کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یاده‌وه‌ری سلێمانی

Tuesday, 12/06/2012, 12:00






به‌شه‌وقه‌وه که‌وته‌ یادم یاده‌وه‌ری سلێمانی

پیاسه‌ی شه‌قام و گه‌ڕانی ناو کۆڵان و جاده‌کانی
...
سڵاوی گه‌رمی هاوڕێیان ده‌ستگوشین و ته‌وقه‌کانی

توی مه‌لیک و ئۆرزدی باک و وه‌ستانی سابونکه‌رانی

گه‌رم و گوری ده‌لاکخانه‌ و چێشتخانه‌ وبازاڕه‌کانی

مه‌زادخانه‌ و جوازه‌که‌ و ناو ده‌بۆکه‌ و پیاسه‌کانی

هاواری سه‌وزه فرۆش و ده‌سگێڕه‌ چایچیه‌کانی

مه‌حکه‌مه و مزگه‌وتی گه‌وره‌و قه‌نات و دوکانه‌کانی

ژاوه ژاوی ئاسنگه‌ر و ناو گه‌راجی پاسه‌کانی

جاده‌ی کاوه‌و پیره‌مێرد و مه‌وله‌وی و سه‌عاتچیه‌کانی

شیرینی و تام و له‌زه‌تی محه‌له‌بی و شه‌عریه‌کانی

حسیب ساڵح و تاکۆیی و کۆڵانی قه‌زازه‌کانی

سه‌رشه‌قام و مه‌لعه‌به‌که‌ و ئابڵاخ و کانی ئاسکانی

سه‌ناعه‌و غرفه تجاره‌و سه‌هۆڵه‌که ‌و پیاسه‌کانی

شێمحێدین و قه‌ره‌جاوا و سه‌رچنار و قلیاسانی

مه‌شروب فرۆش و ده‌ڵاڵ و بائعی و هه‌لاجه‌کانی

شه ‌و ‌و ده‌هۆڵی پارشێو بانگ و مه‌لاو شێخه‌کانی

ته‌راویح و بانگ و قورئان ، مزگه‌وت ته‌عزیه‌ و قه‌برانی

خێر و سه‌رفتره زه‌کات و بیست و حه‌وتی ڕه‌مه‌زانی

ئێواره‌کۆڕ و ئاهه‌نگ و شانۆگه‌ری و شیعره‌کانی

ئاماده‌یی و خۆ قۆزکردن بۆ عه‌سر و گه‌ڕانه‌کانی

سه‌راو خۆهه‌ڵخستن له‌سه‌ر ، شیشی شۆسته‌ی جاده‌کانی

ده‌ستگێر و کتێب فرۆشی ناوه‌ڕاستی شۆسته‌کانی

نه‌ورۆز و خۆپیشاندان و ته‌قه‌ و ماراسۆنه‌کانی

موساره‌حه‌ و چاوچاوێن و موجه‌فیفه‌ی به‌یانیانی

بێ پاره‌یی و شه‌ڕ و به‌زم و ناکۆکی دایک و باوکانی

ئه‌من و لچ ڕه‌ش و پۆستاڵ و موسه‌له‌حه‌و سجنه‌کانی

جیش شعبی و عفوی عام و عسکری و تسریحه‌کانی

فیراری و ڕاکردن له ‌ده‌ست مولازم موحسینه‌کانی

پێشمه‌رگه و دیوارنوسین و ته‌ق و تۆقی شه‌وه‌کانی

سه‌یرانی باخی به‌ختیاری به‌کره‌جۆ ، تابین ، دوکانی

قه‌راخ و قه‌شقۆڵی و زێوێ و ئه‌حماوا و ده‌ربه‌نیخانی

سه‌مون و قه‌یماخ و نان و جگه‌ر و سه‌روپێکانی

ئاماده‌یی و به‌که‌لۆری و سه‌عی و امتیحانه‌کانی

فلیمی عه‌ره‌بی و سه‌هره‌ی شه‌وانی هه‌ینیه‌کانی

حه‌مامی ده‌ره‌وه‌و جورنه‌ و پسکیت و ته‌ڕه‌ساسه‌کانی

شروب و لوقم و نۆکاو و ترش و خوێ و ترۆزیه‌کانی

فڕیوه ‌و چاوشارکێ شه‌ڕو تۆپ و تیپاوتیپه‌کانی

گه‌س و له‌فه‌ و ڕابواردن و به‌زم و ڕه‌زمی شێته‌کانی

کیمیاوی و ئه‌نفال و قه‌تڵ و تعریب و تبعیسه‌کانی

ساروخ و ته‌یاره‌و شه‌ڕی نێوان عیراق و ئێرانی

کوێت و ئه‌مریکاو کوشتاری زۆری جه‌بهه‌ و شه‌ڕه‌کانی

ڕاپه‌ڕین و ڕێی قاچاخ و کۆچ و ڕه‌وی لاوه‌کانی

له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ڕوداوه و خۆشی و ناخۆشیه‌کانی

تۆ هه‌ر قیبله‌گای پیرۆزی ئه‌ی شاره‌که‌م سلێمانی.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە