چاره‌سەر چییه؟ پێویسته رێکخراوی نوێ دابمه‌زرێت
Thursday, 21/08/2014, 12:00
2182 بینراوە
ئه‌یوب بارزانی:
پێویسته رێکخراوی نوێ دابمه‌زرێت
ده‌سته‌ڵاتی ئێستا ناتوانێت کورد بپارێزێت
ده‌سته‌ڵاتی کورد هه‌میشه گرێدراوی بڕیاری ده‌ره‌کیی بووه
سه‌رکرده‌کانی کورد پێشه‌نگی کولتوری خۆبهکهمزانینن
-------------------------------------------------------------------
ئاشتی ئیبراهیم ئه‌فه‌ندی:
ره‌نگه رێکخراوی نوخبه دروست ببێت و ببێت به جه‌ماوه‌ریی
هه‌ندیک پارت ده‌یانه‌وێت فێل بکه‌ن، هه‌م ده‌سته‌ڵات هه‌م ئۆپۆسیزیۆن
هاوسه‌نگیی هێز نه‌بێت لاواز ملکه‌چیی بۆ ده‌مێنێته‌وه
کێشه‌ی یه‌که‌می سه‌رۆکی پارت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیه‌تی
-------------------------------------------------------------------
له وه‌ڵامی پرسیارنامهیهکدا کە کوردستانپۆست لە ناسر حه‌فیدی کرد، ئەو رای وابوو که کورد نابێت چاره‌نوسی خۆی بداته ده‌ست ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی تر که هه‌موو جارێک به هانایه‌وه بێن و بیپارێزن، ئایا ئه‌م ره‌وشه‌ی کورد له چییه‌وه هاتووه، له‌م باره‌یه‌وه ئه‌یوب بارزانی ده‌ڵێت:
"ئه‌مه له‌وه‌وه هاتووه که ده‌سته‌ڵاتی کوردیی که ده‌سته‌ڵاتێکی کلیپتۆکراته، له ماوه‌ی ئه‌م 60 ساڵه‌ی رابوردودا نه باوه‌ڕی به خۆی هه‌بووه نه به گه‌لی کورد. هه‌میشه گرێدراوی بڕیاری سیاسیی ده‌ره‌کیی بووه. بۆ وێنه له ساڵه‌کانی شه‌ست و حه‌فتاکاندا گرێدراوی ئاره‌زوی شای ئێران بوون و ئه‌نجامه‌که‌شی بوو به کاره‌ساتی ئاشبه‌تاڵی ساڵی 1975. پاش ده‌رکردنی سوپای عێراقیی له کوێت ساڵی 1991 تا ساڵی 2003 گرێدراوی بڕیاری سه‌ددام حسه‌ین بوون. بینیمان له (31)ی ئابی ساڵی (1996)دا که ده‌بابه‌کانی سه‌ددام هاتن هه‌ولێریان داگیر کرد. دوای ئه‌وه بڕیاری سیاسی‌یان دایه ده‌ست ئه‌نقه‌ره. کوردستان بوو به سه‌نته‌رێکی بازاڕی وزه و بازرگاني تورکیی. ئنجا تا ئه‌م ده‌سته‌ڵاته هه‌بێت گومانی تیا نییه که گه‌لی کوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ک خاوه‌نی بڕیاری سیاسیی خۆی نابێت.
ئاشتی ئیبرایم ئه‌فه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه که "کورد نابێت چاره‌نوسی خۆی بداته ده‌ست بێگانه" به‌م جۆره ده‌دوێت:
"پەیوەندیی دیبلۆماسیی دەرەوه گرنگیی خۆی هەیە، تا ئەو ئاستەی کە ئەو پەیوەندییە لە خزمەتی بەرنامەی نیشتیمانییدا بێت بە پێی قۆناغەکان. پێم وا نییە دەستەڵاتی کوردیی له ماوەی بیست و سێ ساڵدا توانیبێتی ئەوە بکات، ئەمە لە لایەک. لە لایەکی تره‌وه لە دونیای واقیعدا کاتێک له پەیوەندییەکانی دەرەوه‌دا هاوسەنگیی هێز نەبێت لە نێوان لایەنەکانی په‌یوه‌ندیداردا بۆ دروست کردنی پەیوەندییەکی سیاسیی هاوسه‌نگ، ئه‌و کات لایەنی لاواز هەموو کاتێک ملکه‌چیی بۆ ده‌مێنێته‌وه. چونکە پەیوەندیی دیبلۆماسیی مانای پەیوەندیی بەرژەوەندییەکان و ئیدارەکردنیان بە جۆریک که تیایاندا جۆره‌ها دەستکەوتی له نموونه‌ی سیاسیی و ئابووریی نەتەوەیی بەدەست بهێنێت. حکومەتی هەرێم لە ماوەی بیست و سێ ساڵی دەستەڵاتیدا نەیتوانیووە هەنگاوە هەرە سەره‌تاییەکان بنێت بۆ دامەزراندنی توانایه‌کی ئیداریی، ئابوریی، سەربازیی و کۆمەڵایەتیی تا سەنگێک دروست بکات کە یارمەتیدەری بێت بۆ ئەوەی بەرەو سەربەخۆیی بڕیاردان و پشت بەخۆبەستنی ببات. سه‌رئه‌نجام ئه‌مه ببێتە هۆکار و یاریدەدەرێک لە پەیوەندییەکانی دەرەوه‌دا بۆ ئەوەی هەژماری بۆ بکرێت لە سەر ئاستی ناوخۆی عیراق، ناوچەکەو دونیا. بۆیە زۆر سروشتییە کە ئەو هێزە لە پەیوەندیی دەرەوه‌دا لە پلەی خوارەوە بێت و هەموو مەرجەکانی لایەنەکانی تری بەسەر بسەپێندرێت. کاتێکیش کە پێویستییان پێی نەما پشتی تێ بکەن. حکومەتی بنکە فراوانی هەرێم ئەگەر لای وا بێت کە پەیوەندییه دیبلۆماسییه‌کانی لەگەڵ عێراق، ئێران، تورکیا‌و ئەمریکادا لەسەر ئه‌م بنەمایانه به‌ستووه: (هێز، رێز لە سنووری کوردستان، کیانی کوردیی و پاراستنی ئاسایشی کوردستان لە کاتی تەنگانەدا) ئەوا هەڵەیەکی زۆر گەورەی کردووه.
بۆ سەلماندنی ئەوەش، ئەگەر ورد ببینەوە لە ئەزمونی ئەو پەیوەندییانە لەو بیست و سێ ساڵەدا ده‌بینین که رووی داوه پاسدارانی ئێران یان سوپای تورکیی سنووریان بەزاندوەو هاتونەتە ناو هەرێمهوهو بە تۆپ و تەیارە ناوچەکانی سەر سنووریان تۆپ باران کردووە. هەرچی ئامانجێکی سەربازییان هەبووە پێکاویانەو ئینجا ناوچەکانیان بەجێ هێشتووە. هەروه‌ها سوپای عێراق خۆی نەکرد بە خاوەنی شەڕەکان لەگەڵ داعش لە ناوچەکانی شەنگاڵ، جەلەولا، مەخمورو موسڵ. ئیدی دەبێت ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوه لە کوێدا بن؟ جگە لەمەش نموونه هه‌یه بۆ رازیکردنی ئەنقەرەو تاران هەرێم خۆی بەشدار بووە لە لێدانی ئه‌و پارتە کوردییانه‌ی کە لە خەباتی چەکدارییدان دژ بە تورکیا‌و ئێران. لە پاڵ ئەوەشدا پڕبوونی شارەکانی کوردستان لە دەزگای میتی تورکی و ئیتیلاعات، کردنەوەی قوتابخانەو دایه‌نگای تورکیی وعەرهبیی ده‌بینرێت. شان بەشانی ئەوانە هەمووی تورکیا‌و ئێران سود وه‌رده‌گرن لە نەوت و دەرامەتی باشوری وڵات.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ش که ئه‌مه له کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه که کورد هیچی بۆ خۆی دانه‌ناوه‌و هه‌میشه چاوه‌ڕێیه به هانایه‌وه بێن، ئاشتی ئیبرایم ئه‌فه‌ندی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سروشتی ده‌سته‌ڵاتی پارته‌کان و ده‌ڵێت:
"حکومەتی هەرێم وەکو کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بەرێوەدەبردرێت نەک وەکو حکومەتێک کە خاوەن دامەزراوەی فەرمی خۆی بێت، یاسا، دەستور و داد تیایدا باڵا دەست بێت. ئەو کۆمپانیایانه‌ش پر کراون لە کەسوکاری خۆیان و دارودەستەیان، سامانی وڵاتەکە بە ئارەزوی خۆیان لە نێوان خۆیان دابەش دەکەن.
هێشتا لە باشوری وڵات لێپرسراوی یەکەمی ناو پارتەکانی بەشداربووی حکومەتی بنکە فراوان دەوری سەرەکیی دەبینن لە بڕیاردانی سیاسیی‌دا. جا پێش هەموو شتێک ئەوه‌ی ئه‌و سەرکردانە بیری لێ دەکەنەوە بەرژەوهندیی تایبەتیی خۆیانەو مانەوهیانە لە سەر کورسی. بۆیە هیچ هەنگاوێک نانێن ئەگەر بزانن مەترسیی دروست دەکات لە سەر کورسییەکەیان. لێرەدا دوو بەرژەوەندیی دژ بەیەک دروست دەبێت یەکەمی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و کەسوکاریان و ئینجا پارتەکانیان. دووەم بەرژەوەندیی گشتیی.
ئه‌و دوو بەرژەوەندییەش هەموو کاتێک و هەموو جارێک وەکو دوو هێلێ ته‌ریب به‌یه‌که‌وه ناڕۆن. بۆیە نۆکەریکردن بۆ سوریا، ئێران، تورکیا، عێراق و بوون بە پاشکۆیان بەرژەوەندیی یەکەمی تیادا وەدەست دەهێنن. ئەگەر زانیان بەرژەوەندیی و بوونیان لە مەترسیدایە ئه‌وا بە بڕیاری کەسی یەکەمی پارتەکە بڕیاری چەک فرێدانی بە کۆمەڵ یان بوون بە جاش و نۆکەریی دەدەن. بەڵگەش بۆ ئەوە زۆرە، جاشایه‌تیی ساڵی ١٩٦٦، ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥، کیمیابارانی هەڵەبجە، شەڕی براکوژیی بە درێژایی هەشتاکان لە شاخ، ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ و رۆیشتنی تاڵەبانی دوبارە بۆ دەرەوەی وڵات لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٨دا. ئیزندانی هێزی پێشمەرگەی یەکێتێ لە کۆتایی هەمان ساڵدا لە لایەن سەرکردایەتیی یەکێتیه‌وه لە شاری سەقز، هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەران لە قاسمە ڕەش ساڵی١٩٩١، کۆڕەو ساڵی ١٩٩١، لێدانی پەکەکە ساڵی ١٩٩٤، هێنانی سوپای ئێران بۆ سەر بنکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی ئێران، هێنانی سوپای عیراق ساڵی١٩٩٦، دووبارە شەڕی براکوژیی و دوو ئیدارەیی ١٩٩٧، سنوور داخستن بەرووی کوردی رۆژئاواداو دوبەرەکانیکردنی یەپەگە ساڵی ٢٠١٣ لە کاتێکدا ئەو هێزە سەرقاڵی شەڕی داعش بوون. ئینجا کوشتاری کورد‌و مەسیحی لەلایەن داعشەوە ساڵی ٢٠١٤، کە بە رۆژی روناک رووی دا‌و هەموو سەرکردەی پارتەکانی بەشداربووی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم تەنیا دەوری تەماشەکەریان بینی لە کوشتنی بە کۆمەڵ و مەزاتکردنی ژنەکان لە بازاڕی عەرەبییدا. دوای بیست و سێ ساڵ لە حوکمرانی هەرێم توانای ئەوەیان نەبوو پارێزگاریی لە خەڵکی سیڤل بکەن تەنیا بۆ چەند سەعاتێک.
جگە لەوەش هێرشەکانی داعش بۆ کوردستان کت‌وپڕ نەبووە، بۆ ماوەی دوو ساڵە ئەو هێزە لە شاری موسڵ و ناوچەکانی کەرکوک، قەراج و دەشتی هەولێر بە ئارەزووی خۆیان دەسوڕانەوەو دەست درێژییان دەرکردە سەر خەڵک. ئەگەر ئەو زانیارییانە بۆ خەڵک لە ئاستی شەقامی کوردی‌دا نامۆ بێت بەڵام بۆ سەرکردەکانی هەموو پارتی بەشداربووی حکومەتی بنکە فراوان نامۆ نەبووە. بەڵام گوییان پێ نەداو ئامادەباشییان بۆ نەکرد و نەیانویست لێپرسراوەتیی پاراستنی میللەت لە ئەستۆ بگرن. ئەویش تەنیا بۆ هەندێک دەستکەوتی تایبەتیی خۆیانە که لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکەوێت.
له هه‌مان کاتدا ناسر حه‌فید په‌نجه‌ی بۆ توانای مرۆڤ راکێشا که من و تۆش ئه‌توانین وه‌کو ئه‌و که‌سانه بین که چاومان له دهستیانهو بگه‌ین به‌و شتانه‌ی که هه‌وڵیان بۆ ئه‌ده‌ین، ئایا ئه‌م بڕوابوونه به توانای مرۆڤه تاکه‌کان تا چ راده‌یه‌ک جێگای رێتێچونه له خاکێکدا که ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی وه‌کو پێشتر باست کرد هه‌ر پشتی به بێگانه به‌ستووه؟
ئه‌یوب بارزانی له وه‌ڵامدا ئه‌ڵێت:
"یه‌کێک له هۆیه گرنگه‌کانی په‌یدانه‌بوونی تاکه که‌سی سه‌ربه‌خۆ له کۆمه‌ڵگای کوردییدا ئه‌وه‌یه که کولتوری خۆبه‌که‌مزانین کولتورێکه که کاری بۆ کراوه، له خۆیه‌وه په‌یدا نه‌بووه. سه‌رکرده‌کانی کورد خۆیان پێشه‌نگی ئه‌م کولتوره بوون. داگیرکه‌رانیش ده‌وریان هه‌بووه له پته‌وکردنی ئه‌م کولتوره‌دا. ئه‌گینا مرۆڤ خاوه‌نی توانایه ئه‌توانێت له بازنه‌ی ئه‌م کولتوره داخراوه ده‌ربچێت. سیاسه‌تمه‌دارانی گه‌لان ئه‌رکیان ئه‌وه بووه که ئه‌م بازنه‌یه بشکێنن نه‌ک وه‌کو سه‌رۆک پارته‌کانی کورد بکه‌ونه ناو ئه‌و بازنه‌یه‌وه.
ئاشتی ئیبرایم ئه‌فه‌ندی ده‌ڵێت:
"لە ناو کۆمەڵگادا بێگومان تاک دەوری زۆر گرنگیی هەیە. دەتوانم بڵێم خاڵی دەستپێکردنی بناغەدانانە لە ناو کۆمەڵدا بۆ بەرهەمهێنانی ئامرازێک کە بتوانرێت کۆمەڵگای پێ رێکبخرێت و بەرێوەببرێت. بە درێژایی بوونی ئەو پارتانە لە باشوری وڵات‌دا پەروەردەکردنی تاک لایان گرنگ و مەبەست نەبووە. یەکێک لە هۆیەکان ئەوەیە تاک چەند بڕوابه‌خۆبوون و رێزی خۆی بەهێز بکات کۆنترۆڵکردنی ئاسان نابێت و گیانی یاخیبوونی زیاتر لا دروست دەبێت لە هەموو دیاردەیەکی گەندەڵیی لە هەموو ئاستەکاندا. بۆیە بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندیی سەرکردەکان و پارتەکانە کە تاک بە لاوازیی بمێنێته‌وه بۆ ئەوەی زیاتر ببێت بە پاشکۆ. حکومەتی بنکە فراوانی هەرێم بە درێژایی ٢٣ ساڵ لە حوکمرانی نەیویستووە کەسایەتیی بەهێز لە تاکەکان دروست ببێت، ئەوەی دروستیش بووە لە ژێر پەروەردەی ئەواندا نەبووە.
پەروەردەی حکومەتی هەرێم کەلتورێک بووە چۆن تاک دەکەی بە زەلیلی خۆت لە رێگای کارکردن لەسەر غەرائیزەکانییهوه نەک لەسەر گەشەپێدانی هزر، هۆش، تواناکانی و بیرکردنەوەی. پارەو پۆست و دەوڵەمەندبوون و ملکەچیی و چاوشۆریی و راکردن و ترس و تۆقاندن کەلتوریکە که تاکی کوردیان لەسەر پەروەردە کردووە. تاکیان دروست کردوە کە چاوپۆشی لە هەموو دیاردەیەکی گەندەڵیی بکات و بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی تاک لە رێگای پاراستنی بەرژەوەندیی ئەوانەوە بێت. بۆیە تاک نە متمانەی بە تواناکانی خۆی هەیە وە نە متمانەی بە دەستەڵاتی کوردیی هەیە کە بیپارێزێت.
لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر باشوری کوردستان، لەبەر نەبوونی متمانە بە دەستەڵات و بە خۆیان هەموو خەڵک رێگای ڕاکردنی بە کۆمەڵی گرتبووە بەر. لە میدیاکانی خۆیاندا ورەی پێشمەرگە و خەڵکیان دابەزاند. ئەوەندەی سەرکردەکان لە لێداونەکانیاندا باسی بەهێزیی ئیماکاناتی ئابووریی و سەربازیی داعش بکەن و لپێپرسراوە سەربازەکانی سەر بەخۆیانه هەر زوو رێگای راکردنیان گرتە بەر، دوایش خەڵکیان هێنا بەرامبەر بە کامیرای حزبەکان و میدیای سێبەر بگریێن و دەست پان کەنەوە.
ناسر حه‌فید وتی؛ "سەرکەوتن و ژێرکەوتن، بەهێزیی و بێ هێزیی بەستراوە بە جۆری خۆڕێکخستنی کۆمەڵگاوە. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته رێکخراوی سیاسیی تازه هه‌بێت". به گوێره‌ی ئه‌م قسه‌یه توانای سیاسیی مرۆڤ له جۆری رێکخستنی کۆمه‌ڵگادا ده‌رده‌که‌وێت، له قسه‌کانی پێشوی"ئه‌یوب بارزانی"دا وا دیاره که ئه‌و پارتانه‌ی هه‌ن وه‌کو له روداوهکانیشدا ده‌رده‌که‌وێت به جۆرێک کۆمه‌ڵگایان رێکنه‌خستووه که توانایاک دروست بکات بۆ به‌رگریی و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه. ئایا به رای تۆش دروستبوونی رێکخراوی سیاسیی نوێ له ئێستادا پێویسته؟ ئایا ویستێكی وا هه‌یه له‌ناو کوردا که رێکخراوی سیاسیی کوردیی دروست ببێت به بێ پاره‌و چه‌کی وڵاتان و به بێ ئه‌وه‌ی موچه بدات و به پێچه‌وانه‌وه مرۆڤ قوربانیی بۆ بدات؟
ئه‌یوب بارزانی له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:
"به‌ڵێ پێویسته‌و دره‌نگیش که‌وتووه. ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌ماشای 23 ساڵی رابوردو بکه‌ین ده‌بینین تا چ راده‌یه‌ک زه‌ره‌رمه‌ندبووین، ده‌ستورمان نه‌بووه ئیشی پێ بکه‌ین، سوپایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه، ئیداره‌یه‌کی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه، ده‌زگایه‌کی پاراستنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه، لێپێچینه‌وه له پیسخۆریی نه‌کراوه، که‌سانی دزو تاوانکار نه‌دراونه‌ته دادگا، هیچ خۆئاماده‌کردنێک و پێشبینییه‌ک نه‌کراوه بۆ روداوی کت‌وپڕ، موچه له به‌غداد نه‌هات حکومه‌تی کوردیی نه‌یتوانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بکات. داعش هات شه‌نگالی گرت ده‌سته‌ڵاتی کورد که‌وته هاوار بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا فریای بکه‌ون. سواڵی پاره ئه‌که‌ن بۆ په‌ناهه‌نده‌کان که‌چی خۆیان کۆشک و ته‌لاریان له پایته‌خته‌کانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکا کڕیووه. ئه‌مانه بۆمان ده‌رده‌خات که ئه‌م کلیپتۆکراتانه (ده‌سته‌ڵاتی دز)ی کورد ناتوانن ئه‌م گه‌له بپارێزن به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه به‌ره‌وڕوی کاره‌ساتی ده‌که‌نه‌وه. له‌به‌ر ئه‌مانه پێویسته رێکخراوی سیاسیی نوێ دابمه‌زرێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌م کرده‌وه ناجۆره مه‌ترسیدارانه بووه‌ستێته‌وه."
له‌و روه‌وه که ئه‌گه‌ر ویست بۆ دروستبوونی رێکخراوی نوێ له ناو خه‌ڵکدا هه‌بێت، ئه‌یوب بارزانی ده‌ڵێت:
"به رای من ویست هه‌یه له‌ناو خه‌ڵکدا بۆ دروستبوونی رێکخراوی نوێ به‌ڵام کێشه‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ئه‌و ویستانه کۆبکرێنه‌وه‌و رێکبخرێن. کێشه‌ی داعش و گرتنی شه‌نگال، خه‌ڵک خه‌ریک بوو هه‌ولێر چۆڵ بکات، ئه‌مانه‌و شتی تریش جه‌ڕه‌سێکی رون و ئاشکران بۆ ئه‌وه‌ی که پیشانی بده‌ن ئه‌م ده‌سته‌ڵاتی کلیپتۆکراتهی کورد به هیچ شێوه‌یه‌ک هی ئه‌وه نییه متمانه‌ی پێ بکرێت. له راستییدا ئه‌م پارتانه دوای ئه‌وه‌ی که پێشتر چه‌نده‌ها کاره‌ساتیان به‌سه‌ر کورددا هێنا بوو هه‌ق نه‌بوو به هیچ جۆرێک گه‌ل متمانه‌یان پێ بکات و رێگایان بدات ده‌سته‌ڵات بگرنه‌وه ده‌ست. بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد پێویستی به‌وه هه‌یه که خۆی نوێ بکاته‌وه."
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که ئایا رێی تێده‌چێت رێکخراوێک دروست ببێت به بێ پشتی وڵاتان و بێ ئه‌وه‌ی موچه‌و پاره بدات و به پێچه‌وانه‌وه خه‌ڵک قوربانیشی بۆ بدات.
ئه‌یوب بارزانی وتی:
"زۆر جار پاره تێکۆشان تێک ئه‌دات. کلیپترۆکراتی کورد له ژێر په‌رده‌ی نیشتیمان په‌روه‌رییدا دزیی له میلله‌ت کردووه‌و قوربانیی نه‌داوه. رێگای تێکۆشان بۆ نیشتیمان رێگایه‌کی سه‌خت بووه، له‌سه‌ر موچه‌و پاره ناوه‌ستێت. پێشمه‌رگه‌ی باشور که کلیپترۆکراتی ملیاردێری کورد سه‌رپه‌رشتی ده‌کات رایان کرد که‌چی پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوای بێ پول به‌رگرییه‌کی مه‌ردانه‌و کاریگه‌ریان کرد دژی داعش که جێگای سه‌ربه‌رزیی گه‌لی کورد بوو.
ئاشتی ئیبرایم ئه‌فه‌ندی ده‌رباره‌ی دروستبوونی رێکخراوی نوێ په‌نجه راده‌کێشێت بۆ هه‌بوونی بۆشایی له مه‌یدانی سیاسیی‌دا، ناوبراو ده‌ڵێت:
"بۆشاییەک دروست بووە لە باشووری کوردستان به نەبوونی ئۆپۆزسیۆن. پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە فراوان هەندێکیان دەیانەوێت فێل لە خەڵک بکەن، وا رابگەیەنن کە ئەوان هەم لە دەستەڵاتدان هەم ئۆپۆزسیۆنن بەوەی رەخنەدەگرن لە سەرۆک و حکومەتی هەرێم. لە راستییدا بوون بە ئۆپۆزسیۆن و بەشداریی لە دەستەڵاتدا دوو ئاراستەی جودان. بۆیە حاڵی حازر بۆشایی سیاسیی هەیە لە باشووری کوردستان. دوو رێتێچون هەیە بۆ پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە، کە هەردوکیان لەیەک کاتدا ره‌نگه روو بده‌ن.
یەکەم، مێژووی خەباتی میللەتی کورد لە باشوری وڵات لە نیوەی سەدەی رابردوودا لە رۆژە سەختەکانی و رۆژانی شاخ و خەباتی ژێرزەمینیی تاوەکو ١٩٩١، بەڵگەی ئەوەن ئەو نوخبە بەشداربووە لەو شۆڕشانەدا شەهیدێکی زۆری داوەو بەبێ بەرامبەر، هیج کاتێک چاوی لە پارەو ئیمکاناتی ماددیی نەبووە. بەڵام سەرکردەکان بە درێژایی ئەو مێژووانە لە سەروەڕا هەر لە هەوڵی ئەوەدا بوون شتێکیان دەست بکەوێت لە وڵاتانی عێراق، سوریا، ئیران و تورکیا. لەو کاتانەشدا ئیمکاناتە ماددیەکە هەر لە ژێر دەستی خۆیاندا بووە و بە ئارەزووی خۆیان بەکاریان هێناوە و لە کاتی ئاشبەتاڵهکانیشدا لەگەڵ خۆیان بردویانە، بۆیە دامەزراندنی رێکخراوێکی سیاسیی بەبێ پارە و پۆست زۆر رێی تێده‌چێت سەر هەڵبداتەوە لە نێو نوخبەی کۆمەڵگای باشورداو دواییش بەجەماوەریی بکرێت بەبێ پارە. ئەو ویستە لە نێو غەمخۆرانی دۆزی رەوای کوردێ بەدی دەکرێت لە باشوری وڵات‌دا لە هەموو ئاستەکاندا. بەڵام ئەو هەنگاوە پێویستی بە دیراسەیەکی زۆر، وردبوونەوەو لێکدانەوەیەکی زانستیی زۆر هەیە بۆ هەنگاوی یەکەمی و بەگروپکردنی ئەو ویستانە.
دووەم، ئیمڕۆ رەوشێکی تایبەت هاتۆتە کایەوە لە کوردستان که سنوورەکان دەوریان نەماوە لە رێگری لە تێکەڵاوبوونی کورد لە هەر چوار پارچەکهوه، بۆیە رێتێچونی بەهێزهەیە کە پارتە سیاسییە کوردییەکانی پارچەکانی تری کوردستان کە بوونیان هەیە لە مەیدانەکە وەکو پەکەکە، یەپەگە و پژاک ئۆتۆماتیکیی ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە، بە تایبەتیی دوای هێرشەکانی داعش جەماوەرێکی ئیجگار زۆریان پەیدا کردووە بە تایبەتی یەپەگە. ئەو هێزانە خاوەن پێگەی جەماوەریین. خاوەن هێزی چەکدارین، رێکخراوێکی توندوتۆڵی ژێر زەمینییان هەیە لە پارجەکانی تری کوردستاندا، ئەندام و لایەنگریان هەیە لە پەرلەمان و شارەوانییەکانی تورکیا لە هەمان کاتدا خاوەن هێزێکی پتەوەی جەماوەریین لە نێو رەوەندی کوردی دەرەوەداو کێشەی ئابورییان نییە، لە بڕیارە سیاسیەکانیشدا تا رادەیەک سەربەخۆیی خۆیان پاراستووە. لەبەر ئەو هۆکارانە روودانی ئەو رێتێچونه مەترسییەکی زۆری دروست کردوە لەسەر دەستەڵاتی هەرێم، بۆیەش دەستیان کردووە بە کارکردن دژی.