کۆڕهکەی مەلا بەختیار و هەرەشە و فشارەکانی کۆمیەتی سوێدی ینک (بهشی 1)
Tuesday, 19/01/2010, 12:00
رۆژی ١٧ ی ئەم مانگە لەشاری ستۆکهۆلم وەک دەیان کەسی تر بەرەو کۆڕەکەی مەلا بەختیار ڕێگای چوونم گرته بهر بۆ ABF ، سەرباری ئەوەی هەستم دەکرد ئەم کۆرە لەم کات و ساتەدا ، بێ کێشە تەواو نابێت ، گەرچی شەڕە راگەیاندنی نیوان گۆران و یەکێتی وەستاوە ، بەلام لە ئەوروپا زۆر بەسانایی دەکرێت ئازاری یەکتر بدەن ، سەرباری ئەمەش رۆژی پێشوو لە نەرویژ تەماتەیان لەمەلا بەختیار گرتبوو ، هەواڵەکەش خودی کۆمیتەی نەرویژی یەکێتی تارادەیەک پشت راستی کردبۆوە .
دەمێکە ئەو باوەرەم لا دروست بووە ، کە پارتی و یەکێتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ ، لەسەر سێ کۆلەکە خاوەن هێزی ئێستان . (ترس و تۆقان. دەسەڵات و پلەبەخشینی سیاسی. بودجەی کراوە و تەخشان و پەخشان پێکردنی داهاتی میللەت). بۆیە بەردەوام وەک سەدان تاکی کورد هەوڵم داوە دێوەزمەی ترسیان بشکێنرێت. ئەگەر لەناو نیشتمان ناتوانرێت مڕۆڤ قسە و ئازاری دڵی خۆی دهرببڕێت ، بەهۆکاری ئەوەی 19 ساڵە ترسیان لەناخی تاکی کورد لە گرتن و تیروۆر ئەشکەنجە و برسی کردن ونان بڕینی خەڵکیان ، چاندووە . ئەوا لە ئەوڕوپا بەهۆی ئازادیی سیاسیی و یاسا و بونی رەگەژنامە و ناسین و کارکردنانەی لەگەڵ هەندێ ناوەندی سیاسی که ئێمه لێره ههمانه ، لە چاو دەنگە رەخنەگرەکانی ناو نیشتمان ئازاردانمان ئاستەمترە . لەلایەکی تر چ شەرمێکە لەماڵ و تەلەفۆن ودیداری نێوانمان ، پارتی و یەکێتیمان ، پێ گەندەڵ و دز و جەردە و ناپاک بێت ، کەچی لەبەرامبەریان بێدەنگ و مامەحەمەییان بۆ بکەین؟ یان شێوەی پرسیار و ئاخافتنمان نەبێتە هۆی دەڕبڕینی ئازاری کپکراوی خەڵک ؟
بۆیە لەتەک سەدان تاکی کورد هەوڵم داوە ، کونجێکی ئەو دیوارە ترسەی دەسەڵات بە نووسین وئاخافتن بشکێنم .
چەند ساڵێکە زۆر بەدەگمەن بەرپرسانی پارتی و یەکێتی کۆرو سیمنار لە ولاتی سوێد دەگێرن، ئەوەندەی کۆری بەرپرسانی ئەو دو حیزبە بووە و بوارم بۆ ڕێکەوتوە ، چوومە و قسەی خۆم کردووە، نزیک بە دوو ساڵ لەمەوبەر لەکۆڕێکی مەحمود سەنگاوی بووم دەماقڵیمان لەهەلچووندا بوو، وتی بەڵێ ئێمە سۆرانی مامە حەمەمان کوشت و دەستمان خۆش بێت . لە کۆرێکی تری تەها بەرواری و ڕاوێژکارێکی نێچیرڤان بارزانی دیار ناوێک بوو ، زۆر قسەم کرد ، سەرباری رەخنە گرتنم بەتوندی ..تەنانەت وتم نێچیرڤان نوێنەری ئیلاهیە خەلک نابینی و وەلامی یاداشت ناداتەوە، کهچی دوور لەهەڵچون مامەلەیان کرد ، ئەمەش لای من جێگای سەیربوو ، چونکە پارتی لەرەخنە گرتن هەناسەی زۆر تەنگە؟
کۆرەکەی مەلا بەختیار چۆن کۆنتڕۆل کرابوو؟ هەر کەچوومە ژورەوەی هۆلەکە سەیرم کرد پۆلێ پاسەوانی کەتەی سوێدی هات و چۆیان دەکرد ، ئەمەش بە مافێکی رەوەیان دەزانم . بەهۆی ئەو بارودۆخی پێیدا تێدەپەڕن ، دواتر، کە چوومە ناو هۆڵەکە نزیک بە کاتژمێر 12 بوو مەلا بەختیار لەشوێنی قسەکردن بەر لە سازدانی کۆرەکە دانیشتبوو .ئەمەش لام زۆر سەیربوو ، کە کەسی کۆڕ گێر یان درەنگ دێت یان ئەوەتا لە پێشەوە دادەنیشیت تا داوای دەکەن. لەوەش سەیرتر سێ پاسهوانیی لە چواردەور بوو، یەکێکیان زهبهلاحێک بوو له ئاستیی دوو مرۆڤدا، ئیتر ئهو کات هەستم کرد مەلابەختیار و ئۆباما خالی هاوبەشیان هەیە، لەچواردەورگرتنی ڤاکتێک لەپشتیەوە ، دوانیش لە لای راستی وچەپی.
ئەوەی لەکۆڕەکەش بەوردی سەیری دەم و چاوی ئەندام و هەوادارانی کۆمیتەی سوێدی یەکێتی کردبێت ، هەستی بە حالەتی نائاسایی و ئامادەباشی دەکرد.
کۆڕهکهی مەلا بەختیار دوای 20 دەقیقە لەکاتی خۆی دەستی پێ کرد ، کەچی بەپێی وتەی ئەندامێکیان ، خالێکی پۆزەتیفی کۆڕەکەیان بوو ! کۆرەکە ئەگەرچی لەسەر بارودۆخی عیراق و کوردستان بوو ، بەلام مەلابەختیار وەک پیشەی هەمیشەیی بە قۆناخەکانی مرۆڤایەتی لە کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و ڕێنسانس و شۆڕشی پێشەسازی و دیموکراسی دا هات ، بەمەش نزیک بە 40 دەقیقە کۆڕەکەی پێکوشت، کە من لە ساڵی 1991هوه لە تەلفزیۆن و کۆرە تایبەتیەکانی ئەوەندەم گوێ لەو ووتانەی بووە، ئەگەر بەپەرتوکیش نەم خوێندبایە، لەبەرم دەبوو ، بەلام لەناو هەر حزبێکی بە شێوازێک وەک ساتهلایت دەیسوڕێنی تاباش وەری بگرێت و لەگەل بەرژەوەندیان بگونجێت .دواتر دەست بەناونووسین کرا ، دەمزانی ئەگەر پر بەگەروم هاوار نەکەم ، ناوم نانووسن . بۆیە بروا ناکەم کەس بەئاستی من هاواری کردبێت، تاکادیرێکی خۆیان وتی من ناوەکەت دەبەم ، ئەگەر مرۆڤ بۆ ویژدان بلێت لەکاتی هەوڵدان بۆ فشار هێنانی زۆرینەی بەرپرسانی کۆمیتەی سوێد ئەو کهسه هەلوێستی جیابوو ، بەمەش دڵم ئاوی نەخواردەوە ، چومە لای بەرپرسی کۆمیتەیان، که وابزانم ناوی سەردارە ، وتی ناوتم نووسیە ئەوا ببینە تۆ شهشهم ناوی . پێم وت ناوم دەخوێنیەوە ، وتی دلنیابە .
کاتێک دەست بە ناوخوێندنەوە کرا ، هەستم کرد هەر ئەندامانی خۆیانن، پرسیارەکان یەکجار لاوازن ، دەکرا لەکۆبونەوەی حزبییدا خۆیان کۆببنهوه و ئاماژە پێ بکرێت . بۆیە هەلسامەوە بە مەلا بەختیارم وتت: هەقە یەکەم ئەو ئەندامانەی خۆتان پرسیارەکانیان لەکۆبونەوەکانی خۆتان بکەن ، دووەم ، تۆش وەلامەکانت کورت بکەیتەوە بۆ ئەوەی بوار بدەن خەلکی رەخنەتان لێ بگرێت . هەر لەم وتەیەم یەکیک لە چاودێرەکانی یەکێتی لە دووری منەوە کۆمەڵیک قسەی ئاست نزمی پێ وتبوم ، کە بەڕێکەوت هەندێ هاوڕێم لەوێندەربون ، توشی نیمچە دەمەقاڵێیهک ببوون . دواتر ناو خوێنرایەوە لە شهشهمین تێپەڕی ئەگەر هەڵە نەبم گەیشتە سەروی یانزدهههمین، بەلام یەک کەسی لێدەرچیت زۆرینەیان پرسیارەکان لە ئاستی رەخنە و ئازار و نارەزایەتیەکانی خەلک، تهنانهت له ئاستی پرسیار و وەڵامەکانی ناو بەرنامەکانی تەلەفزیۆنیش نەبوو. زۆرینەی ئەو پرسیارانەی بەکاغەزیش دەیان خوێندەوە ،له چوارچێوهی ئهوه دەخولایەوە (کورد چەند کورسی دەهێنێت ، کۆدەتا لەعیراق رودەدات ، دوو وەزارەتەکە کەی یەکدەگرتەوە، کەی منالێ کورد فێر دەبێت ئازاد بێت ، کێن ئەوانەی هاریکاری سونەکان دەکەن، چی دەکەن بۆ ئێزیدیەکان ..... بۆیە پڕسیارێک لەهزرم خولایەوە ، تۆ بڵێی کەسێک بە کاغەزیش پرسیارێکی رەخنەئامێز یان گرنگی لەناو ئەوبارودۆخە سیاسی و نارەزایتیە بەرفراوانەی خەلک کە لەسەر شاشەی تێڤی لە ناو نیشتمان دەردەبڕیت نەکردبێت؟ ، تەنانەت هەندێ هاوڕێم کە دڵنیابوم بەئاخافتن یان بە نووسین پرسیار دەکەن . بۆیە هەستم کرد ، کۆنترۆلکراوە بەهۆکاری ئەوەی کۆرەکە 80 دەقیقەی زیاتر برد ، زۆرینەی ئەندامانی خۆیان بواریان پێ دەدان قسە بکەن، وەلامەکانی مەلا بەختیار بۆ ئهو هەموو پرسیاره سادانه، گەیاندمیە ئەو باوەڕەی، که کۆرەکە کۆنترۆل و فاشیل بوو . ئاخر هێزی کۆڕ لەوەدایە ، بوار بەرەخنەی بەرامبەر بدەیت نەوەک شانۆگەریەک ئامادە بکەیت .
بۆیە لەگەل وتیان سوپاس بۆ ئامادەبوونتان ، هەستم بە بێڕێزی خۆم و لەرزوکی ئەوان کرد . هەستامەوە و ، وتم زۆر ناشیرنە بۆ ئێوە بوار نادەن خەڵکی رەخنەگر ، رەخنەتان لێ بگرێت و زۆرینەی ئەوانەی، قسەیان کرد ئەندامی خۆتان بون... ، ئیتر هەرچواردەورم بەبێ تەواوکردنی وتەکانم گیرا ، به هاوارکردنی وهک: (دانیشە و قسەی زیاد بکەی لێت قبول ناکەین و زەرەر دەکەیت و دوانیان هەولی دا ئازارم بدهن کە یەکێکیان دەناسم کارگێری کۆمیتەیە ناوی لێزمە عەلی حەوێزە ؟
بەڵام بەهۆی قەرەبالغی خەلک و رەخنەی هەندێ خەلک لێیان منیش زۆر گوێم
بەو وردە ئەندامانەیان نەدا و لە سەر قسەکردنیش بەردەوام بوم ،دوو جار بە مەلا بەختیارم وت ، بزانە ئەوه ئەندامە سۆسیال دیموکراتەکەتە لەناو ولاتی سوێد ئاوا رەفتار دەکەن!؟
دوای ئەو هات و هاوارە وتیان دەست پێدەکەینەوە با قادر قسە بکات و هەندێ پاساوی لاوازیان هێنایەوە گوایە کات نهمابوو بۆیە کۆتاییان پێ هێناوە، کۆرگێرەکان بەمەلا بەختیارەوە ، زۆر داوایان لەئەندامەکانیان دەکرد دانیشن و بواری بدەن قسە بکات ، بەلام پۆلێک ئەندامیان بەتایبەتی یەکیکیان کە کارگێر کۆمیتە بوو ، دوو جار ، پێی وتم، بەس قسەی خراپ بکەی خۆم دەزانم چی دەکەم ، واتا سنوری قسەیان بۆ دادەنام هەندێکیشیان مۆرەیان لێ دەکردم . ئەمەش بە هەمو پێوەریک دەچێتە خانەی پێشێلی مافی تاک و ئازادی رادەربرین لە جوانترین ولاتی دیموکراسی دا کە لای من ئاسایی بوو کادیری یەکێتی ئاوا بکات بەلام هەرگیز ئاسایی نیە لە ولاتێکی وەک سوێد ئاوا رەفتار بکەن .لەکاتێکدا 80 دەقە مەلابەختیار بەس وشەی بریقەدار و دیموکراسی پێ فرۆشتین.
جارێک لەکۆڵم بونەوە وتیان پرسیار بکە یەکەم پرسیارم کرد هەر لە شوێنی خۆم(کەلە ساڵی 82 هوە چاودێری نووسین و قسەکانت دەکەم . لەو کاتەی بەرپرسی (یەکێتی ، ئاش، کەسک، زەحمەتکێشان ، یەکێتی دووبارە بوویەوە ، ئەوا بەپێی بەرنامە و سیاسەتی ئەو حزبەی تیا بووی ، بەهار دێنیە چۆکان بەلام لە واقیعدا هەموو لێکدانەوەکانت پێچەوانە دەردەچێت ؟ بۆگالتە وتی باش نییە پایز دەرناچیت . دواتر وتی وەک.... ئیتر منیش لەو چرکەساتدا هەندێ وتەو لێکدانەوەی هەلەی ئەوم بەبیرداهات هات و هاوار و هەڕەشە دەستی پیکردەوە دوو بۆ سێ کەسیشیان هەربەردەوام بوون لە سهر هەرەشە ی منداڵانە .
ئیتر دەنگی خەلک بەتایبەتی هەندێ هاوڕێم زیاتر بەرزبۆوە، کە بواری پیبدەن باقسە بکات ، مەلا بەختیاریش سەرباری ئەوەی جار جار دەیوت بواری پی بدەن قسە بکات وەک لەوێنەکەش دیارە ، کە ئێستا جوانتر بۆ خۆشم دەبیبینم وەک بەرپرسەکانی کوردستان خۆی تورە دەکات (دەپرسیارەکانت بکە و بیبڕێنەوە) ، لەکاتێکدا (مایکرۆفیان لی وەرگرتبومەوە ، هەرچواردەورمیان گرتبوو ، هەرەشیان دەکرد) کەچی جەنابی دەیوت دەقسە بکە بیبڕێنەوە ، دوایی هاوڕییەکم تەلەفۆنی کرد وتی نەدەبوایە ئەو پرسیارەت لێ بکردایە و وات بشکاندبایە ، چونکە زۆر ڕیزی لێگرتی ، بەلام ئێستا کە کاتێ فلیمەکە دەبینم بەراستی دەبوایە زەق و رەقتر قسە لەگەل ئەو نەهجە قسەکردنەیم بکردایە.
ئەوەی ماوەتەوە لەم بەشەدا ئەوە بلێم سەیربکەن مەلا بەختیار لەناو جوانترین ولاتی دیموکراسی و سەدان ئەندام و لایەنگری یەکێتی کەچی نیودەرزەن پاسەوانی تایبەتی سوێدی بۆ پاراستنی داناوە، کەچی دەلێت بارودۆخمان زۆر باشە!؟ بەڵام بەرپرسی سوێدی و ئەوڕوپی لەناو بازارەکانی ئەم ولاتە ئەوەندە پاسەوانیان نیە ؟
لەبەر درێژی نووسینەکە بەشی دوەم پرسیار وەلامەکانی من و مەلا بەختیار بەبەلگەوە هەندێ زانیاری نادروست و چەواشەی مەلابەختیار باس دەکەم
ماویەتی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست