کەسانی هەلپەرست لە پارتیی و یەکێتی تاوانبارترن
Friday, 11/06/2021, 21:26
1005 بینراوە
کۆمەڵێک کەسانی هەلپەرست، لە باشووری کوردستاندا، لە سەرەتای دەسەڵاتی پیسخۆری و خیانەتی بنەماڵە و خێزاندا، تەنیا کاریان ئەوە بووە، لەنێو باڵەکان و ناکۆکییەکاندا بەرژەوەندیی خۆیان بپارێزن، بۆ ئەو مەبەستە هەر ڕۆژەی نۆکەری یەکێک لە بەرپرسەکانی نێو پارتی و یەکێتی و گۆڕان بوونە.
چارەکە سەدەیەکە ئەو دەموچاوانە، بوونەتە کۆڵەکەی هەڵگرتنی سیستەمی گەندەڵیی و پیسخۆری بنەماڵە و خێزان، هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێک یارییان کردوە، بۆ ئەوەی خۆیان دەوڵەمەند بکەن و لە گەرەک و شەقامە گرانەکانی شارەکانی باشوور ژیان بەسەر بەرن، میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ ناساندنی خۆیان بەکارهێناوە.
ئەمڕۆش بۆ خۆناساندنی زیاتری خۆیان بە ماڵی بارزانی و نزیک بوونەوە ڵێیان، خۆیان پەرێز پاک دەرهێناوە، گوایە ئەوان لیژنەی دیالۆگن، بۆ کەمکردنەوەی گرژی نێوان پارتی و پەکەکە. لە کاتێکدا ئەوان خۆیان باش دەزانن کە کێشەکە تەنیا پارتی نییە، بەڵکو هەموویانن، ئەوانەیش کە بەشدارن لە حکومەتی بنکە فرەواندا و دەستیان هەیە لەوەی کە ئەمڕۆ باشوور بەو ئاقارە گەیشتووە و جەندرمە و ئیتیلاعات و میت لە باشوور تەراتێن دەکەن، حیزبەکانیش خۆشیان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون کە بەرەی ئیران و تورکیایە.