کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چه‌ند ڕاستیه‌کی مێژووی سه‌باره‌ت به‌و تێکۆشه‌رانه‌ی تاڵه‌بانی به‌ منداڵی مته‌ته‌ریف ناوی هێناون

Monday, 27/09/2010, 12:00


ئه‌م نوسینه‌ سه‌باره‌ت به‌خه‌باتی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و دیارده‌ دزێوه‌کانی سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتای ناو کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان و یه‌کێتیه‌، له‌ لایه‌ن ده‌سته‌یه‌کی تێکۆشه‌ره‌وه‌ به‌ ناوی (پۆلی شه‌هید دلاوه‌ر) ه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی که‌سێکی نه‌ناسراوبوایه‌ لام دوور نه‌بوو که‌ گومانم له‌ ڕاستی ئه‌و نامانه‌ بکردیایه‌ که‌ له‌ کوردستان پۆستدا بڵاو ده‌کرێته‌وه‌، به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی که‌ ئه‌و نامانه‌ مشتێکن له‌ خه‌روارێک و ئاوێنه‌یه‌کی بچوکن له‌ پێشاندانی که‌سایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی.

وه‌کو ئه‌ندامێکی دێرین ئه‌گه‌رچی دابڕاو له‌ ڕێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان و یه‌کێتی، به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمی ده‌زانم وه‌کو دڵسۆزیه‌ك بۆ هاوخه‌بات و شه‌هیدانی ڕابوردوی هاورسه‌نگه‌رم وه‌ڵامی به‌شێك له‌ ده‌ربڕینه‌ بێ بنه‌ماکانی تاڵه‌بانی بده‌مه‌وه‌ به‌رامبه‌ر تێکۆشه‌رانی گه‌ه‌که‌مان به‌ تایبه‌تی ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی ناوشار که‌ به‌ گاڵته‌جاریه‌وه‌ به تاقمێك‌ منداڵی (مته‌ته‌ڕیف) ناوی هێناون له‌ نامه‌که‌ی دا، که‌ له‌ 1985 دا بۆ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمودی ناردووه.

ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ستی ڕاسته‌وخۆی تاڵه‌بانی لایه‌نگران و ڕێکخستنه‌کانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی سه‌ر به‌ ئاڵای شۆڕشه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌می ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ وابه‌سته‌و ملکه‌چی به‌رنامه‌ و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی نه‌وشیروان- تاڵه‌بانی نه‌بون‌ و هاوکاتی ناکۆکیه‌کانی ئه‌وان و باڵی مه‌لا به‌ختیار ئه‌مانیش وه‌ك ده‌سته‌یه‌کی هۆشیار و دڵسۆز که‌وتنه‌ ناکۆکیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باڵی نه‌وشیروان تاڵه‌بانی و کردار و دیارده‌ دزێوه‌کانیان له‌ ناو یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه‌دا.

له‌سه‌ره‌تادا ئه‌مه‌وێت وه‌کو پشتگیریه‌ك له‌ تێکۆشه‌رانی شار ئه‌و ڕاستیه‌ بخه‌مه‌ ڕوو که‌ ته‌واوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له‌ ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران دا بوون به‌ گشتی و ئه‌وانه‌ی له‌ باڵی جه‌لال - نه‌وشیروان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ تایبه‌تی، له‌و کات و سه‌رده‌مه‌دا خۆیان نه‌ به‌ جه‌لال - نه‌وشیروان و نه‌ به‌ مه‌لا به‌ختیار و سالاره‌وه‌ ‌به‌ستبوو، به‌ڵکو ته‌نها دڵسۆزی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ بون که‌ باوه‌ڕیان پێی بوو به‌ بێ چاوه‌ڕوانی ‌هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی تایبه‌تی خۆیان.

له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێت چه‌ند ڕاستیه‌کی مێژووی بخه‌مه‌ به‌رده‌ست خوێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداریان بکه‌م له‌وه‌ی که‌ چۆن و له‌ چ هه‌ل و مه‌رجێك دا بۆ یه‌که‌م جار ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ ناو ڕیزه‌کانی ڕیکخستنی ناوشاری کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان له‌ شاری سلیمانی، دژی گه‌نده‌ڵی و نابه‌رابه‌ری و سیاسه‌تی چه‌وتی یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه‌ به‌رزبۆوه‌ وهه‌وڵ وخه‌بات به‌ ئاراسته‌ی دژایه‌تی کردنی دیارده‌ دزێو و گه‌نده‌ڵیه‌کانی سه‌رانی یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه‌ به‌ شێوازی کرداری گه‌ڵاڵه‌ بوو.

له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا تێکۆشه‌رێکی ناو ڕێکختنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران به‌ ناوی دلاوه‌ره‌وه‌، ڕێکخستنه‌کانی شاری سلیمانی به‌جێهێشت و بو به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی دۆڵی جافایه‌تی. ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ بۆ یه‌که‌م جار ده‌ستی کرد به‌ نامه‌ ناردن بۆ هه‌ندێك ئه‌ندامانی ڕێکخستنی ناوشاری کۆمه‌ڵه‌ و له‌ گه‌نده‌ڵیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه‌ی هوشیار کردنه‌وه‌ (‌ پاشان به‌ داخه‌وه‌ وه‌کو ناوبژیکه‌رێك له‌ شه‌ڕێکی عه‌شایه‌ری له‌ وڵاخلو فیشه‌کی به‌رکه‌وت و شه‌هید کرا). شه‌هید دلاوه‌ر له‌ نامه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌ کۆمه‌ڵێك دیارده‌ی دزێو و گه‌نده‌ڵی ده‌کرد له‌ بواره‌ جیاوازه‌کان دا.

له‌ بواری ڕێکخراوه‌یی دا له‌ شێوازی کاری بێسه‌ر و به‌ره‌ و به‌ره‌ڵایی به‌رپرسانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه‌ له‌ ناوچه‌ ئازاده‌کان دا ده‌دوا، که‌ چۆن کاره‌کانیان بێ به‌رنامه‌و فه‌وزا ئه‌نجام ده‌ده‌ن و له‌ ناوچه‌ ئازاد کراوه‌کان دا کاری ڕێکخراوه‌یی توند و تۆڵ پشتگوێ خراوه‌ و به‌رپرسه‌کان و سه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ و یه‌کێتی هه‌ریه‌که‌ بۆ خۆی ده‌سته‌ و تاقمێکیان دروست کردووه‌ که‌ کارئاسانیان بۆ ده‌که‌ن و ناویان لێناون ته‌نزیم و هیچ مه‌رکه‌زیه‌ت و بنه‌ماو پرنسیپێکی ڕێکخراوه‌ییان تیا نیه‌ و له‌ ڕوی هۆشیاری سیاسیه‌وه‌ هه‌ژار و بێتوانان.

له‌ بواری گه‌نده‌ڵی خزم و هاوڕێیه‌تی دا باسی له‌ سه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ و یه‌کێتی ده‌کرد که‌ چۆن زۆربه‌یان خزم و برا و که‌س و کاریان له‌ خۆیان نزیك کردۆته‌وه‌ و له‌ قه‌باره‌ی خۆیان زیاتر به‌رپرسیان پێ به‌خشیون و له‌ نزیك خۆیان و له‌ به‌ره‌کانی دواوه‌ی شه‌ڕ و ناوچه‌ قایمه‌کان دا دایانناون تاکو توشی کوشتن و بریندار بون نه‌بن و پارێزراو بن.

هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ناوشاری له‌ به‌ سوك تێڕوانینی به‌رپرسانی به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی ساده‌ و دێهاتیه‌کان و مامه‌ڵه‌ی خراپیان به‌رامبه‌ریان ئاگادار ده‌کرده‌وه‌.

له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی نابه‌رابه‌ری پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسه‌کانی ده‌نوسی که‌ چۆن ئه‌وان به‌ به‌راورد به‌ ژیانی پێشمه‌رگه‌ ژیانێکی خۆشگوزه‌ران و جل و به‌رگ و خواردنی زیاتر و باشتر و هه‌میشه‌یان هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ به‌ده‌ستهێنانی جگه‌ره‌ و خواردنه‌وه‌ی کهولیشدا که‌م و کورتیان نیه‌ و پێشمه‌رگه‌ش سه‌رباری خۆبه‌خت کردن و هیلاکی له‌ هه‌موو شتێك مه‌غدور کراون و ته‌نها چاوه‌ڕێی پشتیوانی دێهاته‌کانن، له‌ کاتی دامه‌زراندن له‌ ماڵی دێهاتیه‌کانیش دا، به‌رپرسان له‌ ماڵه‌ به‌ تواناکان داده‌نرێن که‌ خواردنی باشیان ده‌خه‌نه‌ به‌ر ده‌م و پێشمه‌رگه‌ش له‌ ماڵه‌ هه‌ژاره‌کان که‌ زۆرله‌و ماڵانه‌‌ خۆیان پێویستیان به‌ یارمه‌تییه و بۆ خۆیان و منداڵه‌کانیان خۆراکی پێویستیان نییه‌‌، نه‌خوازه‌ڵا بۆ پێشمه‌رگه‌ی میوان.

سه‌باره‌ت به‌ ناکۆکیه‌کانی نێوان باڵه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ به‌ تایبه‌تی باڵی مه‌لا به‌ختیار و سالار و مامۆستا جه‌عفه‌ر له‌لایه‌ك و نه‌وشیروان مسته‌فا و پشتیوانه‌که‌ی مام جه‌لال له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ شه‌هید دلاوه‌ر به‌ ناکۆکی ده‌سه‌ڵاتی ده‌زانین و ئه‌وه‌ی دوباره‌ و دوباره‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و ناکۆکیانه‌ ته‌نها بۆ مه‌رامی ده‌سه‌ڵاتن و به‌رگی ئایدۆلۆژیان به‌به‌ردا کراوه‌. ناکۆکیه‌کانیان به‌ڕاده‌یه‌ك توند و ئاشکرا بوون که‌ خێمه‌ و ماڵه‌کانیان دوور له‌ یه‌کتری داده‌مه‌زران، بۆیه‌ هه‌ندێ له‌ پێشمه‌رگه‌ و کادران که‌ ئاگاداری وه‌زعه‌که‌ بون بۆ گاڵته‌جاری به‌ مه‌عه‌سکه‌ری شه‌رقی و غه‌ربی ناویان ده‌هێنان.

ئه‌م نامانه‌ یه‌که‌مین هوشیارکرده‌وه‌ و چاوکردنه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی ئه‌ندامانی ڕێکخستنه‌کانی شار بوون، پاشان ئه‌ندامان خۆیان به‌ شێوه‌ی نهێنی و ئاشکرا سه‌ردانی ناوچه‌ ئازاد کراوه‌کانیان ده‌کرد بۆ تێگه‌یشتن له‌ ڕوداوه‌کان و هه‌ل و مه‌رجی ئه‌و سه‌رده‌مه‌. هه‌ندێك جاریش ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ده‌چونه‌ شاخ و ده‌بونه‌ پێشمه‌رگه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ناوشاره‌وه‌ نه‌ده‌بڕی و نامه‌ی به‌رده‌وامی ڕه‌خنه‌گرانه‌یان له‌سه‌ر باری گه‌نده‌ڵی ناوچه‌ ئازاد کراوه‌کان ده‌نوسی.

تێگه‌یشتن له‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ نابه‌رابه‌ری و گه‌نده‌ڵیه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ کۆمه‌ڵێك ئه‌ندامانی چالاك و دڵسۆزی ڕێکخستنی ناوخۆی کۆمه‌ڵه‌ی به‌و ئاراسته‌یه‌دا برد که‌ له‌ بری ڕاسته‌وخۆ دامه‌زراندنی ڕێکخراوێکی نوێ، پۆلێکی تایبه‌تی به‌ناوی پۆلی شه‌هید دلاوه‌ر دابنێن بۆ به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌کان و بۆ خۆ جیاکردنه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو باڵه‌ ناکۆکه‌که‌، که‌ هه‌ردو لایه‌نیان به‌ مه‌بده‌ئی و دڵسۆزی ئامانجه‌کانی شۆڕش نه‌ده‌زانی.

که‌سه‌ چالاکه‌کانی ناو ئه‌و پۆله‌ که‌ من له‌ یادم مابن و ته‌مه‌نیان له‌ نێوان بیست ساڵ تاکو سی ساڵاندا بو، بریتی بوون له‌ شه‌هید جه‌لال به‌رزنجی، ئاسۆی ئیسماعیل ڕه‌شان، جزای سه‌ید مه‌جید، خه‌ڵاتی شێخ جه‌ناب، وه‌زیره‌ی خوشکی شه‌هید ئارام، عه‌لی مه‌لا عومه‌ر، خه‌سره‌وی موهه‌ندیس، هیوای عه‌لی مه‌جید، شه‌هید نزار مسته‌فا، مه‌نسوری برای شه‌هید دلێر و پێشڕه‌و ئیسماعیل عارف.

ئه‌م پۆله‌ ئه‌گه‌ر چی به‌شێك نه‌بون له‌ ئاڵای شۆڕش به‌ڵام په‌یوه‌ندی نزیکیان به‌و ڕێکخراوه‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و پۆله‌ وای له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن که‌ به‌شێك بون له‌ ئاڵای شۆڕش!

ئه‌م پۆله‌ ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بوم نزیکه‌ی هه‌شتا ئه‌ندامیان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ڕیزه‌کانی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵه‌دا هه‌بو.

له‌ ڕوی ئایدۆلۆژیه‌وه‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ گه‌رچی هێشتا خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆدا ڕێکنه‌خستبو، به‌ڵام هێڵه‌ جیاوازه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ باڵی نه‌وشیروان و مه‌لا به‌ختیاردا دیاری کردبو. له‌ کاتێکدا باڵی نه‌وشیروان به‌ پشتیوانی تاڵه‌بانی ده‌یویست بۆ مه‌رامی ته‌کتیکی کۆمه‌ڵه‌ بکه‌نه‌ ڕێکخراوێکی به‌ ناو ڕه‌نجده‌رانی هه‌رچوار پارچه‌که‌ی کوردستان و مه‌لا به‌ختیار ده‌یویست بیکاته‌ ڕێکخراوێکی کرێکاری کورد و عه‌ره‌بی ئێراقی. له‌ ئه‌رزی واقیع دا ئه‌م دوو باڵه‌ نه‌ك لایه‌نی که‌می ئه‌و ئامانجه‌‌یان نه‌هێنایه‌دی که‌ پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ ده‌کرد به‌ڵکو بۆ تامی خوێش نه‌یانتوانی سه‌رکه‌وتنی تیا به‌دی بهێنن و له‌ چه‌واشه‌ و پرۆپاگه‌نده‌ی سیاسی‌ زیاتر نه‌ بو‌ . چالاکه‌کانی ناو پۆلی شه‌هید دلاوه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ردوکیان له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون که‌ پێویسته‌ به‌ ئاراسته‌ی ڕێکخراوێکی کرێکاری و ڕه‌نجده‌رانی کوردستانی له‌ چوارچێوه‌ی کوردستانی ئێراق دا کاربکرێت، له‌ هه‌مان کات دا هاوپه‌یمانی بۆرجوازی نیشتمانی کوردی بین بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ڕه‌واکانمان له‌ چوارچێوه‌ی ئێراق دا. ئه‌و بیره‌ی که‌ ئێستا هه‌ردو باڵه‌که‌ به‌ خۆشیان بوبێت یان به‌ ناچاری گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ری و له‌ ئاستێکی خۆ به‌ بچوك و نزم زاندا پیاده‌ی ده‌که‌ن.

له‌ خه‌باتی جه‌ماوه‌ریدا ئه‌ندامانی ئه‌م پۆله‌ ڕۆڵی سه‌ره‌کیان بینی له‌ ڕێکخستن و وه‌گه‌ڕخستن و گه‌شه‌پێدانی خۆپیشاندانه‌کانی ساڵی 1982دا. هه‌روه‌ها له‌ ڕێگای ئه‌ندامێکه‌وه‌ به‌ ناوی مام ڕه‌زا و هاوڕێکانیه‌وه‌ مانگرتنیان برده‌ ناو کارگه‌ی جگه‌ره‌ و ته‌نقیحه‌که‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵی گرنگیان بینی له‌ خۆپیشاندانی ساڵی 1984دا سه‌رباری ڕێگری و دژایه‌تی کردنیان له‌ لایه‌ن باڵی نه‌وشیروان- تاڵه‌بانی بۆ سه‌رکوتکردنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر له‌ پێناوی خۆشکردنی هه‌ل و مه‌رجی ڕێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ڕژێم دا. هه‌ر بۆیه‌ ڕێکخه‌ران و خۆپێشانده‌ران له‌ ڕادیۆی یه‌کێتیه‌وه‌ ه‌ به‌ ئاژاوه‌گێڕ و تێکده‌ر ناو ده‌هێنران.

با خوێنه‌ر بڕیار بدات ئایا نه‌وشیروان و تاڵه‌بانی که‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌ ئاوازێك به‌یه‌که‌وه‌ یان دژ به‌ یه‌ك ده‌خوێنن ڕیالست و میانه‌ڕۆ بون یان ئه‌و گه‌نجه‌ دڵسۆزانه‌ی تاڵه‌بانی پێیان ده‌ڵێن منداڵی مته‌ته‌ریف.

پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م پۆله‌ بڕیاری دا بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروڕاکانی خۆی ئامێری چاپ و ڕۆنیۆ به‌ده‌ست بهێنێت، به‌و مه‌به‌سته‌ دوو په‌لاماری چه‌کداریان کرده‌ سه‌ر دائره‌ی ئه‌وقاف و میاهی جوفی سلیمانی . ئاسۆ ئیسماعیل ڕۆڵی سه‌ره‌کی له‌ دانانی پلانی ئه‌وچالاکیانه‌دا هه‌بوو. له‌ جێبه‌جێ کردنیشیدا جزای سه‌ید مه‌جید، خه‌ڵاتی شێخ جه‌ناب، ڕه‌فیقی خه‌لیفاوه‌، خه‌سره‌وی مه‌هه‌ندیس و هێرش ناوێك (هێرش ناوی ڕێکخراوه‌یی بو ناوی خۆیم به‌ داخه‌وه‌ له‌ یاد نه‌ماوه‌) و پێشڕه‌وی ئیسماعیل عارف به‌شدار بون.

پاش ئاشکرا بونی ئه‌م پۆله‌ فشارێکی زۆری خرایه‌ سه‌ر له‌ لایه‌ن باڵی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌. علی مه‌لا عومه‌ر و جه‌زای سه‌ید مه‌جید و وه‌زیره‌ی خوشکی شه‌هید ئارام و ئاسۆ ئیسماعیل بانگکران بۆ ناوه‌ندی به‌ مه‌به‌ستی سزا دانیان، هیچ یه‌کێك له‌وانه‌ جگه‌ له‌ عه‌لی مه‌لا عومه‌ر نه‌چون به‌ده‌م بانگکردنه‌که‌وه‌ له‌ ترسی توند و تیژی نه‌وشیروان - تاڵه‌بانی.

هه‌ندێك ئه‌ندامانی پۆلی شه‌هید دلاوه‌ر سه‌رباری هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی باڵی نه‌وشیروان - تاڵه‌بانی له‌ لایه‌ك و مه‌ترسی ڕژێم له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ ناو شاردا مانه‌وه‌ و خۆیان ته‌سلیم به‌ چاره‌نوسی پڕ نادیار و پڕ مه‌ترسی کرد. هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانیش خۆیان له‌ ڕێکخستن و چالاکیه‌کان کێشایه‌وه‌ و دانیشتن و بۆ هه‌میشه‌ ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ و یه‌کێتیان به‌جێهێشت و په‌یوه‌ندی خۆیان بۆ هه‌میشه‌ دابڕی که‌ خۆم یه‌کێکم له‌وانه‌، یان چوون بۆوڵاتانی دراوسێ و ئه‌وروپا.

نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ دژایه‌تی کردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌دا ته‌نانه‌ت له‌وه‌ نه‌سڵه‌میبۆوه‌ که‌ ناوی ته‌واوی ئه‌و ئه‌ندامانه بۆ ڕژێم ئاشکرا بکات، له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌دا بڕیار ده‌دات که ناوی (سیانی و نهێنی)‌ ئه‌ندامانی پۆلی شه‌هید دلاوه‌ر بۆ ته‌واوی ڕێکخستنه‌کان بنێردرێت تاکو هه‌موان بیانناسن و له‌ کۆمه‌ڵه‌دا ده‌ربکرێن. کاتێك ئه‌ندامانی تری ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ پێی ڕاده‌گه‌یه‌نن که‌ ئه‌مه‌ ژیانی ئه‌وان وئه‌ندامانی تریش که‌ ئه‌مان ده‌یانناسن ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و لیسته‌یه‌ به‌و ناوه‌ زۆره‌وه‌ و به‌ ناوی خۆیانه‌وه‌ بکه‌وێته‌ ده‌ست ڕژێم، بۆیه‌ وا باشتره‌ ئه‌و کاره‌ به‌ هێمنی بکرێت، له‌ وه‌ڵامدا نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێت : " چاویان ده‌رده‌هات ئه‌وه‌ی له‌ دژی ئێمه‌ بێت چی به‌سه‌ر دێت با به‌سه‌ری بێت".

به‌و جۆره‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و تاڵه‌بانی یه‌که‌مین ناوکی بزوتنه‌وه‌ی ڕیفۆرم خوازیان له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان دا له‌ ناو برد.

لینکی نامه‌که‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b0e33176

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە