ژیان له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌وت
Friday, 08/07/2011, 12:00
ڕابردوو به‌چرکه‌ش ده‌ست به‌ردارم نابێت و به‌رۆکم به‌رنادات ، ماوه‌ی 18ساڵه نیشتمانم جێهێشتوه ، لێ تاکو ئیستا خه‌ونێکم نه‌دیوه سه‌ر زه‌مینه‌که‌ی ئه‌وروپا بێت ، بۆیه منیش وه‌ک ڕابردووم ناخوازم ئه‌و گه‌نجینه پڕ له ئازاره فه‌رامۆش بکه‌م، که به‌شێکه له قوربانی منداڵێک له‌ناو خێزانێکی هه‌ژاردا ، که هه‌موو ڕۆژه‌کانی بۆ خۆی چیرۆکێکی زیندوه و ده‌ڵێ ده‌بێ بمنووسیته‌وه.
ساڵ حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی بیست بوو، شوێن سلێمانییه و کات پایزێکی دره‌نگ وه‌خت بوو، هه‌موو دار و به‌ردی گرمۆڵه کردبوو به‌سه‌رماکه‌ی و په‌یامی سه‌ختی زستانی به گوێی شار و هه‌ژاره‌کاندا ده‌دا، ئه‌ز بابۆڵه‌یه‌کی نان و شه‌کرم به‌ده‌سته‌وه بوو خه‌ریکی کرماندنی بووم و له گه‌ڵا شاش و ڕه‌نگا و ڕه‌نگه‌کانی دارمێوه‌ی حه‌وشه‌که‌مانم ده‌ڕوانی، له سیحری لقه خوارو خێجه‌کان ورد ده‌بوومه و گوێم بۆ چۆله‌که بزێوه‌کان هه‌ڵخستبوو، پێ ده‌چوو له‌سه‌ر شتێک له‌شه‌ڕدابن و من تێ‌یان نه‌ده‌گه‌یشتم . کاتێک به‌پرتاو دایکمم دی به‌خۆی و عه‌با زه‌رباوه‌که‌یه‌وه، که هه‌تاوی هاوین سوتاندبووی خه‌ریک بوو به‌ره‌و ده‌رکی ده‌ره‌وه، ده‌ڕۆی بۆسه‌ر شه‌قامه‌که، منیش خۆم و بابۆڵه‌که‌م دوای که‌وتم بێ ئه‌وه‌ی پرسیاری لێبکه‌م ئایا بۆکوێ ده‌چێت؟ ده‌ستم گرت به عه‌با زه‌رد باوه‌که‌یه‌وه و هه‌نگاوی بچکۆلانه‌م له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵده‌هێنایه‌وه، پاش نیوه‌ڕۆیه‌کی دره‌نگ وه‌خت بوو، سه‌رما هه‌موو خه‌ڵکی له ژووره‌وه خزاندبوو کزه‌باش به‌کۆڵان و شه‌قامه‌کاندا ئاوازێکی ترسناکیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا به‌خش ده‌کرد، ماڵمان له‌شه‌قامی مه‌وله‌وی بوو له‌سه‌ر ئه‌و پرده‌ی، که ماوه‌یه‌ک بوو درووست کرابوو، من نه له دایکم پرسی بۆکوێ ده‌ڕۆین؟ نه ئه‌ویش پێی ووتم بۆچی دوای ده‌که‌وم؟ نازانم ده‌مژمیڕێکمان پێ چوو له به‌رده‌م ماڵه خزمه‌که‌ماندا قوت بووینه‌وه، دایکم ده‌رگاکه‌ی دا و له چاو تروکانێکدا ده‌رگا ی ماڵه‌که ئاواڵاکرایه‌وه لێمان، ماڵی خزمه‌که‌مان زۆرنزیک بوو له به‌نزین خانه‌که‌وه. من زۆر حه‌زم ده‌کرد زوو زوو بچین بۆ ئه‌و ماڵی خزمه‌م ، چونکه له‌باخه‌که‌یاندا دار هه‌نجیرێکی گه‌وره، له‌گه‌ڵ دار هه‌نارێکی لێ بوو، له‌وێ ئازادانه هه‌نجیر و هه‌ناری ڕشکاوی نه‌گه‌یوم تێر تێر ده‌خوارد و له‌ناو چیمه‌نه‌که‌شیاندا هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زم ده‌کرد له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌یاندا که هاو ته‌مه‌نی خۆم بوو ، زۆرجار ئامبازی سه‌ریشی ده‌بووم، به‌ڵام زوو بیرمان ده‌چۆوه، به‌ر له‌وه‌ی جێشیان بهێڵین، که لای من ناخۆشترین کات بوو، ڕێگه‌یان پی ده‌داین، چه‌ند گوڵه باخێکمان ده‌قرتان و له‌گه‌ڵ خۆماندا ده‌مان هێنانه‌وه بۆ ماڵه‌وه، تاچه‌ند ڕۆژێک خوشکه‌کانم گوڵه‌کانیان له‌پ ه‌رداخێک ئاودا داده‌نا، بۆنی گوڵه باخه‌کان ژووره‌که‌مانیان بۆنخۆش ده‌کرد.
له‌بیرمه هه‌موو به‌یانییه‌ک، که هه‌ڵده‌سام پڕ به سییه‌کانم بۆنی گوڵی ناو په‌رده‌خه‌که‌م ده‌کرد و چاوه‌کانم ده‌نوقاند. دوایی ده‌چووم به به تاسووقه‌وه نان و چای شیرینم ده‌خوارد، لێ ئه‌و ڕۆژه وا نه‌بوو دار هه‌نجیره‌که گه‌ڵاشی پێوه نه‌مابوو، کاتێکیش که له ده‌رگامان دا ئه‌وان راسته‌و خۆ به‌دایکمان ووت: ئه‌وه ته‌نه‌که نه‌وته‌که‌تانه. من و دایکم هیچ دانه‌نیشتین! وه‌ک چۆن کڕیارێک له دوکاندارێک شت بکڕێت و نه‌یناسێ ئاوه‌ها بوو، بیرمه دایکم تۆپه‌ڵێک قوڕی له باخه‌که‌یان هێنا و ده‌می ته‌نه‌که نه‌وته‌که‌ی پێگرت و ده‌رگاکه‌ی پێوه دا‌و نه‌وته‌که‌ی هه‌ڵگرت و به‌ره‌و ماڵه‌وه گه‌ڕاینه‌وه، به‌کۆڵانه‌کانی ئه‌قاریدا، دنیا به‌ره‌و تاریکی ده‌ڕۆی ، دایکم هه‌ر بۆڵه بۆڵی بوو بیرم نایه چێده‌وت! به‌ڵام چاکم بیره هێنده وه‌ستاین و ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستی پێ‌کرد له‌ناکاودا ده‌سکی ته‌نه‌که نه‌وته‌که به‌ده‌ست دایکمه‌وه هات، نه‌وته‌که به‌شێکی ڕژایه سه‌ر شه‌قامه قیره‌که و قوڕه‌که‌ش تلیسابوویه‌وه و نه‌ی ده‌توانی ده‌می کونه‌که بگرێ له‌وه زیاتر لێی نه‌ڕوات.
سه‌رماکه تا ده‌هات زیاتر ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنین، شه‌قامه‌کان چۆڵترو کزه‌باکه ته‌نگه نه‌فه‌سی کردبووین ئێمه به‌ره‌و شه‌قامی مه‌وله‌وی ده‌هاتین، تاک تاک ڕێبوارانمان ده‌دی به‌شه‌قامه‌که‌وه بوو، ئه‌وان له ئێمه خێراتر ڕێگه‌یان ده‌کرد و پشتیان کۆم کردبۆوه و تیژ تێ ده‌په‌ڕێن .له‌پشت باخچه‌ی گشتییه‌وه که هازاران ڕیشۆڵه به‌یه‌کدا ده‌هاتن له سه‌ر دارسنه‌وبه‌ره به‌رزه‌کان، جیکه جیکیان بوو نازانم بۆ ئه‌وێ ده‌گه‌ڕانه‌وه و له‌وێ شه‌ویان به‌سه‌ر ده‌برد؟ من له خۆمم ده‌پرسی ئه‌ی ڕیشۆڵه‌کان پێویستییان به جێگه‌یه‌کی ئارام نییه تا شه‌و تێدا بخه‌ون ؟ به‌ڵام ئاوه‌دانییان خستبۆ ئه‌و باخچه‌یه‌وه، له چاو تروکانێکدا مانگم دی خۆی لێمان قوت کردبووه‌وه ، له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌کان ده‌دره‌وشانه‌وه له ناو ئاسمانێکی ساماڵی شین‌دا، دایکم هیچ له‌جوانی مانگ و ئه‌ستێره و ئاسمانی نه‌دڕوانی و هیچ ڕیشۆڵه بزێوه‌کانی باخچه‌ی گشتیش سه‌رنجیان ڕانه‌کێشا . بۆیه دایکم له‌ناچارییدا نه‌وته‌که‌ی خسته سه‌ر شانی و پێی هه‌ڵگرت به‌هه‌ر حاڵێک بوو گه‌یشتینه سه‌ر شه‌قامه جوانه‌که‌ی مه‌وله‌وی، ئه‌و ده‌م هاوینان ئه‌م به‌روو ئه‌وبه‌ر له‌به‌ر چڕی داره‌کان سه‌وز ده‌چوونه‌وه ئه‌و دارانه‌ی خوله بووز که شێتێکی بێوه‌ی بوو، برشتی قوماشی به‌رگ درۆکانی له‌ناو قه‌دیان ده‌به‌ست ، کوکوختێکان له‌سه‌ری هه‌ڵدانیشتنه‌وه دوکانداره‌کان ئاوی داره‌کانیان ده‌داو به‌رده‌می دوکانه‌کانیان پاک ده‌کرده‌وه ،عه‌سرانیش لۆرییه‌ک ده‌هات هی شاره‌وانی بوو، شه‌قامی مه‌وله‌وی ئاو پرژێن ده‌کرد، من ده‌ڵێم گوڵاو پرژێن، چونکه بۆنێکی خۆشی به‌خش ده‌کرد و شه‌قامه‌که فێنک ده‌کرده‌وه ، به‌دوای ئه‌وه‌شدا له سه‌را پاقله فرۆشه‌که ده‌هات به‌مه‌نجه‌ڵێکی گه‌وره‌وه له‌سه‌ر داشقه‌یه‌ک ، که هه‌نوکه ئه‌و داشقه چوارپێچکانه بۆ منداڵ به‌کاردێت.
جا تره‌پرژێنی شه‌قامی مه‌وله‌وی ده‌کرد . ئه‌مانه وه‌ک یاسای نه‌گۆڕ بوو هه‌موو ڕۆژێک دوو باره ده‌بویه‌وه ، ئێمه‌ی منداڵیش ده‌ممان پڕ ده‌بوو له ئاو وابزانم جارێکیان خۆم ڕاگرت
پێنج فلسه‌که‌م خه‌رج نه‌کرد، دامه پاقله‌ی عه‌سر، هه‌رئه‌وه بوو گاغه‌زه‌که‌ش نه‌خۆم تائێستاش بۆنی ئه‌و جاتره‌یه م هه‌ر لاخۆشه به‌یادی ئه‌و ده‌مه‌وه ، به‌سه‌ر پێ ڕێکاندا به‌دوای دایکما ده‌ڕۆیشتم له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێکی دایکمدا نه‌وتی سه‌رشانی ده‌شڵه‌قی و به گازه‌رای پشتیا ده‌ها ته‌خواره‌وه، شه‌قامه‌که و ڕێچکه‌ی من و دایکم بۆنی نه‌وتی لێده‌هات دایکم ئه‌وشه‌قامه‌ی نه‌وت پرژێن ده‌کرد ، پشیله بزێوه‌کان زرته‌ی چاویان ده‌هات ، ئه‌م سه‌رو ئه‌وسه‌ریان ده‌کرد و به‌دوای خۆراکدا ده‌گه‌ڕان. زۆرجاران له‌ناو ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌کانه‌وه فرته‌یان ده‌کرد و ده‌یان قیژان ، ئه‌و شه‌وه مانگ چاوی لێ نه‌ده‌تروکاندین مانگ وا لێمانه‌وه نزیک بوو، خه‌ریک بوو له‌شه‌قامه‌که‌ی ده‌دا ، مانگ هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌گه‌ڵماندا ڕێی ده‌کرد، مانگ خه‌ریک بوو دڵی ده‌ته‌قی بۆمان هه‌ر ئه‌وه مابوو ده‌ست درێژکات و ته‌نه‌که نه‌وته‌که له‌سه‌ر شانی دایکم داگرێت، پێی بڵی داینی نۆره‌ی منه بۆت هه‌ڵگرم، به‌و کوێره‌وه‌رییه گه‌یشتینه ماڵه‌وه. من ئاره‌زووم بوو زوو بڕۆینه‌وه بۆ به‌رده‌م ئاگردانه‌که ده‌سته‌کانم که به‌درێژایی ساڵ قڵیشابوو دایکم زۆربه‌ی شه‌وان به مه‌رهه‌می وازه‌نیین بۆی چه‌ورده‌کردم، ئازه‌زووم بوو ده‌سته‌کانم گه‌رم بکه‌مه‌وه و پیاڵه‌یه‌ک چای گه‌رم بخۆمه‌وه تا گه‌رم دابێم و باسی ئه‌م سه‌فه‌ره‌ما‌ن له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌وت بۆهێنانی ته‌نه‌که‌ی نه‌وت بۆ خوشک و براکانم بگێڕمه‌وه .
که گه‌یشتینه ماڵه‌وه له‌به‌ر هه‌یوانی ژوره‌که‌ماندا دایکم ته‌نه‌که نه‌وته‌که‌ی دانا وله‌به‌رخۆیه‌وه ووتی نیوه زیاتری ڕژاوه، به‌تانیه چڵکنی ناو ده‌رگاکه‌مان لادا و چووینه ژووره‌وه منیش بۆنی نه‌وتم گرتبوو، لێ که دایکم هاته ژووره‌وه وه‌ک ئه‌وه وابوو بیرێکی ناو شاری بابه‌گوڕ گوڕ خۆی بکات به ماڵه‌که‌ماندا، دایکم پشتی سوتابوو، ماوه‌یه‌کی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازاره‌دا ژیا و کاتێکی ویست تا چاک بووه‌وه ، پشتی چاک بوو، به‌ڵام ئازاری ئه‌وشه‌وه نازانم له دڵیا چاک بوو، یان له‌گه‌ڵ خۆیدا بردی بۆ ناو گۆڕ ؟
ئێستاش له‌هه‌ر جێگه‌یه‌کدا ووشه‌ی نه‌وتم به‌ر گوێ ده‌که‌وێت ئه‌و شه‌وه‌م بیر ده‌که‌وێته‌وه، که ئێمه له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌وت ده‌ژین و ئاوا نه‌وتمان به‌ده‌ست ده‌که‌وت.
ڕزگار ڕانگور
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست