خۆی بەیان دەكات، دیارە بە كۆمەكی دەستەیەكی زۆر لە رۆشنبیران و هونەرمەندان و نووسەران، بە بەردەوامیش لاقەكردنی نیشتماندا لە شێوازی حوكمڕانیە كلیپتۆكراسیەكەدا خۆی بەیان دەكات.
حوكمڕانیەتی كوردی هیچ نیە جگە لە سوكایەتیكردنێكی گەورە بە هونەری حوكمكردن، سوكایەتیەكی هەمیشەیی بە مرۆڤی كورد و بگرە زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێین
ئەم شێوازی حوكمڕانیەی كورد سوكایەتیەكی گەورەیە بە خودی عەقڵ و بە خودی ژیان. لەو رۆژەوە ئەم نیشتمانە لەلایەن شۆڕشگێڕە بەربەریەكانەوە لاقە دەكرێت، مرۆڤی كورد خەون و هیواو ئاواتی لەلایەن ئەو هەمەجیانەوە تیرۆر دەكرێت.
لەدوی راپەڕینەوە، لەدوی گەڕانەوەی چەكدارە هەمەجیە سەوز و زەرد و شین و سورەكانەوە نیشتمانی ئێمە جەستەیەكە شەقار شەقار دەكرێت، جەستەیەكە، سامانێكە لە بازاڕەكاندا وەك شمەك لە مەزادێكی بەردەوامدایە، زۆر هەرزان هەڕاج دەكرێت، مرۆڤی ئەم نیشتمانە وەك كاڵا و شمەك مامەڵەی پێوەدەكرێت، لەسەر سفرەی دانیشتنی چەتەكانی كورد و دوژمنەكانی كورددا سەودای لەسەرەوە دەكرێت،
خهون و هیوا و ژیان و کهرامهتی مرۆڤی ئهم نیشتمانە لەلایەن چەتە شاخاویەكانەوە، چەتە بەناو شۆڕشگێڕەكانەوە لە تاران و ئەنكارا و دیمەشق و بەغدا سەودا و مامەڵەی پێوە دەكرێت و چەند خێڵ و بنەماڵە و خانەوادە و چەند چەتەیەك و دەستەبژێرێكی بەناو رۆشنبیر و ئەدیب و هونەرمەند ئەوانەی مەستی مەستن بەبێ مۆڕاڵی، بەدوور لەهەر پێودانگ و پێوەر و لە دەرەوەی هەر ویژدان و بەهاگەلێكی مرۆڤ دۆستانە سەرقاڵی سەوداكردن و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕكردنی ئەو خەون و هیواو ئاواتانەن، لەناو خۆشدا، لەناو نیشتمانە هەلاهەلابوو بە بەكەلاوەبووەكەی كورددا سەرقاڵی یاریكردنن بە چارەنووس و كەرامەتی مرۆڤی ئەم نیشتمانە لاقەكراوە، ئەمەش ناودەنێن "ئەزموونی حوكمڕانی كورد"و "دەستكەوتە نیشتمانیە بەدەستهاتووەكانی خەباتی چەندین ساڵەی كورد". لە دوی راپەڕینەوە مێژووی لاقەكردنی ئەم نیشتمانە دەستپێدەكات، راپەڕین چركەساتی جیاكەرەوەی دوو قۆناغە، قۆناغی بەرەنگار بوونەوەی ستەمكاری بەعس (لە كوردستانی عێراق)، بەرەنگاربوونەوەیەك كە لە شكۆ و شەهامەتی نەتەوەیەك دەدوێ، قۆناغی وێناكردنی نیشتمان و قور بانیدان بۆ ئەو نیشتمانەی كە هیچ نییە جگە لە خەون بینین بە ئازادیی و كەرامەت و دادپەروەریەوە، خەون بینین بە گەیشتن بە سەروەری - خۆ، قۆناغی دواییتر لاقەكردن و خەساندنی ئەو ئایدیاڵ و ئەو خەونبینینە بە نیشتمانەوە، چركەساتی دەسەڵاتی حزبی كوردی، بە پارتی و یەكێكی و هەموو حیزبە گچكەكانی دیكەوە، چركەساتی خەساندن و ترۆركردنی ئایدیی نیشتمانە، چركەساتی ترۆركردنی خەونی ئینسانی كوردە بە سەربەخۆیی و ئازادی و كەرامەتی مرۆڤ بوونیەوە، چركەساتی هەڕاجكردنی بەهاو پرنسیپ و داهێنان و ماناو مەغزی ژیانە لەلایەن بەناو "سیاسەتمەداران" و "نووسەران"و بەناو "رۆشنبیران"و بەناو "هونەرمەندان"ەوە، ئەو توێژەی كە قەدەری مێژوو نەبوو بەڵكو بەشێك بوو لە شكستی بوونی خۆی كە بوە كۆڵەكەیەكی سەرەكی ئەم ستەمكاریە، ئەم شكستە، ئەم نغرۆ بوونە، ئەم لاقەكردنەی نیشتمان، ئەو "داهێنەرە مەزنانەی" هەر لە چركەساتی یەكەمەوە لەبەردەم بارەگاكانی چەتە شاخاویەكاندا سەرەیانگرت، ملكەچانە دەستیان لە بەربەریەكان پانكردەوە و گوتیان "بمانژێنن تا گۆرانیتان بۆ بڵێین، تا شیعرتان بۆ بنووسین، تا وەك قارەمانی نەتەوە و بۆ مێژوو وێناتان بكێشین، تاكو ئازادیخوازەكانیش، نەیارەكانتان بكەین بە شەیتان و كارەكتەریان تیرۆر بكەین".
بەیانیان بە مارشی لاقەكردنی نیشتمان بە ئاگا دێینەوە، لەسەر سفرەی بەیانیان گوێمان لە هەواڵەكانی لاقەكردنی نیشتمانە لەلایەن سیاسیی و سەركردە و نووسەر و رۆشنبیران و "داهێنەرانی" كایە جیاوازەكانی ئەدەب و هونەر و ئەكادیمیا و شەوانیش پێش ئەوەی بڕۆینە نێو جێگا دوا هەواڵی لاقەكردنی نیشتمان لە پانۆڕاما و بەرنامەی كاتژمێر دەدا، یازدەدا، دوازدەدا دەبینین و دەبیستین و ئاسودە و بە ئارامی و بێدەنگیی و پڕ لە سەرفرازی دەخەوین دوی ئەوەی كە زانیمان نیشتمان، ئایدیاڵەكان، ئەخلاق، ویژدان بە هەرزانترین نرخ هەڕاج كراون، ئارام دهخهوین
. كە كاتێك زانیمان هەزاران هەزار كەس بە ناوی پێشمەرگەوە خانەنشین كراون، كاتێك زانیمان چەند هەزار نووسەر و ئەدیب و رۆژنامەنووسی "ئەهلی"و نەیارو "موعارز بە دەسەڵات" بە پلەی سەربازی "عەمید"، "عەقید"، "لیوا" خانەنشین كراون، (عەقید نووسەری موعارز و نەیار و دیموكراتخوازو چەپڕەو و پێشمەرگەی یەك هەفتەیی خەباتی كورد بەڕێز....). كاتێك زانیمان سەدەها كەسی ناكارامە بەناو ئەندام بوون لە پەڕلەمان بە ملیۆنەها دینار خانەنشین كراون، كاتێك زانیمان كە ساڵانە سەدەها كەسی ناكارامە و بێسەواد و بەدوور لە داهێنان و بەدوور لە ئەخلاق و بەدوور لە كلتور و فیكر و دنیابینی خەڵات دەكرێن، خەڵاتی داهێنان لە بواری "هیچ"دا، شەو پێش ئەوەی بخەوین هەواڵ و شیكاری سەبارەت بە بودجەی وڵات دەبیستین، ناونانی بە بودجە یوفیمیزمە (واتا شاردنەوەی مانا دزێوەكەی شتێك و جوانكردنی) دەنا مانا ڕاستەقینەكەی بودجە ئەمەیە: "دزینی قووتی خەڵكی و بەتاڵنبردنی سەروەت و سامانی وڵات لە ڕێگی پلانێك یان باشترە بڵێین پیلانێكی مەركەزییەوە"، بودجە هیچ نییە جگە لە بەڵگەی لاقەكردنی ئەم نیشتمانە و دزینی سەروەت و سامانی بن زەوی و سەر زەوی لە لایەن "سیاسەتمەدارانەوە" بە كۆمەكی توێژی خوێندواران كە كۆڵەكەیەكی سەرەكی ئەم ڕژێمە كلیپتۆكراسیەن. شەوانە ناخەوین تا دوا هەواڵی گرێبەستە نەوتییەكان بە ئاڵۆزی و كەمو كورتی نەبیستین، هێندەمان دەوێت كە ئاگادار بكرێینەوە، ئەو چەند كەسەی گرێبەستەكان واژۆ دەكەن، وەك ئەوەیە گرێبەستی بەخشین و بە تاڵنبردنی سەروەت و سامانی چەندەها نەوەی ئایندەی كورد واژۆ بكەن، ئەوەندەمان بەسە كە بزانین چەند خانەوادەیەك خۆشبەختانە ئەو سەروەت و سامانە دەبەن بۆ خۆیان لەباتی هەموو هاونیشتمانیان و نەوەی نوێ، دەیكەنە سەرمایەی ئاویدوكراو، باخ و ڤێلا، كە ئەمەمان زانی دەتوانین بخەوین، ئێمە تەنیا و تەنیا بە بیستنی هەواڵە خۆشەكانی گەندەڵی و لاقەكردنی نیشتمان ئارام دەگرین و دەخەوین، خەونێكی ئەبەدەی قووڵ لە دڵنیایی و بێ ئاگایی و كەرامەت رووشاندندا، ئێمە لە نیشتمانێكی لاقەكراودا دەژین، لاقەكراو لەلایەن هەمووانەوە، لەم نیشتمانە لاقەكراوەدا هەموو رۆژێك كە لە خەو هەڵدەستیت هەواڵێكی نوێ لە مەڕ گەندەڵیەوە دەبیستیت، بەڵام چونكی ئەم نیشتمانە، ئەم وڵاتە، ئەم كۆمەڵگایە غەرقی گەندەڵیە، گەندەڵی وەك نەخۆشیەك وەك میكرۆبێك بەناخیدا رۆچووەو دەمی لە جومگەكانی، ماناكانی، مەغزاكانی گیركردووە و سەرقاڵی مژینێتی، وەك هەواڵێكی سادە، رۆتین، "بیستراو" "سەرنج رانەكێش" هەواڵێكی سادەی رۆژنامەنووسەكان سەیر دەكرێت، یاخود وەك هەموو ئەو پەیامە مێژووییە گرنگانەی رووداوە پڕ لە پەیام و مەغزاكانی مێژوو، وەك ئەو رووداوانەی كە بەناو "مێژوو نووسەره گەورەكانی كورد" تەنیا و تەنیا كار و پەیامیان بریتی بووە لە خاڵیكردنەوەی مێژووی كورد لە مانا و پەیام و مەغزاكان، دوی خاڵیكردنەوەیان لە مانا لێیان دەڕوانرێت و دەبنە هەواڵ و بابەتی نەك رۆژنامەكان بەڵكو زانكۆكان، چونكی زانكۆكان دەرەقەتی مانا و مەغزا و ئاید و ئایدیاڵ و مەبەستە گرنگەكان نایەن، تەنیا و تەنیا ئەوكاتە گرنگی بەشتێك، بابەتێك دەدەن كە خاڵی خاڵی كرابێتەوە لە مانا و مەغزاو هەر ئاماژەیەك.
بە هەموو رێ و رێسا و دەستور و پرنسیپ و ویژدانێك ئێمە خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیەك، ئیدارەیەك، حوكمڕانیەك نین لە چەشنی حوكمڕانی تەندروست یا چاك یا ساڵح، بەراست و دروستی ئەوەی ئێمە لەماوەی بیست و دوو ساڵی رابردوودا ئەزموونمان كردووە بریتیە لە حوكمڕانیەك، ئیدارەیەك، حكومەتێكی شكستخواردوو، بە مانایەكی دیكە ئێمە پڕا و پڕ لەسەر هەموو ئاستەكانی ئیدارەكردن، چ سیاسیی، ئابوری و كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری، تا ئەم چركەساتە ئەزموونی یەك شێواز لە حوكمڕانیمان كردووە ئەویش حوكمڕانیەكی شكستخواردوو، كە داهێنانێكی سەیر و سەمەرە و نەبیستراوی ئەم حوكمڕنیە شكستخواردوە بریتیە لە خانەنشینكردنی ئەندام پەرلەمان و وەزیرە یەك لە دوی یەكەكانی ئیدارەی حكومەتی بەناو كوردی و خانەنشین كردنی نووسەر و رۆژنامەنووس و كادێری حیزبی، تا ڕادەی خانەنشینكردنی كەسانێك بە پلەی بەڕێوبەری گشتی و وەزیر كە بۆ تەنها كاتژمێرێكیش لەو پۆستانە لە حكومەتدا كاریان نەكردوە، ئەم پرۆسەیە تەنها بۆ كەسانی سەر بە هەردوو حیزبی دەستەڵات ئەنجام نادرێن بەڵكو كەسانی نێو ئەو حیزبانەش دەگرێتەوە كە نە دەنگیان هەیە، نە رەنگ، نە هەناسە، نە بەزمان و نە بە دواچركەكانی جەستە مردووەكانیان دەتوانن بڵێن "ها - ئێمە هەین" لەبەرئەوەی مردوون، یان بە مردویی لە دایك بوون یان لەبارچوون، بەڵام زیندوون بۆ بودجە و پارە و سامانی وڵات.
كەواتە مەبەست لە دەوڵەت یا حكومەت یا حوكمڕانی شكستخواردوو چییە؟ (بەتایبەت بەتكا سەرنجی ئەوە بدەن كە ئەم پرسیارە بۆ ئێمە پرسیارێكی جەوهەری و بنەڕەتییە و بمانەوێت یا نەمانەوێت بە ههزاران رایەڵە و هێڵەوە ئێمە بەم كێشەیەوە دەبەستێتەوە:
حكومەتی شكستخواردوو بریتیە لەو حكومەتە، یا حوكمڕانیە كە شكست دەخوات لە فەراهەمكردن و جێبەجێكردنی هەل و مەرجە هەرە سەرەتاییەكان و لێپرسراوێتیەكانی بەڕێوەبردن، بەتایبەت لە دنیای مۆدێرندا بەڕێوەبردن و تەنفیزكردن و سەر رێگاخستنی "ئیدارەكردنێكی سەربەخۆیانە"، بەمانایەكی دیكە بەیانكردنی "سەروەریی سیاسیی و یاسایی و ئیداری".
خاسیەتە سەرەكیەكانی دەوڵەت یا حكومەتێكی شكستخواردوو چین؟
كە لە بیرمان بێت ئەم باسە بۆیە دەخرێتەروو تا وەك ئاوێنەیەك لە هەر سوچ و كۆڵان و ماڵو گەرەِك و شەقام و ئیدارە و دەشت و شاخو زەوی بەراو و دێم و دۆڵێكدا یەكسەر راستەوخۆ رووبەڕووی هاونیشتمانی كورد بكرێتەوە تاكو هەقیقەتی خۆی و حكومەتەكەی ببینێتەوە بە دوور لە فێڵ و هەر دۆگما و پڕوپاگەندەیەك.
خاسیەتە سەرەكییەكانی حوكمێكی شكستخواردوو، لە چەشنی ئەزموونی حوكمڕانی كوردی، بریتین لە:
- داخوران و داڕزان و گەندەڵ بوونی دەسەڵاتی رەوا و مەشروع لە پەیوەند بە پرۆسەی بڕیاردانەوە، بڕیاری سیاسیی و دەستوری و یاسایی بەشێوەیەك كە لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە هەلومەرجێكی لێوانلێو لە فەوزای سیاسیی و یاسایی بەركەماڵ بێت، فەوزایەك كە نە لە خزمەت ئازادیەكان و نە لە خزمەت پرنسیپ و بەها گەردونیەكاندا نیە.
- شكستخواردن لە توانا و بەخشینی خزمەتگوزاریە گشتییەكان. ئەوەی كە لە ماوەی بیست و دوو ساڵی بەناو "حوكمڕانی كوردیدا" بەرچاوە و زۆر زەقە بریتییە لە شكستی فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییە هەرە سادەكانی ژیانی رۆژانە، لە گشت بوارەكاندا شكستێكی تەمام عەیار خۆی مانیفێست دەكات، لە رووی ژێرخانی ئابووریەوە ئەوەی كە زەق دیارە بریتییە لە نەبوونی سادەترین خزمەتگوزاری، لە پەروەردەدا، قوتابخانەكان هەرەس دەهێنن، قوتابخانەكان بوونەتە كەلاوە، هەزاران قوتابخانە پێویستە دروست بكرێن و دروست ناكرێن ، بنكە تەندروستیەكان خاڵین لە بنەما سەرەتاییەكانی خزمەتگوزاری باش، بیناكان هەرەس دەهێنن و دروست ناكرێن، لەكاتێكدا ساڵانە ملیارەها دینار بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی ئەمنی - سەربازی بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە تەرخان دەكرێت لە دەرەوەی هەر لێپرسینەوەیەكی یاسایی و ئەخلاقی. بەمانایەكی دیكە خزمەتگوزاریە تەندروستی و پەروەردەیی و كلتوریەكان كە دەبا لە دامودەزگا كۆمەڵایەتی و تەندروستی و كلتوریەكاندا خۆیان بەیان بكەن، هیچ بەرهەمێكی دامو دەزگایی پێی دروست نەبووە و بەرجەستە نەبووە لە خزمەتگوزارییە بەرچاو و عەمەلیەكاندا و نەبۆتە دامو دەزگا و پرنسیپی كار لەسەركراو و پەیڕەوكراو كە لە دواجاردا لە خزمەت هاونیشتمانیاندا كار بكات.
- ئەوەی كە ئەمڕۆ لە جیاتی ئەو بە دامو دەزگاكردن و بەیانكردنەدا خۆی بەرجەستە بكات، ئەوەی دەبینرێت و هەستی پێدەكرێت و لە دەرەوەی هەر لێپرسینەوەیەك خۆی بەیان دەكات بریتییە لە گەندەڵی ئیداری و ئابووری و گەندەڵی سیاسیی كە خۆی لە مانیفێستكردنی رۆڵی حیزب و دەسەڵاتی سیاسیی حیزبێكی دیاریكراودا بەیان دەكات، جۆرێك لە دەستێوەردانی حیزبی لە بەڕێوەبردنی ژیانی گشتی دا خۆی بەیان دەكات، كە بەشێوەیەك لە شێوەكان گەندەڵیەكە نەك سیاسییە بە تەنیا بەڵكو گەندەڵیەكی سەرتاپاگیرە و پەخش بۆتەوە، بەو مانایەی كە گروپێك، با حیزبێك دەستوەردەداتە كاروباری سیاسیی و ئیداری و كلتوریەوە.
حیزبێكی سیاسیی (واتە یەكێتی و پارتی) دەست بەسەر بودجە و سامانی وڵاتدا دەگرێت، بەشێوەیەك ئەو بودجەیە دابەش دەكات كە لە خزمەتی بەرنامە و ئەجێندی حیزب و بگرە چەند بنەماڵەیەكی تایبەتدا بێت، حیزب لە دەروەی هەر پرنسیپێكی عەقڵی و مەدەنی سەرقاڵی كڕینی ئینتیما و وەفا و دلسۆزی بۆ حیزب دەبێت لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگ ، كە ئەم پرۆسەیە لە دەرەوەی ئەخلاق و مەدەنیەت و سیاسەت و هەر لێپرسراوییەتێكی یاسایی و مەدەنی و سیاسییە، بە مانایەك لە ماناكان، ئەوەی روو دەدات هیچ نیە جگە لە دەستدانی ئەخلاق و مەدەنیەت و سیاسەت، بەڵام ئەمە ئەو شتەیە كە بە بەردەوامی لەماوەی شەست ساڵی كوردایەتیدا روودەدات. ئەوەی كە تا ئێستا وەسفمان كردووە هیچ نییە جگە لە وەسفكردنی فەسادی سیاسیی، لە پاڵ ئەو راستیەی كە لە رووی یاساییەوە هەل و مەرجێك دروست دەبێت كە تەنیا و تەنیا یەك مانا هەڵدەگرێت ئەویش لەرووی یاساییەوە دروستكردنی ئاستەنگ، هەلومەرجێك كە باس لە تەڵزگە و قەیران دەكات. لەو وڵاتانەی كە كاروباری كۆمەڵگا بە یاسا ڕێكخراون، یاسا بریتییە لە دروستكردنی هەلومەرجێك كە ژیانی جڤاتی و یاسایی بەشێوەیەكی دەستوری بەڕێوە دەچێت كە ماف و ئەركەكان بەشێوەیەك رێكخراون كە دامودەزگا یاسایی و سیاسیی و دەستوریەكان واتە هەر سێكتەرێك كارو وەزیفەی خۆی دەبێت. هەرچی پەیوەندی بە هەل و مەرجی كلتوریەوە هەبێت، دەسەڵات بەشێوەیەك كارو وەزیفەی خۆی دەبینێت، كە لە سیاقی وەزیفە و كاركردندا پەیڕەویی لە كۆمەڵێك رێساو یاسا و لێپرسینەوە و دابەشكردنی ئەرك و مافەكان دەكات، ئەمەش ئەو شتەیە كە لە حوكمڕانی كوردیدا غیابی هەیە و بۆتە سەرچاوەی بەڵا سیاسیی و ئابوری و كلتوری و كۆمەڵایەتییەكان.
بۆ نموونە ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەزموونی حوكمڕانی كوردیدا بە زەقی دیارە بریتیە لە پەرەسەندنی جیاوازی چینایەتی گەورە، كە لە دواجاردا كاریگەری گەورە لەسەر شوناسی نەتەوەیی و هەستی ئینتما بۆ نیشتمان و جڤات دادەنێت، لە جیاتی نیشتمانێك چەندین نیشتمان و هەستی ئینتما بۆ نیشتمان دروست دەكات، هەستی نامۆبوون و سەرەولێژبوونەوەی بەهاو پرنسیپەكانی پێكەوە ژیان پەرەدەسێنێت، كە لە دواجاردا هەڵوەشانەوەی شوناس و جڤات لە بەرئەنجامە دیارەكانی ئەو جیاوازیە چینایەتی و گروپانە بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی پێداویستی ماددی و رۆحی و مەعنەوی هەموو لایەك پەرتەوازەیی و بێ مانایی و بێ باكیی و لە دەستدانی پێكەوە ژیانی كۆمەڵایەتیانە خۆی مانیفێست دەكات لە كات و هەل و مەرجێكدا كە جیاوازی چینایەتی خۆی لە دوو جەمسەری زۆر دژ بە یەكدا دەبینێت، چین و دەستەو تاقمێكی زۆر دەوڵەمەند، بەرخوردار و دەسەڵاتدار و سودمەند لە بودجە و سامانی وڵات، حكومەت و فەرمانڕەوایەتی و ئابوری و دامو دەزگا كۆمەڵایەتی و یاسایی و سیاسیەكان لە خزمەت ئەمدا دەبن و لەولاوە زۆربەی خەڵك، چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگا بێبەری دەكرێن لەو سود و بەرژەوەندیانە و توڕ هەڵدەدرێنە دەرەوەی سود و بەرژەوەندیەكانی سامان و داهاتی نەتەوە و نیشتمان وەك ئەوەی كە هەل و مەرجی ئەمڕۆی كوردستانی عێراق مانیفێستی ئەم راستیە ئابوری و سیاسیەیە بە پلەی ئیمتیاز، بەرئەنجام هیچ نابێت و نیە جگە لە مەرگی ئینتما بۆ نیشتمان، لێگەڕێ كە ئەمە نا دادپەروەرییە، لێگەڕێ كە ئەمە مەرگی جڤات و دادپەروەری و یەكسانی و لانی كەمی فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە بە كەرامەتی مرۆییە.
لەرووی كۆمەڵایەتییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی دیموگرافی و پێداویستیە هەمیشە گۆڕاوەكان ئاستو نیاز و پێداویستی دانیشتوان لەسەر ئاستە جیاوازەكانی كۆمەڵگا و بەهۆی گۆڕانی كۆمەڵگا و شێوازی ژیانی چین و توێژەكان، دابەشكردنی سەرچاوەی دارایی و سامانی وڵات گەر لانی كەمی پایەداربوونی ژیان و دابەشكردنی سەرچاوەكان لەخۆ نەگرێت نەك قەیرانی ئابووری، بگرە قەیرانی وجودی و شوناسی و كۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێت، لە حوكمڕانیەكی شكستخواردوودا لەبەرچاونەگرتنی ئەم راستیە، دەبێتە مایەی نەك نادادپەروەری ئابوری و كۆمەڵایەتی، كە ئەمە لە كوردستاندا وەك رۆژی روناك خۆی بەیان دەكان، بگرە چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی و ژیاری و ئابووری دەخوڵقێنێت. دەبێتە مایەی جیاوازیەكی لە رادەبەدەر لە نێوان گروپ و چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان، لە هەمووی ترسناكتر دەبێتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی پێكەوە ژیانی كۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی دەیەها نەخۆشی كۆمەڵایەتی، لەوانە خۆ كوشتن، كوشتنی ئافرهت، دزی، بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات بێ هیچ سڵكردنەوەیەك لە بەردەم هیچ بەهاو بەرپرسیارێتیەكدا، پەیوەندیەك نامێنێت لە نێوان چینی یا دەستەبژێری فەرمانڕەوا، خاوەن دەسەڵات و ئەودوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا، لە هەمووی ترسناكتر بڵاوبوونەوەی پەتی "كێ ئازایە لە بەشی سەروەتی وڵات بۆ خۆی بەرێت" كە بە مروری زەمەن كارێك دەكات نیشتمان و جڤات و رەمزو پرنسیپەكان دەبنە "بەها لە كەڵك كەوتووەكان" وەك بەڕێزێك لە مونازەرەیەكدا لەگەڵ بەندە گووتی "كەس بە پرنسیپەكان ناژی" مەبەستی ئەوە بوو بڵێت، پرنسیپی چی؟ بەهای چی؟ ئەمانە سك تێر ناكەن. لە هەمووی ترسناكتر، وەڵامەكەی بەندە بۆ ئەو بەڕێزە خۆی دەبێتە نوكتەیەكی كۆمەڵایەتی و مایەی پێكەنین ئەوكاتەی گوتم "مرۆڤ بە پرنسیپ دەژی" بۆ ئایداڵەكان دەژی، وەك حەزرەتی مەسیح دەفەرموی "مرۆڤ تەنیا بە نان ناژی" ئەی بە چی دەژی، بە ئازادی و بۆ ئازادی دەژی.
لە هەلومەرجی شكستی حوكمڕانیدا، لە چەشنی حوكمڕانی كوردیدا دوو جۆر لە "كۆچكردنی مێشك" (Brain drain) رودەدات، كۆچكردنی عەقڵ و توانا زانستی و ئەكادیمییەكان، كۆچكردنێك بۆ دەرەوەی وڵات، كۆچی كەسە بە توانا و شارەزاكانی بوارە جیاوازەكان و خاوەن پیشە و شارەزاییە جیاوازەكان و كەسانی خاوەن راو دید لە بوارەكانی زانست و سیاسەت و ئابوری، لەلایەك كە ئەمە كۆچكردنێكی ئاشكرایە، بەڵام شێوەی دووەمی كۆچكردن لەناو خودی جڤات و وڵاتدا روو دەدات بە مانی بێدەنگ كردن، پەراوێزخستن و بەجدی وەرنەگرتن و دروستنەكردنی هەل و فەزا بۆ كەسە شارەزا و خاوەن راودیدەكان تاكو قسە بكەن، توێژینەوە بكەن، گوێیان لی بگیرێت، راو دید و بۆچوونیان بەهەند وەربگیرێت، بە مانایەكی دیكە كۆچكردنێكی ناوخۆیی روودەدات، لە گوێگرتن لە كەسە خاوەن دید و راكانەوە بۆ پشتگوێ خستنیان، كۆچێك لە بەهەند وەرگرتنی راو بۆچوونە زانستی و ئەكادیمییەكان بۆ سەركوتكردن و پشتگوێ خستن و پەراوێز خستن و بێ ئەهمیەتكردنی راو بۆچوونیان، كە ئەم جۆرە لە كۆچكردنی "مێشك" یا عەقڵ ترسناكترە لە جۆری یەكەم لەوەدا كە كەسانی خاوەن عەقڵ و بیرو دید لەناو خودی كۆمەڵگادا نامۆ دەكرێن، راو بۆچوونیان بێ كەڵك دەكرێت، فەرامۆش دەكرێن، ئێمە لە كوردستانی عێراق ئەزموونی هەردوو "كۆچكردنی مێشك" یان كۆچكردنی عەقڵ ئەزموون دەكەین. لە جیاتی خاوەن عەقڵ و كەسانی خاوەن دید و شارەزا و پسپۆڕ ، كەسانی بێ سەواد، جاهل، نەفام، ئینشانووس، شایەر، موتەمەلق و ماستاو چی بێ كەڵك، لە شوێنە هەستیارەكاندا دادەنرێن. یەك مەرج بوونی هەیە، ئینتما بۆ حیزب، درۆكردن، شایەربوون، ناڕاستگۆیی، پشتكردنە بەرژەوەندی گشتی، پیادا هەڵدان بە سەرۆك و حیزبدا. لە حوكمڕانییەكی شكستخواردوودا دەنگە جیاوازەكان، كەسانی خاوەن راودید، پڕۆفیشناڵەكان، كەسانی شارەزی كایە جیاوازەكانی مەعریفە، نەیارە سیاسیە و فیكریەكان dissident پەراوێز دەخرێن، بەهەند وەرناگیرێن، یا ناچار دەكرێن تەختەی شانۆكە، واتا فەزی گشتی بەجێبهێڵن، لە حوكمڕانی كوردیدا ئەمە نەك دیارە، نەك راستیە بەڵكو دیاردەیەكە وەك خۆر دەدرەوشێتەوە، ئەوەی رای هەبێت لە حكومەتدا نییە، ئەوەی بیربكاتەوە لە پەراوێزدایە و سەركوت كراوە.
بەرئەنجامێك كە دەشێ لەم گفتوگۆ خێرایەدا لەمەڕ شێوازی ژیان و شێوازی حوكمڕانی لە كوردستانی باشوردا بە دەستی بهێنین بریتییە لەوەی كە هەموو شت، هەموو ئاماژەكان، ئاماژە ئابوری و سیاسیی و كۆمەڵایەتی و كلتوریەكان باس لە شكستێك دەكەن، شكستی ئەزموونی حوكمڕانی كوردی، كە تێیدا تەنیا و تەنیا بەناو "سیاسیی"و بەناو "سەركردەكان" لێپرسراو نین، هەرچەندە پشكی شێریان بەردەكەوێت، بگرە توێژێكی دیاری كۆمەڵگا كە توێژی خوێنەوارانی وڵات، نووسەر و ئەدیب و مامۆستا و هونەرمەند و رۆژنامەنووسان، لەم شكستەدا و لە خوڵقاندنی ئەم هەلومەرجەدا بەشدارن و لێپرسراون.
رێگەم بدەن كە بڵێم لە ئێستادا كاری جدی و گرنك بریتیە لە كۆشش كردن بۆ هاتنە مەیدانی هێزێكی ڕادیكاڵی خاوەن ئەخلاقی مەدەنی كە چاو لە رزگاركردنی ئەم نیشتمانە لاقەكراوە ببڕێت كە ئامانجی گەڕانەوەی رێز بێت بۆ خودی مانا و مەغزی نیشتمان و گەڕانەوەی كەرامەت بۆ مرۆڤی كەرامەت روشێنراوی كورد لەم نیشتمانە لاقەكراوەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست