لیبراڵیزم
Monday, 15/06/2009, 12:00
ناوی کتێب: لیبراڵیزم
ناوی نووسه‌ر: ده‌یڤد به‌ورز
چاپکردنی: چرای ئازادی
کتێبی لیبراڵیزم، نوێترین کتێبی زنجیره‌ی کتێبه‌کانی (چرای ئازادی)یه. ئه‌م کتێبه له نووسینی (ده‌یڤد به‌وز) و وه‌رگێڕانی (دڵشاد عوسمان ئه‌بوبه‌کر و سه‌رهه‌نگ حه‌مه‌عه‌لی حارس)ه و (پێشواز سه‌عدوڵڵا فه‌یزوڵڵا) پێداچوونه‌وه‌ی بۆ کردوه. ئه‌م کتێبه گه‌شتێکی مێژووییه به‌ناو هزری لیبراڵیزمدا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه تاوه‌كو قۆناغه‌کانی گه‌شه‌کردن و کامڵ‌بوونی له خۆرئاوا به‌گشتی و ئه‌مه‌ریکا به‌تایبه‌تی. له‌ڕاستیدا له ئه‌مه‌ریکا ئه‌م کتێبه تا ئێستاش وه‌ک یه‌کێک له کتێبه گرنگه‌کانی هزری لیبراڵیزم سه‌یر ده‌کرێت، بگره هه‌ندێک به مانیفێستۆی لیبراڵیزم ناوی ده‌به‌ن. جێگه‌ی باسه لێره‌دا ئه‌وه بخه‌ینه ڕوو كه ئه‌م فیكره له ئه‌مه‌ریكا پێیده‌وترێت لیبریتاریانیزم كه له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ئه‌و جیاوازیه زاراوه‌ییه روونكراوه‌ته‌وه.
کتێبه‌که ڕه‌گوڕێشه‌ی لێبراڵیزم له مێژوودا ده‌به‌ستێته‌وه به گه‌ڵاڵه‌بوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌رکه‌وتنی ده‌ستور و ئایدیاگه‌لی وه‌ک ڕێزگرتن له که‌رامه‌تی تاکه‌که‌س، فره‌یی، لێبورده‌یی و سه‌روه‌ری یاساوه. به‌شێوازێکی ئاسان نووسه‌ری ئه‌م کتێبه خوێنه‌ره‌کانی له‌و هه‌ڕه‌شانه هۆشیار ده‌کاته‌وه که حکومه‌تی زه‌به‌لاح و ده‌ستدرێژ له‌سه‌ر ژیان و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان دروستی ده‌کات، هاوکات ئه‌م بیرۆکه گرنگه، که جێگای مشتومڕێکی مێژوویی درێژه، به نموونه‌ی مێژوویی پشتڕاست ده‌کاته‌وه. نووسه‌ر له به‌رامبه‌ردا پێشنیاری حکومه‌تی سنووردار ده‌کات وه‌ک تاکه ڕێگا بۆ گه‌یشتن به به‌رزترین ئاستی خۆشگوزه‌رانی و به‌دیهێنانی ئازادی و مافه‌کانمان. هاوشێوه‌ی (جۆن ستیوارت میڵ) نووسه‌ر بڕوای وایه "پێویسته حکومه‌ت داببه‌زێنرێت بۆ ئاستی پاسه‌وانی شه‌و"، واتا ته‌نها پاسه‌وانی موڵک و سامانمان بێت و به‌ڕۆژیش بچێت بخه‌وێت و لێبگه‌ڕێت هاوڵاتیان چێژ له ئازادی و په‌یوه‌ندییه خۆویستهکانیان وه‌ربگرن و بازاڕیش، وه‌ک (ئاده‌م سمیس) ده‌ڵێت، به "ده‌سته په‌نهانه‌که‌ی" مامه‌ڵه بازرگانییه‌کان ڕێکبخات.
به‌شی یه‌که‌می کتێبه‌که گه‌شتێکه به‌ناو مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و پێگه‌یشتنی لیبراڵیزمدا. نووسه‌ر دوو جۆر له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ده‌ستنیشان ده‌کات، که به درێژایی مێژوو له ململانێدابوون: ئازادی و ده‌سه‌ڵات. ده‌سه‌ڵات که هه‌موو فه‌لسه‌فه سیاسییه‌کانی وه‌ک قه‌یسه‌ریه‌ت، سۆشیالیزم، فاشیزم، کۆمیونیزم، پادشاییه‌تی و هه‌موو ئه‌و سیسته‌مانه‌ی حوکمڕانی ده‌گرێته‌وه که پێداگرن له‌سه‌ر به‌خشینی گه‌وره‌ترین ڕۆڵ به حکومه‌ت و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کانی تاک. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سیاسی به‌رده‌وام له جه‌نگدا بووه بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که تاکه‌که‌س ده‌توانێت ژیرانه بڕیار له ژیان و گوزه‌رانی خۆی بدات به‌بێ ئه‌وه‌ی "حکومه‌تێکی دانا" فه‌رمانی پێبدات چی بکات و چۆن بیکات، ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ی دواییان، که زۆربه‌ی کات لاوازتر بووه، به‌کارهێنانی توندوتیژی ڕه‌تکردۆته‌وه و پێداگری له‌سه‌ر سه‌روه‌ری یاسا کردوه. له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر پێداگری ده‌کات که لیبراڵیزم هزرێکی ته‌واو خۆرئاوایی نییه، ئه‌گه‌رچی له خۆرئاوا گه‌شه‌ی کردوه. بۆ پشتگیریکردنی ئه‌مه نموونه‌ی فه‌یله‌سوفی چینی "لاو تسه" ده‌هێنێته‌وه که له سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زایندا باسی ئه‌وه‌ی کردوه که مرۆڤه‌کان به‌بێ ناچارکردنی یاسایی یان نایاسایی ده‌توانن له هارمۆنیدا بژین. پاشان نووسه‌ر باسی هه‌موو ئه‌و هزر و ڕووداوه مێژووییانه ده‌کات که ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به‌شداربوون له گه‌ڵاڵه‌بوونی هزری لیبراڵیزمدا به‌م شێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه پێی ئاشناین.
به‌شی دووه‌م باسی که‌رامه‌تی تاکه‌که‌س ده‌کات. بێگومان به‌درێژایی مێژوو فه‌لسه‌فه سیاسییه‌کان دابه‌ش بوون به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا، هاوشێوه‌ی ئه‌و دابه‌شکارییه‌ی به‌شی یه‌که‌می نووسه‌ر له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و ئازادی‌دا، دابه‌شکارییه‌کی دیکه‌ی گرنگ له هزری سیاسی‌دا به‌دیده‌کرێت له نێوان تاک و کۆمه‌ڵدا. بێگومان ئه‌وانه‌ی بڕوایان وایه کۆمه‌ڵ بوونێکی سیاسی هه‌یه و پێویسته بخرێته سه‌روو تاکه‌که‌سه‌وه و زۆرجار مافه‌کانی تاکه‌که‌س پێشێل بکرێن له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵدا، به‌شیوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سه‌ربه‌و هزرانهن که دۆستی حکومه‌تی فراوان و ده‌ستوه‌ردانن له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریدا. به‌ڵام نووسه‌ر به‌شیوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش هه‌وڵ ده‌دات نیشانمان بدات که کۆمه‌ڵ به‌بێ تاکه پێکهێنه‌ره‌کانی، که توانای بڕیاردان و کرداریان هه‌یه، هیچ بوونێکی نییه. هاوکات هه‌وڵ ده‌دات بیسه‌لمێنێت که ئه‌و بیرۆکانه‌ی کۆمه‌ڵ وه‌ک گرنگترین یه‌که‌ی سیاسی سه‌یرده‌که‌ن ده‌یانه‌وێت مرۆڤ داببه‌زێنن بۆ ئاستی ئامرازێک که پێویسته به‌کاربێت له‌پێناو "چاکه‌ی گشتیی"دا، له کاتێکدا وه‌ک (ئێمانۆیڵ کانت) ده‌ڵێت "پێویسته هه‌موو مرۆڤێک وه‌ک ئامانج سه‌یربکرێت نه‌ک وه‌ک ئامراز". چونکه لیبراڵه‌کان بڕوایان به ئازادی یه‌کسانی تاکه‌کان هه‌یه، وه‌ک نووسه‌ر ده‌ڵیت هه‌موو لیبراڵێک هاوکات (فێمێنیست)ه و دژی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و هه‌موو ئه‌و هزارانهیه که ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر هه‌ر بنه‌مایه‌ک و به‌هه‌ر بیانوییه‌ک بێت له به‌های یه‌کسانی مرۆڤ که‌مبکه‌نه‌وه و که‌رامه‌تی بشکێنن.
به‌شی سێیه‌م له‌سه‌ر کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، نووسه‌ر سیمایه‌کی گرنگی هه‌ر کۆمه‌ڵێکی مه‌ده‌نی ده‌ستنیشان ده‌کات که ده‌کرێت وه‌ک مه‌رجیش سه‌یری بکه‌ین: کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ته‌نها ئه‌و کۆمه‌ڵ و ڕێکخراوانه ده‌گرێته‌وه که بریتین له گردبوونه‌وه‌یه‌کی خۆویستانه به‌ده‌رله‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه قازانجه یان هه‌ر شتێکی تر. گرنگی مه‌رجی خۆویستی له‌وه‌دایه که ئه‌وه‌ی ئه‌م چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تییانه ئه‌نجام ده‌دات له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵه و ڕێکخراوه‌کاندا بریتیه له تاکه‌که‌س که به‌بێ هیچ جۆرێک له ناچارکردن هه‌ڵده‌ستێت به هاوکاریکردن له‌گه‌ڵ هاووڵاتییه‌کانیدا. تاکه‌که‌س پێویسته ئازاد بێت، به‌ڵام ئازادی مانای نییه ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا نه‌بێت، چونکه ئه‌گه‌رچی مرۆڤ پاڵنه‌ری به‌هێزی هه‌یه بۆ پاراستنی سیماکانی تاکه‌که‌سی و کارکردنی سه‌ربه‌خۆ و دابڕاو له‌وانی تر، به‌ڵام هاوکاتیش تێده‌گات که ناتوانێت به‌شێک نه‌بێت له کۆمه‌ڵگا. ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌ی مرۆڤ، کانت ناوی ده‌نێت "کۆمه‌ڵایه‌تیبوونی ناکۆمه‌ڵایه‌تی (unsocial sociability)". گرنگی ئه‌م به‌شه ئه‌وه‌یه که له‌وانه‌یه ئه‌و بهدتێگهیشتنه له‌لای هه‌ندێک که‌س بسڕێته‌وه که واتێگه‌یشتوون لیبراڵه‌کان، به‌تایبه‌تی لیبراڵه کلاسیکه‌کان، بڕوایان به کۆمه‌ڵ نییه یان دژی کۆمه‌ڵن. هاوکات تێگه‌یشتنێکی نوێ گه‌ڵاڵه ببێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕێزگرتن له که‌رامه‌ت و ئازادی تاک ئه‌و ڕێگا تاقانه‌یه‌یه که ده‌مانگه‌یه‌نێت به کۆمه‌ڵێکی به‌خته‌وه‌ر.
به‌شی چواره‌م باسی یاسا و ده‌ستور و گرنگییان ده‌کات بۆ پاراستنی ئازادییه‌کانی تاکه‌که‌س و سه‌پاندنی مامه‌ڵه ئابوورییه خۆویسته‌کان. ده‌ستور و ئه‌و یاسایانه‌ی له‌سایه‌یدا ده‌رده‌کرێن، ئه‌و چوارچیوه‌یه پێکده‌هێنن که هاوکات تاک و حکومه‌ت سنووردار ده‌کات. ئازادییه‌کانی تاک دیاری ده‌کات و ده‌یپارێزیت له ده‌ستدرێژی ئه‌وانی تر و ڕێگه‌ی لێده‌گرێت ده‌ستدرێژی بکاته سه‌ر مافی ئه‌وانی تر، دواجار وه‌ک کانت ده‌ڵیت "ئازادی بریتییه له کردنی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێمانخۆشه به‌مه‌رجێک زیان به ئازادی ئه‌وانی تر نه‌گه‌یه‌نین". هاوکات ده‌ستور و یاسا قه‌باره، سنوور، ئه‌رک و به‌رپرسیارێتییه‌کانی حکومه‌ت دیاری ده‌که‌ن. ئه‌و ده‌ستوره‌ی، وه‌ک ده‌ستوری ئه‌مه‌ریکا، سه‌رکه‌وتوانه حکومه‌ت بچووک بکاته‌وه، ده‌توانێت زۆرترین ئاست له ئازادی و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاوڵاتیان زامن بکات.
به‌شی پێنجه‌م و کۆتایی باسی گرنگی فره‌یی و لێبورده‌یی ده‌کات له سه‌رده‌مێکدا که ناکرێت جگه له فره‌یی و لێبورده‌یی هیچ شێوازێکی دیکه‌ی سازاندنی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵبژێرین بۆ پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه. نووسه‌ر ده‌ڵێت سه‌رده‌می سه‌پاندنی کۆمه‌ڵه ئه‌خلاق و ڕه‌فتارێک له‌لایه‌ن ئایین یان هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌کی دیاریکراوه‌وه به‌سه‌رچوو، ئه‌مڕۆ ئێمه له سه‌رده‌می فره‌یی ئاکار، ڕه‌فتار، خواست، چێژ، بڕوا و بۆچووندا ده‌ژین. ئه‌وه‌ی پێویسته بکرێت سازاندنی زه‌مینه و ژینگه‌یه‌کی ئازاده بۆ ڕێگه‌خۆشکردن بۆ هه‌ڵکردنی ئه‌م هه‌موو جیاوازییه پێکه‌وه، دواجار وه‌ک (جۆن ستیوارت میڵ) ده‌ڵێت بۆچوونی پووچ ته‌نها له زه‌مینه‌ی ئازد و له‌ڕیگای گفتوگۆی ئازاده‌وه ئه‌گه‌ری پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌یه. به‌ده‌رله‌وه‌ی له‌گه‌ڵ (ئه‌ره‌ستۆ)دا کۆکین یان نا که سروشتی مرۆڤ هاوشێوه‌یه، ده‌بێت ددان به‌وه‌دا بنێین که مرۆڤه‌کان چێژ و و ئامانجی جیاوازییان هه‌یه، تێگه‌یشتن و دیدی جیاوازییان هه‌یه له‌سه‌ر باشترین شێوازی ژیان. لیبراڵه‌کان، وه‌ک نووسه‌ر ده‌ڵێت، بڕوایان وایه نابێت حکومه‌ت هه‌وڵی یه‌کخستن و هاوشێوه‌کردنی ئه‌م چێژ و تێگه‌یشتنانه بدات، به‌ڵکو پێویسته ئه‌و چوارچێوه یاساییه فه‌راهه‌م بکات که تاکه‌کان به‌شێوازی تایبه‌تی خۆیان هه‌وڵی باشترکردنی ژیانی خۆیان و دواجار ژیانی کۆمه‌ڵگا بده‌ن.
شایانی باسه که ئه‌مه دووه‌م کتێبی چاپکراوی کوردیی پرۆژه‌ی كتێبه‌كانی چرای ئازادیه و چه‌ندین کتێبی تر ئاماده‌ن بۆ چاپکردن یان له‌ژێر کاری وه‌رگێڕاندان.
بۆ شاره‌زابوونی زیاتر و ده‌ستكه‌وتنی سه‌رچاوه‌ی زیاتر، بڕوانه ماڵپه‌ڕی:
www.chiraiazadi.org بۆ ده‌ستکه‌وتنی کتێبه‌که به (کۆ):
له سلێمانی سه‌ردانی کتێب‌فرۆشی (ڕۆژی نوێ) بکه له شه‌قامی پیره‌مێرد، ژماره ته‌له‌فۆن: 07701542978
له هه‌ولێر سه‌ردانی کتێب‌فرۆشی (ته‌بایی) بکه له پشت پارێزگای هه‌ولێر، ژماره ته‌له‌فۆن: 07504604902
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست