چما هیوا سوعاد بە 85 ملیۆن دینار ئەم كارەى كرد!؟
Wednesday, 04/06/2014, 12:00
2011 بینراوە
زیاتر لە مانگێك هەواڵى شانۆگەرى (مەم و زین) بە گرنگیەوە لە رۆژنامە و ماڵپەڕەكان كرایەوە، كە لەلایەن هونەرمەند هیوا سوعاد كارى دەرهێنانى بۆ كرا و رۆژى 12/5 لەنێو پاركى شانەدەر نمایشكرا، بەڵام كارێكى زۆر پێچەوانەم لە توانا هونەرییەكەى هیوا سوعاد بینى، من حەقى خۆم بوو چاوەڕێى كارێكى زۆر باشم بكردایە، بەتایبەت كاتێك زانیم بۆ ئەم كارە گوایە پارێزگارى هەولێر بڕى 85 ملیۆن دینار خەرجكردووە، بەڵام دەرئەنجام كارێكى هونەرى جوانمان نەبینى.
ئەوەى جێى سەرنجى هەمووان بوو ئەم شانۆییە پێچەوانەى نووسینەكەى ئەحمەدى خانى لە كۆتاییدا (مەم و زین) بە یەكتر دەگەن، هەرچەندە پێشئەوەى دەست بە شانۆگەرییەكە بكرێ دەرهێنەر ئەو روونكردنەوەیدا "ئەوە پێچەوانەى دەقى داستانەكەى ئەحمەدى خانییە"، بەڵام ماناى ئەوە نییە بەم روونكردنەوەیە هەڵەیەكى وا گەورە تێپەڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەرهێنەر لە كۆتاییدا نیشانى ئێمەى نەدا حیكمەتى بەیەك گەیشتنى مەم و زین لەم شانۆیەدا چى بوو.
لەلایەكى دیكەوە نمایشكردنى شانۆ لە نێو گۆڕەپانى پارك كە هیچ سیفاتێكى مەسرحى تێدا نییە وا دەكات هەر لە سەرەتاوە چاوەڕێى شانۆییەكى جدى و باش نەكەین، قیرە قیرى بۆقەكانى ناو ئاوەكە بەرزتر بوو لە دەنگى ئەكتەرەكان، دەنگى مەم زیاد لە پێویست بەرز و دەنگى زین زیاد لە پێویست نزم بوو كەسیان باوەڕیان بەوى تریان نەبوو، هەندێجار خۆزگەم بەوە دەخواست زوو تەواو بێت و دووركەومەوە لە هاتوهاوارى ئەو گەنجانەى كە تەعلیقیان لە مەم و زین دەدا، بە مەمیان دەگوت "ئەى بێوەفا". بە زینیشیان دەگوت "وەرە مەم لاى ئێمەیە". بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر خوا ئەمجارەش شانسى هونەرمەند ئەیام ئەكرەمى نەدا، ساڵى پار لەشانۆگەرى (پیاوە قرجۆكەكە) لەسەر مەسرەح تەنیا مایكرۆفۆنەكەى ئەو عەیبى هەبوو، ئەمجارەش مایكرۆفۆنەكەى لەكار كەوت و زوو لە شوێنى خۆى دانیشتەوە، كەواتە حەقى خۆیەتى ئەگەر ئەیام ئەكرەم گومان بكات دەستێك لەپشت ئەمە دابێت!.
لە دوا دیمانەكاندا لێكدووركەوتنەوە و دووبارە بەیەك گەیشتنەوەى مەم و زین جگە لە دەرهێنەر باوەڕ ناكەم كەس تێگەیشتبێت، چۆن یەكتریان بینیووە و بۆ كێ رۆیشتن و لە ماڵى باوكى زین چ باسە؟ بەڵام لە هەمووى سەیرتر دوا دیمەنى شانۆیەكە بوو، بەبێ حیوار و ئەنجام، تەواوى ئەكتەرەكان هاتنە سەر شانۆ چەپڵەى كۆتاییان لێدا، ئەمشەوە هاوڕێیەكى كوردستانى باكورم لەگەڵدا بوو كەمێك پێكەنى و گوتى: ئەو شانۆگەریەیان لە باكور بكرایە هەتا هەولێر راویان دەنان.
دەزانم هیوا سوعاد زۆر حەز بە شانۆى ئاهەنگ ئامێز دەكات و ئەمەش یەكەم تەجروبەى نەبوو، ساڵى پێرار و پاریش لەسەر هەمان ستایل كارى كرد، بەڵام ئەمجارە دەرهێنەر كارێكى وایكرد دوو دەقیقە شانۆ بوو پێنج دەقیقەش دەهۆڵ و شایى و حەفلە بوو، بەجۆرێك زۆرجار بیرم دەچوویەوە ئەم شانۆگەرییە، لەكاتێكدا "شانۆى سەمائامێز" و "شانۆى ئاهەنگ ئامێز" نابێت سەماكە یاخود ئاهەنگەكە لە بایەخى شانۆیەكە كەم بكاتەوە، خۆ دەبوو هیوا سوعاد ئەوە لەهەموومان باشتر بزانێ بە حوكمى ئەوەى پێشتر چەند كارێكى ترى ئاهەنگ ئامێزى كردووە و تێیدا سەركەوتوو بووە، بەڕاستى شیاوى ئەوەیە دەستخۆشى و ئافەرین لە تیپى هەڵپەڕكێى هونەرە میللییەكانى هەولێر بكەین كە توانیان كۆمەڵێك "تابلۆ"ـى هەڵپەڕكى زۆر جوان نمایش بكەن و سەرنجى تەواوى گەشتیاران بۆلاى خۆیان رابكێشن و شانۆیى مەم و زین بمرێنن و خۆیان زیندوویانى سەر مەسرەحە بن.
بۆیە دەبووایە هیوا سوعاد بەم بڕە پارەیە كارێكى گەورەتمان نیشان بدات، خۆزگە جەنابى پارێزگارى هەولێر لەوێ ئامادە دەبوون و بببینن چ هەڵەیەكى گەورەیان كردووە و كارەكە لەئاست بەو پارەیەدا نییە كە لێى خەرج كراوە.