ده‌سه‌ڵاتپێدانی ره‌ها به سه‌رۆكی هه‌رێم له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه، 51 رێكخراو توڕه‌ده‌كات كێ هه‌ڵبژاردن په‌كده‌خات؟
Wednesday, 13/05/2009, 12:00
1631 بینراوە
ئایا گه‌نجان باڵانسی هێزه سیاسیه‌كانی كوردستان ده‌گۆڕن؟ئا: سومه‌ییه فازڵ به‌نان عه‌لی‌دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان‌و په‌سه‌ندكردنی لیستی داخراو نیگه‌رانی لای شه‌قام دروستده‌كات‌و رێكخراوه‌كانیش ده‌خاته جوڵه‌و یاداشتێك به‌م هۆیه‌و ده‌ده‌نه په‌رله‌مان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه به‌تاسه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژه ده‌كرێت، به‌ڵام په‌سه‌ندكردنی لیستی داخراو نیگه‌رانی دروستده‌كات‌و زۆرێك پێیانوایه ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری كه‌مه.
هه‌رچه‌نده واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان تائێستا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌و په‌رله‌مانی كوردستان له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی دایه سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڵام تا دێت نیگه‌رانی دواخستنی زیاتر ده‌بێت‌و ده‌چێته پاڵ نیگه‌رانی په‌سه‌ندكردنی لیستی داخراو.
هه‌رچه‌نده په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكردنی واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی به بێ دیاریكردنی سه‌قفی زه‌مه‌نی به‌سه‌رۆكی هه‌رێم داوه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌سمی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌و وا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌موو لایه‌ك خۆیان بۆ ئه‌و رۆژه ئاماده كردووه.
به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه نوێیه‌ی كه‌هه‌رێمی كوردستانی پێدا تێپه‌ڕده‌بێت، چاوه‌ڕوانی ململانێیه‌كی توند ده‌كرێت له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو‌و، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا لیستێكی زۆر له‌ده‌ره‌وه‌ی لیستی هاوبه‌شی پارتی‌و یه‌كێتی به‌شداری تێداده‌كه‌ن كه به‌شێكیان خاوه‌نی قورسایین‌و ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌یان هه‌یه.
چاوه‌ڕوانیشده‌كرێت وه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو، پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان جارێكی دیكه به‌چه‌ندین شێواز هه‌وڵی كێشكردنی ده‌نگی گه‌نجان به‌لا خۆیاندا بده‌ن‌و ده‌یانه‌وێت هه‌رچۆنێك بووه ده‌نگی گه‌نجان نه‌دۆڕێنن.
له لایه‌كی تره‌وه بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به لیستی داخراو، نیگه‌رانییه‌كی زۆری له‌لای هاوڵاتیان‌و خوێندكاران‌و مامۆستایانی زانكۆ‌و رێكخراوه‌كان درووستكردووه، زۆرێك له‌وانه پێیانوایه به‌شداریكردنی لایه‌نه‌كان به لیستی داخراو هیچ مانایه‌كی دیموكراسی نییه‌و له به‌رژه‌وه‌ندی دوو حیزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستاندایه‌و ئه‌گه‌ری گۆڕان زۆر كه‌مده‌كاته‌وه.
له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا 51رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له باره‌گای مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی رێكخراوی گه‌شه‌پێدان یاداشتێكیان بۆ پێداچونه‌وه به‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان نووسی‌و ئاراسته‌ی په‌رله‌مانیان كرد، هاوكات دا‌واشیان كرد واده‌ی ئه‌نجامدانی كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاربكرێت.
كاروان كاكه‌برا كارگێری سكرتاریه‌تی رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی قوتابیانی كوردستان و رێكخه‌ری كاره‌كه وتی "سیستمی هه‌ڵبژاردن به شێوازی لیستی داخراو له قورسایی پرۆسه‌كه كه‌مده‌كاته‌وه‌و خه‌ڵك توشی ره‌شبینی ده‌كات" وتیشی "دوورنییه به‌م هۆیه‌وه وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك جه‌ماوه‌رێكی زۆر به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن".
له‌و یاداشته‌دا كه ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كراوه هاتووه "هیچ پاساوێك نابینین له به‌رده‌م په‌سه‌ندنه‌كردنی لیستی كراوه" هه‌روه‌ها داواشكراوه په‌رله‌مان په‌له‌بكات له دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان.
ئارام جه‌مال، سه‌رۆكی فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ره‌خنه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان گرت‌و وتی په‌رله‌مان سه‌لاحیاتی دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی به سه‌رۆكی هه‌رێم داوه، به‌ڵام سه‌قفی زه‌مه‌نی بۆ دیارنه‌كردووه.
وتیشی "ده‌بوایه په‌رله‌مان كاتێكی دیاریكراوی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم دابنایه، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌یتوانی كاته‌كه‌ی دیاریبكات، په‌رله‌مان خۆی ئه‌و بریاره‌ی بدایه".
هه‌روه‌ها وتی "ئێمه داوامان له په‌رله‌مان كرد له دانیشتنی خۆیدا ئه‌و بریاره بدات و كاتی دیاریكراوی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستنیشانبكات".
ئارێز عه‌بدولڵا، لێپرسراوی لیژنه‌ی رۆشنبیری و په‌یوه‌ندی په‌رله‌مانی كوردستان وتی "یاداشتی رێكخراوه‌كانمان ته‌سلیم به په‌رله‌مان كردووه".
وتیشی په‌رله‌مان له 4/6ی ئه‌مساڵدا شه‌رعیه‌تی یاسایی له ده‌ستده‌دات، ده‌بوایه بۆ ئه‌و كاته هه‌ڵبژاردن بكرایه، به‌ڵام به داخه‌وه ناتوانرێت.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندی و رۆشنبیری په‌رله‌مانی كوردستان وتیشی "ئێمه هیوادارین له 15/7 زیاتر دوا نه‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر دوا بكه‌وێت ئه‌وا له به‌رژه‌وه‌ندی كوردا نییه".
له یاداشتی ئه‌و 51 رێكخراوه‌دا كه به ناوی خه‌ڵك و رێكخراوه‌كانی كوردستانه‌وه ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كراوه، هاتووه "خه‌ڵكی كوردستان نائومێد‌و ناڕازییه به‌م بارودۆخه ناته‌ندروسته‌ی حوكم‌و وایده‌بینێت رێگا گرتن له گه‌نده‌ڵی و نا دادپه‌روه‌دی و سه‌روه‌ر نه‌بوونی یاسا‌و ئه‌تكردنی مافی مرۆڤ و ره‌شكردنی ناوبانگی ئه‌زموونی كوردستان لێره‌و ده‌ستپێده‌كات".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌و كراوه "به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی هه‌ر بڕیار‌و سیسته‌مێكی هه‌ڵبژاردنین كه دواكه‌وتوو تر بێت له جۆری وڵاتانی دراوسێ و حكومه‌تی عێراق، هه‌موو به‌هانه‌و پاساوێكیش به ناره‌وا ده‌بینین" كه مه‌به‌ست لێی په‌سه‌ند كردنی لیستی داخراو‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی لیستی كراوه‌یه.
به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی كه به په‌سه‌ندكردنی لیستی داخراو نیگه‌رانن، گه‌نجانن. نیگه‌رانییه‌كانی په‌سه‌ندكردنی لیستی داخراو‌و لای گه‌نجان بۆ ئه‌وه‌یه كه ناتوانن نوێنه‌ری خۆیان بۆ په‌رله‌مان سه‌ربخه‌ن، به‌ڵكو داجار ده‌بێت ده‌نگ بۆ ئه‌و كه‌سه بده‌ن كه حیزب دیاریكردووه.
دڵشاد حه‌مه سه‌عید ته‌مه‌ن 22 ساڵ، خوێندكاری به‌شی بایۆلۆجی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد له هه‌موو په‌ڕله‌مانه‌كانی دنیادا كار به‌لیستی كراوه ده‌كرێت "لیستی داخراو به‌شێكه له‌دیكتاتۆرییه‌ت" دڵشاد وتی كه حیزبه‌كان به‌ئاره‌زووی خۆیان‌و له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌شیره‌ت‌و خێڵ نوێنه‌ر دیاری ده‌كه‌ن، دواجار گه‌نج نوێنه‌ری خۆی ناناسێت له په‌ڕله‌ماندا.
دڵشاد باسیله‌وه‌ده‌كرد په‌ڕله‌مان‌و حیزبه‌كان بانگه‌شه‌ی دیموكراسی‌و مافی هاوڵاتی‌و ئازادی ده‌كه‌ن، له كاتێكدا بچوكترین مافی هاوڵاتی ئه‌وه‌یه كه‌بزانێت ده‌نگ بۆ كێ ده‌دات. ره‌خنه‌شی له‌وه‌گرت لیستێكیان په‌سه‌ندكردووه، كه ته‌نها له‌كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووه‌كاندا په‌یڕه‌وده‌كرێت.
وتیشی "به‌داخه‌وه له‌كوردستاندا پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بكرێت پۆسته‌كان دیاریكراوه، له‌به‌رئه‌وه به‌دڵنیاییه‌وه لیستی داخراو خراپترین و گه‌نده‌ڵترین لیسته".
به‌ڕای مامۆستایانی زانكۆ، خراپییه‌كانی لیستی داخراو ئه‌وه‌یه، حیزب حیساب بۆ ناوچه‌و عه‌شیره‌ته‌كان ده‌كات، كه‌سانێك كه‌هیچ ڕۆڵێكیان نه‌بووه، به‌ڵام به‌هۆی خێزانه‌كانیانه‌وه له پڕێكا ده‌رده‌كه‌ون‌و له لیستی داخراودا چانسی بردنه‌وه‌یان زیاتر ده‌بێت.
د.سامان فه‌وزی، مامۆستای كۆلێژی یاسا له زانكۆی سلێمانی وتی لیستی كراوه باشترین لیسته، كه هاوڵاتی ده‌نگی پێبدات" وتیشی "خه‌ڵك ده‌بێت بزانێت نوێنه‌ری خۆی كێیه تاكو ده‌نگی بۆ بدات، نه‌ك حیزب دیاری بكات".
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ ئه‌وه‌شی بۆ قسه‌كانی زیادكرد وتی "ئه‌وانه‌ی كه به‌شدارییان هه‌یه له پرۆسه‌ی سیاسی‌و كاریگه‌رییان هه‌یه له ژیانی كۆمه‌ڵگادا، به‌كه‌سێكی پاك ناویان ده‌ركردووه، چانسی برده‌نه‌وه‌یان زیاتره‌و پێویسته ئه‌و جۆره كه‌سانه بكرێن به‌ئه‌ندامی په‌ڕله‌مان".
هێشتا كه واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیارینه‌كراوه، به‌شێكی زۆر له گه‌نجان نیگه‌رانن به په‌سه‌ندكردنی لیستی داخراو‌و باس له به‌شدارینه‌كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن.
گه‌یلان عه‌بدوڵا ته‌مه‌ن 21 ساڵ، خوێندكاری كۆلێژی یاسا، پێیوابوو ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌لیستی داخراو ده‌بێته مایه‌ی به‌ر په‌رچدانه‌وه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه، كه له وانه‌یه هه‌ندێك له‌خه‌ڵك له‌ده‌نگدان پاشگه‌زبكاته‌وه.
گه‌یلان وتی "به‌هۆی لیستی داخراوه‌وه خه‌ڵكی دڵنیانین له‌چاره‌نووسی ده‌نگه‌كانیان، لیستی كراوه زیاتر له‌گه‌ڵ دیموكراسیدا ده‌گونجێت".
ئیسماعیل عوسمان ته‌مه‌ن 25 ساڵ، خوێندكاری به‌شی راگه‌یاندن، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد "لیستی كراوه باشتره، چونكه ئیختیار له‌به‌رده‌م ده‌نگده‌راندا زیاتر ده‌كات‌و كه‌سه‌كان دیارن‌و ده‌زانرێت كێن؟"
ئیسماعیل ئه‌وه‌شی بۆ قسه‌كانی زیادكرد‌و وتی "هه‌ڵبژاردن به‌لیستی داخراو ته‌نها له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره، چونكه له لیستی داخراودا ده‌رگا به رووی هاوڵاتیدا داخراو ده‌بێت" وتیشی "به‌ڵام ده‌بێ هاوڵاتی خۆی هۆشیاربێت و بزانێت كێ هه‌ڵده‌بژێرێت".
شه‌رعییه‌تی په‌رله‌مان له كوردستان ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی ماوه، ئه‌گه‌رچی ده‌بێت پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ماوه‌ی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام تا ئێستا ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه هه‌ڵبژاردن دوا بخرێت‌و بكه‌وێته كاتێكی دیكه‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت سه‌رۆكی هه‌رێم رۆژه‌كه دیاری بكات، به‌ڵام تا ئێستا سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و رۆژه‌ی دیاری نه‌كردووه.
ئارام جه‌مال سه‌رۆكی فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی وتی "هیچ به‌هانه‌یه‌ك بۆ دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نییه، حكومه‌تی عێراق بودجه‌ی بۆ دابینكردووه، دواخستنی مه‌وزوعێكی سیاسییه نه‌ك یاسایی".
هه‌روه‌ها وتی "به‌راستی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان گومانێكی گه‌وره ده‌خاته سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستاندا‌و زیانێكی گه‌وره‌ی پێده‌گه‌یه‌نێت". داهێنان