چیرۆکی مێشە هەنگوینێکی کۆلنەدەر
Saturday, 16/08/2014, 12:00
2076 بینراوە
وویستم نەریتێکی نوێ لەتەك هاوڕێکانمدا بێنمە کایەوە بەوەی بەیانیان لەگەڵ تاریك و ڕوونیدا خەو لەخۆمان حەرام بکەین و لە ساحەی شۆڕشەوە کەواتر کرا بەئەمنە سوورەکە تا سەرچنار بە ڕاکردن لەگەڕەکی قارەمانان و دواتر بەسەر گردەکە زەرگەتەو پاشان بەتەختایی کارێزە ووشکە بەشیوەی پچر پچر و چەند جارێ وەستان لێرە ولەوێ تا سەر ئاوەکە نەوەستینەوە. هەروەك لەسەرەتاوە گەلێ ئاسایی بوو بەڵام دواجار هەندێ لە هاوڕێیان زانیان شتەکەمان بەڕاستەو ئەبێ هەموو بەیانیان زوو لەخەو هەڵسین، ئێدی بۆیان دەستی نەداو هەریەکەو بەپێی پاساوی خۆی کۆڵیان داو تاوای لێهات تەنها من و کەسێکی تر ماینەوە کە بەدرێژایی هاوین خۆمان لەو ماراسۆنە بێ خەڵاتە بێبەش نەکرد. ئەمەش سەرباری ئەوەی تەندرووستیەکی باشی داینێ و توانیمان هەر لەو کاتەوە جۆرێك لەدیسپلینی خود لەناخی خۆماندا دروست کرد.
ئێمە بەتەمای ئەوەبووین لەپاشەڕۆشدا وەرزشەوانێکی نایابی وەك جەمالی عەلی باپیر و حەمە بچکۆل و کەمال سەلیمان لێ دەرچێ و بتوانین خزمەتی یانەی سلێمانی بکەین، بۆیە زۆرجار گوێمان نەئەدایە ئەوەی کاتی خەومان کەم بکەینەوە وەیان هەندێ جار هەندێ لەڕێبواران و کرێکاران خەریکی فڕێدانی هەندێ قسەو ووشەی وا نەشیاو بوون کە هەرگیز ئێمەی وا لێنەکرد کۆڵ بدەین. بۆ نمونە بەیانیەکیان یەکێ لەو کرێکارانەی خەریکی دروست کردنی شوققەکانی گەڕەکی ئاشتی بوون ووتیان ؛ تۆ سەیری ئەم کوڕی نەگبەتانە بکە خوا سەری لێ تێکداون و ئەڵێی سەگی پێ سووتاون ئەم دەشت و دەرە ئەکەن بەڕاکردن و باوکی قووڕبەسەر ئەبێ هەر خەریکی پێڵاو کڕین بۆیان. یەکێکی تریان ئەیووت؛ ئەگەڕ کوڕی من ئەبوون بەخوا لەژێر تاسە چیمەنتۆ و بەردی کانی سپیکە دام ئەڕزاندن.یەکێ تر ئەیووت؛ ئەوە هەر بۆ نەگبەتی دایك و باوکیانە،دەنا بۆ خوێندن و مەکتەبەکە بوایە وایان نەئەکرد و هەر خەریکی خواردن و خۆلێسانەوە ئەبوون. بەداخەوە ئەوەی ئێمە ئەمان کرد تەنها وەك شتێکی نوێ بەهیچ جۆرێ پێشوازی باشی لێ نەکرا و هەر بۆیە هاوڕێکان زوو ئاشبەتاڵیان لێکرد. خۆی وایە لەکۆمەڵگای کوردەواری بۆ شتی باش و نەریتی نوێی دروست کەرو بیرکردنەوە لە تەندرووستی و بنیاتنانی لەش و لارێکی جوان و وەرزشی کەس نوقڵانەی خێری بەدەمدا نەئەهات.
من تا بەتەواوی گەورە نەبووم نەم زانی بۆچی ئەو بەیانیە کاتێ لەگەڵ کاوەی هاوڕێمدا وەك بەیانیەکانی تر خەریکی دەستکردن بەراکردن بووین لای ماڵی ئەوانەوە دەستمان پێکرد کە نزیك بوو لەقۆریە شکاو. ئەوێ کانیەکی جوانی لێبوو کە نزیکی چەندین گوڵ و دڕك و سەوزایی لێ شین ئەبوو. ئەگەر چی هاوین بوو بەڵام هەندێ گوڵ هەبوو بەدرێژایی ئەو کاتە غونچەیان ئەکرد و بەیانیان ئەگەشانەوە. ئەو بەیانیە وەك هەموو جارێکی تر بەجلی وەرزشی و پێلاوی لاستیک و جووتێ گۆڕەوی درێژ خۆمان گۆڕی و لەوێوە پەڕینەوە نەوەستاین تا گەڕەکی کارێزە ووشك. باشم بیرە لەو کاتەی کە دەستمان کرد بەڕاکردن مێش هەنگوێنێك لەچوار دەوری کانیەکەی قۆریە شکاوو ئەسووڕایەوە، دواتر کاتێ وەستاین لەنزیك گردەکەی ڕیعایە تەماشا ئەکەم میش هەنگوینێك وەك ئەوەی پێشبڕکێم لەگەڵدا بکا لەوێیە. منیش گەلێ بەئاساییم زانی و بیرم لەوە نەکردبۆوە کە ئەمە هەمان ئەو مێش هەنگوینەیە کە لە لای کانیەکە تووشتمان بوو. بۆیە هەڵوەستیەکم کرد و لەخۆمم پرسی؟؟ ئاخۆ ئەم زیندەوەرە ئەیەوێ یاریم لەگەڵدا بکا و بیەوێ کاتی یاری خۆی لەبری ئەوەی لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆیدا منی هەڵبژاردوە. ئاخۆ ئەم گیانلەبەرە کەسی تری دەست ناکەوێ وەیان هاوڕێکانی لەدەست داوەو ئەیەوێ هاوڕێی نوێ بۆ خۆی پەیدا بکا و کاتی لەگەڵدا بەسەر بەرێ. ئاخۆ تۆبڵێی وا تێبگا کەوا منی مرۆڤ ئەتوانم لەزمانی ئەو تێبگەم و دواتر بیرو بووچۆن ئاڵو گۆڕ پێبکەین. ئاخۆ و چەندین ئاخۆو چەندین پرسیاری تر بەهزرمدا هات و هیچیان بۆ من نەئەچوونە قاڵبی دروستی و بۆچوونی ڕاستەوە.
چەند جارێ ئەوەستاین و دواتر دەستمان ئەکردەوە بەڕاکردن تا گەیشتینە سەر ئاوەکەی سەرچنار و ڕۆژ بەتەواوی دەرئەکەوت و گەرمایی خۆر ئارەقەی پێ دەرئەیایین و ئێمەش خۆمان لەئاوەکە ئەداو مەلەی بەیانیانمان ئەکرد .پاشان بەرەو گەڕەك بەراکردن ئەگەڕایینەوە. ئەوەی زیاتر سەرنجی ڕاکێشام، مێشەکە لە سەرچناریش بینیمەوە و لەوکاتەی ئێمە بەتەواوی هیلاك و شەتەك بووین ئەوەبوو من بۆ ئەوەی هەندێ هیلاکیم دەرچێ خۆم شۆڕکردبۆوە و دەستم بەرەو پێکانم ئەبرد و هەناسەی خێراو کورتم ئەدایەوە. کەچی کاتێ گوێم لەگیزەی مێشەکە بوو کەوا لای پشتی قاچی ڕاستم نزیك بۆتەوە.
کاتێ ئاووڕم دایەوە ئەوسا زانیم بۆچی ئەو مێشە دوام کەوتوە. ئەو کات وەڵامی ئەو هەموو پرسیار و ئاخۆیانەم بۆ ڕوون بۆوە. ئێستا زانیم کەوا کاتێ ئێمە دەستمان کرد بە ڕاکردن هەندێ لەو دڕك و گوڵانەی لای کانیە بەقاچ و گۆڕەویە درێژەکەمانە نووسابوون و لێی نەبوبۆوە. هەر بۆیە ئەو مێشە تا ئەوێ و وەك ئەوەی ڕاکردنمان لەگەڵدا بکا،هاتبوە ئەوێ. کاتێ گەورە بووم زانیم و تێگەیشتم زیندەوەرەکانیش بۆ ئامانجەکانی خۆیان لەهەوڵی بەردەوام دان و کۆڵنەدەرن. ئەو مێشە تەنها بۆ ئەوەی دەمی بگاتە ئەو گوڵەی بەگۆرەویەکەی منەوە نووسابوو چەندین فەرسەخ لە شوێنی خۆی دوور بکەوێتەوەو دواجار توانی خەونەکەی خۆی بەدیبێنێ.
سەرانی کوردی باشوور نەك هەر کۆڵنەدەر نین بۆ ئەوەی بمان گەیەننە خەون و ئارەزووەکانمان، ئامادەنین خۆیان هیلاك بکەن و پێش گەل و هاوڵاتیانی خۆیان بکەون تا ژیانێکی کامەرانی و ئاسوودەییان بۆ دامەزرێنن، بەڵکە چەندین هەلی زێڕینی گەلەکەمانیان زیندە بەچاڵ کردوە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی.