كێ تاوانباری پیلانی تەعریبی یەزیدییەكانە؟
Tuesday, 11/06/2013, 12:00
1868 بینراوە
ماوەیەكە ئەنوەر مەعاویە كە بەرەگەز عەرەبە، لە سایتی زیقاری سەربە حیزبی بەعس (
http://www.dhiqar.net/Det.php?pid=464) لێدوان دژی نەتەوەی كورد ئەدات و ئەیەوێ یەزیدییەكان لە نەتەوەی كورد جیا بكاتەوە.
تائێرە رەنگە بۆ عەرەبێكی بەعسی ئاسایی بێت، بەڵام ئێستا كۆمەڵێ لەو كەسانەی خۆیان بە نوسەر و رۆشنبیر ئەزانن، بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەكی لەنێوان كورد و هەموو ئاینەكانی بەدەر لە ئیسلام، لە پەیج و سایتەكانیاندا لێدوانەكانی ئەنوەر مەعاویە بۆ دابڕینی یەزیدی و كورد بڵاوئەكەنەوە.
یەكێك لەو پەیجانەش هی (عادل شاسواری)ی مامۆستای بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانیە كە لە چەندین وتارێكی پەیجەكەی خۆی نوسیوویەتی كە یەزیدی عەرەبن و كورد نین. لێرەوە چەند مەسەلەیەكی گرنگ ئەخەمەڕوو:
-كارەساتە مامۆستایەكی زانكۆ نەزانێ كە یەزیدی ئایینە نەك عەشیرەت و هۆزی نەتەوەیەك، بەڵكو هاوڵاتیانی هەر نەتەوەیەك ئەشێ یەزیدی بن، دیموكراسی هەر نەتەوەیەك ئەوەیە كە ئاینی جۆراوجۆریشی تیا بێت، كەواتە عادل شاسواری بۆ چاوی بەرایی نایەت ئایین و مەزهەبی تر لەناو نەتەوەكەیدا هەبێت؟.
-مامۆستایەكی زانكۆ لە سلێمانی چۆن هەق بەخۆی ئەدات پشتیوانی بۆچوونی لە سەركردەیەكی بەعسی عەرەب بكات تەنها لەپێناو دابڕینی كوردە یەزیدییەكان و تەعریب كردنیان؟.
-ئایا ئەمە چ نەخشە و پیلانێكە كە مامۆستایەكی زانكۆ ئەیەوێ بڕەو بە پرۆژەی تەعریبكردنی یەزیدییەكان بدات؟.
ئێستاش سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبەردەم مەسئولیەتێكی مێژوویدایە، چۆن ڕێگا بە مامۆستای خۆی داوە كە تەعریبی یەزیدی بكات؟. ئێمەش بەرەسمی داوای رونكردنەوە لەو زانكۆیە ئەكەین.
دڵشاد سەعید
سەرۆكی سەنتەری یەزیدیان لە موسڵ