دەستوری لەباربراو
Friday, 14/02/2014, 12:00
کورد ئەڵێ؛ مانگ سەر لەئێوارە دیارە. کوردستانی باشوور ماوەیەکی زۆر بوو مقۆ مقۆی داڕشتن و پێداچوونەی دەستوورێک کە لەگەڵ خواست و ئاواتەکانی گەلەکەمان بگونجێت، بنووسرێتەوە. وەك ئاشکرایە ماوەی ٢٣ ساڵە کەبەشێکی کوردستان جۆرێك لە خودموختاری هەیە و توانرا لەو ماوەیەدا بەناو پەرلەمان و حکومەت جێگەی ئەو دام و دەزگایانەی ڕژێمی بەعس بگرێتەوە کەلەدوای ساڵی ١٩٩١ بەجێیهێشت.
دروست بوونی ئەو جوگرافیا بچوکەی ئەوڕۆ کە ناوی لێنراوە (هەرێمی کوردستان)، تەنها بناغەیەکی سۆزداری و مرۆیی هەیە. واتا دوای ئەوەی مارگریت تاچەر و ئەمریکا ڕێکەوتن لەسەر چەسپاندنی (No Fly Zone) واتا(ناوچەی دژە فڕین) و بەهاوکاری فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتوەکان کە بەتەنها بۆ ئەو فڕۆکانە بوون کەوا باڵی جێگیریان هەبوو . ئەو ناوچەیەی کەوا کەوتبوە نێوان هێڵەکانی(٣٦ و ٣٣) بۆ ئەوەی فڕۆکەکانی ڕژێمی سەدام جارێکی تر چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو دژ بەکورد و شیعەکان بەکار نەهێنێ، دروست کرا. بۆیە لەو ڕۆژەوە ئەو ناوچەیەی کە کوردستانی باشوورە نەچۆتە قۆناغێکی سیاسی و ئابووری واوە کە چی تر بەتەنها وەك سۆز و هاریکاری مرۆیی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ. بەڵکە ئەمە بەشێك بوو لەو سیاسەتە هەڵەیەی سەرانی پارتی و یەکێتی کەنەیان ویست و کاریان بۆ ئەوە نەکرد کوردستانی باشوور بکرێتە هاوکێشەیەکی سیاسی و ئابووری. هەڵبەتە لەسایەی دەسەڵاتی بنەماڵەی هەردوو(مەسعود و جەلال) لەماوەی ئەو ٢٣ ساڵەدا ، ئەو ئەزموونەی ئەمان لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی بووە بەڵگەو سەنگی مەحەك بۆ ڕٶژئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی کەوا نەتوانێ پشتگیری سیاسی لە کوردستانی باشوور بکات.
هەر لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ و تا ئەوڕۆش سەرانی پارتی و یەکێتی کەهەریەکەیان کلك گرێدراوی ووڵاتێکن و نەیانتوانی سیاسەتی پشت بەستن بە خودی میلەتی کورد و ئاوەدانکردنەوەی دوا گوندی ڕووخاوی کوردستان و دووبارە ژیانەوەی کشتوکاڵ و هاندانی وەبەرهەم هێنانی ناوخۆ. ئەمان لەگەڵ میلەتی خۆیاندا دەرگای ئازادیەکانیان داخست و سیاسەتی دیکتاتۆری و ملهوڕی و قۆرخکاریان پێڕەو کرد. چەندین ڕاپۆرتی (ویکیلیکس،نەتەوە یەکگرتوەکان،ڕێکخراوە جیهانیەکان و لەسەرو هەمویانەوە هیومان ڕاییت واچ) گەواهی ئەوە ئەدەن کەوا ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەو چەندین کەیسی بزرکردن،ئازاردانی جەستەیی،کوشتن و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی سڤیلی دۆکیومێنت کردوە. ئەمە سەرباری ئەوەی هەستان بەدزین و هەراجکردنی نەوتی کوردستان و خستنی داهاتەکەی بۆ گیرفانی تەنها بۆ دوو بنەماڵە.
بۆیە ئەمریکا و ڕۆژئاوا گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کەوا ئەم جۆرە لە فەرمانڕەوایەتیە بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێ و پێوستە بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر بکەنەوە بۆ ئەوەی دوا ڕۆژی بەرژەوەندیەکانیان نەکەوێتە ژێر مەترسی و نەمان. بوونی ئەم جۆرە لە فەرمانڕەوایی بنەماڵەیی هەرگیز لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوادا نیە و پێوستە لابدرێن. بۆ ئەم مەبەستەش نەخشەی ئاشبەتاڵێکی تر لەئاسۆوە ئەبینرێ و ئەم جارەش هەمان کوردستانی باشوور لەژێر ڕکێفی ئەم دوو بنەماڵەیە دەرئەهێنرێ و ئەخزێنرێنەوە سەر نەخشەی عێراق. حەتمەن نەبوونی دەستوور و خۆ دزینەوە لێی و هەر ڕۆژەی بەپاساوێك ئەو دەرئەنجامە ئەدا بەدەستەوە کەبەڵێ هەر یەك لەدەسەڵات و بەناو ئۆپۆزیسیۆن ڕێگریان کرد لە نەبوونی دەستووردا ، چونکە ئەیانزانی ئەو ڕۆژە دێت کە ئاشبەتاڵێكی تر بکەن. هەریەك لە مەسعود و جەلال بوونەتە هۆی یاریکردن بەنرخی نەوت و دابەزینی بەشێوەیەك لەگەڵ نرخەکانی ڕێکخراوی ئۆپیکی جیهانی نەگونجێ و لەماوەی چەندین ساڵدا ئەو گەمارۆ ئابوورییەی خرابوەتە سەر ئێران ئەم دوو مافیایە پێشێلکاری ئەو بڕیارانەی نەتەوە یەکگرتوەکانیان ئەکرد و هەرێمی کوردستان ببوە شوێنی مەشق پێکردنی چەندین هێزی تیرۆریستی وەك (بەرەی نوسرە و حزبوڵاو هێزی بەدر) کەئەمانە لەلیستی تیرۆری ئەمریکادان و سەریەشەیان بۆ بەرژەوەندیەکانی زڵهێزەکان ناوەتەوە. ناشبێ ئەوەمان لەیاد بچێ کەوا هەرێمی کوردستان بۆتە ڕێڕەوێك بۆ تێپەڕبوونی مادە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستانەوە بۆ ئەوروپا و ڕەوانەکردنی هێزو تەقەمەنی ئێرانی بۆ سووریا و لوبنان. بۆیە ئەمریکا چی دی بەچاوی هاوڕێ و هاوکاری مرۆیی تەماشای ئەم دوو دزە ناکا.
دوا ووتە لەسەر دەستووری هەرێمی کوردستان. لەلایەن لیژنەیەکی ئەکادیمی سەربەخۆوە پێداچوونەوەیەك ساز درا کەوا تەنها لەپێشەکیەکەیدا کە تەنها لە(٥) پەڕە پێك دێ ، ئەو بەڕێزانەی کەبەم کارە هەستاون بەناوەکانی(تەها عومەر:پارێزەر و مامۆستای وانەبێژ لەکۆلیژی یاسا و ڕامیاری/زانکۆی سلێمانی. عابد خالد ڕەسوڵ: مامۆستای یاسای دەستووری لە کۆلیژی زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان/زانکۆی سلێمانی. ئاریان محەمەد عەلی: مامۆستای سیستمە سیاسییەکان لە کۆلیژی یاسا و ڕامیاری/زانکۆی سلێمانی. دکتۆر و پرۆفیسۆر هۆشیار مەعروف: کەپرۆفیسۆری خانەنشین/زانستی ئابووری. و محەمەد کەریم: پسپۆری ئابووری و سەرۆکی مونتەدای ئابووری کوردستان. زیاتر لە (پەنجا ووشەی عەرەبیان بەکارهێناوە) ئەمە لەکاتێکدا بۆ ئەو ووشانە گەلێ بەئاسانی ئەیان توانی ووشەی کوردی بەکاربێنن، بۆ نمونە(شەرعیەت،دەوڵەت،حاکمەکان،مومارەسە،حوکمڕانی،مەرجەع،حزب،شەڕ،سەلاحیەت،پرۆسە،ئەجیندا،هودنە،نۆرم،تەحەددا،توافق،حەتمیەت،شەفاف،مەدەنی،لامەرکەزی،مەعنەوی،فیقهی،شەریککردن،مەتاتی و چەندینی تر لەووشەی نامۆی تر . ئێمە پرسیارێك لەم بەڕێزانە ئەکەین چۆن ئەتوانن دەستوورێك ئەنووسن و دائەڕێژن کەبەزمانی(زوبان) خۆیان نەبێ وەیان تێکەڵ بکرێت لەگەڵ زمانی تر. ئایا دەستووری ئەمریکی هیچ ووشەیەکی فەرەنسی و ئیسپانی تیایە. جا ئەمە حالی ئەوانە بن کەوا دەستووریك بۆ کورد بنووسن و پێداچوونەوەی بۆ بکەن ئەو هەموو ناڕێك و پێکییەی ڕێزمانی و زمانەوانی تیا بێ، چۆن ئەتوانین بانگەشەو بناغەی ووڵات بدەین بەگوێی نەوەکانمان. ئەمە جگە لەوەی لەناو ماددەکانیدا چەندین هەڵەو کەمو کوڕیی تیایە کەهەرگیز مایەی دڵخۆشی نیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست