کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


خه‌ون یان مۆته‌که‌! دیوی ناوه‌وه‌ی روداوه‌کانی کوردستانی عیراق(1992 - 2002)-به‌شی سێێه‌م

Monday, 04/05/2009, 12:00

2486 بینراوە


به‌ سه‌رپه‌رشتی موع (موئته‌مه‌ری وه‌ته‌نی عیراقی) کۆبونه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شی هه‌ردو م س یه‌کێتی و پارتی و نوێنه‌رانی به‌ره‌ی کوردستانی کراوه‌. بڕیار دراوه‌ "غرفه‌ عملیات" دروست بکرێ له‌ باره‌گای موع له‌ سه‌لاحه‌دین له‌ مه‌سعود بارزانی و حه‌سه‌ن نه‌قیب (هه‌ردوکیان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی موع) و ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی سه‌رۆکی ده‌سته‌ی کارگێڕی موع و، کۆسره‌ت ره‌سول و نوێنه‌رێکی به‌ره‌ی کوردستانی.
ئێمه‌ له‌ رۆماوه‌ چوینه‌ شام به‌ ته‌مای ئه‌وه‌ی کاک مه‌سعود بێته‌‌ سه‌ر سنوری سوریا عیراق له‌وێ له‌ گه‌ڵ مام جه‌لال یه‌ک بگرن و پێکه‌وه‌ له‌ بادینانه‌وه‌ ده‌س بکه‌ن به‌ ئاساییکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان لقه‌کانی پارتی و مه‌ڵبه‌نده‌کانی یه‌کێتی و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردولا. به‌ڵام ئه‌مه‌ جێبه‌جێ نه‌بو.
د محه‌مه‌د به‌حرلعلوم ئه‌ندامی سه‌رۆکایه‌تی موع "کۆنگره‌ی نیشتمانی عیراقی"، هانی فکێکی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی راپه‌ڕاندنی کۆنگره‌ و، د ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆکی "ویفاقی وه‌ته‌نی" هاتن بۆ سوریا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ناوبژی له‌ گه‌ڵ مام جه‌لال بگه‌ڕێنه‌وه‌ کوردستان. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستی ده‌ستییان پێ کرا تاقه‌تیان چو سوریایان به‌ جێ هێشت گه‌ڕانه‌وه‌ له‌نده‌ن.
له‌م ماوه‌یه‌دا مسته‌فا جه‌ماله‌دین ده‌عوه‌تێکی بۆ مام جه‌لال کرد له‌ ماڵه‌که‌ی خۆی به‌شێ له‌ شیعره‌کانی بۆ خوێندینه‌وه‌.
"وابه‌سته‌ی نیزامی: مولحه‌قی عه‌سکه‌ری" سه‌فاره‌تی ئێران هات بۆ دیده‌نی مام جه‌لال و ئاماده‌یی ئێرانی ده‌ربڕی بۆ گوێزانه‌وه‌ی مام جه‌لال بۆ کوردستان.
د که‌مال فوئاد که‌ بۆ ئیجازه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا بو، عومه‌ر فه‌تاح که‌ بۆ ئیجازه‌ له‌ سوید بو، هه‌ردوکیان ئه‌ندامی م س ی ن ک بون، گه‌یشتنه‌ شام بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ م ج بگه‌ڕێنه‌وه‌ کوردستان.
شازاد سائیب، نوێنه‌ری یه‌کێتی له‌ تورکیا، ئاگاداری کردین کاربه‌ده‌ستانی تورکیا ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ ‌ بۆ راگرتنی شه‌ڕ ناوبژی بکه‌ن و نوێنه‌رانی هه‌ردولا بانگ بکه‌ن بۆ تورکیا و ماجه‌لال به‌ کۆپته‌ری خۆیان ببه‌نه‌وه‌ بۆ کوردستان. تورکیا پێی وایه‌ لاواز بونی هه‌ر یه‌کێ له‌ پارتی و یه‌کێتی هاوسه‌نگی تێک ئه‌دا و پ ک ک و جوڵانه‌وه‌ ئیسلامیه‌کان سودی لێ وه‌رئه‌گرن.
داوایان کردوه‌ کاک مه‌سعود و مام جه‌لال هه‌ردوکیان بچن بۆ تورکیا بۆ کۆبونه‌وه‌.
*
22 ی 5 ی 94:
شه‌ڕی ڕاگه‌یاندن بۆ تاوانبارکردنی یه‌کتری گه‌یشتۆته‌ ناو ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی.
رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسگ" له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆی دا گفتوگۆیه‌کی ته‌له‌فۆنی عه‌دنان حسێن و مام جه‌لالی بڵاو کردۆته‌وه‌. پرسیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌کا. مام جه‌لال هێزی ده‌ره‌کی تاوانبار ئه‌کا به‌ خۆشکردنی ئاگری شه‌ڕه‌که‌.
یه‌كێ له‌ کاره‌ باشه‌کانی مه‌کته‌بی یه‌کێتی له‌ دیمه‌شق کردویه‌تی کۆکردنه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و وتار و هه‌واڵ و لێدوان و گفتوگۆیانه‌یه‌، که‌ له‌ میدیای عه‌ره‌بی دا بڵاو ئه‌کرێنه‌وه‌ و، پێوه‌ندی‌یان له‌ گه‌ڵ پرسی کورد هه‌یه‌. هه‌وڵ ئه‌ده‌م منیش لێره‌ به‌ دواوه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بگاته‌ ده‌ستم تێهه‌ڵکێشی بابه‌ته‌کانی ئه‌که‌م. ئه‌مه‌ دو قازانجی هه‌یه‌:
یه‌که‌میان، جۆری ده‌نگدانه‌وه‌ی شه‌ڕی خۆبه‌خۆی کورد له‌ ناو راگه‌یاندنی نوسراوی عه‌ره‌بی دا چۆنه‌.
دوه‌میان، هه‌ڵوێستی رۆژنامه‌وانانی عه‌ره‌بی له‌ کێشه‌که‌ و نۆڕینیان له‌ روداوه‌کان تێ ئه‌گه‌ین.
*
26 ی 5 ی 94:
م س ی ن ک نامه‌یه‌کی به‌ عه‌ره‌بی ئاڕاسته‌ی موع و به‌ کوردی ئاڕاسته‌ی قیاده‌ی سیاسی به‌ره‌ی کوردستانی کردوه‌ داوایان لێ ئه‌کات هه‌ڵوێست له‌ ئیران وه‌ربگرێ و لایه‌نه‌ ناوده‌وله‌تیه‌کان رابسپێرێ ئێران ناچار بکه‌ن ده‌س له‌ ده‌ستێوه‌ردانی کاروباری ناوخۆی هه‌رێم هه‌ڵبگرێ. به‌ پێی نامه‌که‌ ئێران خۆی له‌ شه‌ڕ هه‌لقورتاندوه‌ و تۆپبارانی ناوچه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ڵادزێ و حاجی ئۆمه‌ران ئه‌کا.
*
27 ی 5 ی 94:
رۆژنامه‌ی "الحیاە" ی له‌نده‌نی له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆی دا گفتوگۆیه‌کی ته‌له‌فۆنیی زوهێر قوسه‌یباتی له‌ گه‌ڵ مام جه‌لال بڵاو کردۆته‌وه‌. باسی کوژرانی حه‌سه‌ن کوێستانی و هاوڕێکانی و، کوشتنی دیل و لوت و گوێبڕینی کوژراوه‌کانی یه‌کێتی له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌، ئه‌کا.
*
28 ی 5 ی 94:
له‌ لایه‌ن یه‌کێتیه‌وه‌: د که‌مال فوئاد و عومه‌ر فه‌تاح، له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌: نێچیروان بارزانی و چه‌ند که‌سێکی تریان، له‌ بنکه‌ی جه‌نگیی سلۆپی له‌ تورکیا به‌ چاودێری چه‌ند جه‌نه‌رالێکی تورک کۆبونه‌وه‌. کۆبونه‌وه‌که‌ بێ ئه‌نجام بوه‌. ئه‌وان هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ کوردستان.
تورک ئه‌یویست بارزانی و تاڵه‌بانی خۆیان له‌م کۆبونه‌وانه‌دا به‌شدار بن، به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی بارزانی ئاماده‌ نه‌بو خۆی به‌شدار بێ، تاڵه‌بانی یش نه‌چو.
*
30 ی 5 ی 94:
جه‌لالی حه‌مه‌ی محه‌، یه‌کێ له‌ فه‌رمانده‌ ئازاکانی یه‌كێتی و، یه‌كێ له‌ گه‌نجه‌ خۆشه‌ویسته‌کانی خه‌ڵکی سلێمانی له‌ گه‌ڵ پۆلێ له‌ هاوڕێ پێشمه‌رگه‌کانی له‌ شاره‌زور کوژراون. ئه‌مڕۆ ده‌یان هه‌زار که‌س بۆ سپاردنی ته‌رمه‌که‌ی به‌ خاک له‌ گه‌ڵی چون بۆ گۆڕستان.
*
1 ی 6 ی 94:
رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسگ" ی له‌نده‌نی له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆی دا گفتوگۆیه‌کی ته‌له‌فۆنیی درێژی هودا حوسه‌ینی و مه‌سعود بارزانی بڵاو کردۆته‌وه‌.
به‌ فڕۆکه‌ له‌ گه‌ڵ مام جه‌لال له‌ دیمه‌شقه‌وه‌ چوین بۆ قامیشلی. شه‌و له‌ قامیشلی ماینه‌وه‌. هه‌ندێ له‌ دۆسته‌ دێرینه‌کانی ئه‌وێمان بینی دڵته‌نگ بون به‌ شه‌ڕه‌که‌ و به‌ په‌رۆش بون بۆ چه‌سپاندنی هه‌رچی زوتری ئاشتی و ئاسایش.
*
2 ی 6 ی 94:
سه‌ر له‌ به‌یانی له‌ سنور په‌ڕینه‌وه‌ بۆ نسێبین هێزێکی تورکی بردینی بۆ بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی. پاشنیوه‌ڕۆ به‌ کۆپته‌ری تورکی گه‌یشتینه‌ هه‌ولێر.
*
3 ی 6 ی 94:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ بۆ ده‌ربڕینی نیازباشی خۆی و یه‌کێتی جه‌لال تاڵه‌بانی سکرتێری گشتی یه‌کێتی و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی په‌یامێکی له‌ هه‌مو ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی یه‌کیتیه‌وه‌ بۆ یه‌کیتی و هێزه‌کانی بڵاو کرده‌وه‌ یه‌کلایه‌نه‌و بێ هیچ مه‌رجێکی پێشه‌کی:
له‌ هه‌مو مه‌یدانه‌کان دا شه‌ڕی راگرت.
فه‌رمانی ده‌رکرد بۆ هێزه‌کانی یه‌کێتی، چیای سه‌فین و هه‌مو شوێنه‌کانی نزیک سه‌لاحه‌دین، چۆڵ بکه‌ن.
سه‌ربانی ماڵ و شوێنه‌ به‌رزه‌کانی ناوشاری هه‌ولێر چۆڵ بکه‌ن.
هێرشی راگه‌یاندن رابگرن.
گیراوه‌کانی پارتی ده‌سبه‌جێ ئازاد بکه‌ن.
*
ئه‌ندامه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی بریتین‌ له‌: عه‌لی عه‌بدوڵا، نێچیروان بارزانی، هوشیار زێباری، جه‌وهه‌ر نامیق، د رۆژ شاوه‌یس، سامی عه‌بدوڕه‌حمان، ئازاد به‌رواری، د جه‌رجیس حه‌سه‌ن، یونس رۆژبه‌یانی، قادر قادر، عیزه‌دین به‌رواری، که‌ریم سنجاری، که‌مال که‌رکوکی، قادر جه‌باری، شه‌وکه‌ت شێخ یه‌زدین، ره‌مزی شه‌عبان، ده‌روێش عه‌بدوڕه‌حمان، عه‌بدولعه‌زیز ته‌یب، نیزامه‌دین گلی، عارف ته‌یفور، محه‌مه‌د مه‌لا قادر، فه‌ره‌نسۆ حه‌ریری، بروسک شاوه‌یس، عه‌بدوڵا ئاگرین.
هه‌روه‌ها:
که‌ریم سه‌لام، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی و، لێپرسراوی لقی 4 ی سلێمانیه‌.
سه‌عد عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی و، لێپرسراوی لقی 2 ی هه‌ولێره‌.
مه‌سعود ساڵه‌یی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی و، لێپرسراوی لقی 3 ی که‌رکوکه‌.
فازیل میرانی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی و، لێپرسراوی لقی 1 ی دهۆکه‌.
عومه‌ر عوسمان مێرگه‌سوری، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی و، لێپرسراوی لقی سۆرانه‌.
زه‌عیم عه‌لی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی و، لێپرسراوی لقی ئاکرێیه‌.
*
5 ی 6 ی 94:
به‌ ده‌سپێشخه‌ری و ناوبژی موع له‌ ئوتێلێکی ناوشاری هه‌ولێر که‌ به‌ ناوی "شیرین پالاس" ه‌وه‌ تازه‌ کراوه‌ته‌وه‌ کۆبونه‌وه‌یه‌ک ساز کرا به‌ ئاماده‌ بونی: ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی و حه‌سه‌ن نه‌قیب له‌ موع، مه‌سعود بارزانی و مام جه‌لال و چه‌ند ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی هه‌ردولا و، له‌ سه‌رکردایه‌تی به‌ره‌ی کوردستانی که‌ریم ئه‌حمه‌د، قادر عه‌زیز، عه‌بدولخالق زه‌نگه‌نه‌، یه‌عقوب یوسف، منیش به‌شدار بوم. جارێکی تر تێکه‌ڵاوی روداوه‌کانی کوردستانی عیراق بومه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی من له‌م کۆبونه‌وه‌یه‌ تێگه‌یشتم سه‌رۆک و سه‌رانی پارتی ساردوسڕ بون، به‌ هیچ جۆرێ جدی نه‌بون له‌ راگرتنی شه‌ڕ و گفتوگۆی چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکیه‌کان، وه‌ختیان ئه‌کوشت و به‌ ته‌مای شتێ بون که‌ ئێمه‌ نه‌مانئه‌زانی چیه‌. قسه‌کانیان ئه‌هێنا و ئه‌برد و له‌ بازنه‌ی شته‌ گشتیه‌کان دا ئه‌خولانه‌وه‌. نه‌یان ئه‌ویست بچنه‌ سه‌ر بابه‌تی دیاریکراو.
*
رۆژنامه‌ی "الحیاە" له‌نده‌نی له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا گفتوگۆیه‌کی ته‌له‌فۆنیی زوهێر قوسه‌یباتی و مه‌سعود بارزانی بڵاو کردۆته‌وه‌.
*
6 ی 6 ی 94:
گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌که‌ی خۆم له‌ سلێمانی.
گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ سلێمانی هاوزه‌مان بو له‌ گه‌ڵ هێرشی هاوبه‌شی هێزه‌کانی پارتی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ پشتیوانی تۆپبارانی ئێرانی بۆ سه‌ر سه‌یدسادق، پێنجوین، قه‌ڵادزه‌‌. ئێران که‌وتۆته‌ لوت تێژه‌نینی ئاشکرای‌ شه‌ڕه‌که‌:
هێزه‌ په‌رتوبڵاوه‌کانی پارتی له‌ دیوی ئێران، له‌ سه‌ر سنوره‌کان، کۆ ئه‌کاته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌کانی یه‌کێتی دا ساز ئه‌دا.
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و حیزبوڵای کورد له‌ شه‌ڕه‌وه‌ ئه‌گلێنێ.
تۆپبارانی کوێرانه‌ی ناوچه‌ سنوریه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی ئه‌کا. هه‌زاران خێزان ئاواره‌ بون.
یه‌ک لا هه‌میشه‌ ئه‌توانێ شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێنێ، به‌ڵام یه‌ک لا هه‌رگیز ناتوانێ بیکوژێنێته‌وه‌، مه‌گه‌ر لاکه‌ی تر به‌ جۆرێ بشکێنێ توانای به‌رگری نه‌مێنێ.
*
12 ی 6 ی 94:
رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسگ" ی له‌نده‌نی له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆی دا گفتوگۆیه‌کی ته‌له‌فۆنیی هودا حوسه‌ینی و ئه‌دهه‌م بارزانی ره‌هبه‌ری حیزبوڵای کوردی بڵاو کردۆته‌وه‌. دانی ناوه‌ به‌ به‌شداری له‌ شه‌ڕه‌کان دا.
*
13 ی 6 ی 94:
تورکیا کۆبونه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شی بۆ سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی و پارتی له‌ سلۆپی رێك خستوه‌.
له‌ یه‌کێتی: جه‌لال تاڵه‌بانی، محه‌مه‌د تۆفیق، سه‌رچڵ قه‌زاز، شازاد سائیب، شێردڵ حه‌وێزی.
له‌ پارتی: مه‌سعود بارزانی، سامی عه‌بدوڕه‌حمان، موحسین دزه‌یی، فازیل میرانی، بابه‌کر زێباری، سه‌فین دزه‌یی.
له‌ لایه‌نی تورکی: جه‌نه‌رال ئایدن ئالته‌ر (سه‌رکرده‌ی گشتی جه‌ندرمه‌)، جه‌نه‌رال حه‌سه‌ن قۆنداغچی، جه‌نه‌رال یوسف، جه‌نه‌رال یالچین، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، به‌رپرسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ئۆفیسی سه‌رۆک وه‌زیران.
کاک مه‌سعود ئاماده‌ نه‌بوه‌ له‌ گه‌ڵ مام جه‌لال و نوێنه‌رانی یه‌کێتی روبه‌رو دابنیشێ و گفتوگۆ بکا. لایه‌نی تورکی، به‌ جیا بارزانی و نوێنه‌رانی پارتی و تاڵه‌بانی و نوێنه‌رانی یه‌کێتی‌یان دیوه‌ و قسه‌یان له‌ گه‌ڵ کردون، نیگه‌رانییان ده‌ربڕیوه‌ له‌ شه‌ڕی ناوخۆ، پێیان وایه‌ شه‌ڕ به‌ قازانجی پ ک ک و ئیسلامیه‌کانه‌و ئه‌وان به‌ هێز ئه‌کا، پێداگرییان کردوه‌ له‌ سه‌ر پێویستی راگرتنی شه‌ڕ و چه‌سپاندنی ئاشتی، ئاماده‌ییان پیشان داوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هاوکاری هه‌ردولا بکه‌ن.
*
هاوزه‌مان له‌ گه‌ڵ ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه‌دا روداوێکی خوێناوی له‌ سلێمانی قه‌وما. پارتی به‌ ره‌زامه‌ندی "غرفه‌ العملیات" ته‌رمی عوسمان قادر منه‌وره‌یان له‌ پێنجوینه‌وه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ سلێمانی بینێژن. عوسمان له‌ شه‌ڕه‌کانی پێنجوین دا کوژراوه‌ و ته‌رمه‌که‌ی له‌ به‌رده‌م هێزه‌کانی یه‌کێتی دا به‌ جێ مابو. پارتی ویستیان ئه‌م بۆنه‌یه‌ بکه‌ن به‌ بیانو بۆ سازدانی هه‌مو ئه‌ندام و لایه‌نگره‌کانیان و رێکخستنی خۆپیشاندانێکی جه‌ماوه‌ری بۆ گرتنه‌وه‌ی باره‌گاکانیان له‌ ناو شاردا. پێکادانێکی سه‌خت له‌ نێوان هێزه‌کانی یه‌کێتی و خۆپیشانده‌ره‌کان دا روی داوه‌. چه‌ند که‌سێ کوژراون و چه‌ند که‌سێ بریندار بون.
عوسمان له‌ شۆڕشی ئه‌یلول دا پێشمه‌رگه‌ بوه‌. له‌ شۆڕشی نوێ دا له‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی یه‌كیتی بو. کادری بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیست بو. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ یه‌ک مانگیه‌که‌مان دا له‌ شه‌مزینانه‌وه‌ بۆ شارباژێڕ ئه‌ویشمان له‌ گه‌ڵ بو. له‌ کاره‌ساتی هه‌کاری دا پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی بو له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ گیرا. دوای ئازادکردنی گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی 4 ی یه‌کێتی. له‌ گه‌ڵ جیابونه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیست له‌ یه‌كیتی ئه‌ویش له‌ گه‌ڵیان جیا بوه‌وه‌ و بوه‌ فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی 4 ی سۆشیالیست و دوای ماوه‌یه‌ک چوه‌ ریزی پارتیه‌وه‌ بوه‌ ئه‌ندامی لقی 4. پیاوێکی کوردپه‌روه‌ر و قسه‌ خۆش و له‌ ناو هاوڕیکانی دا خۆشه‌ویست بو. له‌ گه‌ڵ من دۆست بو. حه‌یف بو به‌وجۆره‌ و له‌ شه‌ڕێکی وه‌هادا بکوژرێ.
*
23 24 ی 6 ی 94:
کۆبونه‌وه‌ی م س ی ن ک به‌ سه‌رپه‌رشتی مام جه‌لال و ئاماده‌بونی: د فوئاد مه‌عسوم، د که‌مال فوئاد، کۆسره‌ت ره‌سول، جه‌بار فه‌رمان، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، عومه‌ر فه‌تاح، عومه‌ر عه‌بدوڵا و، من کرا و، له‌م کۆبونه‌وه‌یه‌دا پرۆژه‌یه‌ک ئاماده‌ کرا بۆ چاره‌سه‌رکردنی بنه‌ڕه‌تیی کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و رێکخستنه‌وه‌ی کاروباری حکومه‌ت و داووده‌زگاکانی و به‌ به‌یا‌نێک له‌ ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی یه‌کێتیه‌وه‌ بڵاوی کرده‌وه‌. له‌ به‌ر گرنگی ناوه‌رۆکی پرۆژه‌که‌ لێره‌دا ده‌قه‌که‌ی ئه‌نوسمه‌وه‌:
مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان له‌ رۆژانی 23-24/6/1994 دا بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی و برایه‌تی و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی کوردستانی عیراق زنجیره‌یه‌ک کۆبونه‌وه‌ی به‌ست دور له‌ گیانی حیزبایه‌تی ته‌سک سه‌ره‌تا و بنه‌ما و هۆکانی روداوه‌ دڵته‌زێنه‌کانی خسته‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی به‌رچاوگرتن و لێکدانه‌وه‌ی هه‌مو هۆ ناوچه‌یی و ناوخۆییه‌ی کوردستان پرۆژه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ چاکردنی هه‌لومه‌رجی کوردستان بڕیار دا بۆ ئه‌وه‌ی:
هه‌مو لایه‌نه‌کانی ژیان و ته‌جروبه‌که‌ی کوردستان که‌ زیانی پێ گه‌یشتوه‌ و که‌وتۆته‌ به‌ر مه‌ترسی روخاندن بتوانێ سه‌رله‌نوێ باشتر دابڕێژێته‌وه‌، به‌ جۆرێ که‌ په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عیراق بخاته‌وه‌ گه‌ڕ و بنکه‌ی سیاسی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فراوانتر بکا و مافی نوێنه‌رایه‌تی قه‌ومه‌کانی تری کوردستان دابین بکا. رێوشوێنی سه‌رجه‌م گیروگرفته‌ سیاسی و ئیداریه‌کان چاره‌سه‌ر بکا و ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی و ئابوری کوردستان بکاته‌وه‌. به‌مجۆره‌ی خواره‌وه‌:
پرۆژه‌ی چاکردنی هه‌لومه‌رجی کوردستان
1. چاککردنی جیهازی ئیداری
جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی له‌ کاروباری حکومه‌تی.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ره‌تای وه‌کیه‌کی وه‌زیر و وه‌کیله‌که‌ی.
دروستکردنی مجلس الخدمه‌ بۆ دامه‌زراندنی مۆزه‌ف له‌ باتی ته‌رشیح کردنیان له‌ لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه‌.
که‌مکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی مۆزه‌ف به‌وه‌ی: به‌شێکیان ته‌قاعود بکرێن به‌ هه‌مان معاشی ئێستایان
به‌شێکی تریان بخرێنه‌ سه‌ر "چمانی اجتماعی" هه‌مان معاشیان بدرێتی به‌ڵام به‌ ناوی یارمه‌تی بێکاریه‌وه‌
معاشی ئه‌و مۆزه‌فانه‌ی له‌ وه‌زیفه‌دا ئه‌مێننه‌وه‌ چه‌ند قاتێ زیاد بکرێ.
2. چاککردنی هێزی چه‌کدار
پۆلیس
دامه‌زراندنی کلیه‌ الشرگه‌
بژارکردنی ریزی ئه‌فسه‌ره‌کانی ئێستا
وه‌رگرتنی ژماره‌یه‌ک له‌ ده‌رچوانی کلیه‌کانی: حقوق، علم النفس، اداره‌، سیاسه‌ و ... دانانیان به‌ ئه‌فسه‌ری پۆلیس پاش ته‌دریب.
وه‌رگرتنی پۆلیس له‌ سه‌ر بنچینه‌ی ته‌جنید یاخود ئیعلان و مونافه‌سه‌.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌زگای پۆلیسی ئێستا
ئاسایش
به‌ هه‌مان شێوه‌ی پێشو چاک بکرێ
پێشمه‌رگه‌
هیئه‌ الارکان دروست بکرێ
ته‌شکیلی 10 لیوای پیاده‌ بکرێ
ئه‌فسه‌ره‌کانی به‌ گوێره‌ی که‌فائه‌ت له‌ فه‌رمانده‌کانی پێشمه‌رگه‌ و ده‌رچوانی کلیه‌ی عسکری عیراق و کوردستان هه‌ڵببژێردرێن
له‌ باتی پێشمه‌رگه‌ سه‌رباز وه‌ربگیرێ
سه‌ربازه‌کان له‌ سه‌ر بنچینه‌ی تجنید یان تگوع کۆ بکرێنه‌وه‌.
هه‌مو هێزه‌کانی ئێستا: سوپای یه‌کگرتو، میلیشیاکان، لیوا تایبه‌تیه‌کان... هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.
3. هه‌ڵبژاردن
ته‌واوکردنی ئیحێای گشتی
ته‌عدیلی قانونه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و رێبه‌ر
دانانی قانونه‌کانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و سه‌رۆکی شاره‌وانی
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی
4. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
چاوگێڕانه‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌کان دا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ندێکیان و دامه‌زراندنی هه‌ندێکی تازه‌.
دانانی چه‌ند وه‌زیرێکی ده‌وڵه‌ت له‌ نوێنه‌رانی حیزبه‌کان.
هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست و به‌ڕێز!
پرۆژه‌ی به‌رنامه‌ی ئاشتی، که‌ له‌م کۆبونه‌وانه‌دا بۆ چاککردنی هه‌لومه‌رجی کوردستان به‌مجۆره‌ی لای خواره‌وه‌ بڕیار درا و پێشکه‌ش به‌ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و هێزه‌ سیاسیه‌کانی تر و روناکبیرانی گه‌له‌که‌مان ئه‌کرێ، پرۆژه‌یه‌که‌ بۆ پێشخستنی ژیان وئه‌من و ئاسایش و خۆشکردنی زه‌مینه‌ی برایه‌تی و یه‌کێتی ریزه‌کانی گه‌ل.
یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان دڵسۆزانه‌ به‌ڵێن به‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌دا که‌ لای خۆیه‌وه‌ به‌وپه‌ڕی توانا به‌نده‌کانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بکا.
مه‌کته‌بی سیاسی ی ن ک به‌ داخ و په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ گه‌له‌که‌مان که‌وت و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ تێکۆشه‌رانی هه‌مو لایه‌ک و له‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک تیا بۆته‌ کۆچی قوربانی. بۆیه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ قوربانیه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته‌ له‌ که‌سوکار و لایه‌نه‌کانیان ئه‌که‌ین. ئومێده‌وارین جارێکی تر کاره‌ساتی وا دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌.
م س ی ن ک 24/6/1994
*
رۆژنامه‌ی "کوردستانی نوێ" له‌ ژماره‌ 716 ی رۆژی 26 ی 6 ی 94 دا ده‌قی به‌یاننامه‌که‌ی بڵاو کردۆته‌وه‌.
رۆژنامه‌ی "الحیاە" ی له‌نده‌نی له‌ ژماره‌ی رۆژی 26 ی 6 ی 94 ی دا هه‌واڵی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ و خاڵه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی بڵاو کردۆته‌وه‌.
ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ هیچ بایه‌خێکی پێ نه‌درا و، به‌ ته‌واوی خرایه‌ پشت گوێ.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)