ئایا پێویستە رێکخراوی سیاسیی نوێ دروست ببێت؟!
Wednesday, 03/09/2014, 12:00
سەبارەت بە دروستبوونی رێکخراوی سیاسیی، ئەم پرسیارانەی خوارەوەمان ئاڕاستەی چەند کەسایەتی و نووسەری دیکە کردووە، چاوەڕوانی وەڵامی هەموویانین، وا لە خوارەوە وەڵامی کاک حەمە سوسەیی کە پێمان گەیشتووە بڵاو دەکەینەوە.
(ئازاد فایەق محەمەد بەرپرسی پەیوەندییەکان).
کوردستانپۆست: راتان چییە دەربارەی دەرکەوتنی داعیش و توانای بەرگریی دەستەڵاتی هەرێم لە خەڵکی کوردستان؟
کوردستانپۆست: بە رای تۆ بەرامبەر بەم کارەساتەی ئێستا بەرپرسیاریی یەکەم دەکەوێتە سەر کێ؟
کوردستانپۆست: ئەو ترس و راکردنانەی کە ئێستا لە هەندێک شوێن باس دەکرێت چۆن لێکدەدەیتەوە؟ کوردستانپۆست: ئێمە دەزانین کە سەرهەڵدانی داعش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو کورد. پارتەکانی باشور با بڵێین بوونەتە هۆ بۆ ئەوەی کورد لە باشوردا توانای بەرگرییەکی پێویستی نەبێت، کە لە خۆی بکات. بەڵام وەکو دەزانین هەر کارەساتێک بێت زیاتر بەسەر خەڵکدا دێت، ئێستا لە شەنگار و ناوچەکانی تر راکردن و کوشتاری خەڵک دەبینین. جگە لە پارتەکان من و تۆ، ئەم و ئەو دەتوانن چی بکەین؟ ئایا هەروا لە شوێنی خۆماندا رابووەستین؟
کوردستانپۆست: بە ڕای ئێوە چ دەوڵەتێک یان چ مەبەستێک لە پشت ئەم هێرشانەی داعشەوەیە و ئەنجامەکان دەگەنە کوێ؟
کوردستانپۆست: تا چ رادەیەک مەترسیی داعش لای تۆ گەورەیە؟ ئایا ئەمە راستە کە دەڵین هەندێک لە خەڵکی شارەکان خۆیان ئامادە کردووە بۆ راکردن؟
کاک حەمە سوسەیی بەم نووسینەی خوارەوە وەڵامی سەرچەم پرسیارەکانی داوەتەوە:
کورتە وەڵامێك: (با ئەم جارە میللەت هەلێکمان بداتێ)
سەبارەت بەو دۆخەی دوای هاتنی داعش بۆ چەند شوێنێکی کوردستانی باشوور: من پێم باشە بڵێم هاتنی داعش نەوەك هێرشی داعش،ئەوەش لەبەرئەوەی چەتەکانی داعش لەلایەن پارتی و بنەماڵەی بارزانی هەموو کار ئاسانێکیان بۆ ئەو چەتانە کرد تا بتوانن ئەو گورزە جەرگبڕە بوەشێنن و تیایدا کوردی یەزیدی و شەبەك و مەسیحی گەورەترین زەرەمەندی گەورە بوون لەو هاوکێشەیە کەبریتیە لە (پارتی + تورکیا= داعش).
مەبەستی سەرەکی هاتنی داعش بۆ کوردستان بەڕای من خۆی لە ٢ خاڵدا ئەبینێتەوە:
یەکەم: هەروەك ئاشکرایە کە ستراتیژی چەند ساڵەی دەسەڵاتی باشوور دەرهەق بە گەلەکەمان کردویەتی هەمیشە بریتی بوە لە دروست کردنی قەیران بۆ لەبیربردنەوەی قەیرانی تر، وەیان خوڵقاندی کێشەو ئاریشە بۆ مەبەستی شاردنەوەی کێشە سەرەکیەکان بۆ ئەوەی خەڵك و جەماوەر تەنها چاو لەو قەیرانانە بڕوانن کە هەیە. بەشێوەیەك ، وا پەروەردەی خەڵکی ئەکەن کە تەنها بڕوانێتە کێشەی ڕۆژەڤ و ئەوەی ئەگوزەرێ. بەمانایەکی دی، کەڵەکە بوونی کێشە یەك لەدوا یەکەکان وا لە جەماوەر ئەکا نەیپەرژێتە سەر کێشە قووڵ و سەرەکیەکان، ئا بەو شێوەیەش زوومی کامیرای قەیرانەکان هەردەم لای دەسەڵات خۆی ئەمێنێتەوەو هەر چۆنێك و لەهەر کاتێکدا بیانەوەێ ئەیسوڕێننەوە.
دووەم: مانەوەی هێز و دەسەڵات و پارە لای هەریەك لە پارتی و یەکێتی: هاتنی داعش ئەو نیعمەتەیە کەبۆ هەریەك لەپارتی و یەکێتی دروست بوە. بەجۆرێك، بەهۆی ئەم هاتنەی ئەو چەتانەوە هەردوو بنەماڵە توانیان جگە لە نەوتی دزراو کەجاران لەڕێگای تەنکەرەوە ئاودیویان ئەکرد، هەنووکە بە قەبارەیەکی گەورەتر و لەلایەن پاپۆڕی گواستنەوەوە ڕەوانەی بازەڕەکانی جیهانی ئەکەن و بڕێکی زیاتر ئەخەنە سەر حسابی بانکەکانیان و بەم شێوەیە ئامرازی (کۆیلە)بوون زیاتر گەشە پێ ئەدەن لەو کۆیلایەتیەش بەکوژدانی هەژارانی گەلەکەمانە لەو جەنگەی کە هەموو شتێکە تەنها نەتەوەیی نیە.
ئەمە جگە لەوەی لەڕێگای داعشەوە وویستیان گورزێکی بەهیز لە تەفگەرە شۆڕشگێڕەکانی وەك(پەکەکە و هێزەکانی ڕۆژئاوا) بوەشێنن و نەختێ لەکاریگەریان کەم بکەنەوە.
هەنووکە جەماوەری کوردستانی باشوور تەواو گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کەوا بێ بوونی ئەمریکا ئەو دوو هێزەی پارتی و یەکێتی ناتوانن دژ بەچەتەکانی داعش بجەنگن و سەرکەوتن وەدەست بێنن. بۆیە ئێدی کاتی ئەوە هاتوە کە خەڵکی ئەم جارە چانسێك بدەن بە پەیامەکانی کوردستانپۆست و خۆیان ڕێك بخەن و ستراتیژێکی نوێ دروست بکەن کە بناغەکەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت و خۆیان لە هێزو لایەن و حزبانەی ئەوڕۆ بەدوور بگرن و بتوانن لە ئێستاوە هێڵێکی بەیانی دابڕێژن کە جگە لەخەڵکانی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر کەسی تر نەکەن بە ڕیش سپی و کەڵەگای خۆیان. پێوستە جارێکی تر سلێمانی و گەرمیان سەرمەشقی ئەو ڕێکخستنە بگرنە ئەستۆو قۆڵی مەردانەی لێ هەڵکەن و جوامێرانە لەتەك براو خوشکەکانیان لەکوردستانپۆست یەك دەست و یەك دڵ بن و لەم دوو بنەماڵەیە ڕاپەڕن و دەریان پەڕێنن.
سەبارەت بە ئاوارە عەرەبەکان: پێم وایە پێوستە ئەزموونی(Bainbridge Island) . لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم ئەمریکا هەستا بە کۆکردنەوەی هەموو ژاپۆنیەکان لەم ئایلەندەو کۆیانی کردەوەو دەست بەسەرکران ئەوەش بۆ مەبەستی ئەوەی دەست لەئەمریکا نەوەشێنن و کاری تیرۆر نەکەن. وە لەهەمان کاتیشیدا وای لای ژاپۆنیەکان ڕاگەیاند کەوا ئەم کامپە بۆ مەبەستی پاراستنی گیانی ئەوانە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان تووڕەی ئەمریکی هێرشیان نەکەنە سەرو ماڵ وگیانیان پارێزراو بێ. دەەسەڵاتی بێ خەمی کوردستانی باشوور ئەبوو هەمان ڕێچکەی ئەمریکای بگرتایە سەبارەت بو هەموو عەرەب و کە ڕەنگە ٩٠% یان شانەی نووستووی تیرۆریستان و شۆڤینیەکانن.
هیوادارم توانیبێتم بەکورتی وەڵامی چەند پرسیارێکتان بدەمە و گەر هەر تێبینی و سەرنج و پرسیار و رەخنەیەك هەبێ،بفەرموون و زۆر سوپاستان ئەکەم بۆ بەسەر کردنەوەم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست