هه‌شتی مارس له ژنانی جیهان و به‌تایبه‌ت له ژنانی چه‌وساوه‌ی کورد پیرۆز بێت
Monday, 07/03/2011, 12:00
به‌یاننامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد له ئۆرووپا به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی ژن
یه‌ک سه‌ده و سێ ساڵ له ناوزه‌دکردنی ڕۆژی هه‌شتی مارس، وه‌ک رۆژی جیهانی ژن تێپه‌ڕ ده‌بێت. ڕه‌نگه چالاکانی ژن له‌وکاته، هیچکات بیریان له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه که پاش یه‌ک سه‌ده و سێ ساڵ، هێشتا ژنانێک هه‌بن که ته‌نیا به هۆی ده‌ربڕینی مافه یاساییه‌کانی خۆیان، له لایه‌ن رژیمه دیکتاتۆره‌کانه‌وه له لایه‌ک، و له لایه‌ن بیری کۆنه‌په‌ره‌ستی کۆمه‌ڵگا له لایه‌کی دیکه‌وه، له ژێر زه‌خت و گوشار بن.
ژنانی کورد ده‌یان ساڵه که له‌و زه‌خت و زۆریه‌ی که له سه‌ریانه، تێگه‌یشتون و به ڕێگه‌ی جیاواز ویستویانه که له به‌رانبه‌ری دا ڕاوه‌ستن . چه‌ند ساڵ له ڕێگه‌ی خه‌باتی مافخوازانه‌ی نه‌ته‌وه و له نێو حیزبه سیاسیه‌کان چالاکیان به‌ڕێوه بردوه، ڕۆژگارێکیش له ناو وڵات و به رێکخستنی رێکخراوه‌ی ناحوکمی ژنان و ساڵیانێکیش به چوونه ناو قووڵایی کۆمه‌ڵگا و له ڕێگه‌ی کارگه‌ی په‌روه‌رده و به شێوه‌ی روو له روو، له به‌رانبه‌ر ئه‌م زه‌خت و زۆره دا ڕاوه‌ستاون. له‌م رێگه یه‌شه‌وه تووشی گه‌لێک کێشه وزه‌خت و گرفت هاتوون.
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد له ئۆروپا ڕاده‌گه‌یه‌نێ که له سه‌د و سێهه‌مین ساڵی هه‌شتی مارس، رۆژی جیهانی ژن، لانی که‌م چوار که‌س له چالاکانی مافی ژنان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له گرتووخانه به سه‌ر ده‌به‌ن، 6 که‌س له‌گه‌ڵ تاوانی قورس ڕووبه‌ڕوو بونه‌ته‌وه و دۆسیه‌کانیان له جه‌ره‌یان دایه، وکهسانێکێش به هۆی زه‌خت و گوشاره‌کانه‌وه ناچار بوون وڵاتی خۆیان، کوردستان، به جێ بهێڵن. ئه‌مه ته‌نیا به‌شێکی زۆر که‌م له‌و زه‌خت و گوشارانه‌یه که له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران به سه‌ر چالاکانی ژنان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌ڕێوه ده‌بردرێت.
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد له ئۆروپا، سه‌ری ڕێز و ستایش داده‌نوێنی بۆ هه‌موو چالاکانی ژنان له ڕووی جیهان به گشتی و له کوردستان به تایبه‌تی . له‌گه‌ڵ خه‌باتی مه‌ده‌نی و حه‌قخوازانه‌ی ژنان له کوردوستان به تایبه‌ت ، ئه‌م حه‌ره‌که‌ته له شاره‌کان و گونده‌کانی کوردستان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆی له کۆمه‌ڵگا دا به شێوه‌یه‌کی ئه‌رێنی داده‌سه‌پێنی هه‌ر چه‌ند گرفتی پاشوهڕۆیی و دواکه‌وتویی کۆمه‌ڵگاکه‌مان به‌ر به‌ستی ده‌بێت و هاو شان ده‌سه‌ڵاتی دواکه‌وتوی حاکمهیهت ناخوازێت ئه‌م ده‌نگه حهقوازانه و ئه‌م بیره یه‌کسانخوازه له ناو کۆمه‌ڵگادا به‌رهه‌م بهێندرێت، به‌ڵام ده‌نگی ئازادی ژنان ده‌نگی هه‌مو مرۆڤایه‌تیه و کپ ناکرێت . به‌ڕای ئێمه، چالاکی و هه‌ڵسورانی ژنان بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که تا راده‌یه‌ک کوشت و بڕ و تاوان دژی ژنان که‌متر بێته‌وه وبۆوهته هۆی که‌م بوونه‌وه‌ی قوربانیه‌کانی هه‌ندێ دیارده وه‌ک "کوشتنی نامووسی" و "خۆکوژی ژنان".
له کۆتایی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌دا سه‌ری ڕێز بۆ ئه‌و ژنانه‌ی که بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واکانیان خه‌باتیان کردوه و له‌و ڕێگه‌یه‌دا گیانیان کردۆته قوربانی داده‌نوێنین و داوای یه‌کگرتویی خه‌بات ده‌که‌ین بۆ پشتیوانی ئه‌و چالاکاڤانانهی که له گرتووخانه‌کانی کۆنه‌په‌ره‌ستان و ئێران به سه‌ر ده‌به‌ن، و بۆ ئازاد کردنیان له هه‌مو هێز که‌ڵک وه‌ربگیردرێت.داوا له تاک و کۆمه‌ڵگای کورد ده‌که‌ین به‌رخۆدان و پاراستنی مافه ره‌واکانی ژنان که ویست و خواستێکی سروشتیه ، رێزی لێ بگیردرێت و خه‌بات بۆ یه‌کسانی و به‌رابه‌ری بکرێته هه‌ڵویستی ڕۆژانه.
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد - ئۆروپا
www.kmmk.info هه‌شتی مارسی 2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست