کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قه‌ت مه‌که‌ له‌عه‌ره‌ب مه‌رحه‌با، هه‌م ئه‌خوا، هه‌م ئه‌با(په‌ندی کوردی)

Friday, 08/01/2010, 12:00


بۆ هه‌رسێ به‌ڕێزان(ڕابه‌ر ئاپۆ، کاك نه‌وشیروان و کاك که‌مال میراوده‌لی)

به‌ڕێزان وه‌ك ئه‌زانن میله‌تی کورد چی دی باوه‌ڕیان به‌م سه‌پێنه‌رانه‌ی ئێستای خۆیان نه‌ماوه‌ ، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی جگه‌ له‌سازش و سه‌رشۆڕی هیچی تریان بۆ کورد ده‌ستبه‌ر نه‌کردوه‌. ئه‌م دوو سه‌پێنه‌ره‌(بارزانی وتاڵه‌بانی) بونه‌ته‌ مایه‌ی زیان بۆ هه‌نووکه‌و داهاتووی میله‌ته‌که‌مان، بۆیه‌ ناتوانرێ له‌مه‌ زیاتر ڕووی ده‌مان بکه‌ینه‌ ئه‌وان و به‌رچنه‌ی هیوامانیان له‌سه‌ر هه‌ڵچنین. ئه‌م دوانه‌ جگه‌ له‌سه‌ر شۆڕی بۆ دوژمنانی کورد و کوشتنی حه‌زو ئاره‌زووه‌کانمان له‌مافی چاره‌ی خۆنوسین وه‌ك هه‌ر هاوڵاتیه‌کی ئه‌م سه‌ر گه‌ردوونه‌،هیچی ترمان لێ نه‌بینیون، که‌چی ئه‌وه‌نده‌ موو نه‌رمن له‌ئاست بێگانه‌دا تا وای لێهاتوه‌ له‌و که‌لاوه‌یه‌ی که‌خۆیان به‌زۆری زۆرداری دروستیان کردوه‌و ڕۆڵه‌کانی میله‌تیان به‌ره‌و ئه‌و دۆزه‌خه‌ی به‌ناوی کێشه‌ی مه‌زهه‌بی و تایه‌فیه‌وه‌ خسته‌ نێو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی خۆیان وبنه‌ماڵه‌یانه‌وه‌ ،که‌ تا ئێستاش ئاماده‌ نین ئه‌و ڕێچکه‌ چه‌وته‌ به‌ربده‌ن و بۆ ساتێکیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که‌تینوی ئازادی وسه‌ربه‌ستیه‌.

سه‌ره‌تا داوا له‌پارێزه‌ به‌ڕێزه‌کانی ڕابه‌ر ئاپۆ ئه‌که‌ین که‌ سڵاو وپه‌یامی گه‌له‌که‌مانی پێ بگه‌ینن وله‌م مه‌رجه‌ نوێیانه‌ی گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان هۆشیاری بده‌نێ، که‌ئێستا نه‌ك هه‌ر کوردستانی باکوور تووشی پاکتاو کردنی نه‌ژادی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی بۆته‌وه‌، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌تا له‌ که‌لاوه‌که‌ی تاڵه‌بانی به‌ناوی عێراقیش وا عه‌ره‌به‌ شوڤێنیستیه‌کان هه‌مان ڕێچکه‌ی تورانیه‌کانیان گرتوه‌و ، په‌یامیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ کوردبوون لێره‌ش یاساغ و قه‌ده‌غه‌یه‌،نه‌ك هه‌ر له‌تورکیا. ئه‌وان سه‌رۆکی کورد و شالیاری کورد وه‌ك خزمه‌تکارێکیش قبوڵ ناکه‌ن، چجای میله‌تی کورد. لێره‌وه‌ پێوستیمان به‌هاریکاری وهه‌ماهه‌نگی په‌یامی سیاسی گشیگیریانه‌یه‌و پێوسته‌ له‌مه‌ترسیه‌کانی ئه‌م هه‌وڵه‌ی شوڤێنیه‌ نوێکان گه‌له‌که‌مان هۆشیار بکرێته‌وه‌. بۆیه‌ داواکارین له‌به‌ڕێزت که‌ نه‌خشه‌یه‌کی خێراو به‌په‌له‌ دابڕێژن له‌گه‌ڵ دڵسۆزانی گه‌له‌که‌مان تا بتوانین به‌ره‌و ڕووی ئه‌و ململانیه‌ نوێیه‌ ببینه‌وه‌.

په‌یاممان بۆ به‌ڕێزان مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و پیاوانی ئایینی گشت ئاینه‌کان له‌کوردستان. وه‌ك ئاشکرایه‌ میله‌تی کورد زۆرینه‌ی هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئایینی ئیسلامه‌، وه‌ له‌کۆنه‌وه‌ پیاوانی ئایینی ئێمه‌ میله‌تیان له‌سه‌ر کرۆك وکاکڵه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ی ئایین په‌روه‌رده‌ کردوه‌و ، نه‌یان هێشتوه‌ ئایین بۆمه‌به‌ستی خراپ به‌کاربهێنرێ، بۆیه‌ هه‌موو کاتێ ئایین لای کورد پێگه‌یه‌کی گرنگی هه‌بوه‌و توانیویه‌تی له‌ته‌ك خۆشیا، چه‌ندین بۆچوونی جیاوازی له‌خۆگرتبێ وباوه‌ڕی به‌سیکۆلاریزم کز نه‌بوبێ، ئه‌م خه‌سله‌ته‌ وای له‌ئایین کردوه‌، ڕه‌زا گران ده‌رنه‌که‌وێ وله‌هه‌موو سوچ و قۆژبنێکی ئه‌م کوردستانه‌دا ژماره‌ی مزگه‌وت وپه‌رستگاکان هه‌رده‌م له‌زۆر بووندا بوون، دیاره‌ ئه‌م شوێنانه‌ش جگه‌ له‌خوا په‌رستی چه‌ندین کاری مرۆیی و مرۆڤدۆستان وله‌هه‌مان کاتدا شوێنی حه‌وانه‌ی پێشمه‌رگه‌و گوێگرانی کادیران بوه‌. خۆ مزگه‌وته‌کان ناکرێ له‌وه‌ به‌ده‌ربن که‌چه‌ندین شاعیرو بیرمه‌ندو ڕۆشبیری بۆ گه‌له‌که‌مان هێناوه‌ته‌ کایه‌. ئێدی له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئه‌م به‌ناو شاعیره‌ی عه‌ره‌ب(سه‌میر سه‌بیح) له‌به‌ر چاوی کامێراکان وچه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مان وکه‌سایه‌تی ناودار به‌چه‌پ وبه‌ڕاست که‌وته‌ وێزه‌ی ئه‌و میله‌ته‌ی که‌ هه‌رده‌م خوازیاری ئاشتی و ته‌بایی وپێکه‌وه‌ ژیانی له‌گه‌ڵ دروسێکانیدا هه‌ڵبژاردوه‌. دێت جامی غه‌زه‌بی خۆیی وکه‌لتوری عه‌ره‌بی له‌کوردا خاڵی ئه‌کا. بۆیه‌ گه‌ر بکرێ، پیاوانی ئاینی له‌ڕۆژی کۆبونه‌وه‌ی هه‌ینیدا گوتاریان له‌دژ ئه‌م پرۆسه‌ نه‌گریسه‌ بخه‌نه‌ گه‌ڕ. هه‌وه‌ك چۆن له‌کاتی هێرشه‌کانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌زه‌ میله‌تی کوردیان نارده‌ سه‌رجاده‌، ئاواش کارێکی له‌م جۆره‌ پێوستی به‌خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی هه‌ستی میله‌تی موسڵمانی کورد هه‌یه‌. باله‌ ئێستاوه‌ هانی براو خوشكه‌ موسڵمانه‌کانمان بده‌ین که‌له‌گه‌ڵ خودای خۆیدا به‌زمانی پاراوی کوردی ئاخافتن بکا، گه‌نجه‌ موسڵمانه‌کانمان با قورئان به‌زمانی کوردی بخوێنه‌وه‌. هه‌روه‌ها فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ر، گوزارشت وچیرۆکه‌کانی نێردروه‌کانی تر ، با کوردی وزمانی کوردی بکرێنه‌ سه‌رچاوه‌ی خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتنیان . باله‌مه‌و دوا گریبه‌سته‌ گیانیه‌کان له‌نێوان هاوسه‌رگیردا، با ته‌ڵقینی مردوه‌کان ، بۆنه‌ ئایینیه‌کان ، کوردی بن.

بۆ کاك شێرکۆ بێکه‌سی شاعیر و په‌خشی سه‌رده‌م وکاك ئاسۆس هه‌ردی. به‌ڕیزان ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ به‌خۆدا بچنه‌وه‌و بزانن له‌کاتێکدا شاعیرێکی عه‌ره‌بی وه‌ك (ئۆدۆنیس)ده‌عوه‌ت ئه‌که‌ن که‌ به‌چه‌ندین ملێۆن دۆلارتان سه‌رف کرد بۆ ئه‌وه‌ی ته‌شریف بێنێته‌ کوردستان وچاوی به‌ده‌زگای په‌خشی سه‌رده‌م بکه‌وێت . که‌چی ئاماده‌ نه‌بووه‌و نیشه‌ که‌ دێڕێ به‌سه‌ر کوردو خه‌باته‌که‌ی بڵێ، خۆ هیچ کات ڕه‌خنه‌ی له‌ سه‌دام وئه‌و ڕژێمانه‌ نه‌کردوه‌ که‌دژ به‌کوردو میله‌ته‌ به‌شخوراوه‌کان، چه‌کی کیمیاوی وپاکتاو کردنیان به‌ئه‌نجام گه‌یاندوه‌‌. ده‌با به‌س بێت وچی دی پاره‌ی ئه‌م میله‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌و عه‌ره‌ب وشۆڤینیستانه‌ سه‌رف نه‌کرێ . با کاك ئاسۆس ئه‌و مه‌دالیایه‌ی له‌عه‌ره‌بێکی وه‌رگرت ڕه‌تی بکاته‌وه‌و بڵێ من مه‌دالیای گه‌لی خۆمم مه‌به‌سته‌، من به‌چی ئه‌چی خه‌ڵات بکرێم له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌و له‌ولاشه‌وه‌ میله‌ته‌که‌م پیلانی پاکتاوکردنی بۆ ساز بده‌ن. لێره‌وه‌ هه‌ڵوێستی ڕۆشنبیرانه‌وه‌و کوردایه‌تی ڕۆڵێ گرنگو مێژوویی خۆی ئه‌بینێ.

بۆ کچان وکوڕانی گه‌نجی کوردستان. خۆشه‌ویستان ئه‌وه‌ ئێوه‌ن زیاتر به‌ره‌و ڕووی کێشه‌و قه‌یرانه‌کان ئه‌بنه‌وه‌. ئه‌وه‌ ئێوه‌ن پێمان ئه‌لێن چۆن چۆنی چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ کێشانه‌ بکه‌ین. ئێمه‌ هیوای گه‌وره‌مان پێتانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێوه‌ نه‌وه‌ی ،،گۆڕانن،، واته‌ گه‌لێ ووشیارن. بۆیه‌ په‌یامی ئێمه‌ بۆ ئێوه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه،‌ له‌ئێستاوه‌ بایکۆتی هه‌موو به‌رهه‌مێکی عه‌ره‌بی بکه‌ن وچی تر با خانمان وپاکیزه‌کانمان سه‌یری ئه‌و که‌ناڵه‌ عه‌ره‌بیانه‌ نه‌که‌ن و مۆرێکی ڕه‌شی لێبده‌ن. چی دی سی دی گۆرانیبێژه‌ عه‌ره‌بیه‌کان مه‌کڕن و گوێی لێ مه‌گرن.

کاك نه‌وشیروان، ڕاستیه‌ك هه‌یه‌ که‌ هیچ کات به‌قه‌د ئێستا میله‌تی کورد ووشیار نه‌بوه‌و ، هیچ کاتیش ئه‌وه‌نده‌ یه‌کڕیز نه‌بوه‌، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ڕیزی گه‌لدان که‌سانی دڵسۆزو چاپك و زۆرینه‌ن، لێ ڕێکخستیان کارێکی ئاسان نه‌بوه‌و نیشه‌، بۆیه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ی به‌ڕیزتان بۆ ئه‌م کاته‌ گه‌لێ به‌به‌رزی ئه‌نرخێنرێ وپێوسته‌ به‌هه‌موان پشتگیری لێبکه‌ین. ده‌زگای میدیای سه‌ربه‌خۆ ئه‌رکی گه‌وره‌و سه‌ره‌کی ئه‌که‌وێته‌ سه‌رشانی، بۆیه‌ ده‌زگای ووشه‌ له‌ته‌ك میدیا سه‌به‌خۆکانی تر وه‌ك کوردستان پۆست،هاوڵاتی، لیڤین وئاوێنه‌ پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌چۆن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا بسازێن و ڕۆڵی میدیای چه‌واشه‌ی ده‌سه‌ڵات ئاوه‌ڵا که‌ن. پێوسته‌ ئه‌م میدیای به‌رهه‌ڵستکاران فشار بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات که‌ چی دی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی دوای ساڵی 2003 وه‌ به‌هۆی ناله‌باری باروو دۆخی ئاسایشی عێراق هاتونه‌ته‌ کوردستانه‌وه‌ ، ده‌سه‌ڵات ناچار بکرێت بنێردرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێوسته‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ی ده‌سه‌ڵات تێك و پێك بشکێنردرێ سه‌باره‌ت به‌هێنانی عه‌ره‌بی فه‌له‌ستینی بۆ کوردستان. لێره‌وه‌ گه‌ر کوردستان پێوستی به‌ خه‌ڵکانی کاراو پسپۆر هه‌بوو، ئه‌توانرێ له‌جێگای تروه‌ بۆی بهێنرێ، نه‌وه‌ك له‌ عێراقێکه‌وه‌ که‌بیه‌وێت پاکتاومان بکات.

سه‌رۆکی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژێراو به‌ڕێز میراوده‌لی، به‌ڕێزم له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دۆزی کورد ڕۆژ دوای ڕۆژ له‌داکشان وڕوو له‌نشێویه‌، دیاره‌ هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌زویرچیه‌کی وه‌ك مه‌سعود ڕۆژانه‌ سازش و چاو شۆڕی بۆ دوژمنانی گه‌له‌که‌مان ئه‌کاو گه‌لێ به‌کارێکی شۆڕشگێڕی ئه‌زانێ، ئه‌وه‌تا له‌نرخی ده‌نگدان و ژماره‌ی کورسی په‌رله‌مان له‌به‌رانبه‌ر په‌یمانی ته‌له‌فونی بێ به‌رامبه‌ر ئه‌کاو وه‌ك سه‌رکه‌وتن له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و گه‌له‌ی ده‌نگی پێ نه‌دا ، په‌یڕه‌و ئه‌کا. بۆیه‌ وه‌ك سه‌رۆکێکی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌رکێکی گه‌لێ قورس له‌کۆڵته‌و دڵنیاین له‌وه‌ی چه‌ند له‌توانای خۆتا بێ،به‌ئه‌نجامی ئه‌گه‌یه‌نی و هه‌وڵ ئه‌ده‌یت میله‌ته‌که‌مان ئاسووده‌ ئه‌که‌ی، بۆیه‌ هه‌ر هه‌وڵێکت بۆ ڕێگرتن له‌م پرۆسێسه‌ی عه‌ره‌به‌ شۆڤێنیه‌کان دژی گه‌له‌که‌مان له‌ ئاشکراکردنی ئه‌م هه‌وڵه‌ نه‌زۆکه‌ بۆ جیهان و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و ڕۆڵی ئه‌ورۆپا و ئه‌مریکا و یه‌کخستنی توانای ڕه‌وه‌ندی کورد له‌ سه‌رتاپای جیهان و جۆش و خۆرشیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ، به‌ سه‌رکه‌وتنێك وئه‌رکێکی نیشتمانی ونه‌ته‌وه‌یی هه‌ژمار ئه‌کرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە