کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دواى 87 ساڵ، كوردستانپۆست سیخوڕیكردنى مەلا فەندى بۆ بەریتانیا ئاشكرا دەكات

Sunday, 13/12/2009, 12:00


تایبەت بە كوردستانپۆست
لە بەڵگەنامەیەكى نهێنى بەریتانى و نووسینگەى ئەفسەرى خزمەتگوزارى بەریتانیا تایبەت لە هەولێر بە ژمارە 17_12_1929 كە وێنەیەكى دەست كوردستانپۆست كەوتووە، ناوەڕۆكى نووسراوەكە ئاماژە بە سیخوڕیكردنى (مەلا فەندى) بۆ بەریتانیا دەكات.
لە بەڵگەنامەیەدا (مەلا فەندى) ئەوەى بە نووسینگەى تایبەتى بەریتانیەكان لە شارى هەولێر راگەیاندووە، كەوا (ئیبراهیم حەیدەریی و داود حەیدەریى) لە نامەیەكیاندا ئەوەیان بەو راگەیاندووە، كە بە نیازن پارتێكى كوردى دامەزرێنن و داواى هاوكارییان لە مەلا فەندى كردووە، هاوكات داواى ئەوەشیان كردووە كە عەبدوڵڵا فەندى بەشدارى لەو پارته‌دا بكات، بەڵام مەلا فەندى ئەوەى لەبەرامبەر چەند ئیمتیازێك بۆ بەریتانیا ئاشكرا كردووە، لە لایەكى تریشەوە مەلا فەندى ئەوەشى بە ئینگلیزەكان راگەیاندووە كە (مەعروف چیاوگ) بە هەمانشێوە داواى پشتگیرى ئەو پارتەى لە مەلا فەندى كردووە، هاوكات مەلا فەندى لە بەرامبەر ئەو زانیاریانەى كە داویەتى بە بەریتانیەكان لە ئاگاداركردنەوەى بزوتنەوەیەكى كوردى، (عیزەددین مەلا فەندى) كوڕى لە ساڵى 1940 تا 1950 كراوە بە ئەندام پەرلەمانى عێراقى و چەندین گوندى سه‌ر سنوورى هەولێرى وه‌ک خه‌ڵات پێدراو ه‌ ناوه‌که‌ی خراوه‌ته‌ سه‌ری.

بۆ بینینی به‌ڵگه‌که‌ کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:


مه‌لا فه‌ندی کێیه‌؟
له‌ خواره‌وه‌ کورته‌یه‌ک له‌ ژیانی مه‌لا فه‌ندی بخوێنه‌ره‌وه‌ که‌ کوردستانپۆست له‌ ماڵپه‌ڕێك به‌ ناوی (مه‌کۆکانی گوڵچین) وه‌ریگرتووه‌.

****************************************
20 - 01 - 2008 
شه‌ست و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، زانایه‌كی ناودارو كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوی كورد له هه‌موو لایه‌كی كوردستان، مه‌لا فه‌ندی له ڕۆژی 1942.12.31دا كۆچی دواییكرد و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له گۆڕه‌پانی زانست و ئایین و چاکه‌خوازی به‌جێهێشت، ئه‌م كه‌سایه‌تییه له ساڵی 1280ی كۆچی به‌رامبه‌ر به 1863ی زاینی هاتۆته دنیاوه، ناوی ته‌واوی مه‌لا ئه‌بو به‌كر ئه‌فه‌ندی كوڕی ‌حاجی مه‌لا عومه‌ر ئه‌فه‌ندی كوڕی مه‌لا ئه‌بو به‌كری سێیه‌مه، له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا مه‌لا فه‌ندی له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵاتی هه‌ولێر ده‌ستی به‌ خوێندنی قورئان كردووه‌ و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به ته‌جویده‌وه له‌به‌ری كردووه، ئینجا كه‌وتووه‌ته سه‌ر فێربوونی وانه‌ی سه‌رف و نه‌حو و فیقهـ و مه‌تنیق و ڕه‌وانبێژی و فه‌لسه‌فه‌ و بیركاریی و له ته‌مه‌نی 20 ساڵیدا خوێندنی مه‌لایه‌تی ته‌واو كردووه و مۆڵه‌تی زانستی له حاجی مه‌لا عومه‌ر ئه‌فه‌ندی باوكی وه‌رگرتووه و بووه‌ته زانایه‌كی گه‌وره‌.

كه له‌ ساڵی 1892دا حاجی مه‌لا عومه‌ر ئه‌فه‌ندی باوكی كۆچی دوایی ده‌كات مه‌لا فه‌ندی ته‌مه‌نی نزیكه‌ی 30 ساڵ ده‌بێ و له‌و ته‌مه‌نه‌دا بووه‌ته جێنشینی باوكی و زانایانی ده‌ڤه‌ری هه‌ولێر و، به زیاده‌وه جێگه‌ی چۆڵی باوكی پڕكردۆته‌وه و هه‌موو كاتێكی خۆی بۆ وانه گوتنه‌وه له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵات ته‌رخان كردووه‌.

له‌‌ماوه‌ی 50 ساڵی مامۆستاییدا پتر له 300 فه‌قێ و موسته‌عیدی وانه داوه و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی مۆڵه‌تی زانستیان له سه‌رده‌ستی وه‌رگرتووه گه‌یشتۆته 100 زانی ئایینی له هه‌موو لایه‌كی كوردستاندا، مه‌لا فه‌ندی هه‌ر زانایه‌كی ئایینی نه‌بوو، به‌ڵكو له‌پاڵ ئه‌م پایه به‌رزه‌یشی كه‌سایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و خاوه‌ن هه‌ستێكی نه‌ته‌وایه‌تی و هه‌ڵوێستێكی چاكه خوازیی بوو، له‌سه‌رده‌می عوسمانیدا به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕوایی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌مدا به فه‌رمانی سوڵتان كرا به نێوبژیوان بۆ كوژانه‌وه‌ی دووزمانی و شه‌ڕی نێوان خێڵه كوردییه‌كانی ناوچه‌كه و توانی ئه‌و ناخۆشی و پشێوییه چاره‌سه‌ر بكات و له پاداشتی ئه‌و كاره باشه‌‌ی سوڵتان مه‌دالیایی "حامی الحرمین الشریفین"ی پێدا، كه به‌رزترین و مه‌دالیایی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی عوسمانی بوو.

له‌گه‌ڵ شكانی سوپای عوسمانی له دوا دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له 1918دا به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی به‌ریتانیا، هه‌ندێ له تورك خوازه‌كان ویستیان به ناوی ئاینی ئیسلامه‌وه له داخی ئینگلیزه‌كان هێرش ببه‌نه سه‌ر شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه و كوشتاری زۆریان لێ بكه‌ن به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ئینگلیزو عه‌نكاوه‌ییه‌كان مه‌سیحین.

به‌ڵام یه‌كێكی ڕیش سپی له‌و كه‌له گه‌رمانه پێی گوتن بابچین بۆ باداوه تا پرسێك به مه‌لا فه‌ندی بكه‌ین، كه ئه‌م باسه‌ی تێده‌گه‌یه‌نن، یه‌كسه‌ر پێیان ده‌‌ڵێ نه‌كه‌ن ئه‌م كاره نابه‌جێیه‌ بكه‌ن، چونكه "ئه‌و ئایینانه‌ی كه له گه‌ڵماندا ده‌ژین، ئاینی ئیسلام فه‌رمانمان پێده‌كات بیان پارێزین و گه‌ر له دژمان نه‌جه‌نگن ده‌بێ پارێزگارییان بكه‌ین!" و بۆ ئێواره‌ له‌گه‌ڵ ده‌مڕاستی هه‌موو بنه‌ماڵه‌كانی شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری كۆده‌بێته‌وه گه‌لێك ئامۆژگارییان ده‌كات و له‌و جۆره شه‌ڕ و دووبه‌ره‌كییه دووریان ده‌خاته‌وه.

خوالێخۆشبوو مه‌لا فه‌ندی له‌سه‌ره‌تای بزووتنه‌وه‌كه‌ی شێخ مه‌حموودی مه‌لیكی كوردستان پشتگیریی كرد، به‌ڵام هه‌ڵوێسته ڕامیارییه‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی هه‌ڵوێسته ئاینییه‌كه‌ی ده‌رنه‌چوو، پتر پیاوی ئایین و شه‌ریعه‌ت بوو له‌وه‌ی وه‌ك ڕامیارییه‌كی سه‌رده‌م ڕه‌فتار بكات.

له بیسته‌كان تاكو سه‌ره‌تای چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا پشتیوانی بزووتنه‌وه‌ی لاوانی كورد بوو، له كۆتایی بیسته‌كاندا گه‌لێك لاوی كوردی خوێن گه‌رم كه له "پارتی خۆیبوون" بوون له گرتن و ڕاوه دوونانی پاراستن له‌وانه: ڕه‌مزی فه‌تا‌ح و ئاسه‌ف ڕه‌ئووفی كۆیی و مسته‌فا چیچۆ و ئه‌حمه‌د فه‌خری و ڕه‌شید موفتی و چه‌ندانی دیكه بوون.

مه‌لا فه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوو، كه هه‌ر مافێكی نه‌ته‌وه‌یی كه ڕێكخراوی "كۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌كان" بۆ كوردی ده‌ستنیشان كردووه، میری ئێراق دابینی بكات.

به‌كورتی ئه‌و كه‌سه كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی كوردستان بوو، له دوای كۆچی داوییدا گه‌لێك نووسه‌ر و شاعیر له‌سه‌ریان نووسی و هه‌ریه‌كه‌ له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه كه‌سایه‌تیی ئه‌و كه‌سه‌یان شیكرده‌وه‌ وه‌ك ئه‌مانه‌ی خواره‌وه:

1- ئه‌مین زه‌كی به‌گی مێژوونووس له‌به‌رگی یه‌كه‌می په‌رتووكه‌كه‌ی "مشاهیر الكرد و كوردستان"دا.
نووسویه‌تی: "مه‌لا فه‌ندی به زانیاریی و چاكه‌خوازی ناوبانگی ده‌ركرد و له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر به درێژایی ژیانی وانه‌ی به قوتابیان گوت و پتر له 100 مۆڵه‌تی داوه به مه‌لای چاك كه به هه‌موو كوردستان بڵاو بوونه‌ته‌وه."

2- كاپتن های: له په‌رتووكه‌كه‌ی دوو ساڵ له كوردستاندا له‌باره‌ی مه‌لا فه‌ندییه‌وه نووسیویه‌تی: "مه‌لا فه‌ندی له كوردستان زۆر ڕێزداره‌ و خه‌ڵكه‌كه هه‌وڵی چاكه و پیاوه‌تی ده‌گێڕنه‌وه، به زیره‌كی باسی بابه‌تی ڕامیاری و زانستی ده‌كرد."

3- هاملتن له په‌رتووكه‌كه‌ی "ڕێگایه‌ك به كوردستاندا" نووسیوویه‌تی: "مه‌لا فه‌ندی دیندار و خواپه‌رستی ده‌وڵه‌مه‌ند، له‌لای هه‌ر كه‌سێكی لێم پرسی بێ زانا و به‌ڕێزبوو و ڕای له دانا و هه‌ستان دانیشتنی بووه و هه‌میشه به چاكه ناویان بردووه و ستایشیان كردووه‌."

4- ئه‌حمه‌د خواجه‌ی مێژوونووس له په‌رتووكه‌كه‌ی "چیم دی؟" به‌رگی سیێیه‌میدا له باره‌ی ڕۆڵی مه‌لا فه‌ندی له پشتیوانی كردنی بزووتنه‌وه‌ی لاوانه‌وه نووسیویه‌تی: "مه‌لا فه‌‌ندی پشتیوانی تێكۆشانی لاوانی ده‌كرد و من و ڕه‌شید موفتی و ئاسه‌ف ڕه‌ئووفی كۆیی هه‌وڵێكی زۆرمانده‌دا بۆ خوێندن به كوردی و ده‌رخستنی هه‌ولێر وه‌ك شارێكی گه‌وره‌ی كوردستان، مه‌لا فه‌ندی به پاره‌ و ده‌ست له پشتدان یارمه‌تی ده‌داین."

5- مامۆستا مه‌سعود محه‌مه‌د له په‌رتووكه‌كه‌ی "گه‌شتی ژیانم"دا له‌لاپه‌ڕه‌ 142 دا ده‌ڵێت: "مه‌لا فه‌ندی له بنه‌ماڵه‌یه‌كی گه‌وره‌‌ی كوردی هه‌ولێره، كاتی خۆی له‌دیوی كوردستانی ئێرانه‌وه هاتوون ... له مه‌لایه‌تیدا به‌ره‌و ژوور چوو بوو تا پله‌ی هه‌ره دوایی ئه‌و كه‌سه، له‌لایه‌ن شۆره‌تی دنیاییشه‌وه كه‌س نه‌بوو له كوردستانی خۆمان له‌وێ تێپه‌ڕاندبێ."

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە