تیرۆر و چەمکی فایلدارکردن، و نێوەندی رۆشنبیری ئێمە
Monday, 16/12/2013, 12:00
1949 بینراوە
نیلسۆن ماندێللا دەڵێت: (لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا بکوژ نەدۆزرایەوە ئەوا دەستی دەسەڵاتی لەگەڵدایە)
رووداوی یەکەم: عەبدولستار تاهیر شەریف
کاتێک عەبدولستار تاهیر شەریفیان تیرۆرکرد هیچ هەڵوێست و هەرایەکی بە کۆمەڵی لەم شێوەیەی ئێستا کە بۆ کاوە گەرمیانی دەکرێ نەهاتە دەربڕین. لەگەڵ هاوڕێیەکی نیوەندکەدا قسە کرد، گوتم پێم سەیرە کەس نایاتە دەنگ لەسەر ئەو مەسەلەیە چونکە تیرۆری وتنی راستیەکانە کە عەبدولستار تاهیر شەریف لە کتێبەکەیدا باسی لێوە دەکات. گەر هەرای لەسەر نەکرێت ئەوا دوو سبەی ئێخەی هەموان دەگرێت، ئەو برادەرەم وتی "ئاخر ئەو بۆخۆی چونکە فایلی هەیە و لەگەڵ بەعسدا بووە، کێشەکەش زۆرتر پەیوەندی بەوەوە هەبووە کە ئەو جاران بەعسی بووە و بۆیە کەس نایاتە دەنگ لەسەری." بێگومان هەر واش بوو جگە لە هەندێ دەنگی تاک و تەرا هیچ کارێکی ئەوتۆی بۆ نەکرا. بگرە ئەوانەشی کە ئێستە خۆیان بە پێشەنگی داکۆکی لە ئازادی رادەربڕین دادەنێن هیچ فزەیەکیان لێوە نەهات.
رووداوی دووەم: کەمالی سەید قادر
سێ و چوار ساڵ لەمەوپێش، کەمالی سەید قادر کۆمەڵێ نووسین و دۆکیومێنتی لەسەر پارتی و مەلا مستەفای بارزان بڵاوکردەوە. دیارە من هەقم بەوەوە نیە کە ئەو بە چ شێوازێک و ئاستێکی ئەکادیمی لە نووسین شتەکانی بڵاودەکردەوە بەڵام بە هیچ کلۆجێ لەگەڵ ئەوەدا نەبووم کە بەو شێوەیە لە هەولێر گیرا لەسەر بابەتەکانی. دوای دوو سێ رۆژ دادگایەکیان بۆ ساز کرد و چەندان ساڵ حوکمیان بۆ بڕیەوە. ئەمە کەیسی گرتنە زۆر خەتەربوو کەچێ نێوەندی رۆشنبیری ئێمە تارادەیەک بێ دەنگی تەواویان لێکرد. بە بیانووی ئەوەی گوایە ئەو دژایەتی پارتی دەکات و شتی شەخسی لەسەر مەلا مستەفا بڵاو دەکاتەوە. کەیسەکە ئەمە نەبوو، بەڵکو ئەوە چ وڵاتێکە کەسێک لە پڕ بگریت و داداگایەکی بە پەلەی یەک دوو رۆژی بۆ ساز بکەی و حوکمی چەندان ساڵەیەکی بۆ ببڕێتەوە. لە ناچاریدا خوشکەکەی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە نێوەندەکە کرد بە تایبەت هەندێ کەس کە هەڵوێستیان هەبێ و بەڵکو فشار دانێن لەسەر پارتی تاکو براکەی بەر بدەن. لەم سۆنگەیەوە دەست کرا بە بەڕێخستنی نامەیەکی ناڕەزایی. لە بەختی ئەودا باش بوو حکومەتی نەمسا هاتە نێو کێشەکەوە و ئازاد کرا.
سێیەم: سەردەش عوسمان
سەرباری ئەوەی کەسێکی گەنجیان بە رۆژی نیوەڕۆ رفاند و تیرۆریان کرد، هاتن فاییان بۆ دروستکرد گوایە سەر بە ئەنسار ئیسلامە. کاتێک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی، لە ئەوروپا، گەر هەڵە نەبم پاریس بوو، وەلامی ژورناڵیستێکی دایەوە لەمەڕ کەیسی سەردەشت عوسمانەوە بە توانباری کرد کە دەستی هەبوو لەگەڵ گروپی تیرۆرستیدا. لە پای ئەو وەلامەدا ژورناڵیستەکە بە کەمە بزەیەکی تاڵەوە سەیرێکی سەرۆکی پارتی کرد.
چوارەم: کاوە گەرمیانی
لە کەیسی کاوە گەرمیانیشدا وا فایلێک دروست دەکرێت کە ئەمیش بە وێنەی فایلەکەی سەردەشت عوسمان، بێ بنەماترین شتە لە مێژووی بڕوبیانوەکان و تۆمەت دروستکردنەکاندا.
ئەنجامەکان:
گەر سەیرێکی ئەم نموونانە بکەین دەبینین چ لە عەقڵی نێوەندی رۆشنبیری ئێمەدا و چ لە سیاسەتی حزبە کوردیەکاندا مەسەلی فایل و فایلدارکردن بوونی هەیە جا ترسناکیەکە لەوەدایە دوای تیرۆری کەسەکانیش ئەمە بخوڵقێت. بیرۆکەی فایلداری لە میدیای نوێی کوردیدا زۆرتر لە دوای ساڵانی ٢٠٠٣ ەوە دروست بوو کاتێک حزبە کوردیەکان، بەتایبەتی یەکێتی، لە شەڕی نێوخۆی خۆیاندا کەوتنە بڵاوکردنەوەی فایلەکانی خەڵکانی خۆیان، ئەوەبوو میدیای کوردیش، مەبەسم غەیرە حزبیەکانە، کەوتنە ئەو داوەوە. ئەوە داو بوو، بەڵێ. لەم رۆژگارەی ئێستەماندا لەهەر کات زیاتر ئەوە روون بۆتەوە کە جیاوازیەکی ریشەیی نیە لە نێوان ئەوەی ئایا لەگەڵ بەعس بووبی یان لەگەڵ حزبی کوردیدا. هەردوو خزمەتی دەسەلاتێکی سەرکوت و سەرکردەیەکی تاکڕەویان کردووە. بۆیە سەیرکردنی شتەکان بە عەقڵ جاران نادروست دەردەچێ چونکە ئەوەی عەبدلستار تاهیر شەریف دەیوت جگە لە راستی مێژوویی هیچی دی نەبوون. دەوران دەورانی ئەوەیە قسەی هەق بکەی و هەڵوێستی بابەتیانەت هەبێت، گرنگ ئەوە نیە تۆ لە رابردوودا لەگەڵ ئەملا بووی یان ئەولا. دروستبوونی چەمکی فایل دارکردن لە ئەنجامی بنبەستی و هیچ پێ نەبوونی کەسەکان و لایەنەکانەوەیە. ئایا ئەو دەم فایلانە درووست بوون کەس ئەو جورئەتەی هەبوو باس لە فایلی شەست و شەش یان نەوەد و شەش بکات؟ بێگومان نەخێر لەبەرئەوەی ئەوە عەقڵیەتێکی مەبەستدار لە پشتیەوە وەستاوە کە خواستێتی راستیەکان ئاوەژوو بکاتەوە یان ئەوەی بیەوێ هەقێک بڵی باتڵی بکاتەوە.
لەگەڵ ئەم هەموو تاوان و رسواییانەدا کەچی هێشتا خەڵکانێکی زۆر و دیار لە نێونەدی رۆشنبیری ئێمەدا روو لە دەرگای ئەو حزب و سەرکردانە دەکەن. وتار لەسەر بۆنە سیاسیەکانیان دەنووسن و سیناریۆکانیان بۆ رەنگ دەکەن و ئەو کەسێتی و سەرکردانەی هەرچی تیرۆر و تاڵانی ولات هەیە لە ژێر دەستی ئەوان دەچێتە پێشەوە، شایستە دەکەن. دەڵێن زاکیرەی چۆلەکە زۆر کورت ماوە و بچوکە، جا زۆرێک لە رۆشنبیر و نووسەری ئێمەش زۆر زوو ئەو شتانەیان لە یاد دەچیت و دوای ماوەیەکی کورت دەچنەوە بەردەمیان جا چ راستەوخۆ یان ناراستوخۆ. ئەستەمە گەر راستی وەک عەبدولستار و سەردەشت و کاوە بڵێی و بمێنی لە لایان. ئەوەی دەمێنێ راستی بە شێوە تاڵیەکەی ناڵێت. ئێمە هەموومان دەبێ دان بەووەدا بنێین.
یەکێک لەو دیدانەی تر ئەوەیە کە روو بکرێتە دەسەڵات بۆ گرتنی بکەرەکانی ئەو رووداوانە. لە راستیدا لە کەم شوینی دنیادا هەیە وەک کوردستان بێت، چونکە دەسەڵاتەکە خۆی ئەوە دەکات. ئایا کەس هەیە بچوکترین گومانی لەم قسەیە هەبێت؟ ئەمانە دوا کەیسی تیرۆر نابن و بکوژانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن. نەک هەر بۆ کەیسی لەم جۆرە بەڵکو بۆ هەر کەیسێکی تری وەک گەندەڵی و ئازادی رادەربڕین و نووسین ....هتد دەبێ روو بە روو بوونەوەی دەستەوئێخەی روو بدات لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا. چ داد و دادگا چ پارێزەر لە کوردستاندا بوونی نیە. ئەو مۆرکە یاسایی و هەقخوازی و ئەخلاقیەی کە دەبێ لە کاری قانوونیدا هەبێت لە کوردستاندا بوونی نیە بەڵکو تەنها شت ئەوەیە پارەی پێ پەیدا بکە و خۆتی پێ بژێنە. لەوە زیاتریس، قانون و یاسا کراون بە تەزبیحی دەستی دەسەڵاتەوە گەر نەتوانن وەک جەستە لە ناوت بدەن ئەوا دەتدەدەن بە دادگا، بەو دادگای حاکم و حوکم و قەرار خۆیانن.
دیارە هەموو کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و قانونی و رۆشنبیریەکانی کوردستان بوونی واقعی خۆیان لە دەستداوە. ناکرێ لەم لاوە عیرفانی شاعیر لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی پێڵاوی ئاسایشدا بمرێت و لەولاشەوە شاعرانی تری شار نەک هەر بێ دەنگی لێ بکەن، بگرە لە فستیڤالەکانیاندا هۆنراوە بخوێننەوە و بەخشیشەکانیان لێ وەربگرن. خۆ بە گاڵتە نیە ئەو شاعر و ئەدیبانە چەندان گۆڤاری ئەدەبی دەردەکەن و ساڵانە کتێبیان بۆ بەچاپ دەگەێنن، دیارە ئەوە لە پای خۆفرۆشتنی بوون و ماهیەتیانەوەیە بە ناهەقی و بێ ویژدانی. تۆ بڵێی نان ئەوەندە گران پەیدا بکرێ تاکو ئاوها خۆتی بۆ بفرۆشی. مێژوو هەموو ئەمانە دەنوسێتەوە.
عەقڵیەتی ستراتیژ لە نێوەندی رۆشنبیری ئێمەدا زۆر کاڵە، هاتنە دەنگ لەسەر تۆقاندن و تیرۆری قەلەم نەبۆتە ستراتیژ، لە باشتری حاڵەتدا مەحکوم کردنێکی سەر کاغەز باشتری هەڵوێست دەبێ. ئەوەی ئیستە لە نێوەندی رۆشنبیری-سایسی ئێمەدا دەچێتە پێشەوە لەمەڕ کەیسسی تیرۆر خاڵێکی باشە بەڵام مەنفەسی ئێجگار گەورە لەو نێوەندەدا هەیە کە وادەکات ئەو نارەزاییەتیانە هیچ قورساییەک و بەرهەمێک بەجێ نەهێڵێت. هەر ئەو مەنفەسانەشە کە رێگەی داوە بە دەسەڵات بە ئارەزووی خۆی قەڵەمەکان تیرۆر بکات. جۆری بیرکدرنەوە، هەڵوێستی جیاواز، بەرژەوەندی جیاواز، بودەڵی و جەسارەت، پۆلێن کردنی قەڵەمی حزبی و غەیرە حزبی...هتد ئەو مەنفەسانەن کە ناتوانن یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی و هاوپشتی لە مەسەلە رەواکانی قەڵەمی ئازاد بە یەکتایی بەرنە پێشەوە.
دەڵێن زۆر جار لە تراجیدیاکانەوە کۆمیدیاکان دروست دەبن، جا کۆمیدیا لەم کەیسەدا ئەوەیە کە پارتی دیموکرات سەرەکۆنەی ئەو کارە دەکات. کۆمیدیا ئەوەیە کە ئیسلامیەکان ئیدانەی تیرۆر دەکەن. چ وڵاتیکە تێیدا دەژین. دڵمان خۆش بوو کوردستان ئازادکرا و لە ترس و تۆقاندن و کوشتن نەجاتمان بوو بەڵام نەمانزانی ئازادی لە دەست دەدەین و دەستە کوردیەکان رەشتر لە هی داگیرکەران ترس و تۆقاندن و کوشتن پەیڕەو دەکەن.
ئیدریس مستەفا دیسامبەری ٢٠١٣