کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دەهۆڵ و زوڕنای بەرژەوەندی

Sunday, 28/10/2012, 12:00


تەنزی سیاسی


هەبو نەبو لە سەردەمانی پێشودا، گۆتنی خاس پیاو و راوێژی شیرینی خاتونی دونیا دیدە و رووداوی تاڵ و بە ئەزمون بۆ کەسی بێ چار و گروپ گەلی بێکار، دەکرا بە چرای رێگا و تارمایی شەوەزەنگی ژیانی پێ روون دەبونەوە.
لە وێ کاتاندا نە ئەمرازی ئەمرۆیی هەبوون نە ماهوارە و سەدان بابەتی دیکە. واهەبوو ژنێکی بە ئەمەگ و قسە ڕۆیشتو بەرگری لە رووداوێکی دڵ تەزێن و خۆنیار بگرێ و ئیشارەی پیاوێکی سەرسپی ئاورێکی مەزن وەکوژێ.
لە رۆژهەڵاتی وڵاتی کورداندا، لە شارێکی جوان و خۆش هەوا زوڕناژەنێک و دەهۆڵچییەک و ورچێک پێکەوە دەژیان. زەختی رٶژگار و هەژاری و هێرشی برسییەتی وای لێکردن چارەیەک بۆ باشتر کردنی ژیانی رٶژانەیان وەدۆزن. زۆڕناژەنی نەدار، دەهٶڵچی نەدار و ورچیش برسی، هانی دان روو لە گوندەکان بکەن تا بژیوی رۆژانەیان دابین بێ و گیرفانیان پڕ لە بەرەکەت.
لەم گوند بۆ ئەو گوند، دەنگی دەهۆڵ و هەوای زوڕنا و هەڵپەڕچێی ورچ پاش ماوەیەک وەهای رەخساند کە هێدی هێدی خەریک دەبو رابوردوو لە بیر بکەنەوە و بۆ زیاتر پڕ کردنی گیرفانیان هەرکام بکەونە فێڵ و تەڵە لە یەکتر! زوڕناژەن بیری لە ورچ دەکردەوە کە چۆن ببێتە خاوەنی! دەهٶڵچی هەمان شت! هەتا رۆژێکی لە دەرەوەی ئاوایی بە بێ یەکودوو لێکتر هاتنە دەنگ چۆن لێک جودا بنەوە و تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان بکەنەوە. دەما ورچی ماڵ وێران بۆ کامیان بێت. گرفتی سەرەکی هاتە مەیدانێ و چارەسەری کەوتە نێوانێ.

کاکی زوڕناژەن گوتی:
چت لێ وەشێرم دەمهەوێ برامان برایەتی بێ و کیسەمان لەمەو دوا جودا!
دەهٶڵچی بۆ خۆی لە فێڵ بوو دەتگوت خەنی بووە، هاتە جواب و گوتی:
ئەدی ورچ چی بەسەر دێ؟ بۆ کاممان بێ؟
زوڕناچی گوتی:
بە مەودای 100 میتر دوور لە یەکتر و رووبەرووی یەکتر رادەوەستین و ورچیش لە ناوەڕاستی هەردووکمان چاوەڕوان بێ، هەرکات دەنگی زوڕنای بیست و بۆ لای من هات ئەوە بۆ من دابێ! هەرکات دەنگی دەهۆڵی بیست و بۆ لای تۆ هات ئەوە بۆ تۆ!
دەست کرا بە ژەنین و کوتان، ورچی مالوێران دەنگی هەردوکیانی رۆژگارێکی دووروودرێژ بو گوێی ئاشنا بو! کە لە زوڕناژەن نزیک دەبۆوە، دەنگی دەهۆڵی دەبیست بە غاردان دەگەڕاوە بۆ لای دەهٶڵچی. ئەوجار دەنگی زوڕنا کە دەهات بە هەلینگدان دەگەڕایەوە بۆ لای زوڕناژەن!ئەو کارە ناشیاوە ئەوەندە دووپات بۆوە هەتا ورچی ماڵ وێران ماندوو و شەکەت کەوت و پسا و لە جێوە روحی سپارد!
دەهۆڵ و زوڕنای بەرژەوەندی لۆتێکانی هیناوە خاڵی سیفر و فەقیری و هەژاری ددانی لێ تیژ کردن و مل کەج و داماو سەریان بەرەو شار شۆڕ کردەوە و چاوەڕوانی کەسانێک بون کە خێریان پێ بکەن.
خوێنەری بە حورمەتی کورد، ئەو رووداوە خودای راستانە. بەرژەوەندی تەسکی حیزبی لە رۆژهەڵاتی وڵات ئەوە 32 ساڵە لە کۆی سەنجەق و زڕگوێزەڵە لە سەر پێیانە. مامر تەنیا یەک قاچی هەیە و نابێتە دوو! شەڕ لەسەر ناوە و شۆڕشی زەحمەتکێش بێ پێگە و پەنا دوژمنی کورد دۆست و هاوسەنگەری خۆماڵی نەیار، هاوزمانی بێ زمان و هاووڵاتی بێ لان، بە فارسی ئاخاڤتن شاکار و زمانی شیرینی کوردی بۆتە بیبار!
رۆژانەش دەهۆڵ و زوڕنای بەرژەوەندیمان بۆتە ئاکار.
کەی ئەو حاڵەمان کۆتایی پێ دێ و دەگەینە ئاسۆیەکی روون و پڕشنگدار؟؟؟...

جەعفەر کەریمی
09.10.2012
هەندەران

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە