کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


له‌ زیندانه‌ نهێنییه‌كانی‌ یه‌كێتیدا چی‌ ده‌گوزه‌رێت؟

Sunday, 29/03/2009, 12:00

1812 بینراوە


یه‌كێتی‌ سێ هاوڵاتی‌ بێ تاوان به‌بێ بإیاری‌ دادوه‌ر ده‌ستگیر ده‌كات، دوای به‌ندكردن‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانێكی‌ زۆر ئازادیان ده‌كه‌ن‌و پاره‌و سه‌یاره‌كانیان زه‌وت ده‌كه‌ن

سازدانی‌: هاوڵاتی‌
له‌كاتێكدا یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ زیندانی‌ نهێنی‌ نییه‌، هاوڵاتی‌ چیرۆكی‌ به‌بێتاوانی‌ گرتن‌و زیندانیكردن‌و ئه‌شكه‌نجه‌دان‌و زه‌وتكردنی‌ ماڵی‌ چه‌ند هاوڵاتییه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌و دژه‌ تیرۆره‌وه‌ به‌هه‌ڕه‌مه‌كی‌ ده‌ستگیركراون.

ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ هاوڵاتی‌ چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ كردوون، ئه‌وانه‌ كه‌ به‌خت یاوه‌ریان بووه‌و بێ تاوان تیانه‌چوون. ئه‌وان چیرۆكی‌ تراژیدی‌ ده‌ستگیركردنیان ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ حیزبێكدا كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ سه‌روه‌ری‌ یاساو مافی‌ مرۆڤ ده‌كات، هاوكات ئه‌ندامی‌ ڕێكخراوی‌ سۆسیال ئه‌نته‌ر ناسیۆنالی‌ جیهانیشه‌.

به‌سه‌رهاته‌كان بریتین له‌ ده‌ستگیركردن‌و بێسه‌روشوێنكردنی‌ سێ هاوڵاتی‌، كه‌ دوانیان هیچ تۆمه‌تێكیان نه‌دراوه‌ته‌ پاڵ. ئه‌وه‌ی‌ تریشیان وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت له‌سه‌ر قسه‌ی‌ خه‌ڵك ده‌ستگیراوه‌. هیچیشیان به‌فه‌رمانی‌ دادوه‌ر ده‌ستگیر نه‌كراون‌و ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ زیندانی ئینفرادیدا به‌ندكراون‌و ئه‌شكه‌نجه‌ دراون‌و دواتربه‌فه‌رمانی‌ دادوه‌ر ئازادكراون.

كه‌یسی‌ یه‌كه‌م
سه‌روه‌ر محه‌مه‌د سه‌عید، خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانییه‌‌و زیاتر له‌هه‌شت ساڵ له‌ئه‌ڵمانیا ژیاوه‌‌و له‌2005دا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سلێمانی‌، دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یدا به‌بێ‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ پێشوه‌خت‌و بڕیاری‌ دادوه‌ر، له‌شوێنی‌ كاره‌كه‌ی‌ ده‌ستگیرده‌كرێت.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا كه‌ هاوڵاتی‌ له‌گه‌ڵیدا سازیداوه‌، سه‌روه‌ر محه‌مه‌د باسله‌وه‌ده‌كات كه‌ به‌بێ‌ هۆیه‌كی‌ دیاریكراو ده‌ستگیركراوه‌‌و، له‌كاتی‌ زیندانیكردنیدا ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ ماڵ‌و سامانه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنه‌كه‌یدا بردراوه‌، له‌دوای‌ ئازادكردنی‌‌و تائێستا بۆیان نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌.

سه‌روه‌ر، دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌ڵمانیا، كارگه‌یه‌كی‌ ئه‌له‌منیۆمی‌ دانا‌و خه‌ریكی‌ په‌یداكردنی‌ بژێوی‌ ژیانی‌ بوو، به‌و هیوایه‌ی‌ له‌و ئارامییه‌ی‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ كورد هه‌میشه‌ شانازی‌ پێوه‌ ده‌كه‌ن پشوویه‌ك بدات، وتی‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ماوه‌یه‌ك‌و كاتژمێر 5ی‌ عه‌سری‌ 30/5/2005، له‌ شوێنی‌ كاركردنه‌كه‌مدا له‌لایه‌ن چه‌ند گروپێكی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ ده‌ستگیركرام.

ئه‌و ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی‌ به‌شێوازێك وه‌سفده‌كات كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بووه‌، شیاونییه‌ هیچ هاوڵاتییه‌كی‌ كورد به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستگیربكرێت.

سه‌روه‌ر وتی‌ دڵنیام ئه‌مری‌ دادوه‌ریان پێنه‌بووه‌ له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنمدا، هه‌ر له‌دووكانه‌كه‌ی‌ خۆم له‌دواوه‌ كه‌له‌پچه‌كرام‌و كڵاویان كرده‌ سه‌رم.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌یدا، كۆمه‌ڵێك په‌ڕه‌‌و ده‌فته‌ر‌و پاره‌‌و وه‌سڵی‌ حسابات له‌دووكانه‌كه‌یدا بووه‌ بردوویانه‌، دواتریش چوونه‌ته‌ ماڵه‌وه‌‌و له‌وێش بڕێك پاره‌‌و ناسنامه‌‌و عه‌قدی‌ زه‌واجی‌ ئه‌ڵمانیا‌و كۆمه‌ڵێك ئه‌وراقی‌ ماڵ‌و منداڵیان بردوون.

دوای‌ سێ ساڵ‌و چه‌ند مانگێك به‌بێ روبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تێكی‌ دیاریكراو و دادگایكردن سه‌روه‌ر ئازاد ده‌كرێت.

وه‌كو سه‌روه‌ر ده‌ڵێت، بڕی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌یدا براوه‌، 12 هه‌زار دۆلار بووه‌‌و دوای‌ ئازادكردنیشی‌ له‌ 21/8/2008، هیچ شتێكیان بۆ نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌.

بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و شتانه‌ی‌ باسیكرد، سه‌روه‌ر دوو رۆژ دوای‌ ئازادكردنه‌كه‌ی‌، داواكاری‌ پێشكه‌ش به‌لێپرسراوی‌ ژووری‌ رامیاری‌ ئاسایش كردووه‌‌و، به‌ڵێنی‌ پێدراوه‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ بگه‌یه‌ندرێته‌ دادوه‌ر‌و شته‌كانی‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ شتێكی‌ بۆ نه‌گێڕدراوه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ له‌زینداندا بووه‌‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا، سه‌روه‌ر وتی‌ ماوه‌ی‌ دوو ساڵ له‌یه‌ك ژووری‌ مه‌تر به‌ مه‌تر‌و80 سانتیمه‌تردا ژیاوم، دوور له‌هه‌موو بنه‌ماكانی‌ مافی‌ مرۆڤ، نه‌ژیانمان هه‌بوو نه‌خواردن، به‌تاریكی‌ ده‌ژیاین.

ناوبراو هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ كاتێك ده‌ستگیریانكردووه‌، ته‌نیا پرسیاری‌ ناوی‌ خۆیان لێكردووه‌‌و دوای‌ 3 رۆژ كردویانه‌ته‌ ناو سندوقی‌ سه‌یاره‌وه‌‌و بردویانه‌ بۆ فه‌رمانده‌یی گشتی‌.

وتیشی‌ نه‌ده‌بوو كه‌س منی‌ ببینیایه‌، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ شاراوه‌یی ده‌ستگیركرابووم.

وه‌كو سه‌روه‌ر ده‌یگێرێته‌وه‌ 15 رۆژ له‌فه‌رمانده‌یی گشتی‌ ماوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا سوكه‌ ته‌حقیقێكیان له‌گه‌ڵ كردم، دواتر دوای‌ ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی‌ زۆر، ره‌وانه‌ی‌ قه‌ڵاچوالانیان كردم‌و له‌ئاوده‌ستێكدا زیندانیكرام.

به‌ بڕوای‌ سه‌روه‌ر، ئه‌گه‌ر تاوانباریش بووایه‌، حه‌ق بووه‌ بیخه‌نه‌ زیندانه‌وه‌، نه‌وه‌ك ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ له‌ئاوده‌ستدا زیندانی‌ بكه‌ن‌و به‌هۆی‌ بێزاربوونی‌ خۆیان له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ بۆن، ده‌رگاكه‌ی‌ لێبكه‌نه‌وه‌.

سه‌روه‌ر ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌له‌ساڵی‌1988 تا 1994 جێگری‌ راهێنه‌ری‌ كۆنفۆی‌ یانه‌ی‌ سلێمانی‌ بووه‌‌و، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌شیدا له‌ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وامبووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و وه‌رزشه‌، بۆیه‌ له‌زینداندا زانیاری‌ جۆری‌ وه‌رزشه‌كه‌ی‌ ئه‌ویان لابووه‌‌و ویستوویانه‌ جۆره‌ ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی‌ بده‌ن كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر وه‌رزشه‌كه‌ی‌ دروستبكات.

سه‌روه‌ر وتی‌ له‌هه‌فته‌ی‌ دووه‌می‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌مدا بوو، له‌كاتی‌ نانخواردندا، دوو كه‌س ده‌هاتنه‌ سه‌ر پشتم، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ستم به‌سترابو‌و كیسه‌ خرابووه‌ سه‌رمه‌وه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی‌ كیسه‌كه‌ی‌ لاده‌بردم كه‌لێوه‌ی‌ نان بخۆم، ته‌نانه‌ت نه‌مده‌توانی‌ هه‌ناسه‌ش بده‌م.

وتیشی‌ له‌وكاتانه‌دا زه‌ربه‌یان لێده‌دام بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌توانم دوایی‌ وه‌رزشیش بكه‌م.

به‌پێی‌ ئه‌نجامی‌ پشكنینه‌كانی‌ پزیشك كه‌ له‌ماوه‌ی‌ زیندانیكردنیدا له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ خه‌سته‌خانه‌كراوه‌، سه‌روه‌ر محه‌مه‌د ئینزیلاقی‌ چوار‌و پێنجی‌ له‌راسته‌وه‌ بۆ چه‌پ دروستبووه‌‌و هه‌ردوو قاچی‌ سڕه‌.

وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت چه‌ند جارێك هه‌وڵمداوه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ بكه‌م، به‌هۆی‌ ئه‌و ئازارانه‌ی‌ كه‌ دراوم له‌زینداندا.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و هاوڵاتییه‌، ماوه‌ی‌ 17 مانگ به‌بێ‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌زینداندا ماوه‌ته‌وه‌‌و هیچ كه‌س قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ نه‌كردووه‌، داوایلێكردوون ئه‌گه‌ر تاوانباره‌ بدرێته‌ دادگا، ئه‌گه‌ر بێتاوانه‌ ئازاد بكرێت، به‌ڵام له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و دوو ساڵه‌دا، به‌بێ مواجه‌هه‌ بووه‌، بۆیه‌ پێیوایه‌ له‌ئیشی‌ مافیا ده‌چێت.

سه‌روه‌ر به‌جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمانی‌ ده‌زانێت كه‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێـتی‌، له‌ كه‌ناڵێكی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ زیندانی‌ نهێنیان نییه‌، بۆیه‌ پێیوایه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ پێیده‌درێت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ واقیعی‌ نییه‌.

له‌درێژه‌ی‌ گێڕانه‌وه‌كه‌یدا، ناوبراو باسی‌ له‌هاتنی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ مافی‌ مرۆڤ كرد كه‌ كاتێك له‌كانی‌ گۆمه‌ زیندانی‌ بووه‌، پرسیاری‌ ئه‌وه‌یانكردووه‌ كه‌ كێ‌ دادوه‌ری‌ نه‌بینیووه‌، ئه‌و‌و كه‌سێكییتر كه‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵ‌و سێ‌ مانگ بووه‌ له‌وێ بووه‌‌و به‌لیژنه‌كه‌یان وتووه‌ تائێستا دادوه‌ریان نه‌بینیووه‌.

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كرد كه‌ لیژنه‌كه‌ پێیانوتوون كه‌ چۆن شتی‌ واده‌بێت‌و وتوویانه‌ سه‌ردانییان ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و جاره‌بووه‌‌و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

ئه‌و قاعانه‌ی‌ كه‌ سه‌روه‌ری‌ تێدا زیندانی‌ بووه‌ له‌گرتووخانه‌ی‌ كانی‌ گۆمه‌، قاعه‌ی‌ سێ‌‌و چوار بووه‌ كه‌ وه‌كو سه‌روه‌ر ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌هه‌موو شتێك بێبه‌شبوونه‌.

له‌و بێبه‌شبوونانه‌ش، وتی‌ راگه‌یاندكار‌و لێپرسراوه‌كان ده‌هاتن، نه‌یان ده‌هێنایه‌ قاعه‌ی‌ سێ‌و چوار، ته‌نها رۆژنامه‌نوسی‌ كوردستانی‌ نوێم بینییوه‌، په‌یامنێری‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ ئارتی‌ ئێڵی‌ ئه‌ڵمانی‌ هاتبوو، داوامانكرد چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، رێگه‌یان نه‌داین.

سه‌روه‌ر ده‌ڵێت زۆرێك له‌به‌ندییه‌كان به‌وه‌زیری‌ مافی‌ مرۆڤیان وتووه‌، مافیان پێشێلكراوه‌‌و ده‌ستدرێژی‌ .....یان لێكردوون‌و ده‌ستیان شكاوه‌‌و سه‌قه‌تیانكردوون.

هێمای‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌و شتانه‌ نیگه‌رانییه‌كی‌ زۆری‌ بۆ مافی‌ مرۆڤ دروستكردوو، بۆیه‌ وه‌زیر داوایكردووه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ پزیشكی‌ دروستبكرێت، كه‌وایكردووه‌ له‌به‌ر ئه‌و فشارانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵیان باشبووه‌.

به‌پێی‌ وته‌كانی‌ سه‌روه‌ر، جارێك له‌بینینی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ مافی‌ مرۆڤ كه‌ عه‌ره‌ب بوون بێبه‌شكراون، به‌وه‌ی‌ ته‌نیا نێرراون بۆ نهۆمی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ گرتووخانه‌كه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ لێیه‌ زیاتر مه‌ده‌نین‌و تێكه‌ڵن له‌كورد‌و عه‌ره‌ب‌و توركمان.

له‌و ژماره‌یه‌دا كه‌ سه‌روه‌ر ئاگاداری‌ بووه‌، نهۆمی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ گرتووخانه‌كه‌ به‌نزیكی‌ 250 كه‌س بووه‌، ئه‌وانه‌شی‌ له‌و به‌شانه‌ی‌ ئه‌و بوون نزیكه‌ی‌ 150 كه‌س بوون.

زۆر به‌دڵنیایشه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێكیتر تائێستا له‌و شوێنه‌ ماون‌و ئازاد نه‌كراون، چونكه‌ له‌كاتی‌ زیندانیكرنه‌كه‌یدا، كه‌سی‌ له‌گه‌ڵدا بووه‌ كه‌ ماوه‌ی‌ 7 مانگ مواجه‌ی‌ هه‌بووه‌‌و دواتر بێسه‌روشوێنكراوه‌.

بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی‌ مافه‌كانی‌، سه‌روه‌ر محه‌مه‌د له‌دوای‌ ئازادكردنییه‌وه‌ زۆر هه‌وڵیداوه‌، به‌ڵام بێئه‌نجامبووه‌.

سه‌روه‌ر وتی‌ په‌نامبرده‌ به‌ر رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ سكاڵایه‌ك كه‌ تێیدا داواكاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و مافانه‌م كردبوو كه‌خوراوه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن لێپرسراوی‌ به‌شی‌ ڕیپۆرتاژ‌و كاوه‌ محه‌مه‌دی‌ سه‌رنوسه‌ره‌وه‌ وتیان ناتوانین ئه‌و شتانه‌ی‌ تۆ بڵاوبكه‌ینه‌وه‌.

له‌باسكردنی‌ پێشێلكردنی‌ مافه‌كانیدا، سه‌روه‌ر ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ مافی‌ ماڵ‌و منداڵ‌و خێزانی‌ پێشێلكراوه‌، به‌هۆی‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌یه‌وه‌ باوكی‌ نه‌خۆش كه‌وتووه‌‌و جه‌ڵده‌ لێیداوه‌‌و توشی‌ له‌رزین هاتووه‌، خێزانه‌كه‌ی‌ زۆر نه‌هامه‌تی‌ كێشاوه‌.

سه‌روه‌ر بڕوای وایه‌ كه‌ له‌ژێر ئاڵای‌ یه‌كێتیدا چه‌وسێنراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌نگی‌ بۆ ئه‌و حیزبه‌ داوه‌‌و خۆشه‌ویستی‌ بۆ حیزبه‌كه‌‌و كورد‌و كوردستان هه‌بووه‌.

داواكاری‌ سه‌روه‌ر محه‌مه‌د له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تائیستاش كات ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاو به‌ژیانی‌ ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌‌و مافه‌كانیان بخشێنرێته‌وه‌.

به‌بڕوای‌ سه‌روه‌ر، له‌كوردستاندا هیچ یاسایه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مافه‌كانیان بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌‌و هیچ رێگایه‌ك نه‌ماوه‌ په‌نای‌ بۆ نه‌بردبێت، بۆیه‌ دواجار له‌ رێگه‌ی‌ رۆژنامه‌وه‌ داوای‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ مافه‌كانی‌ ده‌كات.

كه‌یسی‌ دووه‌م
ئه‌حمه‌د سه‌مه‌د ره‌شید له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ 1978ی‌ شاری‌ كه‌ركوكه‌، باوكی‌و سێ‌ خاڵی‌ شه‌هیدی‌ یه‌كێتین، له‌ساڵی‌ 1999 چۆته‌ دره‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 2005 دواجار سه‌ردانی‌ بۆ كوردستان كردوه‌، له‌ كه‌ركوك ده‌ستگیركراوه‌.

ئه‌حمه‌د له‌باره‌ی‌ چۆنییه‌تی‌ گرتنه‌كه‌یه‌وه‌ وتی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ گرتمیان نه‌مزانی‌ كێ‌ بوون، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناشرین منیان خسته‌ سندوقی سه‌یاره‌یه‌كه‌وه‌ خۆشم نه‌مده‌زانی‌ بۆچی‌ گیراوم، سه‌رئه‌نجام دوو ساڵ‌و هه‌شت مانگ گیرام، دوو ساڵ‌و هه‌شت مانگ به‌بێ‌ هۆیه‌كی‌ دیاریكراو به‌ند كرام، ساڵێك‌و هه‌شت مانگ له‌ ئیننفرادی‌ بووم واته‌ له‌ژورێكی‌ یه‌ك مه‌تریدا بووم.

هه‌روه‌ها وتی‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ركه‌س هاتووه‌، بۆ لام له‌ مافی‌ مرۆڤ و به‌رپرسه‌كان پێموتون كاكه‌ پێم بڵێن من له‌سه‌رچی‌ گیراوم، من كه‌سێكی‌ بێتاوانم به‌س هه‌ڵه‌كه‌م پێبڵێن كه‌ له‌سه‌رچی‌ گیراوم، ئاماده‌م كه‌ چاوه‌كانم به‌ زیندوێتی‌ ده‌ربێنم چه‌ند جارێك ئه‌وه‌م دوباره‌ كردۆته‌وه‌، به‌لاَم هیچیان پێنه‌وتووم.

ئه‌حمه‌د وتی‌ دوای‌ دوو ساڵ‌و هه‌شت مانگه‌ك منیان برد بۆ لای‌ حاكم، لێپرسیم تۆ له‌سه‌ر چی‌ گیراوی‌، منیش وتم نازانم له‌سه‌ر چی‌ گیراوم، وتی‌ ئه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م دوو ساڵ‌و هه‌شت مانگه‌دا چیان پێ وتی‌، منیش وتم هیچ شتێكیان پێنه‌وتوم، ته‌نها پێانوتوم چه‌ند سه‌فه‌رت كردووه‌ چه‌ند خاڵ‌و مامت هه‌یه‌و چه‌ند برات هه‌یه‌و ئیشی‌ چی‌ ده‌كه‌ن ته‌نها ئه‌وانه‌یان له‌ من پرسیووه‌.

ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت حاكم پێی‌ وتم باشه‌ تۆ بڕۆ تۆ ئازادی‌‌و منیش ئیتر هاتمه‌ خواره‌و 15 رۆژ دوای‌ ئه‌وه‌ ئازادیان كردم.

ئه‌حمه‌د باسله‌وه‌ ده‌كات، دوای‌ ئازاد كردنی‌ ئه‌و سه‌یاره‌و پارانه‌ی‌ كه‌ گرتبوویان بردیان‌و بۆیان نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی‌ سه‌یاره‌كه‌ی‌ كه‌ گیراوه‌ به‌ناوی‌ براكه‌مه‌وه‌یه‌و هی خۆیه‌تی‌، به‌لاَم ئه‌و كاته‌ كه‌ گیرام سه‌یاره‌كه‌ به‌ من بوو، ملیۆنێك له‌ گیرفانمدا بوو له‌گه‌ڵ 1300 دۆلارو مۆبایلێك‌و قاتێكی‌ شاڵم پێبووه‌، هه‌موویان بردووه‌و تا ئێستا هیچ شتێك له‌وانه‌یان بۆ نه‌گێراومه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌ی‌ كه‌ به‌ره‌وڕووی‌ كراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت من موشكیله‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ نازانم له‌سه‌ر چی گیراوم، به‌ڵام دوای‌ بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ به‌هۆی‌ نازناوه‌كه‌مه‌وه‌ گیراوم كه‌ گوایه‌ له‌ناوی‌ یه‌كێك له‌داوكراوه‌كان ده‌چێ‌، ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ گیرام وتیان تۆ مه‌لا بڕوای‌ وتم نه‌خێر، من ناوم مه‌لا بڕوا نییه‌ من له‌ ئه‌ڵمانیا ناوم بڕوایه‌.

ئه‌و ده‌ڵێت زوو زانیان كه‌ من ئه‌و كه‌سه‌ نیم، به‌ڵام له‌دوای‌ ئه‌وه‌ش هه‌ر ئازادیان نه‌ده‌كرم، پاش پێنج مانگ‌و چه‌ند رۆژێك كابرایه‌كی‌ ته‌حقیق هات، پێم وت كاكه‌ من له‌سه‌رچی‌ گیراوم وتی‌ كاكه‌ ئێمه‌ زوو زانیمان تۆ مه‌لا بڕوا نیت له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ر ده‌بیت به‌ڵام وانه‌ بوو.

وتیشی‌ دوای‌ ساڵێك‌و دوو مانگ له‌ ئینفرادی‌ هێنایانم بۆ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ 13 رۆژ له‌وێ‌َ بووم، جارێكی‌ تر كردمیانه‌ ئینفرادییه‌و شه‌ش مانگی‌ تر له‌ ئینفرادییه‌كانی‌ كانی‌ گۆمه‌ هێشتمیانه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ژیانی‌ ئێستای‌ ئه‌حمه‌د ده‌ڵێ‌ ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا، چونكه‌ ئه‌وان جه‌وازه‌كه‌یان لێسه‌ندوم، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌یاره‌و پاره‌و شته‌كانی‌ تریان بۆ نه‌گێڕاومه‌ته‌وه‌و هیچ ته‌عویزێكیان بۆ نه‌كردم جه‌وازه‌كه‌شیان حیجز كردووم.

ئه‌حمه‌د كه‌ كوڕه‌ شه‌هیده‌ وتی‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم كار بۆ هیچ كه‌سێك نه‌كات هه‌قوایه‌ بۆ منی‌ بكات، چونكه‌ به‌ ناهه‌ق گیراوم، باوك‌و سێ خاڵم شه‌هیدی‌ یه‌كێتین، هه‌قوایه‌ سه‌یاره‌كه‌ی‌ براكه‌م‌و جه‌وازو پاره‌كه‌شم بۆ بگێڕنه‌وه‌، وابزانم ئه‌وه‌ هه‌قێكی‌ شه‌رعی‌ خۆمه‌، جه‌وازه‌كه‌م بۆ بگێڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌وی‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌، چونكه‌ كاتی‌ خۆی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشی چومه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا، ده‌مه‌وێت نه‌خۆشییه‌كانم‌و ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی‌ به‌هۆی‌ گرتنه‌كه‌و ئازاردانه‌وه‌ تۆشم بووه‌ چاره‌سه‌ر یان بكه‌م.

ئه‌و له‌گێڕانه‌وه‌ی‌ چیرۆكی‌ گرتنه‌كه‌یدا ده‌ڵێ‌ دوو ساڵ‌و هه‌شت مانگ به‌ بێ تاوان گیراوم، به‌رده‌وام لێیانداوم رۆژی‌ وا هه‌بووه‌ سێ جار لێدانم خواردووه‌، باری‌ ته‌ندروستیم زۆر خراپه‌، تا ئێستا كاریگه‌ری‌ ئه‌و لێدانه‌و مانه‌وه‌ له‌ ئینفرادی‌ به‌سه‌رمه‌وه‌ ماوه‌.

ئه‌حمه‌د چه‌ند جارێك سه‌ردانی‌ دكتۆری‌ كردووه‌، به‌ڵام هێشتا شوێنه‌واری‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان به‌سه‌ر له‌شیه‌وه‌ ماوه‌. وتی‌ من ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیاش به‌ هه‌ڵه‌ بگیرامایه‌، ئه‌و دوو ساڵ‌و هه‌شت مانگه‌ سه‌عات به‌ ساعاتیان بۆ قه‌ربوو ده‌كردمه‌وه‌، كه‌چی‌ من لێره‌ هیچ حسابێكیان بۆ نه‌كردووم، ده‌ڕۆمه‌ ئاسایش داوای‌ سه‌یاره‌كه‌م ده‌كه‌ن ده‌ڵێن جارێكی‌ تر نه‌یه‌یته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د ده‌رده‌دڵی‌ خۆی‌ ده‌كات، ده‌ڵێ‌ من وه‌كو كه‌ركوكییه‌ك چه‌ند ساڵێك شانازیمان به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، ئێمه‌ شانازیمان به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ كورد هاتۆته‌ كه‌ركوك‌و دڵخۆشبووین كه‌ كه‌ركوك ئازاد بووه‌، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ ده‌بینین كورده‌كانی‌ خۆمان غه‌درمان لێده‌كه‌ن.

دایكی‌ ئه‌حمه‌د سه‌مه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ سه‌عات چوار له‌ ماڵ ده‌رچووه‌و لای‌ به‌نزینخانه‌كه‌ی‌ شۆریجه‌ به‌ سه‌یاره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌.

دایكی‌ ئه‌حمه‌د وتی‌ سێ مانگ نه‌مانده‌زانی‌ چۆن گیراوه‌و كێ گرتویه‌تی‌‌و له‌ كوێ‌ بووه‌، هیچمان له‌ باره‌یه‌وه‌ نه‌ده‌زانی‌، برۆشتینایه‌ته‌ لای‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌یوت باسی مه‌كه‌ن هه‌تا دوای‌ ساڵێك‌و شه‌ش مانگ كه‌ مواجه‌هه‌ كرایه‌وه‌، رۆیشتین له‌كانی‌ گۆمه‌ بینیمان.

دایكی‌ ئه‌م كوڕه‌ ده‌ستگیركراوه‌ ده‌ڵێت وه‌كو ساحێبی‌ سێ برای‌ شه‌هیدو مێردی‌ شه‌هید، گله‌یم له‌ به‌رپرسانی‌ كورد هه‌یه‌، سه‌یاره‌ی‌ كوڕه‌كه‌میان بردووه‌، ئه‌م كوڕه‌شم كاتێك به‌ردراوه‌ توشی نه‌خۆشی بووبوو هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك ده‌چێته‌ نه‌خۆشخانه‌.

وتیشی دوا ده‌كه‌م مافمان نه‌فه‌وتێنن‌و سه‌یاره‌كه‌مان بۆ بگێڕنه‌وه‌ كه‌ ئۆپڵێكی‌ سه‌وزه‌، گله‌یم له‌ به‌رپرسانی‌ كورد هه‌یه‌، كه‌ئه‌گه‌ر ته‌عویزی‌ شه‌هیده‌كانم بۆ ناكه‌نه‌وه‌ بۆ ئازاری‌ كوڕه‌كه‌م ده‌ده‌ن.

ئه‌حمه‌د دوای‌ دوو ساڵ‌و هه‌شت مانگ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تێكی‌ به‌ره‌وڕوو بكرێته‌وه‌ یان دادگایی بكرێت ئازاد كرا، به‌ڵام پاره‌و سه‌یاره‌كه‌ی‌ بۆ نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د له‌ چۆنیه‌تی‌ مامه‌ڵه‌كردنی‌ له‌ناو زیندانه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌و ده‌كات زۆرجار به‌ سۆنده‌و به‌ كێبڵ‌و به‌ دار حه‌یزه‌ران لێیانداوه‌، وتی‌ به‌راستی‌ به‌ هۆی‌ كه‌مخواردنه‌وه‌ كه‌ نان نه‌بوو بیخۆم، هه‌روه‌ها به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ توشی حه‌ساسییه‌ت بووم، به‌ سۆنده‌و دار له‌ هه‌ر جێگایه‌كیان ده‌دام یه‌كسه‌ر ده‌ته‌قی‌، به‌ زۆری‌ له‌ نینۆكه‌كانی‌ قاچیان ده‌دام بۆیه‌ هه‌مو نینۆكه‌كانی‌ قاچم ده‌رده‌هاتن.

كه‌یسی‌ سێیه‌م
خه‌سره‌و ره‌شید كاكه‌برا، له‌ دایكبووی‌ ساڵی‌ 1974 ی‌ سلێمانی‌، زیاتر له‌ سێ ساڵ ده‌ستگیركراوه‌.

خه‌سره‌و له‌ 15/1/ 2006 تا15/2/2009 له‌ زیندانی‌ یه‌كێتیدا بووه‌، ئه‌و له‌باره‌ی‌ گرتنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت خۆشم‌و خێزانم گیراین دوو ساڵ‌و حه‌وت مانگ. هه‌ندێك له‌ پێناسی شه‌خسی‌و پاره‌یان بردووین، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ بێتاوانیش ده‌رچوین، به‌ڵام پێویستیه‌كانیان بۆ نه‌گێڕاومه‌ته‌وه‌.

خه‌سره‌و له‌باره‌ی‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌ی‌ به‌ره‌وڕووی‌ كراوه‌ته‌وه‌، وتی‌ چه‌ند ساڵێك له‌ كوردستان نه‌بووم‌و له‌ ئێران بووم، به‌لاَم من كه‌سێكی‌ بێلایه‌ن بووم‌و پێشتر هیچ شتێكم له‌سه‌ر نه‌بووه‌ له‌ گه‌ڕاونه‌وه‌مدا كۆمه‌ڵێك تۆمه‌تیان ئاڕاسته‌ كردبووم، به‌ حوكمی‌ دووریم‌و بوونی‌ چه‌ند كه‌سانێك له‌و ناوچه‌یه‌ی‌ كه‌ من تێدا بووم ده‌ستگیركرام. به‌كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ كه‌ بێ‌ بنه‌ما بوون، ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ وه‌كو شایه‌د ده‌هات شایه‌دی‌ ده‌دا كۆمه‌ڵێك شتی‌، هه‌بوو كه‌ هیچ كامیان نه‌توانرا بسه‌لمێنرێت.

خه‌سره‌و له‌باره‌ی‌ چۆنیه‌تی‌ گرتنه‌كه‌یه‌وه‌ وتی‌ له‌دوای‌ دوانزه‌ی‌ شه‌وه‌وه‌ خۆم‌و خێزانیشیان بردم بۆ شوێنیك كلاَوێكی‌ ره‌شیان كرده‌ سه‌رم‌و، وا ده‌زانم بیناكه‌ بینای‌ دژه‌ تیرۆری‌ پێده‌وترێت، پێموایه‌ لای‌ ماڵی‌ موحافیزی‌ كۆن بێت، زیاتر له‌ 10 بۆ 15 نه‌فه‌ر، بێئه‌‌وه‌ی‌ هیچ پرسیارێك بكه‌ن، وه‌كو تۆپ لێیان ده‌دام‌و كه‌تنه‌ ئازاردانم، له‌دوای‌ 15 رۆژ كه‌ له‌و شوێنه‌ ماینه‌وه‌، دواتر بردینیان بۆ ئاسایش‌و 15 رۆژی‌ تریش له‌و شوێنه‌ ماینه‌وه‌و پاشان من‌و خێزانه‌كه‌م جیاكراینه‌وه‌و براین بۆ شوێنێكی‌ تر، ساڵێك زیاتر من ئه‌وم نه‌بینی‌ هه‌تا وه‌كو هێناینیانه‌وه‌ بۆ ئاسایش.

له‌باره‌ی‌ ئازاردانیان له‌ زیندان، وتیشی‌ خۆم ساڵێك‌و دوو مانگ له‌ ئینفرادیدا بووم، خێزانم چوار مانگ به‌ نه‌خۆشی له‌ ئینفرادی دا بووه‌، كه‌من وه‌كو پیاو بۆ خۆم شێت بووم، له‌ژێر ئازاردانی‌ ده‌روونیدا شێت بووم‌و دواتر چاك بوومه‌ته‌وه‌، بارێكمان به‌سه‌ر هاتووه‌ به‌هیچ كه‌سێك چاره‌سه‌رناكرێت، جگه‌له‌وه‌ی‌ توشی چه‌ندین حاڵه‌تی‌ نه‌خۆشی بووین له‌گه‌ڵ خێزانمدا.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ باسله‌وه‌ ده‌كات له‌زینداندا به‌ته‌نه‌كه‌ ئاویان كردووه‌ته‌ ژێری‌، ئێستا توشی نه‌خۆشی‌ رۆماتیزم بووه‌، وتی‌ له‌ناو ئاوه‌كه‌دا سه‌رمام ده‌بوو، هیچیان بۆ نه‌ده‌هێناین، هه‌رچیمان پێ ده‌وتن هه‌ر ده‌یانوت، ده‌زانین ده‌زانین. تا ته‌واو سه‌رما كاریگه‌ری‌ كرده‌ سه‌ر گیانمان‌و ئینجا شتیان بۆ هێناین، چونكه‌ خۆیان ده‌یانزانی‌ كه‌ی‌ جه‌سته‌مان ئه‌و حاڵه‌ته‌ هه‌ڵناگرێ‌. هه‌ر به‌هۆی‌ سه‌رماو برسێتیه‌وه‌ توشی‌ چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی‌ سه‌خت بوم. خێزانم پاش ئه‌و هه‌موو موعاناته‌ ئێستا توشی نه‌خۆشی بورانه‌وه‌ بووه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خۆی‌ پێشتر چه‌ندین نه‌خۆشی جه‌سته‌یی هه‌بووه‌.

خه‌سره‌و باسله‌وه‌ ده‌كات هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ئێستا حاڵه‌تێكی‌ ده‌روونی‌ زۆر خراپی به‌سه‌ر هاتووه‌، وتی‌ زۆر توڕه‌یه‌، ئه‌بێ به‌ وریاییه‌وه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكه‌م، به‌راستی‌ وه‌زعم زۆر شێوا. ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌رونییه‌ تازه‌ به‌ هیچ شتێك ته‌عویز ناكرێته‌وه‌.

خه‌سره‌و دواتر به‌كه‌فاله‌ت ئازادكراوه‌، كه‌ نابێت بڕۆنه‌وه‌ بۆ ماڵی‌ باوكی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌، وتی‌ من ده‌بێت تاكۆتایی ته‌مه‌نم قه‌رزاری‌ ماڵی‌ باوكم بم، چونكه‌ تاپۆی‌ ماڵی‌ باوكم ئێستاش بارمته‌كراوه‌ به‌ناونیشانی‌ كه‌فاله‌ت، ئێستا ته‌عه‌هودی‌ ئه‌وه‌یان پێكردوون كه‌ نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌، خێزانم كه‌ له‌وێ‌ له‌ دایك بووه‌و كه‌سوكاری‌ له‌ئێرانه‌، ئێستا پاش سێ ساڵ له‌و هه‌موو موعاناته‌ خێزانم ده‌بێت نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵ دایك‌و باوكی‌، سه‌ره‌رای‌ ئه‌مه‌ش هه‌فتانه‌ ده‌بێت دوو رۆژ ئیمزا بكه‌م.


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)