کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ ڕاپەڕین؟ كوردستان كەی وەك میسر و تونسە!

Thursday, 03/02/2011, 12:00




ڕاپەرین لە دژی كێ؟
چۆن بتوانین بۆ چوونەكان لە كوردستان و میسر و تونس لێك نزیك بكەینەوە!
ئایا كوردستان بە گشت كەم و كوڕیەكانیەوە ئامادەیە بۆ گۆڕان لە بنەڕەتەوە؟
ئایا دەورو بەر لە ھەر پشێویەك چ ھەڵوێستێكی دەبێت؟
ئایا یەكسەر داوای ڕووخانی حوكمەتی كوردی بكەین یان داوای گۆڕان لە بەرپرسایەتی و چۆنیەتی بەڕیوە بردنی دەسەڵات؟
لە ھەر گۆڕانێكی كوتو پڕی چەند خەڵكی سادەی كەم دەرامەت ئامادەی ڕۆژانی داھاتووی تێدایە؟


زۆرێك لە ئێمە وا ڕاھاتووین لە گەڵ ھەر پێشھات و ڕووداوێك لە جیھاندا پەنجەمان ڕووی لە ئەمریكا یان ئیسرائیل بێت. بەڵام ئەمجارە جیاواز لە جاران! بە پێچەوانەوە، لەوانەیە ئەمریكا زۆربەی جاران وەك چاودێرێكی جیھانی و بۆ وەبیر ھێنانەوەی باڵا دەستی خۆی بۆ سەرۆكە سەرە رۆ و لە خۆبایەكان ئاگاداری یان پێشنیاری لە بارەی كەم و كورتی لە بەڕێوە بردنی دەسەڵاتدا لە وڵاتەكانیاندا كردبێت. تائەوئەندازەی بەرژەوەندی خۆی پارێزراو بووبێت، بێ گۆیدانە لایەنە مرۆڤایەتییەكەی كە وڵاتی ئەمریكا لە سەری دامەزراوە ئەوە دیكتاتۆرەكانیش پارێزراو بوون.
زۆربەی ڕژێمەكان لە جیھاندا بەپێی پلانێكی كوتمەو داڕێژراو بە ئارەزووی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەست بەكار یان لادراون كەبە پلانی A یان تەنھا دەكرێ بە پلانی ڕووت ناوی ببەین، زلھێزەكان ھەردەم لە پێش پێشھاتەكانەوە بوون و لە وڵاتی تەڵە بۆ دانراو پێش ئاڵ و گۆڕ كرن و كێشە بۆ نانەوەیان، ھەردەم كەوتوونە خۆ خڕكردنەوەی ھاوڵاتیانی خۆیان كەم یان زۆر لە شۆینی كارەسات دووریان خستونەتەوە. ئەوەی لە تونس ڕوویدا چاوەڕوان نەكراو بوو، بەڵام دەبێ بزانین كە گۆڕینی وڵاتانی ڕۆژھەڵات لە ھەر دیكتاتوریەك و سیستەمێكی تر بۆ دیموكراتەكردنییان لە ئەجەندەی ئەمریكادایە لە كات و شۆێنی خۆیدا و بە پێی ویستی خۆیان، بەڵام ھیچ كامێك لە ئەمریكاو ئیسرائیل پەیوەندیان بە خۆسوتانی بولعزیزەوە نە بوو و داوای خۆسوتانییشیان لێنەكردبوو ، ئامادە كاریشیان نەبوو بە پێچەوانەوە ئەمریكا و ئیسرائێل زۆرێك لە بەرژەوەندیان كەوتۆتە بەر مەترسی، ھەرچەند لە پلانی Z-B دا گەڕان بەم پەلەیە كەسێك ئامادە نەكرابوو لە سەرۆكی لا براو دڵسۆزتر بۆ بەرژەوەندیەكانیان بەتایبەت ئیسرائیل كە لە ناوچەكە نزیكە، كار گەیشتە ئەو ڕادەی كۆنگرێسی ئەمریكی دنگی بۆ 12$ ملێۆن دۆلار دا لە پێناو پاراستنی ڕژێمی بن عەلی و بۆ كڕینی گازە فرمێسك ڕێژەكان ، بۆبەرنگار بوونەوەی لە خۆپێشاندانەكاندا، تا ئەو كاتە بۆ ئەمریكا ڕوون بۆوە كە ھیچی تر ناتوانێت پارێزگاری لە ڕژێمی تونسی بكات ئەمجا كەوتە لاواندنەوەی گەلی تونس و دەست خۆشی لێكردنیان، پەنایان بردە بەر پلانی(بی) ، ئەویش بە دیموكراتی كردنی جیھانە لە ڕیگای ئاشتیەوە ، ھەرچۆن لە ساڵانی 1980 لە ئەوروپای رۆژھەڵاتدا لە ھەوڵی پەیرەو كردن و ناساندنی دیموكراتیەت بە شێوەی ئاشتیانە و ڕووسپی كردنی ئەمریكا و ڕووڕەش كردنی ڕوسیای كۆمۆنیست دابوون، ھەر ئاواش ئامانجیانە دەست بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ببەن و بەمەرجێك بێ زیان لەسەر خۆیان تەواو ببێت، چونكە ئەو بیرۆكە ئاینیەی چ ئیسلام چ مەسیحیەت (جولەكە لە ئیسرائیل سیستەمی دیموكراتی تەواوی ھەیەبۆ یە جولەكە ناخەیەنە ناو ناوانەوە) ،لە ناوچەكەدا خەڵكی لەسەرن زۆر زیاتر لە بیرۆكەی كۆمۆنیستی پارێزگاری بە گیان و ماڵ لێدەكرێت، خەڵكی ئامادەی سازش نین لەسەری و تائیستاش بیرو باوەڕەكە زیندوەو لەوێنەی كۆمۆنیستی ھەرەسی نەھێناوە خەڵكی لە شێوەی خەڵكی ئەوروپای ڕۆژھەڵات لە دەست بیرۆكەكان پەنگیان نەخواردۆتەوە، تابگاتە تەقینەوە بەڕوویان دا. نمونەیەكی تر لە بێ ئاگای ئەمریكا لە ڕووداوەكان و لە گەڵ داكشانی ڕاپەڕینەكان بەرەو میسر و ڕووبەڕوو بوونەوەی خەڵكی لە گەڵ دیكاتوری میسر، ھێڵی ئاسمانیEL-AL كە ھێڵێكی فڕینی ئیسرائیلەیەو زۆربەی فرۆكەوانەكان لە جولەكە ارتۆدۆكسەكانن و ڕۆژانی شەمە كار ناكەن ، بەناچاری لە شەمەی ڕابوردوودا و لە پێناوی ڕزگار كردنی گیانی خەڵكی جوو لەم پشێویەی میسری تێكەوتوە بەروە ئەو وڵاتە فڕین، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكی زۆر بەتوندی كەوتۆتە سەركونە كردنی نۆینەرە ئەمریكیەكان لە بێ ئاگادار بوونیان لەم ناوچەیە، تا كار گەیشتۆتە ئەوەی لێان بپرسن ئاخۆ ئەوان خەریكی چین! یان وتارە تەماویەكەی ئۆبامە كە بۆكەسی ڕوون نەكردەوە پاڵپشتی گەلە یان ڕێژێمی میسری ، بۆیە دەكرێ بڵێین لەم كاتەدا وڵاتە زل ھێزەكان لە ناو پلانەكانی Bدا دەگەڕێن ، ھەر كام لە بەرەی گەل و بەرەی دەسەڵات چارەنوسیان بە ڕێكەوتەوە بەندە (surprise) لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.


ئێمە وەك كورد ! دەكرێت زۆر پرسیاری تر لە خۆمان بكەین و خۆمان بخەینە ژیر تێبینی و گریمانەكانەوە، ئەو گریمانانە پێویستدەكات پێش ھەر كەسێك ژیانی ئەو خەڵكە بێ چارەیەی كە ڕۆژانە بەدوای قوتی خۆیەوەیەتی لەبەرچاو بگرێت، نەك لەبەرەژەوەندی تایبەت بە چەند كەسانێك بێت، پێویستە ھەركەسێك داوای سیستەمێك دەكات جیاواز لە وەی ئێستامان بزانین چ ئامادەكاریەكیان كردوە بۆ ھەر پیش ھاتێكی چاوەروان نەكراو.
ھیوادارام لەم بۆچوونانەم دا ھیچ كەسێك وا نەزانێت سۆزم بۆ دەسەڵات ھەیە! بەڵكو من بە دیدی خۆم وای دەبینم پێویست دەكات پێش ئەوەی لایەنێك یان بزوتنەوەیەك بخۆیننەوە ئەوە ژیانی ئەو خەڵكە ڕەش و ڕووتە و بەرژەوەندیان لە بەرچاو بگیرێت، و بە شێوە زانستیەكەی لێكۆڵێنەوەو بۆچوونەكانمان بخەینە ڕوو.
كاتێك ڕاپەڕینك دەكرێت دەبێت بزانین كێ ڕابەری ئەو ڕاپەڕینە دەكات ، ئایا سەركردەیەكی خاوەن ڕابردووی خاوین تەنھا دەتوانێت ڕابەرایەتی سەرتاپا خەڵكانێك كە نوقمی گەندەڵین لەم ڕۆژگارەدا لە ژێر چەند ناوێكی جیاواز و مەبەستی جیاواز لێ گردبونەتەوە بكات.
یان خەڵكانێكی گەندەڵ بە گەندەڵتر دەگۆڕین كورد دیسانەوە 20 ساڵی تر چاوەڕێ بێت تا ئەم دەستەش ڕوون دەبێتەوە. كورد ڕاپەڕینی 1991 بۆ نان نەكرد، بەڵكو بۆ ئازادی بوو بۆیە دەبێت بزانین ئەم ڕاپەڕینەی بۆ جاری دووھەم داوای دەكەین بۆ چیە بۆ كێیە! دەكرێت لە جیاتی ناوی ڕاپەڕین ناوی ڕێپیوانی لێبنین یان ڕێپوانی سپی، دەشكرێت لەم سەردەمە دژوارەدا كە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێدەپەڕێت و چاوی جیھانی لەسەرە مێژویەكی ئاشتی خۆازانە بۆخۆمان تۆمار بكەین و بە شێوازیكی داھێنەرانە و شارستانیانە ڕێپوانێك ساز بكرێت و دوو ئامانج بە بەردێك بپێكرێت، بە جیھانیش بگوترێت ئێمەی كورد گەر بوارمان ھەبێت داھینەر و ئاشتی خۆازین ، خاك و دەسەڵاتەكەشمان بە ھیچ شتێك ناگۆڕینەوە، لە ھەمان كاتدا داواكاریەكانیشمان بە حكومەت و سەرۆكی حوكمەت بگەیەنین، دەبێت ئاگامان لەوە بێت زۆر بەی ڕاپەڕین و ڕیپیوانەكان لە دەست دەردەچن و دەكەونە دەست چەند كەسانێك كەوا لە زۆربەی شۆرشەكانی جیھانی لە سەدەی 19 دووبارە بوونەتەوە و ناویان بە بەڕەڵاخوازان یان تاڵانچی و سەرپێچی لەیاسا (الفوچويه‌ an-archie) دەبردرێت، كە دەكرێت تا ئێستا لە ناو زۆربەی گەلانی جیھانی سیھەم دا ھەرمابێت و بەتایبەت كورد كە زۆرن ئەوانەی لە ھەوڵی پەك خستنی ھەر پێشھاتێك لە بەرژەوەندی كورد دا و ئارەزووی پاشا گەردانین و خۆپەرستن.


ئێمە لە ھەرێمێك دەژین پێویستە لە یادمان بێت خاوەنی نیمچە سەر بە خۆین و سەر بەخۆیەكانمان دیاری كراون ئەوەش بە دەست ئێمە نیە، بەڵكو ئێمە و لە ئێمەش مەزنتر لە ناوچەكە زۆربەی پرسە گرنگەكانی لە دەست دا نیە، ناش كرێت بڵێن دەی گەر دەزانین وایە ئەی بۆچی ناومان حوكمەتە و لە پێناوی سەربەخۆی بۆ ھەوڵ بدەین! نابێت ئەمەشمان لە یاد بچێت سیاسەتی وڵاتان بەرامبەر بە میسر و تونس لە چوار چێوەیەكی تردایە لەگەڵ سیاسەتیان بەرامبەر بەم چەند وڵاتانەی خۆمان واتە ئیران و عێراق و توركیا وسوریا ...ھتد ، ھەرچەند ئیسرائیل و ئەمریكا خوازیاری گۆڕانی ڕژێمی تونس نەبوون بەڵام ھەر لە گەڵ داگیر كردنی كوێت لە لایەن عێراقەوە حسنی مبارك یەكێك بوو لە ھەرە بەرھەڵستكارە توندەكان لە ئازاد كردنەوەی لە ساڵی 1991 ، ھەروھا لە دوای ساڵی 2003 دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام و دامەزرانی دەوڵەتی عێراقی تازە ،ھەمدیسان یەكێك بوو لەو لایەنانەی كە زۆر دەمار گیرانە بەرامبەردامەزران و دان پێدانانی دەوڵەتی عێراقی تازە، ئەم داخ خۆاردن و پەنگ خواردنەوەی ئەمریكا لە میسر گشتی كردبوو قوربانی ھێنانی ئاشتی بۆ ئیسرائیل و پڕۆسەی ئاشتی لە ناوچەكە، كە زیاتر بوو بۆ بەرزبوونەوەی مبارەك و دەست لێبەرنەبوونی ، ھەروەھا ترسی ئیخوان مسلیمن و پەڕینەوەی شیعە ھۆكاری دووھەم بوون،ئەم ترسە ئێستا لە دڵی ئەمریكایەكاندا ڕەویوەتەوە باوەڕیان وایە خەڵكی سونی خۆیان ڕێگر بن لە پەڕینەوەی شیعەوە و ھەروەھا لە توانایاندابێت ھەڵسوكەوتیش لە گەڵ ئیسلامی سیاسی دا بكرێت، لەوتارێكی پێشوتر ئاماژەم دابوو كە شەڕی نیوان عەرەب و ئیسرائیل لە پێشەو كورد پێویستە لە ھەل دابێت، كەئەمە خۆی لە خۆیدا نیشانەی كۆتای ھاتنی ئاشتی نیوان میسر و ئیسرائیل دەبێت گەر ڕۆژئاوا زۆر بە وردی چاودێری گۆڕانی دەسەڵات نەكات لە ناوچەكە ، ھەرچەندە ئەم ڕاپەڕینانە لە لایەن ڕۆژئاواوە بەرنامە ڕێژ نەكرابوو چارونوسیان داوەتە دەست ڕۆژگار و لە ھەمان كاتدا دەست بۆ پلانی B دەبەن بەرامبەر بە ڕووداوە كتو پڕیەكان، ەدەبێت زۆر لامان ڕوون بێت ئەم دوو وڵاتە بەرامبەر بە (ھەریمی خۆمان) و وڵاتی عێراقی لە ڕووی گرنگی جێگە وپێویستی و بۆ ڕوژھەڵات و ڕوو سوری ئەمریكا بۆ سەركەوتنیان لە جیھان و ناو خۆی ئەمریكا لە پێناوی وەر گرتنی متمانەی گەلەكەیان لە ھەر جەنگێكی تر بەراورد ناكرێت، كەواتە نابێت لە ھەر ڕاپەڕینك ھاو شێوەی ڕاپەڕینی 1991 چاوەڕێی پشت گیری لە ھیچ وڵاتیك بكەی چوونكە ڕاپەڕینی 1991 مەبەست و ئامانجی دەرەوەو سەرتاپای خەڵكی كوردستانیشی پێكا، گەر بەئومێدی پشتگیری دەرەوەش نەبین ئەوە دووبارە ھەڵەی شۆرشەكەی شێخی نەمر دووبارە دەكەینەوە. لە وانەیە شمشێرێك ھەڵكێشین ھەر دوو سەرەكەی تیژ بێت و سەری ھەردوولامان ببڕێت.

دەڵێن "چاكی مەكە با خراپ نەبێت" ،
بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەندە باوەر بە خۆیە لە وانەیە توشی لە خۆبای سیاسی بوو بێت، ھەربۆیەش یەك سەری داوای گۆڕان و لێك ھەڵوەشانەوەی گشت دام و دەزگاكانی دەسەڵاتی كوردی دەكات، كەئەمە خۆی لە خۆی دا بەرناگار بوونەوەیەكە لەگەڵ مەحاڵ دا،ئەم مەحاڵەش لایەنە خراپەكانی زیاترە لە لایەنە بەسوودەكانی كەناكرێت لێرەدا باسیان لێوە بكرێت ، لایەنەكانی تری كوردستانی چاك دەزانن ئەم بانگھێشتنە گشتگیریەی گۆڕان تەنھا جەنگێكی دەرونی و بۆ ھاتنە ناو بازاڕی سیاسەتەو ھیچی تر، ھەروھا نابێ بزوتنەوەی گۆڕان لەیادی بچێ و بەم ھەڵەیەدا تێبپەڕی كە باوەڕی وابێ گشت جەماوەری كوردستان خوازیاری گۆڕانن، ئەوەندەی گۆڕان خەڵكی توند و ئارەزوو مەندی بۆ گۆڕان ھەیە پارتی و یەكیەتی چەند بەرامبەر بۆ حیزبەكانی خۆیان ھەیەو بە ھێمای پیرۆزی دەزانن .
ڕۆژگاری ئەمرۆ جگە لە (چاك سازی گەندەڵێیەكە) نەبێت بۆكورد ھەرئەوەندەی ھەڵدەگرێت ناتوانرێت ھەنگاوە نەتەوەیەكان بۆ بنیات نانی دەوڵەتی كوردی لەمە زیاتر بەرەو پێش بچێت، ئەگەر ھەنگاو بە ھەنگاو نەبێت، بیركردنەوەیەك لەمە زیاتر لەوانەیە خۆ كوژی بێت، بەڵام دەكرێ داوا نەتەوەیەكانمان زیاتر و پێگەیاندنی نەوەكان لە سەر خواست و ئامانجە نەتەوەیەكان بن، گەر مەبستی گۆڕانیش تەنھا لابردن و خۆش گوزەرانی خەڵكی بێ، ئەوە دەپرسین چ گەرەنتێك ھەیە! ئەم كۆمەڵەی گۆڕان بەھەشتی خەونەكانمان بۆ دەھێنێتە دی. وە پێشنیارم بۆ گۆڕان ئەوەی كەوا داوایە نەتەوەیەكان زیاتر بێ ھاوشان لەگەڵ داوای جێبەجێ كردنی پڕوژەكاندا ھەوڵ بدا ھەر چۆن ڕابەری ئەم بزوتنەوەیە بە كەسێكی نەتەوەی ناسراوە ببێت سیفەتە راستیەكەی خۆی وەر بگرێت وببێت بە قوتابخانەی پێگەیاندن و شۆردنەوەی بیری گەنج و جۆش دانیان بە پرسە نەتەوەیەكان، لەبەرئەوەیی نەوەی ئێستامان گەندەڵی لە خۆیندایەو چارەسەركردنیان زۆرتر خەرجی دەوێت لە پێگەیاندنی نەوەیكی ڕۆشنبیرو خاوەن ھەڵوێست بەرامبەر بە گەل و خاكەكەی.

پێویستە پارتە دەسەڵاتدارەكانی ھەرێمی كوردستانیش ئاگاداری ئەوە بن ھەرچەند بەرژەوەندی ڕۆژائاوا لەم ناوچەیە زتاتر بێت بەڵام لەھەمان كاتدا ئەمریكا و ڕۆژئاوا بەگشتی باریان نیە، چۆن كورد دەڵێت (نیسكن) و لەگەڵ بەرژەوەندی خۆیان دەگۆڕێن و بەدوای پەیدا كردنی لوقمە نانێكن بۆ نەتەوەكەیان و لە ھەر كارێكیاندا چاوەڕێی ڕەزامەندی نەتەوەكەیانن، ئێمەش وەك كورد نە سعودیەو و نە توركیا و نە........ھتد ھاو شێوەی میسر و تونس ھاو سۆزمان نین و لە ھەوڵدانی سڕینەوەماندان ، بە دەست لە پشتدانێك نەكەونە مەلە ، ئەوەی كە زیاتر جێی بایەخدانی دەسەڵاتی كوردی بێت پێویستە باری ناوخۆ و گۆێ گرتن لە بەرامبەر و بەتایبەت لاوەكانمان زۆر بە توانان داھێنەریشن، وە دوور خستنەوەی ھەر ڕاوێشكاریكی بێ ھەڵوێست و و دەمار گیری حیزبی و ترسنۆك لە شیكردنەوەی ھەل و مەرجەكان بۆ سەركردەو و قسەكەردنیان بە ئارەزوی دەسەڵات و لە خشتە بردن و بەھەڵە بردنیان لە پێناو چەند بەرژەوەندێكی تایبەت و ئافەرینێك، كە دەبێتە ھۆی دوور كەوتنەوەی ڕابەر لە گەلەكەی و نەدیتنی ڕاستیەكان و لە دایك بوونی دیكتاتۆریەت و مێژووی دیكتاتۆرەكانیش پێویست بەڕوونكردنەوە ناكات نزیك ترینیان ئەوەی تونس بوو. ھەروەھا خۆ گرتن لە بەتەعریب كردنی كوردستان كە بۆتە مایەی بێزاری خەڵك ڕۆشنبیران لە ناوخۆ و دەرەوە، ڕوون كردنەوەی پێشھاتەكان بەم شێوەی كەھەیە بۆ گەڵ و ڕێنمای كردنیان و دوور خستنەوەو لێپرسینەوەی خەڵكی تەمبەڵ و نا بەرپرسیار و دانیشتن و گۆی گرتن لە لاوانی نا حیزبی و سەربەخۆ و وەرگرتنی پێشنیارەكانیان بەھەند. .. .. ھتد. ئەمانە مشتێكن لەخەرمان كە باسمان كردن ، نابێ لە یادمان بچێ سەردەم گۆڕاوەو تەنانەت داوا كاری منداڵەكانمان و ھەڵسوكەوت بیركردنەوەیان زۆر لە سەردەمێك كە زۆر دوور نیە جیاوازە جا بۆ میللەتێك كە گشت تەمەنی لە شۆڕش وتێكۆشاندا بەسەر بردبێت، بۆئەوەی كوردستان بە جەنگێكی ناو خۆی تردا نەڕوات پێویستە دەسەڵات گۆێ بیستی بەرھەڵستكاران بێت و سازش لە سەر زۆرێك لە مافەكانی خۆی بكات.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە